" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: بیار ڕەشید

پێرێ شەو هونەرمەندی کوردپەروەری ئێمە مستەفا دادار کۆنسێرتی هەبوو، بە جلوبەرگێکی کوردی جوان و هەستێکی کوردانەوە کە بۆنی چیا و مێرگەکانی کورستانی لێوە دەهات، چەند بەرهەمێکی پێشکەش کرد.

دادار بە ڕوویەیەکی خەندەئامێزەوە، لە نێوان بەرهەمەکاندا چەند جارێک” بژی کوردستان” ی دووبارە کردەوە، لە جێیەکدا گووتی “لە دڵتان گران نەبێت ئەگەر بڵێم کوردستان زۆر پیرۆزە و هەموو کەسێک شایەنی ئەم خاکە نییە.” ئەو دێڕەی بۆ ئەم سەردەمە زۆر لە جێی خۆی بوو.

جگە لە شێوازی چڕینی گۆرانی، هەمیشە کوردانە دەرکەوتنی دادار بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش و دڵخۆشکەرە. هەست دەکەم لە ئێستادا کەمن ئەو جۆرە کەسانەی وەک دادار بەو هەستە کوردانەیەوە بژین. کاتێک دەیگوت “کوردستان، کوردستان، نیشتمانی جوان” هەستت دەکرد کڕنووش بۆ دایکی دەبات. لەبەرئەوە بۆ من هەستێکی خۆش بوو کە لە نزیکەوە گوێ لە دادار دەگرم.

پێش کۆنسێرتەکە، چوومە گوڵفرۆشییەک تا چەپکێ گوڵ لەگەڵ خۆم ببەم بۆ دادار. کچێک لە گوڵفرۆشییەکە بوو، لێمی پرسی: گوڵەکە بۆ چی بۆنەیەک دەبێت؟ منیش گوتم: بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندێکە. لێمی پرسی: هونەرمەندەکە کێیە؟ گوتم: هونەرمەندێکی کوردە و ناوی مستەفا دادارە. وا گووتم کە دەبێت بیناسێت. بەڵام ئەو نێوچەوانی کەمێک هێنایەوە یەک، بە مانای ئەوەی کە نایناسێت. پاشان گوتی: خۆزگە فارس بوایە!

کاتێک ئەو کچە وای گوت، زۆر دڵتەنگ بووم. بیرم لەوە دەکردەوە نەوەیەکی کورد هەیە و دادار ناناسێت. پاشان نەوەکانی ئێمە هەرچی گۆرانیبێژی تورک و عەرەب و فارسە دەیناسن. بەڵام دادارەکان ناناسن. لە خۆمم دەپرسی ئێ باشە با ئێمە واز لە حکومەت و پەروەردە بهێنین، ئەی بۆچی دایک و باوکانی ئێمە ئەوەندە کەمتەرخەمن؟ بە هەستێکی ناخۆشەوە لە گوڵفرۆشییەکە هاتمە دەرەوە و چووم بۆلای دادار. لە ڕێگا هەر بیرم لە قسەکەی ئەو کچە دەکردەوە. نەوەکانی ئێمە بۆچی ئەوەندە لە خۆیان دوور کەوتوونەتەوە؟

کاتێک کۆنسێرتەکە تەواو بوو، گوڵەکانم بۆ دادار برد. لە دڵی خۆمدا گوتم حەیف نییە منداڵانی ئێمە گەوهەرێکی کوردیی ئاوا نەناسن!

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک