" type="text/css" > Skip to main content

دیمانیەکی ماملێ لەگەڵ ڕۆژنامەنوسێکی ئەڵمانیدا

ڕۆژنامەنوسی ئەڵمانی هێلا شلوومبێرگێر
(Hella Schlumberger) لە ساڵی 1981 ئەم دیمانەیەی سازداوە
له ئاڵمانییه‌وه: جەعفەری حەسەنپوور (هێدی) کردوویەتی بە کوردی. ئەم دیمانەیە لە ماڵپەڕی فەرمی ماملێ بڵاووکراوەتەوە.

ماملێ چوارمه‌شقی، قیت و مه‌غروور له به‌رامبه‌رم دانیشتووه، ئه‌منیش خه‌ریكم په‌یتا په‌یتا هه‌موو چه‌شنه دانیشتنێكی سه‌ر عه‌رزی به‌تاقیده‌كه‌مه‌وه. ڕیشووه ڕه‌شه‌كانی پێچه بۆره گوڵداره‌كه‌ی له لاوه به‌ره‌و ڕوخساری ڕاده‌ژێن. چاوه‌كانی له پشت چاویلكه ناحه‌زه‌كه‌یه‌وه ده‌دره‌‌وشێنه‌وه، هه‌تا بڵێی ئینسانێكی به ‌ڕێز و حورمه‌ته.هێلا شلوومبێرگێر: خه‌ڵكی مه‌هابادێی، محه‌ممه‌د؟
ماملێ: به‌ڵێ، ئه‌من په‌نجاوچوار ساڵ له‌وه‌ی پێش له گه‌ڕه‌كی هه‌رمه‌نییانی مه‌هابادێ له دایک بووم(1). ئه‌وده‌م زۆر ماڵی هه‌رمه‌نی لێره بوون، ئێستا تاق و لۆق نه‌بێ نه‌ماون. بابم نه‌خوێنده‌وار بوو و له نێو بازاڕی دوكانێكی چكۆڵه‌ی خوری فرۆشتنی هه‌بوو. ئێمه شه‌ش كوڕ و كچێک بووین. زۆر كه‌ممان دراو هه‌بوو. ئه‌گه‌ر برینجمان بۆ ساز كرابا جێژنه‌مان بوو.
هێلا شلوومبێرگێر: كێ فێره گۆرانیگوتنی كردی؟
ماملێ: بابم. هه‌ر به گشتی تایفه‌ی ئێمه تایفه‌ی گۆرانیبێژانه. بابم زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه ئه‌منیش ده‌یانڵێم، بۆخۆی دایناون و ئاهه‌‌نگی خستوونه سه‌ر. نه‌یتوانیوه سازێک لێبدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی سازژه‌نی خۆی هه‌بووه. ئه‌و له هه‌موو گۆرانییه‌كی زیاتر حه‌زی له گۆرانی ئایینی و دڵداری بوو.
هێلا شلوومبێرگێر: نێوه‌رۆكی گۆرانییه دڵدارییه‌كان چبوو؟
ماملێ: نیزیكه‌ی ته‌واوی گۆرانییه دڵدارییه‌كانمان له‌ سه‌ر كچێكی جوان و جحێڵ ساغبوونه‌وه كه كوڕه جحێڵه‌كه نایگاتێ.
هێلا شلوومبێرگێر: چۆن جوانیی كچه كورده‌كان به گۆرانی باس ده‌كرێ؟
ماملێ: ته‌واوی ئازای له‌شی، بێجگه له ‌عه‌وڕه‌تی، به وێنه‌یه‌ک ده‌شوبهێنرێ و به گۆرانی پێیهه‌ڵده‌گوترێ. چاوه‌كان ئه‌ستێره‌ن، لێوه‌كان سندووقی چكۆڵه‌ی زێڕین- زاری گه‌وره لێره په‌سند نییه- ، ددانه‌كان مروارین، ڕه‌نگی گه‌ردن به به‌فری تازه‌كه‌وتووی كوێستانان ده‌شوبهێنین، پرچه‌كان به شه‌وانی زستان- ڕ‌ه‌ش و درێژ- ، كوڵمه‌كان به سووره‌گوڵی كێوی، سینگ به باغێكی جوان، كه حه‌ز ده‌كه‌ین لیمۆی لێبكه‌ینه‌وه. له به‌ندێک دا بۆ وێنه ده‌گوترێ: “مه‌مكوژه تۆ گه‌ردنی خۆت ڕوو له زولفان ده‌رخه‌وه / ئه‌ی ستاره‌ی سوبحده‌م ئه‌وشۆكه زووتر ده‌ركه‌وه”[شێعری “وه‌فایی”یه. – وه‌رگێڕ-]. ژنان له گۆرانییه‌كانماندا زۆرتر وه‌ک “جنسی ناسک” دیاریده‌كرێن.
هێلا شلوومبێرگێر: جوانیی پیاوانیش ده گۆرانیدا باس ده‌كرێ؟
ماملێ: نه‌خێر. به غیره‌تیان، چه‌كه‌كانیان، جلوبه‌رگیان هه‌ڵده‌گوترێ، به‌ڵام باسی جوانی و موحیبه‌تیان ناكرێ.
هێلا شلوومبێرگێر: جا ژنن كه به پیاوه‌كان هه‌ڵده‌ڵێن، یان بۆخۆیان به خۆیان هه‌ڵده‌ڵێن؟
ماملێ: ژنیش هه‌ن كه شێعر و گۆرانی به سه‌ر پیاواندا هه‌ڵده‌ڵێن، به‌ڵام له ڕوویان هه‌ڵنایه به ئاشكرا له نێو خه‌ڵكی ده‌ریبڕن. له ده‌وروبه‌ری ئێره دێهاتمان هه‌ن كه دیمه‌نی ئاوایان لێده‌بینرێ: كوڕێكی جحێڵ به ته‌نێ به كۆڵانی دێی دا دێته خوارێ، كچێكی جحێڵ، ئه‌ویش به ته‌نێ، به‌ره‌و پیری دێ و به گۆرانی به كوڕه‌ی هه‌ڵده‌ڵێ، به‌و شێوه‌یه به كوڕه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه حه‌زی لێده‌كا. یان له نێو مه‌نگوڕان، نه‌ک هه‌ر پێش زه‌ماوه‌ند، وه‌كی دیش دڵداریی به ئاشكرا ئازاده، بۆیه ئه‌وان ئاوا جوان و باڵابه‌رز و به‌‌هێزن.
هێلا شلوومبێرگێر: گۆرانی واش هه‌ن كه تێیاندا به ژنێک هه‌ڵبگوترێ كه جوان و ناسک نه‌بێ؟
ماملێ: به‌ڵێ، بۆ وێنه گۆرانییه‌ک له سه‌ر ئایشێ شێزاد كه له جه‌نگه‌ی برسێتی و گرانییه گه‌وره‌كه‌ی شێست و پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دا، كه نیوه‌ی خه‌ڵكی مه‌هابادێ تێداچوون، بۆ هه‌ژاران له بازاڕی سواڵی نانی ده‌كرد. به‌و شێوه‌یه دوو مانگی زستانێ نانی دا به هه‌ژاران، هه‌تا به‌فر چۆوه و خه‌ڵک له كێوان دیسان شتێكیان بۆ خواردن وه‌ده‌ست كه‌وت.
هێلا شلوومبێرگێر: ئه‌دی ئه‌و ده‌مه‌ی كه ئه‌تۆ لاو و ئاشق بووی چۆن بوو؟
ماملێ: سه‌رده‌می ئێمه ئاوا بوو: ئێمه هه‌میشه به ده‌وری ماڵه كچه‌یدا ده‌خولاینه‌وه. جاری وابوو شه‌ش مانگی ده‌خایاند هه‌تا ده‌مانتوانی بۆ یه‌كه‌مجار ڕووی كچه‌ی ببینین. جا ئه‌گه‌ر ئه‌ویش حه‌زی له ئێمه كردبا دیارییه‌كی بۆ ده‌ناردین، زۆر جاران سێوێكی سووری بۆنخۆش بوو.
هێلا شلوومبێرگێر: ئه‌تۆ كه‌نگێ یه‌كه‌م سێوی سوورت وه‌رگرت؟
ماملێ: له ته‌مه‌نی بیست، بیست ‌و یه‌ک ساڵیدا.
[ژنی ماملێی كه له‌و ماوه‌یه‌یدا ده‌گه‌ڵمان دانیشتووه و به وردی گوێی هه‌ڵخستووه، ڕوخساری به پێكه‌نین گنجی تێده‌كه‌وێ و لاتاوێكی داوێ: “وه‌ک ئه‌من ده‌تناسم، ده‌بێ هه‌شت ساڵت بووبێ!”، ماملێش زه‌رده‌ی دێتێ و ده‌ڵێ: “دوایه بۆیه هێنده‌م سێو ده‌درایه چونكه به ئاشكرا گۆرانیم ده‌گوت.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک