" type="text/css" > Skip to main content

ئەم گۆرانییە بناسە

ژمارە: 1

 (دوا شیعری عەبدوڵا گۆران)

بێدارییەک – ژووری تەنیا

ئاواز و ووتنی: حەمید عەبدولای حەمە بانەی

سۆڵۆی ڤایۆلین: شادمان عەبدولڕەحمان

موزیک: سەفین خەراجیان 

تێکست: گۆران

(گۆران)ی شاعیر لە دوا ساتەکانی تەمنیدا و لە شاری مۆسکۆی ووڵاتی ڕووسیا، ئەم تێکستەی لە بەر پەنجەرەی ژووری نەخۆشخانەکەیدا لەگەڵ ئازاری نەخۆشی شێرپەنجەدا نووسیووە، ئەم تێکستەو تێکستی (شەو) بە دواتێکستی ئەو شاعیرە مەزنە دادەنرێت، بە گێڕانەوەی د. عیزەدین مستەفا ڕەسول و محەمەدی مەلا کەریم کاتێ گۆران لە مۆسکۆ پزیشکەکان بێ ئومێد دەبن و پێی دەڵێن: بگەڕێرەوە بۆ ووڵاتەکەت، لە فرۆکەخانەی بەغداد ئەم دوو تێکستە دەداتە محمەدی مەلا کەریم و پێی دەڵێت: ئیدی ئەمانە دوا شیعری منن.  تێکستی ژووری تەنیا تێکستێکی زۆر ناوازە و گوزارشتە لە ئازار و دووری و تەنھای گۆرانی شاعیر، لەگەڵ ملاملانێ لەگەل نەخۆشی شێرپەنجەدا. حەمید بانەی لە ساڵی ١٩٨٧لە بەر سەرسامی بە تێکستەکانی گۆران، ئەم ئاوازەی بۆ ئەم تێکستەی دادەنێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ تۆماری کردووەو، لە ساڵی ٢٠٠٢ بەشداری فێستڤاڵی چوارچرای پێ دەکات و وەک باشترین گۆرانی بەشدار بووی فێستڤاڵەکە ھەڵدەبژێردرێت. 

کاری موزیکی لەلایەن ھونەرمەند سەفین خەراجیانی بۆ کراوە و ھونەرمەند شادمان عەبدولڕەحمان بە سۆڵۆی ڤایۆلین لەم کارەدا بەشدارە. کاتی گۆرانییەکە شەش خولەکە و سیازدە چرکەیە، ئەم بەرھەمە لەلایەن دەزگای میدیای کوردساتەوە کاری کلیپی بۆ ئەنجامدارەوە. 

بانەی جگە لەم ئاوازە ژمارەیەک ئاوازی دیکەی تۆمار کراوی ھەیە کە لەیەکەمین ئەلبومیدا بڵاوبۆتەوە (دڵ و دیدە، تۆ نانویت، خەجۆخان و ژمارەیەکیش لە ئاوازەکانی ھێشتا بڵاونەبوونەتەوە.

پرۆفایل:

حەمید بانەی لە دایک بووی شاری سلێمانییە،  بەڵام برھۆی ئەوەی باپیری لە ١٢٠ ساڵ لەمەوبەر  لە بانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە وە ھاتۆتە سلێمانی نازناوی بانەی ھەڵگرتووە. ئەو خوێندکاری زانستی فیزیا بووە، بەڵام لەبەر باری سیاسی ئەو ڕۆژگارە نەیتوانیووە خوێندنی زانکۆ تەواو بکات. ئەو ژەنیاری ئامێری گیتار و میلۆدیکایە  و بێ ڕێنیشاندەر خۆی فێری ژەنینیانکردووە. 

بانەی یەکێکە لە دەنگە تایبەتەکانی نێو موزیکی ھاوچەرخی کوردی، ئەو خاوەن سەلیقەیەکی تایبەت و جیاوازە لە دانانی ئاواز و چڕینی ئاوازەکاندا،  گەرچی کارەکانی ژمارەیان زۆر نییە، بەڵام کەلێنێکی گەورە و گرنگیان لە موزیکی کوردیدا پڕ کردۆتەوە. بە ھۆکاری ئەوەی کە دەنگی ئەو لە چینی (بەیز- باص- گڕ)ی پیاواندا گۆرانی دەچڕێت، ڕەنگێکی تری بە گۆرانی و ئاوازەکانی داوە، زیاتر دڵنشین و غەمگینانە دەگاتە گوێگر و دەنگێکی ئارام بەخشی سۆزداری ھەیە. جگە لەکاری موزیک، زیاتر وەک وەرگێڕ، بێژەر، کاری مێدیای لە تیڤی و ھەندێک کۆمپانیادا کردووە. 

تێکستی گۆرانییەکە:

ژوورم تەنیا و دنیای بەرپەنجەرەی ژوور

بە چوار دەوری باخچەی کۆشکا ھەتا دوور

دارستانی سەروە و سنەوبەری سەوز 

شەو ڕوناکە و چاوم یاخی لە وەنەوەز

ئەی بولبوولی شەبەقی شەو بخوێنە

ھەستی جوانی پەرستیم بوروژێنە 

با بەزەبری  مەستیم بە ئاوازەی نوێت

وێڵی دارستان بم کاتێ خەڵک ئەنوێت

ئەگەر عەشقی ھونەر وەک تۆ ئەی بولبول

لە ناو رەگما لەگەل خوێنا بدا پل

منیش وەک تۆ خەوم ئەخەمە ژێر پێم

دێم بە چڕی دارستانا ئەگەڕێم

بەلای لەشی سپی پەیکەرەکانا

تێئەپەڕم دەستێ چەپ لەگرفانا

ئەشێلم  گیای بنداری نوقمی ئاوم

بای دارستان لەرزێن ئەمژم پر بەسنگ

بە شەپۆلی گەڵای سەوزا کە ڕوانیم

سۆزی لەرەی نوێ ئەچێتە گۆرانیم

نووسینی: توانا حەمە

تۆش دەتوانی شەیری بکەیت و بە ھاوڕێكانتێ بناسێنیت.

سەرچاوە: 

بانەی، چاوپێکەوتن، توانا حەمە

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک