" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: نەبەز ئەحمەد

ئایین و موزیک

لە پەیوەندیدا بە ئایینیشەوە، موزیک لە دوو لاوە و بە دوو هۆ دەکەوێتە بەر نەفرەتی ئایین و دژایەتی یەکەم بەهۆی داهێنانییەوە، کە توانای ڕەتدانەوەی پووچی هەیە و مرۆڤ پابەند دەکات بە بوون و زەوییەوە. دووەم:  بەهۆی ئەوەوە کە موزیک دەتوانێ بگاتە هەندێ جێ و قوڵایی مرۆڤ کە ئایین نایگاتێ، واتە موزیک لە ئاین سەرتر دەچێ و لەمەدا ئاین جێدەهێڵێت.  بۆیە ئایین موزیکی حەرام کرد، هەرچەندە لە ئێستایا ئاینی ئیسلام بە تایبەت تەوژمە سیاسییەکەی لە جیاتی قەدەغە و حەرام، خەریکی بەکارهێنان و دەستەمۆکردنی موزیکە، بەڵام لەمەشدا موزیکی ڕەسەن و بەرز سەردەکەوێت چونکە موزیک گرێدراوی داهێنان و ویستی ئازادییە و ئەمە بۆ هیچ تەوژمێکی سیاسی سەرناچێت. بەڵام ئەگەر لەکڵاوڕۆژنەی ئادۆڕنۆوە بنواڕین دەتوانین بڵێین؛ ئەوە موزیکی پۆپۆلیستییە کە دەستەمۆی فەرهەنگ و سیاسەت و ئایدۆلۆژیایە و، بۆتە کاڵایەکی بازاڕی و، تەنانەت چۆتە ناو ڕیکڵام وئایدۆلۆژیا و، بووە بە بابەتی کاڵا و شت، وەکو هەرشتێ کە ڕووکەشە و فریودەرە و لە پیویستی بەدەرە و، تەنها بۆ فرۆش و قازانجە و لە بەرخۆری تێناپەرێت.

بیتهۆڤن تێپەڕێک لەپاش تازەگەری سەرتر بەڵام ڕەهەندی هەرە گرنگ لای بیتهۆڤن کە من دەمەوێت سەرنجی خوێنەری بۆ ڕابکێشم ئەو ڕەهەندەیە کە ڕەنگە تا ئێستا لای لێنەکرابێتەوە؛ ئەویش ئەو بۆشاییەیە کە بیتهۆڤن بۆ گوێگری دروست دەکات.  بۆشاییەک کە دواجار دەبێتە پانتاییەک بۆ ئازادی و بەشداری گوێگر، کە ئەمەش دەرفەت ڕەخساندنە بۆ ئەویتر کە خەیاڵ و بیری خۆی بخاتەگەڕ و تەنانەت ئارگۆمێنتی خۆی هەبێت. بەڕای من ئەم ڕەهەندە سەرەکییەیە کە موزیکی بیتهۆڤن لە موزیکی پێش خۆی جیا دەکاتەوە و لە بەرخۆرییەوە دەیگۆڕێت بۆ موزیکێکی بەرهەم هێن و نۆرم شکین، بە واتایەکی تر تەنها ڕەهەندە بڕ جوڵەو ڕەق و هەژێنەرەکەی نییە کە ئەو لە موزیکی کلاسیک و دەربار و خزمەتچی ئەرستۆقراتەکان جیادەکاتەوە بەڵکو خاڵی هەرە گرنگ ئەو پانتایی و بۆشاییەیە کە بیتهۆڤن بۆ گوێگرەکانی جێدەهێڵێت تا لە جیاتی خەوتن و وەنەوز بردنەوە گوێگرەکانی هان بدات لەو پانتاییەدا خۆ بنوێن و ئارگۆمێنت بکەن و پرسار و گومانەکانیان دەربڕن و بوونی خۆیان بسەلمێنن، لێرەوە ئەم موزیکە نەک هەر ڕەسەن و داهێنەرە بەڵک و موزیکێکی جیاواز و خولقێنەرە بەو واتایەی مرۆڤ دەخاتە سەر ڕێی ئەفراندن و ڕۆڵ بینین.

لێرەوە موزیکی بیتهۆڤن گوێگر لە کەسێکی پاسیڤەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی ئەکتیڤ و بە جوڵەی دەخات و چالاکی دەکات، ئەم پانتایی بەخشینە بەویتر و ڕێزگرتنە لە بوونی ئەویتر ئاکارێکی بەرزە لە هونەردا و لە خویدا بوونخوازی دەگەینێت، واتە بوونی تۆ گرنگە و دەبێت لەم پانتاییەدا کە بۆ تۆ جێهڵراوە تۆ بوونت دەرخەیت و بایەخ بە خۆت و شتەکان بدەیت، ئەم بایەخدانەی تۆ بەردەوامی بە بوون و ئەفراندن دەدات. ئەم پانتایی بەخشینە بۆ ڕۆڵی ئەویتر جیاواز و بەرزترە لەو ڕۆڵەی بۆ خوێنەر یان بینەر جێدەهێڵرێت لەپاش تازەگەریدا، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەگەر پاش تازەگەریی کە لای بارت مەرگی نووسەری لێکەوتەوە و دەق جێهڵدرا بۆ خوێنەر، ئەوا بەرزی و ئاستی هونەریی پەیوەست دەبێت بە خودی ڕادەی ئەکتیڤ بوون و قوڵی و ئاستی تێگەیشتنی خوێنەر یان بینەرەوە، چونکە هەمیشە ئەوە خوێنەر و بینەرە چالاک و بەرز ئەندێشەیەمان نییە کە لە دەقدا هەڵکۆڵین و داهێنان بکات و جارێکی تر دەق بخوڵقێنێتەوە و داهێنانی خۆی ئەنجام بدات و بەمەش جیاوازی وەکو فەلسەفەی پاش تازەگەری بدرەوشێت.لای بیتهۆڤن شاکار هەیە، بەڵام پارچە پارچەیە و بۆشایی بۆ گوێگر هەیە. ڕۆڵی خۆی ببینێ و گفتوگۆ بکات و پرسیار و گومان سەر ڕێ بخات نەک بخەوێت و پاڵ بداتەوە، خۆ ئەگەر گوێگر پاسیڤیش بێت ئەوا موزیکی بتهۆڤن توشی پەککەوتن و متبوون نایەت، چونکە شاکارەکە خۆی خولقاندووە و بە ئەکتیڤی دەمێنێتەوە. بەڵام لەوێ لای دەقی پاش تازەگەریی مەرگی نووسەر ئەو بۆشایی و پانتاییەی بەوی تری دەدات کە خوێنەر یان بینەرە بە هەموو بەرکەوتێک پڕ ناکرێتەوە، تەنها ئەوانە نەبێت کە خۆیان لە بوارەکەدان، ئەم کارەکە تایبەت دەکات بە پسپۆڕی و لێوەشاوەیی بەرکەوت یان خوێنەر و بینەر، ئەمەش هەمیشە ڕۆڵ بینین مەیسەر ناکات و دەقی پاش تازەگەری دەکەوێتە گۆشە و پەنای فەرامۆشییەوە، لێرەوەیە ئەحمەد ڕەزا ئەحمەدی بە شاعیرە نوێیەکانی ئێران دەڵێت وەکو فەرش فرۆشەکانی تارانیان لێهاتووە هەر دەبێت لە ناو خۆیاندا مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، واتە دەقەکانی ئەوان ناچێتە ناو خەڵک و نابێت بە بەشێک لە ڕۆحی گشتی چونکە ئەو شتانەی ئەوان دەینووسن کەس لێیان تێناگات.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک