بەشی چوارەم: شۆپنهاوەر : بیتهۆڤن لە بەستێنی ڕسکان و ئەفراندندا
نووسینی: نەبەز ئەحمەد
شۆپنهاوەر
بەڵام ڕەنگە هیچ فەیلەسوفێک وەکو شۆپنهاوەر و نیچە موزیکی نەفەلسەفاندبێت، تەنانەت لەم ڕووەوە نیچە لەژێر کاریگەریی شۆپنهاوەردایە، ئەگەر کانت و هیگل موزیکیان دەخستە نێوان نیگارکێشان و شیعرەوە و شیعریان بە بەرزتر دادەنا، ئەوا لای شۆپنهاوەر موزیک پێگەی یەکەم و لەهەموان بەرزتری هەیە ” هێزی هونەر لە هەڵکشانی ئێمە لەم دنیا پڕ شڵەژانە دەرونییەدا، زیاتر لە موزیکدا دەردەکەوێ، موزیک بەهیچ شێوەیەک وەکو هونەرەکانیتر لاسایکردنەوەی وێناکردنی هەقیقەتی شت نییە، بەڵکو نیشاندەری خودی ئیرادە یان خواستە.
موزیک حەرەکەت و هەوڵی سەرگەردانی هەمیشەیی ئیرادە نیشان دەدات، کە سەرەنجام بەرە و خۆی دەگەڕێتەوە و هەوڵەکەیشی سەردەگرێت، بەم هۆیەوە موزیک لە هونەرەکانی تر بەدەستەڵاتر و بەهێزترە چونکە هونەرەکانی تر سەروکاریان لەگەڵ سێبەری شتەکان هەیە موزیک لەگەڵ خودی شتەکان. جیاوازییەکیتری موزیک لەگەڵ هونەرەکانیتر ئەوەیە موزیک ڕاستەوخۆ نەک لەڕێی تەسەوراتەوە کاریگەریی لەسەر هەستەکانی ئێمە دادەنێت.
( هنر موسیقی در فلسفە شوبنهار)، هەروەها بڕوانە؛ – الفیلسوف و فن الموسیقی، تالیف جولیوس بورتنوی، ترجمة د. فواد زکریا الطبحة الاولی ٢٠٠٤، ص٢٣٠
بیتهۆڤن یش دەڵێت “پەسن کاری نیگارکێشانە. شیعریش لەم کارەدا و بەراورد بە موزیک دەتوانێت سەرکەوتنێکی زیاتری هەبێت و مەیدانی ئەو هێندەی مەیدانی من سنووردار نییە؛ بەڵام لەبەرانبەردا، مەیدانی من لە ناوچەی تردا زۆر فراوانترە و بە ئاسانی ناتوانێت دەستی بگاتە قەڵەمڕەوی من”
پێوەری شۆپنهاوەر بۆ ڕیزبەندی هونەرەکان نەک یەکانگیری و هاتنەوە بەڵکو دابڕان و بەرەنگارییە لەگەڵ خواست و ئیرادە، تەنانەت بۆ شیعریش شۆپنهاوەر پێیوایە باشترین شیعر شیعری تراژیدییە چونکە لە تراژیدیادا سروشتی ڕاستەقینەی بەشەر دەبینین. ( هنر موسیقی در فلسفە شوبنهار)
لە فەلسەفەی شۆپنهاوەردا خواست و ویست بناغەی بوونی ئەم جیهانەیە و هەموو شتێک ویست و ئیرادەیە، ویستیش هێزێکی لە هۆش بەدەرە و کوێرە. واتە لە دیدی ئەم بیرمەندەدا ئەم جیهانە لە سەر ویستی ئیرادەیەکی کەڕوکوێر دەگەڕێ و دەچەرخێ، بۆیە ئەم ژیانە هەڵەیە و هەمیشە لە ناتەبایی و دژبەریدایەو مرۆڤ تیایدا گیرۆدەیە و ناتوانێ بەختەوەربێت و پشووبدات.
لە ڕوانگەی شۆپنهاوەرەوە، تەنانەت لە مرۆڤدا، ئیرادە بەسەر عەقڵدا هەیەتی و بەو شێوەیە نیە کە سەرەتا مرۆڤ لە رێگەی عەقڵەوە پەی بەڕاستی کارێک ببات و دواتر ئیرادەی ئەوە بکات، بەڵکو سەرەتا ئیرادەی دەکات و دواتر بەڵگەی بۆ دەهێنێتەوە. چونکە لە مرۆڤ دا ئیرادە ئەسڵە. لە ڕوانگەی شۆپنهاوەرەوە جیهانیش لەسەر بنەمای ئیرادەیە. بەڵگەی ئەو ئەوەیە کە کاری سەرەکی مرۆڤەکان لە ڕووی مانەوەی خۆیانەوە یان پاراستنی جۆرییانەوەیە. لەم ڕووەوە ئیرادەیەک کە لە پشت پەردەوەیە، هەموو مرۆڤەکان بەم ئاقارەدا ڕادەکێشێت.
ئیرادەیەک کە شۆپنهاوەر باسی دەکات، پیچەوانەیە لەگەڵ ڕۆحی ڕەها کە هیگڵ دەیڵێت چونکە ئەم ئیرادەیە کەڕ و کوێر و بێ هەستە. ئەو ڕۆحی ڕەهایەی کە هیگڵ دەیڵێت، جۆرە هێزێکی ئاگایانە بوو کە جیهان بەرەو (تەعالا) جیهانی بەرز پاڵ دەنا. جیاوازییەکی تر لەمەدایە کە ڕۆحی ڕەهای هیگڵ، بەرەو ئازادی و شیاریی زیاتر مرۆڤ دەڕۆشت، بەو واتایەی کە ئامانجی هیگڵ ئامانجێکی گەشبینانە بوو، بەڵام لای شۆپنهاوەر ڕەشبینی بوو. شۆپنهاوەر دەچێتە ناو بابەتی مرۆڤ ناسییەوە و دەڵێت چۆن سیستەمی جیهان عەقڵانی نییە، لە مرۆڤیشدا بەهەمان شێوەیە، ئیرادە ڕابەری مرۆڤە نەک عەقڵ؛ بەو واتایە کە مرۆڤ سەرەتا ویستی شتێک دەکات ئەو کاتە عەقڵ ئەو شتە پاکانە دەکات. هەڵبەتە ئەوەش کە مرۆڤ چ شتێک ویست دەکات دەگەڕێتەوە بۆ (ئیرادە لە خۆیدا )کە لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە. ئیرادە لە خۆیدا لە جیهاندا، کاریگەریی لە ئیرادەی مرۆڤ دەکات و پێی دەڵێت کە چ شتێک ویست بکات. لە ڕاستیدا، ئێمە لە جیهانی دیاردە (فینۆمینە)داین و ئیرادە لە خۆیدا نۆمینەیە (نۆمینە بوونێکی ناوەکییە کە ئەم جیهانەی هێناوەدی و هەڵیدەسوڕێنێت بە بێ هیچ پێویستی و مەبەستێک) کە لە پشت پەردەوە ئێمە کۆنترۆڵ دەکات. لێرەوە لە سایەی ئەم ئیرادە کەڕوکوێرەدا دنیا پوچ و بێ مانایە و مرۆڤ گیرۆدەیە و سەرگەردانە.ئەو دوو ڕێگاچارە بۆ ڕزگاربوون لە شەڕی (ئیرادە لە خۆیدا) پیشکەش دەکات کە یەکیان کاتییە و ئەویتریان هەمیشەیی. ڕێگا کاتییەکەی هونەرە؛ ئێمە لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانین زاڵ بین بەسەر (ئیرادە لە خۆیدا). هونەر دەتوانێ خۆشبەختییەکی کاتی بۆ مرۆڤ فەراهم بکات، بەو واتایەی کاتێ مرۆڤ دەرکی جوانی ناسی هونەری ئەنجام دەدات، خۆی لە (ئیرادە لە خۆیدا) ڕزگار کردووە. ئەم ڕزگار بوونە دەبێت هۆی چێژ و خۆشبەختی.
ئەو بروای وایە کاتێ کە مرۆڤ گوێ لە موزیک دەگرێت، خۆی لە ( ئیرادە لە خۆیدا) جیاکردۆتەوە، چونکە لەو کاتەدا هیچ مەیلێکی کردارەکی لەودا نییە. لە ڕاستیدا هەر لەبەر ئەم هۆیە کە مرۆڤ چێژ وەردەگرێت. چونکە وا هەست دەکات لەم دنیایە چۆتە دەرەوە. هەموو ئەمانە بەم هۆیە کە مرۆڤ خۆی لەو مەیلە جیاکردۆتەوە و هەر لەبەر ئەم هۆیەش هەستی خۆشی ئارامی دایدەگرێ. ڕێگا چارەی دووەم دوو قۆناغی هەیە، سەرەتا ڕەوشت و ئاکار و دواتر زوهد. کە پەیوەندی بە بابەتەکەی ئێمەوە نییە و دوورمان دەخاتەوە و ئێمە ناچینە ناویەوە. (فلسفه رنج «شوپنهاور» و راههای رهایی از آن به روایت هدایت علویتبار)شۆپنهاوەر خۆی فلودی دەژەند، تەنانەت وەکو دەڵێن کاتێ گوێی لە سەمفۆنیاکانی بیتهۆڤن دەگرت هەردوو چاوی دەبەست و بە وردی گوێبیستی دەبوو. میهرداد میهرین- جیهانبینی شۆپنهاور، و. هونەر عەبدوڵڵا، ل ١٨. شیاوی ئاماژەپێدانە . ڤاگنەر لەدوای ئەوەی هەندێ بەراوردی ئەنجامدا لە نێوان موزیکی بیتهۆڤن و میتافیزکای هەندێ فەیلەسوفی گەورەدا دەڵێت: موزیکی بیتهۆڤن ئیرادەی گشتی بەرجەستە دەکات، و گوزارشت لە فەلسەفەی شۆپنهاوەر دەکات لە موزیکدا . ( الفیلسوف و فن الموسیقی، تالیف جولیوس بورتنوی، ترجمة د. فواد زکریا الطبحة الاولی ٢٠٠٤، ص٢٢٤