" type="text/css" > Skip to main content

ئارام خاچاتوریان کێیە؟
ئارام ئیلیچ خاچاتوریان لە ڕێکەوتی 6/6/ 1903 لە شاری (تەفلیس)ی فرە کلتوری جۆرجیا، لە خێزانێکی ئەرمەنی لە دایک بووە. ئەو شاری تەفلیس بە نەقشی خەیاڵی موزیکی خۆی دەزانێت و دەڵێت: ” تەفلیس شاری ئاواز خوێنەکان بوو، لە یادەوەری مندا بەو شێوەیە نەقشی خۆی هەڵکەندووە. ئەم شارە هەمووی ئاوازخوێن بوون، پیشەگەرەکانی لە گەرمەی کارکردندا، گۆرانییان دەچڕی، میوە فرۆشەکان، ماسی فرۆشەکان لەکاتی هاوارکردندا بە گۆرانییەوە کڕیارەکانیان بانگ دەکرد، ئێواران لەماڵەکانەوە دەنگی گۆرانی دەهات، لە هەموو گۆشەیەکی شارەوە نەسیمی موزیکت بەردەکەوت”. بە هۆکاری ئەوەی لە شارێکی لەم جۆرەدا ژیانی دەکرد، هەمیشە ماڵەکەیان پڕبووە، لە دەنگی گۆرانی پێکەوەیی و خۆی دەڵێت: “دایکم زۆر گۆرانی میللی ئەرمەنی و ئازەربایجانی لەبەر بوو، ڕۆژانە دەیژەنین و دەیچڕین، من هەرگیز گۆرانییەکانی دایککم لە بیرناچنەوە”. لە سەرەتاکانی تەمەنیدا باوکی پیانۆیەکی کۆن بۆ خاچاتوریانی کوڕی دەکرێت، تا دەست بەخوێندنی ئەم ئامێرە بکات، هەر ئەم پیانۆیە هۆکار بوو، ڕوو لە دنیای موزیک بکات. لە بەر حەزوو خولیاکانی بۆ فێربوون، هەر زۆر بەزووی تواناکانی لە نێو کەسە نزیکەکانی دەردەکەوێت. خاچاتوریان لە تەمەنی دە ساڵیدا لە پاڵ خوێندنی قوتابخانەیدا دەبێتە ئەندامی گروپێکی (موزیکی ئامێرە فودارەکان) تێیدا ترەمپێت دەژەنێ، لە هەمان کاتیشدا لە کۆڕی کڵیسادا وەک گۆرانیبێژ بەژداری لە خوێندنی گۆرانییە ئاینیەکاندا دەکرد. خاچاتوریان بۆ گەیشتن بە خەونە موزیکیەکانی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا و لە پایزی ساڵی دا، بە هاوکاری براکەی، کە (لە شاری مۆسکۆ خوێندکاری بەشی شانۆ بوو)، بۆ خوێندنی موزیک روو لە مۆسکۆ دەکات. لە هەمان ساڵدا لە پەیمانگای جینسن بۆ موزیک (Gnessin Musical Institute) وەردەگیرێت و لە سەر دەستی سێرگی بیچۆف دەست بەخوێندنی ئامێری چەلۆ دەکات.
پاش تەواو کردنی خوێندن لە (جنسین)، لە کۆنسەرڤاتواری مۆسکۆ، لە سەر دەستی نیکۆلای میاسکۆفسیکی، دەست بەخوێندنی موزیکدانان دەکات. دوا بەدوای ئەم قۆناغە ئیدی وەک ناوێکی مەزنی نێو بواری موزیک، هاوشانی گەورە دانەرانی ڕووسی وەک: شوستاکۆفیچ و سێرگی پرۆکۆفیف دەردەکەوێت. ئەو خاوەنی دەیان شاکاری گەورەی موزیکیە، لە نێویاندا شاکاری (بالێی گایانە) بە یەکێک لە دیارترین شاکارەکانی دادەنرێت.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک