چەمەری ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی شینگێڕیە، کە پاش مردنی کەسانی ناودار و بەناوبانگ لە هەندێ ناوچەی زاگرۆس بەڕێوە دەچێت. بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت پاش مردنی کەسانی نزیک و دۆست و هاوڕێ و لاوەکان لە مێژە لە ناو کوردان باو بووە کە یەکێک لەوانە چەمەریە.
چەمەری لە مێژووی چەن هەزار ساڵەی زاگرۆسدا ڕەگی کوتاوە، بەڵام پێشینەیەکی ڕوون سەبارەت بەم ڕێوڕەسمە لە بەردەستدا نییە.
ئەم ڕێوڕەسمە کە ریشەی زۆر دێرینە، مردنی کەسانێکی ناسراو و بەناوبانگ بەڕێوە دەچوو و شێوەی بەڕێوەبردنی تا ڕادەیەک لە گەڵ تراژدییەکانی یۆنانی کەونارەدا نزیکایەتی هەیە.
ئەو شوێنەی کە تێیدا چەمەری بەڕێوە دەچێت، پێ دەوترێ “چەمەرگە”. هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی چەمەری، سەما و ھەڵپەڕکێیەکی ئارام و خەمناک بەڕێوە دەچێت بۆیە لە هەندێ ناوچە پێ دەوترێ “چەمەرچۆپی”.
بەڕێوەبردنی چەمەری لە سەر ئەستۆی کەسان و چەند گروپێکی سەربەخۆیە کە هەر کامەیان کارێکی تایبەت دەکەن و هەموو پێکەوە پێوەندییان هەیە.
لەم ڕێورەسمەدا گرووپێک هەیە بە ناوی زوڕناژەن یان دەهۆڵژەن کە چەند مەقامی خەمین دەژەنن و ئەوانەش لە گەڵ مێلۆدی شینی ژنەکاندا هاواهەنگ دەکەن.
گرووپێکی دیکە بە ناوی “بویش” یان ئاغەمیڕەو کە حەوت یان هەشت کەسین و سەبارەت بە باشی و ئاکار و شەهامەتی مردووەکەوە وەکوو گۆرانی هەندێ شت باس دەکەن.
چەمەری بۆ هەموو ئەو کەسانەی پلە و پێگەیەکیان لە کۆمەڵگادا ببوایە چ ژن و چ پیاو بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە سەدەکانی دواییدا پێدەچێ زیاتر بۆ پیاوان بەڕێوە چووبێت و لە چوار پێنج دەیەی پێشدا بە شێوەیەکی کەم بۆ ژنانیش بەڕێوە چووە، بۆ نموونە ساڵی 1340 چەمەری بۆ خەزاڵ سەڵتەنە کە ژنێکی ناودار بووە، بەڕێوە چووە.
دوو سازی تایبەتی چەمەری دەهۆڵ و زۆڕنا بوو کە زۆرتر کەوڵییەکان دەیانژەند. بەڵام هەر ئەم کەسانە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە گەڵ کوردان ژیاون و کاریگەری زۆریان لە سەر پاراستنی موزیکی و نەریتی کوردی بووە.
گەرچی پێشتر بۆ هەمووان و بە تایبەتتر بۆ بەگ و ئاغاکان چەمەری بەڕێوە دەچوو، بەڵام بە گشتی ئێستا ئەم ڕێوڕەسمە زۆر کەم بەڕێوە دەچێت و یەکێک لە هۆکارەکانی دۆخی خراپی ئابووری خەڵک و بەڵام بە گشتی ھۆکاری سەرەکی گۆڕانکاری ژیاری کۆمەڵاتی خەڵک و کۆمەڵگایە بە ھۆی جیھانگیرییەوە.