" type="text/css" > Skip to main content

هۆمه‌ر دزه‌یی

گۆرانیی (چەندی گەڕام لە شاران)
لە ساڵانی پەنجاکاندا، کە هێشتا لە قۆناخی خوێندنی دواناوەندیدا بووم، گۆرانییەکم لە هونەرمەندی حەیرانبێژ رەسووڵ گەردی دەبیست، کە پێکەوە لەگەڵ برادەرێکی خۆی، حوسێن حەلاق، لە دانیشتنی تایبەتی ماڵاندا دەیانگوت. کاک حوسێن حەلاقیش یادی بەخێر، پیاوێکی بە زەوق و سەرتاشێکی ناوداری شاری هەولێری ئەو ساڵان بوو. ئاغاکانی دزەییش هەموویان لای ئەو تەراش دەبوون و سەرتاشخانەکەیشی وەک دیوەخانی دزەییانی لێ هاتبوو، کە لە گوندەکانیانەوە سەردانی شاریان دەکرد حەسانەوە و دیدەنیی یەکترییان لەوێ دەبوو. کاک حوسێن دواتر ماڵی گواستەوە بۆ بەغدا و لە کۆڵانێکی (باب الشرقی) نزیک (شارع ابو نواس) دوکانی سەرتاشییەکەی خۆی کردەوە، بە ناوی (سالۆن حلاقة ابو کامران). ئەمن چەند جارێک گوێم لەو گۆرانییەیان دەبوو و وردە وردە زیاتر دەچووە ناو دڵمەوە. ئەوسا نەمدەزانی بەڵام دواتر بیستم، کە ئاوازەکە دەبێ ئازەری بێ.
هەر چۆنێکی بێ، وشە کوردییەکانی، کە ئەو دوو برادەرە بۆ ئەو ئاوازە خۆشەیان بەکار دەهێنا، بەلای منەوە زۆر بێ سەروبەر و هەر بێ مەعناش بوون. دیار بوو ئەوانیش دەبێ لە سەرچاوەیەکی دیکەیان بیستبێ، بەڵام بە خەڵەت و پەڵەتیی فێری بووبوون و راستییەکەی هەر خۆیشیان نەیاندەزانی دەڵێن چی. ئەوەندەی من لە وشەکانی ئەوانم لەبیر مابێ، بەم جۆرە بوو:  بێی تۆ یار پەیدا نابێ پەیدا بێ، پەیدا نابێ پەیدا بێ، پەیدا نابێ لێمان ون بووە چاو کەژاڵم زولف شۆڕ و گەردەن بە خاڵم کابرات بە قوربانی دەکەم ئێرانی یان عەجەمی!!! ***
توخوا خوێنەرانی بەڕێز، ئێوە چی لێ تێگەیشتن؟  جا من ئەوسا کە هێشتا منداڵیش بووم هەستم دەکرد، کە زۆر مخابنە ئەو ئاوازە جوانە بەو وشە بێ مانایانە زوڵمی لێ بکرێ. رەسوڵ گەردی یادی بەخێر، دواتر گۆرانییەکەی لە بەشی کوردیی رادیۆی بەغدا هەر بەو وشە بێ سەروبەرانەش تۆمار کرد.
ساڵەها دواتر، کە گەورە بووم و بارم کرد بۆ ڤیەننا بۆ خوێندن، ئەو ئاوازەم هەر لە خەیاڵدا بوو، بەڵام نەمدەویست بەو وشە بێ مانایانە لە هیچ کۆڕێکی ناو برادەراندا بیڵێم.  ئەوە بوو کە بیرم کردەوە، خۆم وشەی بۆ دابنێم. جا ساڵی ١٩٧٤ کە لە باڵوێزخانەی نەمسا لە ڤیەننا کارمەند بووم، ئەم لیریکەم بۆ دانا و کە هەر ئەو ساڵە گەڕامەوە بۆ بەغدا بۆ ئاهەنگی نەورۆز، لەوێ لە ستودیۆی رادیۆ و تی ڤیی بەغدا تۆمارم کرد. من تایتلی (یادی جاران)م بۆ ئەم هەڵبەستەم هەڵبژارد، بەڵام لەناو خەڵکدا هەر بە (چەندی گەڕام لە شاران ) یان (بریندارم بریندارم) بڵاو بووەوە.  لێرەدا دەمەوێ روونکردنەوەیەک بدەم، کە ئەمە شیعری منە، نەک هی شاعیری گەورەی کورد عەبدوڵا گۆران. بۆیەش وا دەڵێم، چونکە یەک تاکە دێڕ لە هەڵبەستەکەی مندا کتومت وەک دێڕێکە لە هەڵبەستێکی گۆران بە ناوی (بەستەی دڵدار) و دێڕەکەش ئەمەیە ( نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ).
ئەمەش لاپەڕەی یەکەمی ئەو هەڵبەستەی گۆرانە لە دیوانی (بەهەشت و یادگار)ەکەیدا: عەبدوڵا گۆران

بەستەی دڵدار

لە ژێر ئاسمانی شینا
لە پاڵ لووتەکەی بەفرینا
کوردستان گەڕام
دۆڵاو دۆل پێوام
نە لەشار و نە لەدێ ، نەمدی کەس
وەک تۆ جوان بێ! تۆیت و بەس
کچە کوردێک دڵ پێی شاد بێ
وەک فریشتە و پەریزاد بێ!
نە باریکی، نە گۆشتن
نە کچۆڵەی نە شاژن
نە زۆر چاوڕەش نە ئێجگار گەش
بەڵام نیگای شیرین نەمدی کەس
وەک تۆ بەتین ، تۆیت و بەس!
لێت بێ بزەی مانگە شەوی!
بەژن ڕێک و ڕەوتی کەوی

ئیتر بەم جۆرە و خوێنەری بەڕێز دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئەم هەڵبەستەی گۆران، کە لێرە بەداخەوە جێی نابێتەوە بەتەواوی بینووسمەوە. مەبەستی من هەر ئەوەیە، کە هەڵبەستەکەی من لەو دێڕە زیاتر، کە بەکارم هێناوە و لەسەرەوە باسم کردووە، هیچی تری ئەم شاکارەی گۆرانی شاعیری پێوە نییە.  فەرموون ئەمەش هەڵبەستەکەی من:

یادی جاران

چەندی گەڕام لە شاران نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ

کیژۆڵە نەشمیلانەکەی جاران چۆن دەبێ نێوانمان وا بێ

بە یادی سەیرانەکەی ناو داران بریندارم بریندارم

دێتەوە بیرت گیانە چاوچاوانەی سەر بانی

دەس لەملانەی بن دیواران گیانە ماچ و مووچی ئێوارەی سەر کانی

بە یادی ئەو هەموو جێیە جوانە بریندارم بریندارم

ئێستاش مەیلم هەر ماوە دڵ یێکە و نەگۆڕاوە

ئێستاش دەنگدانەوەی چرپەی دوانت  لە گوێما وەکوو خۆی ماوە

بە یادی هەموو جێیەکی جوانت بریندارم بریندارم

جارێکیان لێیان پرسیم، ئەگەر ئەم هەڵبەستەم بۆ یارێکی تایبەت دانابێ. گوتم نا، بۆ تاکە یارێکی تایبەتم دانەناوە، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو دۆست و گراوە تایبەتییانەم داناوە، کە وەک دەڵێن قیسمەت و نسیب نەیدەکرد و دوای ماوەیەک لێک دادەبڕاین. بە واتایەکی تر، ئەم هەڵبەستە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە. کە رۆژێک لە رۆژان دڵدار و دوڵبەری یەکتری بووین. هەر بۆیەش ناوی هەڵبەستەکەم نا (یادی جاران).  ( وێنە : ١ – رەسوڵ گەردی ٢ – حوسێن حەلاق ٣ – گۆران ٤ – شیعرەکەی گۆران)

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک