لە یادی (یۆبیلی زێڕینی) ماڵئاوایی ( حەسەن زیرەک) دا
نووسینی: ئامانج غازى
«چەند سەرەقەڵەمێکی راشکاوانەی بێشەرم»
ئەم نووسینەم بابەتێکی زانستی دوورو درێژە لەسەر پێرفۆرمانس و کاریگەریی ( حەسەن زیرەک) لەسەر ڕەوتی گۆرانی و موزیکی کوردی، کە نەکرا هەمووی لێرەدا دابنێم ، تەنها چەند پەرەگرافێک بۆ ئەو یادە دادەنێم.
ئەرکی هونەرمەندی موزیکی ئەوەیە کە بیرۆکە و بۆچوون و ئەزموونی خۆی بگەیەنێتە کەسانی ترو مرۆڤێکی هۆشیار و خاوەن ستایلی خۆشی بێت، نهێنیی جوانی کاری هونەریی هونەرمەندی موزیسیان لە داهێناندا لە ئاراستەکردنی دەربڕینە هونەرییەکانی بێ هاوتای خۆیەتی، جگە لەوەی لە بەرامبەر ململانێیەکی گراندا دەجەنگێ، گەیاندنی بیرۆکە و هەست و سۆزی داهێنەرانەی خۆی لەگەڵ موزیکدا لە قووڵایی گرانبەهای کەلەپوورەکەیەتی و جوڵاندنی هزری بۆ دۆزینەوەی خەیاڵەکانی داهێنان و تێکەڵبوونی هەستەوەری ئەبستراکی موزیکی لە فۆرم و بنیادا گرنگترین شتن کە لە پێکهاتەی موزیکیدا بەدەستی دەهێنێت.
موزیک هەمیشە لە نزیکەوە بە کەلەپوورەوە بەستراوەتەوەو، کێشەی نمایشەکەی بە شێوازی مامەڵەکردنی ئێمە گرێدراوە کە چۆن بەکاری دەهێنین. کەلەپوور لەلایەن مرۆڤی سەردەمەوە بەشێوەیەکی تۆکمە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ. ئەمەش جەخت لە پەیوەندی موزیک بە کەلەپوور وەک ئاماژەیەکی بنەڕەتی دەکاتەوە، کە خوڵقاندنی خۆی لە پرۆسەی نوێبوونەوەدا تێیدەپەڕێنێت، ئەمەش بۆگەیشتن بە کۆکراوەیی ئایدیا وجوانییەکانی ئەو موزیکە کە بتوانێ لەگەڵ واقعی ئەمڕۆدا یەکانگیر ببێ.
لە فۆلکلۆردا موزیک وەک هاوکێشەو پێکهاتە میلۆدیکەکان وتوخمەکان وشەگەلی دەنگیی نابینرێت، بەڵکو وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی کە کارلێک لەگەڵ هەموو توخمەکانی کەلتووری میللیدا دەکات، بە تایبەتی کە زۆربەی بابەتەکانی ئەم موزیکە لە چەند بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی جیاوازن، تەنانەت ئەگەر هیچ ڕووداوێکیش نەبێت، ئەوا کرداری موزیکیی ڕووداوە کۆمەڵایەتیە دیاریکراوەکان و، چالاکی موزیک دەگرێتەوەو، لێرەدا کاری موزیکیی سنووردار نییە. بەڵکو لەسەر پێکهاتەی خۆی لەپێکهێنانی ئاوازو ڕیتم ولەشێوازی نواندن وشێوازەکانیشدا ئەژماردەکرێت.
ڕەسەنێتیی موزیکیی بە لاساییکردنەوەی ئەوانەی پێش ئێستا نایەتەدی بۆ ئەوەی بیانناسینەوە وسوود لە بیرۆکە وئەزموونەکانیان وەربگرین. بەڵکو ئەم ڕەسەنێتییە بۆ ئەوەیە کە بتوانین گوزارشتی داهاتوو ونوێ دروست بکەین. ئەوەی کە ئێمە ویستمانە لە دووپاتکردنەوەیە لەم بوارەدا کاتێک کە ئێمە کارێکی موزیکی لاساییکردنەوە بەرجەستە دەکەین، بەناوی ئەو کەسانەوە گوزارشت دەکەین کە دەیانەوێ فۆڕمی نوێ بنیاد بنێن. بەڵام ئەگەر شتێکی نوێ بەرهەم بهێنین ئەوا بەناوی تاکگەرایی نوێوە قسە دەکەین، چونکە دوور کەوتنەوە لە ڕێبازە موزیکییەکان کە وەک تێڕوانینێک شێوە دەگرن کارێکی وا سادە وئاسان نییە.
بۆیە زۆر بەڕاشکاوانە و بە بێ دوو دڵی و بە بێ شەرمییەوە پڕ بە دەنگی زایەڵە ئامێزەوە دەڵێم:-
1- هاوڕێ و برادەری زۆر نزیکی ( حەسەن زیرەک) بە هۆکاری سەرەکی لەدەستدانی ژیان وئەو
بەهرەو توانستە هونەرییە ڕادەبەدەرەی( حەسەن زیرەک) دادەنرێن، کە مخابن شەوانە بۆ ئاهەنگ و کەیف و سەفای خۆیان تا بەرە بەیان گۆرانییان پێ دەچڕی ، بە داخەوە لە ئەنجامی ئەو ئەلکهولە زیانێکی ئێجگار گەورە بە ژێ دەنگییەکان و تەنانەت جگەریش کەوت و لە ئاکامدا شێرپەنجەی بێ ئەمان خستییە نێو ڕەشەبای مەرگییەوە.
2- زۆرێک لەو هونەرمەندانەی باشوور و ڕۆژهەڵات ، کە لەو ماوەییەی لەگەڵیدا ژیاون و بە جیا کە لە هەمان ئەو ماوەیەدا کاری هونەرییان کردووە ،دژایەتی و بەربەرەکانییەکی گەورە و ڕادەبەدەری ( حەسەن زیرەک ) یان کرد بۆ ئەوەی ئەو بەهرە خۆڕسکە نەگاتە هەودارانی خۆی، بە ڕادەیەک چەندین تۆمەتی سیاسی و ئەخلاقییان بۆ درووستکرد، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر بەردەوامبوونی ڕۆحییەتی هونەریی میلۆدییەکانی.
بەداخەوە بە گشتیی ناوەندی هونەریی لە کوردستاندا کەش و هەوایەکی زۆر تەپیو و قێزەونی هەیە و ئیرەیی و ناوزڕاندنی یەکتریی بوەتە پیشەی سەرەکیمان، حەیف و مخابن.
تێبینی*: نووسینی ناوی ( حەسەن زیرەک) بە بێ هیچ نازناوێک ، ئاماژەو دەلالەتێکی زۆر ڕوونە کە ناوی ( حەسەن زیرەک) بە تەنها بەسە بۆ ناوزەدکردنی سەردەمی ژیانی هونەریی ئەو بە سەردەمی ( حەسەن زیرەک).