" type="text/css" > Skip to main content

ولیەم یوحەننا کێیە؟
ولیەم یوحەننا لە ساڵی 1934 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی ھاتۆتە ژیانەوە. باوکی (یوخناخنانیشۆ) لە دایکبووی پارێزگای وان بووە لە باکووری کوردستان، ئەوان بنەماڵەیەکی ئاشووریی بوون، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان ئەوا ماڵباتیان جێهێشت. دواجار یوخناخنانیشۆ لە ساڵی 1932 هاتۆتە سلێمانی و لەگەڵ نەنجیبە هاوسەرگیری کردووە. دایکی ولیەم لە بنەماڵەیەکی مەسیحیی مووسڵ بوون، دایکی مامۆستا بوو.

ساڵی 1952 چووەتە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی بەغدا، لە ساڵی 1955 بڕواننامەی دبلۆمی لە موزیک بەدەستهێنا، لە ساڵەکانی پەنجاکانەوە بۆتە مامۆستا و زۆر ھونەرمەندی ناسراوی ھونەری کوردیی، بەسەرپەرشتی ئەو فێری موزیک بوون. دیارترینیان مامۆستایان ئەنوەر قەرەداغی، خالید سەرکار، محەممەد ئەمین حوسێن و فڕەنسیس داودن.

ھەر لەپەنجاکاندا، لەگەڵ ھونەرمەندان قادر دیلان، نەجاتی عەبدە، حاتەم سەعید و چەندینی دیکە تیپی مۆسیقای مەولەوییان دامەزراندووە و بوونەتە دیارترین گروپی ئەو کاتەی موزیکی کوردی, ساڵی 1956 یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی کورد لە شاری سلێمانی.

لەکۆتایی شەستەکانیشدا، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و بەدرێژایی تەمەنی پڕ لە بە‌خشیشی ئەو تیپە، مامۆستا و ئاوازدانەر بووە و گەلێ لەگوڵە ئاوازەکانی وان بەبەرۆکی گۆرانیبێژە ھونەرمەندەکانی کوردەوە.

دەیان ساڵ ڕاھێنەری ھونەریی بووە لە مەڵبەندی چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی و ھەزاران ساتی بەرخی تەمە‌نی بەفێرکردنی قوتابیان بەسەربردووە، ھەروەھا ئاوازی بۆ دەیان کاری شانۆیی داناوە.

ماوەی چەند ساڵێک بوو دەست و پەنجەی ئەو پیاوە بەھرەدارە بەھۆی نەخۆشییەوە لەژەنینی موزیک کەوتبوون، تەنانەت چاوە پڕ لەمیھرەکانی بەقورسی بۆ دەبردرانە دۆست و قوتابی و خۆشەویستانی، لەم دوو سێ ساڵەدا بەڕۆح بەرزەفڕ و جەستە ماندووە، شادو سەرفراز کرا، ئەویش بەڕێزلێنان لەم کەڵە ھونەرمەندە بەدروستکردنی پەیکەرێک لەلایەن ھونەرمەند «بەیان مانی» یەوە بۆی دروستکرا، ئەوەی بەردەم گەلەریی مۆزەخانەی سلێمانی ڕازاندۆتەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی 14ی ئەیلوولی 2005 لە شاری سلێمانی ولیەم یوحەننا کۆچی دواییکرد

 

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک