" type="text/css" > Skip to main content

گۆرانی کاتیوشا

نوسینی:توانا حەمە

ئه‌م گۆرانییه‌ ڕووسییه‌ بە کاتیوشا ناسراوە، ئاوازەکەی گۆرانییەکی فۆلکلۆری ڕووسیە، تێکستی (میخایل ئیزاکۆفسکی)یه له ساڵی 1938 دا کاتێ، که له‌ ڕیزەکانی سوپای ڕووسیادا سەرباز بووه، ئەو ھەستی خۆی خۆی ئاوێتەی ئەم ئاوازه فۆلکۆرییەی کردووه. دواتر لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم بۆ بەرزکردنەوەی وورەی سەربازانی ڕووس ئەم گۆرانییه له لایەن گەلی ڕووس و سەربازان دەگوترایەوە. کاتیوشا یان (کاتیا) ناوی کچێکە، کە بە هەستەوە ئەم گۆرانیە بۆ عاشقەکەی دەچرێت. بۆیەکەمجار ئەم گۆرانییە لە لایەن کچانی خوێندنگاییەکی پیشەییەوە بۆ سەربازانی ڕووسی وتراوە و له دونیادا دەنگیدایەوە و له‌ جیهاندا ناسرا. ھەر لەبەر گرنگی و خۆشەویستی ئەم گۆرانییه، لەلایەن سوپای رووسیاوە کرایە، چەکێکی قورسی سوپای وڵاتەکەیان به (کاتیوشا) ناودێر کرد.

***

مانای گۆرانییە ڕووسییەکە بە زمانی کوردی:

هەرمێ و سێو پێگەیشتن،

تەم و خوبار سەر ڕوباری گرتبوو،

کاتیوشا ڕۆی بۆ کەناراو،

بۆ بەرزترین و بڵنترین کەناراوەکان،

ئەڕۆیشت و گۆرانی ئەچڕی لە سەر هەڵۆی بەردی،

سەبارەت بەوەی کە خۆشیدەوێت، سەبارەت بەوانەی کە نامەکەی ئەپارێزێ،

ئای، تۆ، گۆرانی پاکیزەکە: تۆدەفڕێت بۆ داهاتوییەکی ڕووناک،

سڵاوی کاتیوشا بگەیەنە به شەڕکەرەکانی ئەوپەڕی سنوور،

با ئەو بیری کەوێتەوە، کە کچە ساکارەکە چۆنە!!

با گوێبگریت چۆن گۆرانی دەڵێت،

با ئەو پارێزگاری لە خاکی دایکی بکات و

خۆشەویستی کاتیوشا، ئەپارێزێت [دارا، ٢٠١٥].

هه‌مان ئاواز له‌ ساڵانی 1974دا له‌لایه‌ن ( شه‌هید ئارام و سالار عه‌زیز) له‌ ده‌ربه‌ندی ڕایات به‌ ده‌نگی خۆیان و به‌ بێ موزیک به‌ ئامێری تۆمار که‌ری ئاکای تۆمار کراوه‌. که‌ به‌ (سروودی ڕێی خه‌بات) وه‌ک سمبولی شه‌ڕی پارتزانی لە کوردستاندا ناسراوه‌.

ئەگەر بڕوانرێتە مانای تێکستی گۆرانیەکە بە زمانی ڕووسی تەواو جیاوازە لەو تێکستە کوردییەی، کە شەهید ئارام و سالار عەزیز دایان ناوە. بە واتایەکی دی ئەوان تەنها ئاوازەکەیان وەرگرتووە و بەکاریان هێناوە، کە ئەمەش لە ژێر کاریگەری ئەو بیرە مارکسییەدا بووە، کە سەرکردەکانی کۆمەڵە پێی سەرسام بوون. دواتر هەمان تێکست و گۆرانی لەلایەن تیپی شەهید کارزان و لە ساڵی ١٩٨٣دا بە دەنگی ئازاد خانەقینی تۆمارکراوەتەوە. کە یەکێکە لە دیارترین سرودەکانی پێش ڕاپەرین و له ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ی خەڵکی باشووری کوردستانیشدا ئەم سرووده له نێو ئیزگەی رادیۆ وه، وزه و وررو بەخشی پێشمەرگەو خەڵک بووه.

تێکستەکە : لەلایەن ھونەرمەند دکتۆر کاردۆخی لە سەر داوای نوسەری کتێبی موزیک و سیاسەت وەرگێڕانی بۆکراوە.

بۆ زیاتر زانیاری بروانه‌: کتێبی موزیک و سیاسه‌ت (تیپی موزیکی شه‌هید کارزان به‌ نموونه‌)، نوسینی توانا حه‌مه‌، 2017.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک