" type="text/css" > Skip to main content

(بەیادی تۆ) ئەمەم نووسی!

بۆ ئەو دەنگەی هەمووان حەز بە بیستنی دەکەن !

نووسینی: مەریوان مەسعود

بیرمە، یەكەمجار گۆرانی (بەیادی تۆ)م بیست و بینیی لە تەلەفزیۆنی كەركوك، یەكسەر هەستێكی خۆش و دەنگێكی ناوازە هاتە نێو جەستە و مێشكمەوە و تەزووی خۆشی بە گیانمدا هات.
نەك هەر گۆرانی (بەیادی تۆ)، بەڵكو دواتر لەسەر شانۆی بەغدا لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی و كوڕان و كچانی سلێمانی، گۆرانی (دەسماڵێ‌)ی وت و ئیتر بۆم مەعلوم بوو كە كورد دەنگێكی خۆشی بەڕێخست كە ئەویش دەنگ و مەقام و سەدای عەدنان كەریم بوو.
عەدنان كەریم، ئەوەندەی من گوێگری بووم، هیچ گۆرانییەكی نییە بە هەستێكی قووڵەوە نەیوتبێت بۆیە هەمووجارێك كە باسی گۆرانی راقیی و قورس و سەنگین دەكرێت ناوی ئەو لە پێشی پێشەوە دێت، چونكە فەزای دەنگەكەی هەم گۆرانییە و هەم موزیك و هەم وتنە، بە مانایەكی تر كاتێك گوێت لە عەدنان كەریم دەبێت، تەنیا گوێت لە گۆرانییەك نییە، بەڵكو یەك كوتلە لە هونەرت پێشكەش دەكرێت كە حەز دەكەیت بێدەنگ بیت و گوێی لێبگریت، ئەوەندەی من پرسیاریشم كردووە، هەر كەسێك گوێگری هونەرەكەی عەدنان كەریم بێت، هەر گۆرانییەك كە گوێی لێدەگرێت، چەند جارێك دووبارەی دەكاتەوە، چونكە هەستی تێرنەبوون لە گۆرانییەكانی ئەم هونەرمەندە هەیە، بەو پێیەی هەم شیعرەكانی ئاستیان بەرزە، هەم خۆشی رۆحی دەكات بەبەرداو ئەمەش وات لێدەكا، زیاد لە جارێك گوێی لێبگریتەوە.
عەدنان كەریم، لەگەڵ هەر تیپ و گروپێك جا كوردیی بێت، یان بیانی، گۆرانی تۆماركردبێت یان لە كۆنسێرت وتبێتی، ئەوا خۆی گونجاندووە و دەنگی زاڵبووە بەسەر موزیكەكەدا، چونكە دەتوانم تەعبیری ئەوە بەكاربێنم، كە بە فیعلیی موزیك بە دوای دەنگی عەدنان كەریمەوە را دەكات، نەك عەدنان چاوەڕوانی ئەوە بێت دەنگەكەی لە پەنای موزیكەوە بگەیەنێت، بۆیە هەست دەكەیت هەموو گۆرانییەكانی بە سەدایەكی بەرز و كۆنترۆڵكردنی فەزای گۆرانییەكە دەچڕێت.
عەدنان كەریم، هەر بەوەش نەوەستاوە كە هونەرمەندێكی دەنگ و سەدا خۆش بێت، بەڵكو بە هۆی ئەوەی بڕوانامەی خوێندنی باڵای هەیە و مامۆستای زانكۆیە، چ لە لایەنی ئەكادیمی یان نوێكاری لە هونەری موزیك و گۆرانی بەتەواوی ئاگادارە و هەر كارێك یان ئەلبومێك بڵاوبكاتەوە، نوێگەری تێدایە و هەست دەكەیت دەیەوێت ریتمی دەنگە رەسەنەكەی خۆی هەر بێڵێتەوە و تەكنیكی نوێی بۆ دەستەبەر دەكات ئەوە باسی ئەوەش هەر ناكەم كە هونەرمەندێكی شێوەكاری گەورەشە.
بۆیە هەقمە، ئەگەر بڵێم دەنگێكی وەها نازدار، پێویستە وەكو سامانێكی نیشتمانیی لێی بڕوانرێت.

*گوێ لە ڤیدیۆی گۆرانی بەیادی تۆ بگرە :

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک