" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: شیروان شەریف

پەیوەندیی موزیك بە باشكردنی دۆخی زۆرێك لە نەخۆشەكان چەندین جار ئاماژەی پێدراوە، لە دەیەكانی ڕابردووشدا چارەسەر بە موزیك ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە زۆرێك لە چارەسەرییەكاندا. بە دەگمەن كەسێك دەدۆزیتەوە هەست بە پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ موزیك نەكات، بە كەمێك گەڕانیش دەتوانیت لیستێك لەو گۆرانییانە بدۆزیتەوە كە یادەوەریی خۆشیان هەن و ورەت بەرزدەكەنەوە. دوای ئەوەی بەمدواییە توێژینەوە زانستییەكان پەیوەندیی خێرا چاكبوونەوەی نەخۆشیان لە نەشتەرگەری و كەمبوونەوەی ئازار لەكاتی گوێگرتن لە موزیك سەلماند، تا دەگاتە بەكارهێنانی موزیكی پەسەندكراو لەلایەن نەشتەرگەركارانەوە بۆ كەمكردنەوەی بارگرژی لەنێو ژووری نەشتەرگەری، موزیك چەندین جار بە باشكردنی حاڵەتەكانی زۆرێك لە نەخۆشییەكانەوە گرێدرا. فارابی و بەكارهێنانی موزیك لە چارەسەری دەروونیدا كاریگەریی قووڵی موزیك لەسەر دەروونی مرۆڤ لەمێژە لە ناوچەكەدا زانراوە و بۆ ئەوەش لە چەندین هۆكاری چارەسەردا بەكارهێنراوە، تەندروستیی دەروونی بەشێوەیەكی تایبەت لە پێشی ئەو جۆرانەدا بووە كە موزیكی بۆ باشكردنی دۆخی نەخۆشەكە و خێراكردنی چاكبوونەوەی بەكارهێناوە.

لەم چێوەیەدا ئەبو نەسر محەمەد فارابی بە یەكێك لە یەكەمەكانی ئەوانە دادەنرێت كە موزیكیان لە چارەسەری دەروونیدا بەكارهێناوە. فەیلەسوف و پزیشكە عەرەبەكە ئەو چارەسەرییەی لە كتێبەكانیشیدا ئاماژە پێداوە.

بەپێی هەندێك لە خوێندنەوە مێژووییەكان، دەوترێت فارابی ئامێری سەنتووری داهێناوە دوای گەڕانی بەدوای موزیكێك كە توانای باشتری هەبێت لەسەر هەست و سۆزی گشتی و جووڵاندنی كاردانەوە مرۆییەكان. هەروەها لە نەخۆشخانەی نوری لە دیمەشق  چارەسەر بە موزیك بۆ نورەدین زەنكی (فەرمانڕەوای حەلەب دوای مردنی باوكی لە ساڵی 541 كۆچیدا) کراوە، پاش ئەوە نەخۆشخانەیەكی لە دیمەشق لە ساڵی 549ی كۆچی (1154ی زایینی) دامەزراندووە و تایبەتیكرد تەنها بە هەژاران.

توێژەر ئەحمەد فوئاد پاشا لەسەر زاری زیگرید هونكە، ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی دەڵێت، لە بەشەكانی نەخۆشخانەكەدا چارەسەری ورد و زانایانە دەكرا كە پێشتر لەلایەن شارەزایانەوە بوونی نەبوو، وەك پەنابردنەبەر خەواندنی تەندروستی و بەكارهێنانی موزیك بۆ چارەسەر. ئەوان باوەڕوایە نەخۆشخانەكە یەكەمینی ئەو دامەزراوە پزیشكییانەی سەر ئاستی جیهان بێت، كە تیایاندا موزیك وەك هۆكاری چارەسەری تێكچوونی مێشك و نەخۆشییە دەروونییەكان و شێتی بەكارهێنراوە.

ئیبن سینا و چارەسەری (مالنخولیا) بە موزیك (ئەبو عەلی حسێن بن عەبدوڵڵا بن سینا) ساڵی 1037ی زایینی لە كتێبەكەیدا “یاسا لە پزیشكیدا” دەڵێت، موزیك بە چارەسەر بۆ زۆرێك لە نەخۆشییەكانی مێشك و ئەو نەخۆشییە دەرونییانە دادەنرێت كە تووشی مرۆڤ دەبن، وەك (مالنخولیا) كە خاوەنەكەی تووشی چەندین نیشانەی وەك ڕۆچوونە ناو بیركردنەوە و ڕاڕایی و وردبوونەوە لە خاڵێكی دیاریكراو و ترسان لە شتی نالۆژیكی دەبێتەوە، وەك كەوتنەخوارەوە لە ئاسمان و داقڵیشانی زەوی لەژێر پێی نەخۆشدا.

ئیبن سینا ژمارەیەك چارەسەری بۆ ئەم جۆرە نەخۆشییە داناوە كە گرنگترینیان گوێگرتنی نەخۆشە لە موزیك و بۆ ئەوەش بەپێی كاتەكانی بەیانی و نیوەڕۆ و كاتە درەنگەكان جۆرەكانی موزیكی جیاكردووەتەوە.

توێژینەوە نوێیەكان

توێژینەوە نوێیەكانی ئێستا بەهەمانشێوە ئاماژە بە سوودەكانی موزیك لەسەر تەندروستیی مێشك و جەستە دەكەن، لەوانە لە شیكارییەكدا كە 400 توێژینەوەی گرتووەتەوە، مونالیزا چاندا-ی توێژەر دەڵێت، موزیك ئەركی كۆئەندامی بەرگریی جەستە باشدەكات و ماندوێتی كەمدەكاتەوە. ئەو ئاشكرایدەكات، گوێگرتن لە موزیك زۆر كاریگەرترە لە هەندێك لەو دەرمانانەی لەلایەن پزیشكەوە دەنووسرێن بۆ كەمكردنەوەی ڕاڕایی بەر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

بەپێی شیكارییەكە گوێگرتن لە موزیك دەبێتەهۆی دەردانی ئەو دژە بەرگرییانەی هێرش بۆسەر ڤایرۆسەكان دەكەن و كاریگەریی سیستمی بەرگری زیاددەكەن، موزیك بەهەمانشێوە دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل، ئەمەش هەستی ئارامی و حەسانەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.