ئایا ئەزانی باڵندەکانیش گۆرانی ڕەسەنی خۆیان بیرچۆتەوە!
———————————————————
باڵندەی ھەنگوینخۆر honeyeater bird، کە رەچەڵەکیان بۆ ئوستڕاڵیا دەگەڕێتەوە، گەرچی چەند جۆرێکی ھەیە، بەڵام لێرەدا مەبەست ئەم جۆرەیە کە لەوێنەکەدا دیارە.
ئەم جۆرە جگە لەوەی کە بەرەو لەناوچون ئەچن، توشی حاڵەتێکی سەیر بونەتەوە، ئەویش ئەوەیە شێوازی (رەسەنی خوێندنی) خۆیان بیرچۆتەوە، ئێستا ئەوان بە ئاوازێک ئەخوێنن، کە چەند ساڵێك لەمەوبەر بەوجۆرە نەبووە.
گەرچی لە ڕاستیدا توێژەرانی ئەم بوارە بەدوای ھۆکاری لەناوچونیان دەگەڕان، نەوەک ئەم باسە، چونكە بەھۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان ژمارەیان لە ٣٠٠ دانە تێپەڕناکات، سەدا نەوەدیان بەھۆکارە ژینگەییەکان لە ناوچوون.
جگە لەوە لەکاتی توێژینەوەکانیان ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە، کە جگە لەناوچونیان، ئەوان تەنانەت ئەو ئاوازەشیان بیرچۆتەوە، کە پێیان دەخوێند و لە ڕابردوو پێی دەناسرانەوە. ئەوان ئێستا بەجۆرێک دەخوێنن کە لە ئاوازی رەسەنەکانی پێشخۆیان ناچێت.
توێژەران ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە ئەم بارە بەھۆی ئەوەیە کە کاتێ بەچکەکانیان گەورەدەبن و ھێلانەکانیان جێدێڵن، بەھۆی دەستنەکەوتنی نێرینەی جۆری (ھەنگوینخۆرەوە)، ئیدی بە ناچاری لەگەڵ (نێرینەی جۆری دیکەی باڵندە جووت دەبن. لەم کاتەدا گوێڕادێری ئاوازی ئەو نێرینەیە دەبن و ئەزبەری دەکەن و دەیڵێنەوە، بەم ھۆیەوە ئاوازە رەسەنەکانیی خۆیان بیردەچێتەوە.
بۆیە توشی ئەم بارە سەیرە بوون، بۆیە ئێستا مێینەکانی ئەم جۆرە باڵندەیە بە ئاوازی نێرینەی باڵندەی دیكە دەخوێنن، چونكە ئەوەیان لەیادگەدا تۆمار بووە.
ھەر بۆ زانیاری گشتیتان جگە لەبواری ئێثنۆمیوزیکۆلۆجی، لە زۆر زانکۆدا توێژینەوەی زوومیوزیکۆلۆجی (توێژینەوە لەسەر ئاواز و دەنگی ئاژەڵان) ھەیە، گرنگی بەم جۆرە باسانە دەدات، لێرەدا ئامانجی ئەم باسەم ئەوە بوو
ئایا گۆرانکارییە ژینگەییەکان و ئەم ژیانە سەیر و سەمەرەیەی مرۆڤ، کە کاریگەری نەک لەسەر خودی مرۆڤ بەڵکو لە سەر سروشت، ئاکار و رەفتاری باڵندەو گیاندارانیش جێھێشتووە، گەیشتۆتە ئاستێک کە ڕابمێنین و بپرسم: ئایا ھەست بەوەناکەن، کە مرۆڤایەتیش ساڵانێکە خەریکە گۆرانییەکانی خۆی بیردەچێتەوە؟
ئایا ھەست بەوە ناکەن کە کۆتایی کلتوریی ئەم نەوەیەی مرۆڤ زۆر نزیکە و ھێدی ھێدی خۆشمان بیردەچینەوە!؟
توانا حەمە