ئامادەکردنی؛ ئارام کەریم
هەر کاتێک باس لەهونەری گۆرانیو مەقاماتی کوردی دەکرێت، هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا عەلی مەردان بەکۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئەو هونەرە دادەنرێت. عەلی مەردان بەتەنیا گۆرانیبێژو مەقامبێژ نەبوە، بەڵکو ئەو دانەری چەندین مەقامو ئاوازی رەسەنی کوردییە، کە پێشتر لەهونەری کوردیدا نەبونو کەس نەیزانیون. کاتێک مورتەزا نەی داودی ژەنیارو ئاوازدانەری ناوداری ئێرانیو بەبنەچە جولەکە دێتە بەغدا بەدەنگە خۆشەکەی ئاشنا دەبێ لەگەڵ خۆی دەیبا بۆ تاران لەگەڵ ئۆرکێستراکەی جوانترین گۆرانیەکانی عەلی مەردان تۆمار دەکات.
موردەخای نەی داڤید کە لەئێراندا زیاتر بە”مورتەزا نەی داود” ناسراوە، ساڵی ١٩٠٠ لەتاران لەدایکبووەو پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئێران ئەو وڵاتەی بەجێهێشتوەو ساڵی ١٩٩٠ لەسانفرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا کۆچی دوایی کردوە، ئەو وەک یەکێك لەژەنیارو ئاوازدانەرە گەورەو مێژوییەکانی ئێران ناودەبرێت.
نەی داود کە لەخێزانێکی جولەکەی هونەریی تێکەڵ بەموزیک و شیعرو گۆرانی چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە فێری موزیکژەنین بوە لەسەر دەستی باوکی، کە ئامێری تارو زەڕبی ژەنیوە. پاشان لای دەروێش خان ڕەدیفی موزیکی خوێندوە، نەی داود لەبیستەکانی سەدەی رابردودا کە لەهەڕەتی گەنجێتیدا بوە، فێرگەیەکی موزیک دەکاتەوەو پاشان لەگەڵ ئۆرکێسترای رادیۆی تاران کار دەکاتو ئاشنا دەبێت بەهونەرمەندانی ئێرانی، لەوانە ژنە هونەرمەندی ناودار “قەمەر ملوک وەزیری”، کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئاواز بۆ شیعری “مورغی سەحەر”ی ملوک شوعەرای بەهار دادەنێتو بەدەنگی ئەم ژنە هونەرمەندەو سازی نەی داود تۆمار دەکرێت.
گۆرانییەک کە بەسیاسیترین گۆرانی ئێرانیو بەزمانحاڵی خەڵکی ئێران دادەنرێتو تا ئێستا دەیان هونەرمەندی ئێرانی وتویانەو دەیڵێنەوە وەک “شەجەریانو شەکیلاو هومایۆنی شەجەریانو گوگوش”.
نەی داود کە چەندین ئاوازی تری بۆ زۆربەی هونەرمەندان داناوە، کاتێک بۆ سازکردنی کۆنسێرتێک بانگهێشت دەکرێت بۆ بەغدا لەڕێگەی ڕادیۆوە بەدەنگی هونەرمەندی گەورە ی کورد مامۆستا عەلی مەردان ئاشنا دەبێتو سەرنجی ڕادەکێشت.
نەی داود بانگهێشتی مەردان دەکات بۆ ئۆرکێسترای تارانو لەگەڵ خۆی دەیباتو دیارترین ئاوازو گۆرانیو ئەلبومی ناوازەی بۆ ئامادە دەکات، کە لەڕوی تەکنیکی موزیک و تۆمارکردنی دەنگو موزیکەوە لەوپەڕی ئاست بەرزیدایە، کە لەم ئەلبومەدا دەنگی تار بەدەستو پەنجەی نەی داودو موزیکی ئۆرکێسترای تارانو دەنگی گۆرانیو مەقامی نەهاوەندی مەردان ئارامیی بەرۆح دەبەخشن.
عەلی مەردان لەساڵی ١٩٠٤ لەگەڕەکی تەکیەی شاری کەرکووک لەدایک بووە. خوێندنی لەتەکیەی کەرکوک لەلای مامۆستای دەنگخۆش مەلا ڕەووف فێری تەجویدی قورئانو مەقاماتی کوردیو قۆڕیاتی تورکمانی بووە.
عەلی مەردان پاش ھەشت ساڵ تەکیە، شاری کەرکووکی بەجێھێشتوەو بەماڵەوە چونەتە گوندی لەیلانو تەمبورژەنێکی بەتوانای بەناوی خدر بارام ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێوەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردیو پاشان کە دەچێت بۆ بەغدا، مەقاماتی کوردیو فارسیو عەرەبی لەمامۆستایانی تری فارسو عەرەبو کورد فێر دەبێت.
پاشان خولیای فێربونی موزیکی هەبوەو خۆی فێری ئامێری عود کردوەو لەڕادیۆی بەغدادو کەرکوک دەستی بەگۆرانی وتن کردوەو هاوڕێیەتی خۆش بووە لەگەڵ شاعیران فایەق بێکەسو ئەحمەد هەردی. شارەزایی هەبوە لەئەدەبی كوردیو بۆ گۆرانیو مەقامەكانی شیعری جوانی شاعیرانی كوردی هەڵبژاردوە.
عەلی مەردان لەباسکردنی ژیانیدا دەڵێت “بۆ گوزەرانی ژیانم، بەپای پەتیو سەری کۆتەوە، جوتیاریو شوانیو گاوانیم کردووە. لەشاری بەغداد بوم بەھاوڕێی مورتەزاخانی ئیسفەھانیو ئەسغەری ھەمەدانیو محەمەد سەعیدی سابڵاغیو زۆر شت لەوانەوە فێربووم، چل شەویش لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بوم”.
لەبەناوبانگترین گۆرانیەکانی ماۆستا عەلی مەردان: فاتمە، گیانە بەسییەتی، خۆمو عودەکەم، کەتان کەتانە، ئەسمەر، وەرە قوربان، ڕەنجی بێوەرم، ھەوری لە قەدی ئاڵاوە، ئەڕۆی ئۆغر، مامە، کەی دێتەوە، لەخرنە خرنە، ھەتا مردن، ئەڵوەن ناوت شیرینە، ئای چەندم خۆش دەوێ، ھەر تۆم ئەوێ تۆ، مینا گیان، لە کەلە دەنگی ساز دێ، گوڵەباخ، کراس کودەری ئاوریشم، سەد جار بەو مانگە، ھەستە با بچین بکەین تەماشا، کۆڵان بەکۆڵان، ئەم پەرچەمو ئەگریچە…
مامۆستا عەلی مەردان پاش نیو سەدە خزمەتی بێوچان بۆ ئاوازو گۆرانی کوردی، لەتەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە٢٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوایی کردو لەشاری کەرکووک لەگۆڕستانی شێخ محێدین بەخاک سپێردرا.