نووسینی: جاد محێدلی وەرگێڕ: ئایە حەسەن پێداچوونەوەی: ئیسڕا بورهان
لەم دواییەدا لە پاش ڕاگەیاندنی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا، باسکردنی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیسەندووە، کورد مێژوویەکی چڕی هەیە لەگەڵ جەنگ و شەڕ و چەوساندنەوە، هەمیشە ناوی ئەم گەلە پەیوەست بووە بەو دەوڵەتە کوردییەی کە سەرەڕای ساڵانی درێژی تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی هەرگیز ڕووناکی نەبینیووە، دەگوترێت پابەندترین گەل بە کەلەپوور و هونەری خۆیانەوە ئەو گەلانەن کە دووچاری چەوساندنەوە و لەناوبردن بوون، لەوانەشە هەر ئەمە هۆکاری مانەوەی میژووی دێرینی مۆسیقای کوردی بێت، لە ڕاستیدا گەلی کورد گەلێکن وابەستەی مۆسیقان مۆسیقا بۆ ئەوان هاوشێوەی ئامێرێکە لەو ڕێگەیەوە دەربڕین بۆ هەست و سۆزەکانیان دەکەن، دەتوانین کاریگەری مۆسیقای کوردی و تێکەڵبوونی بە مۆسیقای گەلانی دەوروبەر تێبینی بکەین لە مەقامە رۆژهەڵاتییەکان، کە دوو مەقامی کوردی لە خۆگرتووە ئەوانیش “مەقامی کورد و مەقامی نەهاوەند”. لە ڕووی مێژووییەوە مۆسیقای کوردی بە هونەرێکی کۆن و بنچینەدار دادەنرێت، بنچینەکەی دەگەڕێتەوەو بۆ سەردەمی خێزانی “هریان”، ئەم هۆزە باوباپیر و ڕەچەڵەکی کوردانی ئێستان، موزیکژەنانی کورد ڕۆلێکی بەرچاویان هەبووە لە بواری هونەری سەردەمی ئیسلامیدا، یەکێک لەوانە موزیکژەنی بەناوبانگ و بلیمەتی ئەندەلوس “زریاب” بووە، کاری کردووە بۆ گواستنەوەی نەریتە مۆسیقییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئیسپانیا، هەروەها ڕاهێنانی بە موزیکژەنە ناوخۆییەکان کردوو لەسەر شێوازە جیاجیاکانی مۆسیقای کوردی، جگە لەمەش چەندین مەقامی رۆژهەڵاتی دامەزراندووە و کاری لەسەر باشترکردنی پێکهاتەی ئامێری عود کردووە، “زریاب” بە هۆکاری داهێنانی بالاد (موشح) مۆسیقییەکان دادەنرێت، چونکە شێوازی گۆرانی وتنی لەسەر بنچینەی بەش بەش گشتگیرکردووە. مۆسیقای میللی کوردی شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە، و هەر کەسێک شارەزایی هەبێت لە مۆسیقای گەلانی رۆژئاوای ئاسیا دەتوانێت مۆسیقای کوردی لە مۆسیقای فارسی و ئەرمەنی و تورکی و عەرەبی جودابکاتەوە، سەرەڕای بوونی زۆری ڕووە هاوبەش و لێکچووەکانی نێوانیان. چەند ئاوازێکی کوردی هەیە تێکەڵ بە مۆسیقای گەلانی دەوروبەری کورد بوونە، لەسەر دەستی ئەو ئاوازدانەرە کوردانەی کە لەنێوان ئەم گەلانەدا ژیاون، بە تایبەت لە تورکیا و وڵاتی شام. لە مۆسیقای کوردیدا سێ جۆری نمایشکار هەیە: گۆرانیبێژەکان چیرۆک خوێنەکان شاعیرەکان لە کۆندا مۆسیقای کلاسیکی کوردی پەیوەست بوو بە جۆرێکی دیاریکراوی کۆبوونەوەی کوردی کە لە کاتی ئێواراندا لە نێو جەماوەردا نمایش دەکران، هەروەها لەگەڵ بوونی چەندین گۆرانی و داستان کە وێنەدانەوەی سروشتی کورد بوونه، وەکوو شێوازی گۆرانی”لاوك” کە بریتییە لە گۆرانییەک یان داستانێکی نەتەوەیی تێیدا باس لە چیرۆکی پاڵەوانە کوردەکان دەکات، هەروەها شێوازی گۆرانی”حەیران” یاخود گۆرانی بەناوبانگی خۆشەویستی کە باس لە ئازاری جیابوونەوە و خۆشەویستییەکی مەحاڵ دەکات، جۆرە مۆسیقایەکی ئایینیش هەیە وەکوو “لاوجی”، هەروەها گۆرانی پایزانە “پایزۆک”، گۆرانییە ئیرۆتۆکییەکان کە باس لە ئەوین و سێکس و وردەکاری ژیانی کوردێکی ساکار دەکات. سەبارەت بە ئامێرە مۆسیقییەکان بریتین لە “ئامێری ساز”، جۆرێکە لە ئامێری عود، “زوڕنا و شمشاڵ کە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ناودارن، شمشاڵ و دەهوڵ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بڵاون. ناتوانیت گوێبیستی گۆرانی کوردی بیت بەبێ ئەوەی سەرەنجی ئەوە نەدەیت کە گۆرانی کوردی چەندە پەیوەستە بە دڵتەنگی و ئازارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مۆسیقای هاوچەرخی کوردی زیاتر کاریگەر بووە بە مۆسیقا جیهانییەکان، وەکو مۆسیقای پۆپ و کۆنتری ساید (لادێیەکان) کە لە رۆژئاودا زۆر باون، ئەمە سەرەڕای پارێزگاریکردن لە نووسینی گۆرانییەکان بە زمانی کوردی، و هەوڵدانی تێکەڵکردنی کلتووری کورد بە کلتوورەکانی تر.
سەرچاوە: https://bit.ly/3DZ4Mp1