فرانسیس داود ، ئەستێرەی درەوشاوەی هونەر
نووسینی: خەلیل عەبدوڵڵا
مەسیحییەكانی كوردستان، پێكهاتەیەكی دێرینو ڕەسەنی كوردستانن، ئەم پێكهاتەیە خاوەن ناسنامەی نەتەوەییو ئایینی خۆیانن، چەندین كەسایەتیی سیاسیو نیشتمانیو ئایینیو كۆمەڵایەتیو زانستیی ئەم پێكهاتەیە، لە بوارە جیا جیاكاندا خزمەتی زۆریان بەكوردستانو عیراق كردووە، ئەوەی من دەمەوێ ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە كە چەندین كەسایەتیی كولتووریی ئەم پێكهاتەیە خزمەتی گەورەیان بە بوارەكانی ڕۆشنبیریو هونەری بەگشتیو ڕۆشنبیریو هونەری كوردی بەتایبەتی كردووە.
هونەرمەندانی گەورەی وەك ( ولیەم یۆحەننا، باكووری، سێوە، فرانسیس داود) لە ئەستێرە درەوشاوەكانی هونەریی كوردین، هەریەك لەمانە بە كۆڵەكەو پایەی هونەری هاوچەرخی كوردی دادەنرێن، ئەمانە هەموو ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی هونەری كوردی تەرخانكرد، ئەو خزمەتەی بەهونەری كوردییان كردووە، زۆر لەو خزمەتە زیاترە كە پێشكەش بە هونەری سریانیان كردووە.
لەم وتارەدا دەمەوێت تیشك بخەمە سەر ژیانو بەرهەمەكانی هونەرمەندی ژەنیارو ئاوازدانەر مامۆستا (فرانسیس داود).
مامۆستا فرانسیس ناوێكی دیارو ئەستێرەیەكی درەوشاوەی هونەری كوردییە، ئەم هونەرمەندە زیاتر لە نیو سەدەیە خزمەت بە هونەری كوردی دەكاتو شوێن پەنجەی ڕەنگینی بەگەشەپێدانی موزیكو گۆرانیی كوردییەوە دیارە.
(فرەنسیس داود یوسف)، ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیەو ساڵی 1946 لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایك بووە، لە ئامێزی خانەوادەیەكی مەسیحیی ڕووناكبیردا پەروەردە بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتاییو ناوەندی لە سلێمانی تەواو كردووە، هەر لە منداڵییەوە حەزو خولیای هونەریی موزیكی هەبووەو ئومێدی ئەوەی خواستووە كە بەشێوەیەكی زانستیو ئەكادیمی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بخوێنێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو پەیمانگایە لەشاری بەغدا بووە نەیتوانیوە بچێتە ئەو شارە بۆ خوێندن، بەناچاری چۆتە خانەی مامۆستایانی سلێمانیو ئەو خانەیەی تەواو كردووە، لەوێ بە مامۆستا (ولیەم یۆحەننا) سەرسام بووە كە ماوەیەك وانەی هونەری پێگوتووەو دواتر لەگەڵ مامۆستا خالید سەركاری هاوڕێی گیانی بە گیانی سەردانی ماڵی مامۆستا ولیەم یۆحەنایان كردووەو لە ڕێی ئەوەوە بە هونەری موزیك ئاشنا بوونو فێربوونو تێیدا قاڵبوونەتەوە.
مامۆستا فرانسیس لەناو هەموو ئامێرە مۆسیقییەكاندا شەیدای ئامێری كەمانچە بووەو شارەزایی لەو ئامێرەدا پەیدا كردو زیاتر لە نیو سەدەیە دەستلەملانی ئەو ئامێرەیەو لێی جیا نەبۆتەوە.
یەكەم بەرهەمی پارچە مۆسیقایەك بووە بەناوی (ئەزمەڕ)، كە مامۆستا ولیەم یۆحەننا پەسەندی كردووەو ئەو ناوەی بۆ هەڵبژاردووە.
بۆ یەكەمجار لە ئاهەنگی دەرچوانی خانەی مامۆستایانی سلێمانیدا، ئامێری كەمانچەی بەعیشقەوە ژەنیوەو سەرنجی ئامادەبوانی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە.
هاوینی 1966 بەشداری ئاهەنگێكی موزیكو گۆرانی كردووە كە بۆ نەخۆشەكانی خەستەخانەی كۆماریی شاری سلێمانی سازكراوە، ئەو ئاهەنگە دڵو دەروونی نەخۆشەكانی خۆشو ئارام كردۆتەوە، ئەو ئاهەنگە كارێكی هونەریی ناوازە بووەو لەو سەردەمەدا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە.
دوای تەواوكردنی خوێندنی خانەی مامۆستایانی سلێمانی، لە 25ی شوباتی 1967 لە شارۆچكەی چوار قوڕنە بەمامۆستای هونەر دامەزراوە، مامۆستا خالید سەركاریش لە گوندی (گڵەزەردە)ی نزیك شاری سلێمانی بە مامۆستای هونەر دامەزراوە، مامۆستا سەركار هێندە هاوڕێیەتی لەگەڵ مامۆستا فرانسیس بەتین بووەو خۆشیویستووە، ڕاژەكەی بۆ شارۆچكەی چوارقوڕنەو بۆ قوتابخانەكەی مامۆستا فرانسیس گواستۆتەوە.
دوای دامەزراندنی تیپی مۆسیقای چالاكیی قوتابخانەكانی سلێمانیو پێویستی ئەو تیپە بەمامۆستای هونەر، مامۆستا فرانسیس ڕاژەكەی بۆ ئەو تیپە گواستۆتەوە.
مامۆستا فرانسیس لەگەڵ دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانیدا، پەیوەندی بەو تیپەوە كردووە، لەڕێی ئەو تیپیەوە وەك ژەنیاری كەمانچەو ئاوازدانەر خزمەتێكی زۆری بە هونەرمەندانو هونەری كوردی كردووەو شوێن پەنجەی ڕەنگینی بەگەشەپێدانو پێشخستنی ئەو تیپە هونەرییەوە دیارە.
هەر بۆ زیاتر خزمەتكردنی هونەری كوردی، مامۆستا فرانسیس لە ساڵی 1968 تیپی مۆسیقای (دیلان)ی دامەزراندو لەڕێی ئەو تیپەشەوە خزمەتی زۆری پێشكەش بە هونەری ڕەسەنی كوردی كردووە.
لەگەڵ مامۆستا خالید سەركاری هاوڕێی، لەڕێی (پەیمانگای نەوا)وە خزمەتی زۆریان بە خوێندكارانو هەوادارانی هونەری موزیك كردووەو سەدان كەس لەڕێی ئەو پەیمانگایەو وانەكانی ئەو دوو مامۆستا شارەزاو پسپۆڕەوە فێری موزیك بوون.
مامۆستا فرانسیس زیاتر لە 40 ساڵ وەك مامۆستای هونەرو سەرپەرشتیاری هونەری خزمەتی بە خوێندكارانی كوردستان كردو بە موزیكو گۆرانیی كوردیی ڕەسەن ئاشنایكردنو ئەو هونەرانەی لەدڵو دەروونیاندا چاندو خۆشەویست كرد، چەندین خوێندكار لەسەر دەستی ئەو پەروەردە بوونو بوونە هونەرمەندو شارەزای بوارەكانی هونەری موزیكو گۆرانی.
دوای خزمەتێكی زۆر بە كایەكانی هونەری كوردی، ساڵی 2009 مامۆستا فرانسیس داود خانەنشین كرا.
دوای خانەنشینبوونی، زیاتر خۆی بۆ خزمەتكردنی موزیكو گۆرانی تەرخانكردو بەردەوامە لە خزمەتكردنی هونەر.
مامۆستا فرانسیس بەشداری چەندین ئاهەنگو كۆنسێرتی مۆسیقاو گۆرانی لە هەرێمی كوردستانو عیراقو دەرەوەی وڵات كردووە.
لە پای خزمەتە هونەرییە زۆرو زەوەندەكانی چەندین جار خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.
هیوای تەندروستی باشو بەردەوامیو بەرهەمو بەخششی زیاتر بۆ مامۆستا فرانسیس دەخوازم.