" type="text/css" > Skip to main content

ئیبراهیم خەیات؛ دەنگێکی سیحراوی!

نووسینی/ خەلیل عەبدوڵا

مامۆستا ئیبراهیم خەیات هونەرمەندێكی ناسراوو دەنگخۆشی كوردستانە‌و خزمەتێكی زۆری بەكاروانی هونەریى كوردستان كردووە‌و شوێن پەنجەی بەو بوارەوە دیارە.

ئیبراهیم محەمەد مستەفا ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و بە ئیبراهیم خەیات ناسراوە.
ساڵی 1931 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە‌و لە ئامێزی خێزانێكی رەنجدەر پەروەردە بووە.
بەهۆی ئەوەی كەباوكی زوو كۆچی دوایی ئەكات، ناتوانێ‌ درێژە بەخوێندن بدات‌و ئەبێتە شاگرد خەیات‌و دواتریش بەخەیات‌و هەر بۆیەش بە ئیبراهیم خەیات ناسراوە.

مامۆستا برایم هەر لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای هونەری گۆرانی‌و سروود‌و مەقام ئەبێ‌.
سەرەتا لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی‌و دواتریش لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی كار ئەكات‌و چەندین بەرهەمی جوان لەگەڵ ئەو تیپانە تۆمار ئەكات.

سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو ئەچێتە ئیزگەی كوردیی بەغدا‌و لەرێی ئەو ئیزگەیەوە چەند گۆرانییەك تۆمارو بڵاو ئەكاتەوە‌و بەوەش زیاتر لەسەر ئاستی كوردستان ئەناسرێ‌.

بەهۆی ئەوەی كە خاوەنی دەنگێكی بەسۆز‌و رەسەن بووە، لەساڵی 1958 داوای لێئەكرێ‌ لە فیستڤاڵی لاوان لە ڤییەننا بەشداری بكات‌و لەو فیستڤاڵە بەشداری ئەبێ‌‌و بەدەنگە خۆشەكەی سەرنجی ئامادەبوان رائەكێشێ‌.

مامۆستا بێجگە لە گۆرانی‌و مەقام، لەبەرئەوەی كەسێكی نیشتمانپەروەر بووە بایەخی زۆری بە سروودی نیشتمانی داوە‌و سروودەكانی كاریگەریان لەسەر جۆشدانی خەڵك‌و پێشمەرگە هەبووە.لەدیارترین سروودەكانی (من پێشمەرگەی كوردستانم، خۆشم ئەوێ‌ وڵاتەكەم، جەژنی نەورۆز)‌و چەندانی ترە.

مامۆستا برایم خاوەنی زیاتر لە 100 گۆرانی‌و سروود‌و مەقامی تۆمار كراوە‌و بۆ ئەوانەش سوودی لە شیعرەكانی شاعیرانی وەك گۆران‌و هەردی‌و فەرەیدون عەبدول بەرزنجی‌و شیعری فۆلكۆر وەرگرتووە.

بەداخەوە ئەم هونەرمەندە گەورەیەی كورد لە 3ی مایسی 2005 بەیەكجاری ماڵئاوایی كرد. بەڵام بەرهەمەكانی‌و دەنگە بەسۆزەكەی هەمیشە بەنەمری ئەیهێڵنەوە.
درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا ئیبرایم خەیاتی هونەرمەند‌و كوردپەروەر.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک