" type="text/css" > Skip to main content

نووسەر و وەرگيڕ: دڵشاد حامید دەرويش

ئەو بیرۆکە بنەماییەی کە کۆی پانتایی فەلسەفەی ئارسەر شۆپنهاوەر (Arthur Schopenhauer)  داگیردەکات ئەوەیە کە دواجار مرۆ بە نزیکەیی هیچ دەرچەیەکی نیە بۆ دەربازبوون لە هەژموونی ویست (ارادة- will). بەڵێ ویستی ژیان، ئەو هێزە دڵرەق و نامیهرەبانەی کەڕەشمەی تەواوی بوون دەکات و هیچ بەهایەک بۆ ئێمەی تاک لە پڕۆسەی هێشتنەوەی جۆردا دانانێت. بەڵام لەتەک ئەمەشدا کۆمەڵێک دەروازە هەن کە لەڕێگەیانەوە دەتوانین گەر بۆ چەند ساتێکی کەمیش بێت خۆمان لە جەبەڕوتی ئەم ویستە بەدە قوتاربکەین. بەزەیی (Compassion) و زوهد (Asceticism) دوانن لەو پێکارانە،** هونەریش بەتایبەت لە کۆتا فۆرمیدا کە موزیکیە پێکارێکی دیکەی هەڵهاتنمانە.

ئەوەی لە هونەردا بۆ شۆپنهاوەر زۆر گرنگە ئەو ئەزمونەیە کە پەلکێشمان دەکات بۆ مەملەکەتێکی نا هەستەکی. مەملەکەتیک کە تیایدا هەست بەوەدەکەین کە لەتەک شتێکی دیکەدا – کە ویستە وەک نۆمینا- یەکمانگرتووە. یاخوود کە دەڵێین (ئێمە لە خودی خۆمان تێپەڕیوین) و وا هەڵخزاوینەتە ناو ئەزمونێک کە زۆر جار بە (جاویدان) ناودێری دەکەین.

یان ئەو کاتەی کە درک بەوەدەکەین کە بەر بەشێک لە راستیەکی هەمەکی دەکەوین. ئەو هونەرمەندانەی کە خاوەن ئەم دونیابینیەن دەتوانن لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە بیگوازنەوە بۆ ئەو کەسانەی کەخاوەن هەمان دیدگان سەبارەت بە هونەر. بەڵام ئەو بەناو هونەرمەندانەی کە سەرقاڵی بەراودکاری خۆیانن بە هونەرمەندانی دیکە، یاخوود وابەستەی زەوقی ناشاز و پۆخڵی ڕەشەخەڵکن ناتوانن هیچ بئافرێنن. ئاخر هونەری راستەقینە تەنانەت گوزارشت لە خودیش ناکات بەڵکو ئەو دەستوپەنجە لەتەک راستیەکی بانخودیدا نەرم دەکات. هەر لەبەر ئەمەشە کە لەم پرۆسەیەدا بە هیچ کلۆجێک نابێت هونەرمەند ئارەزووی خاوەندارێتی بەسەریدا زاڵبێت.

هەر لەم سۆنگەیەوە شۆپنهاوەر بلیمەتی بە (توانستی هونەرمەند لە تێگەیشتن و گواستنەوەی ئەوەی کە ئەبەدیە) پێناسە دەکات، هەڵبەت ئەمەش بە سەرمەشقیی ئەندێشە نەک ئاوەز، ئاخر ئەو چرکەساتەی کە هونەر دەبێتە ئەکتێکی ئەقڵی پوخت چیتر ناتوانێت بەرەو دونیایی ئەبەدیەت کەمەدکێشمان بکات (بۆ نموونە تابلۆ ڕەمزیەکان Allegorical painting و کۆپیکردنی ئەو شێوگە formulae هونەریانەی کە لەسەر دەستی هونەرمەندانی دیکە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە). ئەم جۆرە کەسانە لە بەهرە زیاتریان نیە، ئاخر بەهرە ئەنگاوتنی نیشانەیەکە کە کەسی دیکە ناتوانێت، وەلێ بلیمەتی لێدانە لە نیشانەیەکە کە کەسی دیکە نایبینێت.

بە کورتی و بە کوردی هونەر ئامڕازێکی کارایە بۆ دەرچوون لە هەژموون و قەڵەمڕەوی ئەم ویستە میتافیزیکیە، بەڵام هەموو هونەرەکان وەک یەک بەم ئەرکە هەڵناستن، لە پلەبەندی (hierarchy)هونەرەکاندا لای شۆپنهاوەر تەلارسازی (موزیکی بەستوو بەقەولی شلینگ) لە بنکی هەرەمەکەدایە، دوای ئەم وێنەکێشان و پەیکەرتاشی دێن. ئەم سێ هونەرە دروستە لە پلەدا جودان، وەلێ لەوەدا هاوبەشن کە دواجار هەموویان لە پەیوەندیەکی تەنگاتەنگدان لەتەک دیاردەدا (phenomena)، نەک لەتەک ئەو ڕاستیە سەرمەدیەی کەلەپشت دیاردەوە خۆی مەڵاسداوە.

گەر زیاتر هەڵزنین دوای ئەم سێ هونەرە هەریەک لە شیعر و دراما دەبینین. هەرچی موزیکشە لە لووتکەی هەڕەمەکەدایە و کۆتا فۆرمی هونەرە، دەی لەبەر ئەوەی لە هەموویان ئەبستراکترە و کەمترین ڕایەڵبەندی هەیە لەتەک دیاردەدا. لە ساڵی (١٨٧٧) دا واڵتەر باتلەر (Walter Pater) دەنوسێت؛ ((هەموو هونەرەکان چاو دەبڕنە دۆخێک لە موزیک)). ئەو مەبەستی لەوەبوو کە هەموو هونەرەکان پێویستە بەپێی توانا نزیکببنەوە لە بێخەوشی ئایدیای موزیکی ئەبستراکتی شۆپنهاوەر. دواتر و بەر مەبنای ئەم جیهانبینیە نیگارکێشە ئەبستراکتەکان واز لەو بیرۆکەیە دەهینن لە دەبێت کارەکانیان وێنای جیهان بێت بەشێوەیەکی کۆنکرێتی، تەنانەت لای هەندێکی وەک کاندینسکی (Wassily Kandinsky) ناونانی تابلۆکانی قانگدەدات بە ئاماژەهایەکی موزیکیانە. وەک ئەوەی  موزیک بۆ نموونە دەتوانێت گوزارشت لە هەستەکان (خۆشی و دڵتەنگی ….هتد) بکات بەبێ هیچ پاشکۆ یان پاڵنەرێک.

هەڵبەت لە دێر زەمانەوە مرۆ پەی بەوە بردوە کە موزیک زمانە و لە مەملەکەتێکی دیکەی بانسروشتیدایە، ئەوەتا فیساگۆرس (Pythagoras) لە بەرەبەیانی مێژوودا پەیوەندی نێوان ماتماتیک و موزیک دەدۆزێتەوە، ماتماتیک لە یۆنانی کۆندا دادەنرا بە نزکیکترین رێگا بۆ تێگەیشتن لە جیهان. بەبڕوای هەندێکیش دوای ئەوەی کە نیوتن (Newton Isaac) ماتماتیک و گەردوونناسی تێکەڵکرد ئەم بیرۆکەیە ڕەهەندێکی فراوانتری وەرگرت.

لە کۆتایدا ئەوەی کە گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە کە لەساڵی (١٨٠٤) دا کاتێک فاگنەر (Richard Wagner) شۆپنهاوەر دەخوێنیتەوە بە شێوەیەکی تیۆری سەرجەم ئایدیاکانی شۆپنهاوەر لەمەڕ موزیک پەسەنددەکات و دەبێتە شاگردێکی پڕجۆشی ئەو، وەلێ لە پراکتیکدا ڤاگنەر بەردەوام بوو لە تێکەلکردنی دەق و موسیقا وەک پێشتر. بەڵام لە شاکاری (Tristan und Isolde) دا بە نزیکەیی ڕۆڵێکی شۆپنهاوەریانەی تەواوی بە موزیک دا.

تێبینی؛

* ناونیشانەکە وەرگێر دایناوە و بابەتەکەش بەشێکە لە گوتارێکی درێژتری راڵف بلومینا (Ralph Blumenau) بە ناونیشانی (موزیک لە فەلسەفەدا – Music in Philosophy). ئێمە تەنها ئەو بەشەمان وەرگێڕاوە کە تایبەتە بە شۆپنهاوەر. وەرگێرانەکەش بە دەسکاریەکی کەمەوەیە.

دەقی وتارەکە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی:

http://ida2at.com/see-philosophy-of-music-translator/

https://philosophynow.org/issues/108/Music_in_Philosophy

** پێکار : وسيلة

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک