" type="text/css" > Skip to main content

ڕەگ داکوتانی کەلەپووریی گۆرانیی

نووسینی: ئامانج غازی

ژینگەی جوگرافی ڕۆڵێکی سەرەکی لە جیاکردنەوەی ئاوازە میللیەکانی خۆی لە ناوچەیەکدا دەبینێت، ئەمەشیان بە پشتبەستن بە هەلومەرجی ژینگەی دەوروبەر وسروشتی جوگرافی و فاکتەری مێژوویی و کولتووری و سروشتی پیشە و کاری تایبەت وشێوەزارە جیاوازەکانی هەر ناوچەیەک هەرچەندە سادەش بن، بەڵام لێرەدا هەموو ئەو کار وکاردانەوەیە هەستەکان قووڵتر دەکەنەوە وپتریش ڕەگداکوتانی کەلەپووریی فۆلکلۆری ومیللی لێ دەکەوێتەوە. 

ناکرێت بڵێین گۆرانیە میللییەکان دانەری میلۆدیان نییە، بەڵکو دەبێت لەنێو خەڵکدا داهێنەرێکی هەبێت ولەم ڕوانگەیەشەوە دەتوانین بڵێین، دانەرانی گۆرانیە میللیەکان کەسانێکی نەناسراون وهەموویان ئەم بەرهەمانەیان داهێناوە پاش توانەوە لە کەلەپووری میللیی نەتەوەییان. هەروەها کاری تاکێکی درێژەپێدراوی پڕ لە سەرکەوتنیشە، ئەمەشیان لە نێو خەڵکدا وای لە عەقڵی بەکۆمەڵ کرد کە بیپارێزێ وهەڵیبگرێت. بەم شێوەیە بووە موڵکی هەمووان. لە هەندێک کۆمەڵگاشدا ڕەنگە خەڵک لە ڕووی ڕستە موزیکیەکانەوە ڕێڕەوی گۆرانیەکە لاسار بکەنەوە یاخود بە هەندێ ڕستەی موزیکی خواستراوەوە تێکی بدەن، یان هەندێ لە وشەکانی بگۆڕن، بۆیە ئەم جۆرە گۆرانیە کەلەپوورییانە دانەرەکانی بە نەناسراوی دەمێننەوە

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە جیاوازی نێوان گۆرانیی فۆلکلۆری وگۆرانیی میللیی بەگشتیی بکەین Folk Song ئەو گۆرانیەیە کە خەڵک بۆ خۆیان دایان نەهێناوە وکەچی خۆیان بەکاری دەهێنن. بەڵام Populer Song ئەو گۆرانیەیە کە کەسێک دایهێناوە ولەناو خەڵکدا بڵاوبۆتەوە.

کەواتە جیاوازی لێرەدا لە داهێنان وبەکارهێناندایە، بەڵام بڵاوبوونەوەی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری وگۆرانی میللیی بە مانا گشتیەکەی ئەوەیە کە، گۆرانی میللی تایبەتمەندی وسیفاتی زۆری هەیە، تەنیا شتێکی کۆن نییە، کە بەهای مێژوویی، یان باو وبەربڵاو یان ڕاستگۆ، یان کەلەپووری گواستراوە لە ژیانی نەریتی، لە باوباپیران یان دروست نەکراوو ڕەسەن، یاخود تەنانەت سروشتی ومیللی بێ. بەڵکو ئەمانە هەموویانە، هەروەها هەناسەیەکی زیندووشە، لە تایبەتمەندییەهونەریەکانی خەڵک، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە کۆن وڕاستگۆ وڕاستن. 

هەروەها ئەم بابەتە ڕەسەنە وهەموو ئەو شتانەی کە باون ولە بنەڕەتەوە بڵاو بوونەتەوە، وێناکردنی بوونی مرۆڤ لە شوێنێکدا دەکاتە مەبەستێکی ڕەوا وهەروەها ڕێساو بنچینە بۆ هونەرێکی ڕەسەن.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک