" type="text/css" > Skip to main content

بەشی پێنجەم: نیچە بیتهۆڤن لە بەستێنی ڕسکان و ئەفراندندا

نووسینی: نەبەز ئەحمەد

بەڵام لای نیتشە هونەر ڕزگارکەرە، ڕەتدانەوەی ڕەتدانەوەیە، واتە ڕەتدانەوەی پوچییە، کەواتە هونەر دەتوانێ مانایاک بەژیان بدات، بە واتایەکی تر هونەر داهێنانە، هونەرمەندی داهێنەر لای نیتشە مرۆڤی سۆپەرمانە، مرۆڤێکە دەتوانێ دابهێنێت و مانا بە ژیان بدات و پووچی تێپەڕێنێ، لای نیچە ڕۆحی دیۆنیسۆسی ڕۆحی هەژان و یاخێتی و جوڵە و بەردەوامییە، کە سەرچاوەی موزیکیە، بە پێچەوانەوە شێوازی ئەپۆلۆیی کەلتورێکی هۆشەکی هێناوەتە کایەوە و لە هونەردا نوێنەرایەتی پەیکەرسازی دەکات. ( فەلسەفەی هونەر، د.محمەد کەمال ـ ل٨٢)
کەلتور و بیری هۆشەکیش بە پووچی ڕازییە، کەواتە ناتوانێ داهێنەر بێت بەو ومانایەی لای نیچە هەیە، واتە مانای ڕزگارکەر. لای بیتهۆڤنیش موزیک ڕزگار کەرە، ئەو لە دۆخێکی تەواو نائومێدیدا بە هۆی موزیکەوە لەخۆکوشتن گەڕاوەتەوە. ئەو دەڵێت: ” هونەر بەتەنها هونەر منی ڕزگارکردووە، بۆ من ئەستەمە ئەم دنیایە جێبهێڵم بێ ئەوەی هەموو ئەو شتەی بدەمێ کە هەستم کردووە لە ناخمدا چەکەرەی کردووە”. (بیتهۆڤن، ئالان ودس، و. ڕۆز جەمال _ ل١٦) ئەمە بەمانا کردەییەکەی کە بەهۆی موزیکەوە بیتهۆڤن لە مردن دەگەڕێتەوە، واتە باوەش بە ژیاندا دەکاتەوە و لە ڕێگەی موزیکەوە خەریکی خۆ سەلماندنە و تەسلیمی پوچی نابێت و بوون و شوناسی خۆی دروست دەکات. بە مانا زەینی تیۆرییەکەیشی کە خۆی لە ڕەتدانەوەی پووچیدا دەبینێت بەهۆی داهێنانەوە ئەوا بتهۆڤن بەتەواوی لەم ڕووەیشەوە، واتای ڕزگارکەر دەیگرێتەوە چونکە بەتەواوی ئەو داهێنەر بوو لە موزیکدا هەرئەمەش ناوی ئەوی گەیاندە چڵەپۆپە و نەمری.
بەراورد بە هونەری وێنەکێشان، لەبەرئەوەی موزیک شوێنی نییە جگە لە ناخی مرۆڤ بەڕای من موزیک نزیکتر و لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆتردایە لەگەڵ ئێمەی مرۆڤ، وێنە کێشان لەشوێندایە و گوزارشت لە شتی مادی و لەڕێی ماددەکانەوە بەرجەستە دەبێت و خۆی لەناو مادەدا دەنوێنێت، نەک زەین و دەرونی مرۆڤ. واتە موزیک بە جۆرێک لە ناشوێندایە، کە ناو خەیاڵ و ناخی مرۆڤە، کەواتە موزیک بەرزەفڕە و بە مرۆڤ و لای مرۆڤ نەبێت هەڵنانیشێت هەڵبەتە بێئەوەی دەستەمۆیش ببێت. دەبێت ئەمەش وابکات خۆی لەگەڵ ڕۆحدا ببینێتەوە بۆیە ئەگەر موزیک کە لەگەڵ شانۆ و وێنە و درامادا دێت نابێت ئەو موزیکیە ببوغزێنین و پێمان وابێت پاشکۆیەتیان دەکات وەک نیتشە پێیوایە، بەڵکو ئەوە موزیکیە ڕۆح بە بەر ئەوانیشدا دەکات و دەیانکاتە هونەری زیندوو و ڕاستەقینە، ئەگەرنا ئەو کاتە هونەری شانۆ و وێنە و تەنانەت فیلمەکان نوقسان و مت و بێ گیان دەردەکەون.
بیتهۆڤن ساڵێک پێش شۆڕشی فەڕەنسی، شانۆگەری ئیگمۆنتی دەکاتە موزیک، ئەم شانۆگەرییە گۆتە نوسیبووی، ئیگمۆنتی پاڵەوانێکی شۆڕشگێڕی هۆڵندییەکانە کەدژی ستەمکاری ئیسپانییەکان دەجەنگا و دواتر ملی پەڕێنرا، ئێستا پەیکەری ئیگمۆنتی لە برۆکسل ڕەمزی شۆڕشگێڕییە. (بیتهۆڤن، ئالان ودس، و. ڕۆز جەمال _ ل٣٥)
نیتشە سەرەڕای ناکۆکییەکانی لەگەڵ شۆپنهاوەر بەڵام لەبارەی موزیکەوە، لە ژێر کاریگەریی شۆپنهاوەردا بوو. (رویة الفلسفة للموسیقی، مترجم، هند مسعد محمد) لە ئیستاتیکای شۆپنهاوەردا موزیک ویستی ژیان بەرجەستەدەکات. لای نیتشە و شۆپنهاوەریش ئاواز لە وشەیەکی گوتراو بەنرختر بوو. لای شۆپنهاوەر موزیک ویست بۆ خەیاڵ و هێز و ئارەزوو بۆ لێوردبوونەوە و تێڕامان دەگوازێتەوە.. لای نیتشە موزیک دەبێت وا لە مرۆڤ بکات لەو جیهانە کەڕ و پڕ لە ئاژاوەیە بەرزی بکاتەوە بۆ جیهانێکی هارمۆنی و هێمن. نیشتە وا سەیری موزیک دەکات کە دەتوانرێت بە هۆیەوە مرۆڤ سەرلەنوێ بەهاکان دابڕێژێتەوە و هەروەها بەهۆیەوە ئەو جیهانە کەڕولاڵە بگۆڕێت بۆ جیهانێکی باشتر. لەبەرئەوەی موزیک لای نیتشە هونەری هەڵچوونە واتە سروشتێکی دیۆنیسۆسیی هەیە. (فریدریک نیتشە، عوسمان یاسین، ل٧٤)
موزیک لای نیتشە نموونەی ڕاستەقینەی جیهانە، بەڵام دراما بریتییە لە تارمایی و سێبەری جیهان و گەردوون.. نیشتە ئۆپێراش لەناو هونەرەکاندا بە دیاردەیەکی نامۆ دەزانێت و دژایەتی دەکات لەبەرئەوەی ئۆپێرا پشت بەوە دەبەستێت کە ئاخافتن گرنگترو مەزنترە لە هارمۆنییەت. ڕەخنەی نیتشە لە ئۆپێرا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم هونەرە سروشتی ڕاستەقینەی موزیک دەشێوێنێت، کە ڕۆحی دیۆنیسۆسە. هەروەها موزیکی شانۆ لای نیتشە نزمترین موزیکیە چونکە نیتشە دەیەوێت موزیک ئەو توانایەی هەبێت، کە وەرچەرخانێکی شارستانی لە دەروونی خەڵکدا بهێنێتە کایەوە..(هەمان سەرچاوەی پێشوو ل75 )

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک