شەھید کارزان و ھاوڕێکانی کێ بوون؟
زۆر جار تیپی موزیکی شەهید کارزان و تیپی موزیکی منداڵان
لەیەکدی جیاناکرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا گەرچی پەیوەندییەک هەیە لە نێوانیاندا بەڵام ئەم دوو تیپە جیاوازن. دلێر ئیبراهیم لە نامیلکەی تیپی موزیکی منداڵاندا بەمجۆرە دەنوسێت:
لەسەر پێشنیاری من هەوڵماندا تیپێکی میللی منداڵان دروست بکەین، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک منداڵ کە هەڵپەڕکێ دەزانن بەشداری بکەن، ئەوەی شایانی باسە بۆیەکەمجار بوو تیپێکی میللی بۆ منداڵان بێتەکایەوە، ئەم تیپە پێکهاتبوو لەم ژەنیارانە: کارزان- ساز، یادگار: سەنتوور، سەباح: ڕیتم، خالید: گۆرانیبێژ. لە بەرئەوەی هیچ منداڵێکی تیپهکه، له باڵەبانی نەدەزانی، بۆیە ناچاربووین (ڕەحیمی باڵەبان) لە پشتی پەردەوە بەشداری پێبکەین.
ئەم تیپە ئەم بەرهەمانەی پێشکەشکرد: (گۆرانی هۆبرا لە چەمۆ بێ) لەگەڵ (چیمەن و چیمەن) لە ئاوازی فۆلکلۆر و ئامادەکردنی (دلێر ئیبراهیم) و ووتنی: خالید بوو. بەداخەوە لە ١9٧8/4/١٧ لە ڕێگادا بۆ بەشداریکردن لە میهرەجانی سەرتاسەری عێڕاق ئەو پاسەی کارزانی تێدابوو، لەگەڵ لۆرییەکی گەورە توشی پێکدادان بوون، به داخهوه (کارزان، فەرمان، ئازاد و ڕێبوار) کە دواتر بە شەهید کارزان و هاوڕێکانی بەناوبانگبوون کۆچی دواییان کرد، ئەمە بووە مایەی ئەم تیپە تا هەتایە تێکبچێت و جێی خۆی نەگرێتەوە.
بڕوانە: کتێبی: موزیک و سیاسەت تیپی موزیکی شەھید کارزان بە نموونە