" type="text/css" > Skip to main content

خوێندنەوەیەک بۆ تیپی مۆسیقای سلێمانی لەیادی دامەزراندنیدا
نووسینی: توانا حەمە

ئاشکرایە مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی هێندە دێرین نییە، بەڵام سەرەڕای ئەم نوێ بوونەی، دەستێکی کاریگەر و بنیاتنەرانەی لە تەواوی کایە کلتوورییەکانی کوردستانی گەورە بەگشتی و باشووری کوردستان هەبووە. هەر لە سەرەتای دروست بوونی شارەکەوە، لەلایەن میرەکانی بابانەوە، بایەخێكی زۆر بە لایەنی ژێرخانی رۆشنبیری و هونەری شارەکە دراوە، هەر بۆیە لە سەرجەم کایە و بزاوتە کلتورییەکاندا شارێکی چالاکی باشووری کوردستان بووە. هەر ئەمەیە وای کردووە بە پایتەختی ڕۆشنبیری بناسرێت.
گەرچی هەرچی دەربارەی لایەنی هونەرە کەمترین سەرچاوەی مێژوویمان بەردەستە، بەڵام بە پێی ئەو بەڵگە کەمانەی کە بەردەستن، هەست بەوە ئەکرێت لە پاڵ ئەدەب و ڕۆشنبیری گشتیدا، گۆرانی موزیکی کوردی جێی بایەخی خەڵکی شارەکە بووە، تا دواجار بە پێی قۆناغەکانی مێژوو لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی ژیاری کۆمەڵایەتیدا لایەنی هونەر و گۆرانی و (موزیک)یش گەشەی سەندووە. لە قۆناغی سەرەتای دروستبوونی شارەکە بە پێی یاداشتی ڕۆژهەڵاتناسەکانی وەک: (ڕیچ و مێجەرسۆن) گروپی سادە و ساکاری موزیکی لە دیوەخانی میرەکان هەبووە. پاش نەمانی میرنشینی بابانەکان لە کۆتای سەدەی هەژدەهەمدا و هاتنە سەر حوکمی عوسمانییەکان، بە هۆی بوونی سەربازگە و ئامێرە موزیکییەکانی جوقی سەربازییەوە و هەوڵدان بۆ سەپاندنی کلتوری عوسمانی لە شارەکەدا، تاڕادەیەک موزیک زیاتر گرنگی پێدراوە. دواجار کاریگەری لەسەر فۆرم و شێوازی گۆرانی ووتنی شارەکە هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە هەژموونی گۆرانی تورکی خۆی بەسەر گۆرانی کوردی لە شارەکەدا بسەپێنێ.
پاش ئەم قۆناغە و داگیرکاری شارەکە لای ئینگلیزەکان، ئەوان زیاتر گرنگی بە دیدەوان و وەرش دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چالاکی گۆرانی و موزیک بە تایبەت لە قوتابخانەکاندا فەرامۆش ناکەن. هەر لەم قۆناغانەدا لە چاخانە و قاوەباشییەکانی شاردا، موزیک و گۆرانی زیندوو هەبووە، کە لەلایەن تارژەنان و گروپی چاڵغی و بەستە و دایرە (پۆستەو ئیدارە)..هتد موزیکی زیندووی تێدا پێشکەشکراوە. پاشان بە هۆی کاریگەری کلتورە دەرەکییەکانی وەک: عەرەب و تورک و فارس، هاتنە کایەی تەختی شەرقی موزیکی، چەند گروپێک لە ساتی جیاوازدا لە شارەکە سەر هەڵدەدەن، بەڵام زۆرینەیان کاتی بوون و جگە لە چەند چالاکییەک درێژەیان بەکارەکانیان نەداوە. تا دواجار لە ساڵی ١٩٥٥ لەلایەن (قادر دیلان، بەهجەت سەعاتچی، نەجات عەبد، حاتەم سەعید.. هتد) تیپی مەولەوی دادەمەزرێت، سەرەڕای کاریگەر موزیکی عەرەبی، کە لەو ڕۆژگارەدا کاریگەری لە سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر بۆ دروستکردنی موزیکی کوردی بە پێی زمانی ئەو رۆژگارەی موزیک کاردەکەن و بەردوام دەبن، دواجار ڕۆڵێکی کارایان لەگەشەسەندی موزیکی کوردیدا گێراوە، بە تایبەت لە ساتی ڕودانی کارەساتی سروشتی وەک: بومەلەرزە و لافاوەوە موزیک گۆرانی دەکەنە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی پیتاک بۆ هاوکاری کردنی لێقەوماوان، جگە لەوە چونکە بە هەستێکی قوڵی نیشتمانییەوە کاریان دەکرد، بەشداربوون لە سەرجەم بزاوت و بۆنە نەتەوەییەکاندا و رۆڵی کاریگەریان گێڕاوە.
تا لە 24/6/1962دا، کە قادر دیلان بۆ چیک سەفەر دەکات، ئیدی تیپەکە لاوازدەبێت و، کارەکانیان تارادەیەک ڕادەوەستی و زۆرینەی ئەندامەکانی پەرتەوازە دەبن. لێرەدا قۆناغێکی نوێ و درێژکراوەی تیپی مەولەوی دێتە گۆڕێ، کە ئەویش تیپی مۆسیقای سلێمانییە، کە لە ساڵی ١٩٦٧ دادەمەزرێت و دەبێتە میراتگری سەرجەم ئەو رەوتە مێژووییەی کە پیشتر خرانەڕوو. لێرەدا مەبەست لە نوسینی ئەم بابەتە خستنەرووی دیدگا و روانینی توێژەرێکە، کە دەیەوێت لە رێگای خوێندنەوەیەکی خێراوە راگوزەرێک بە نێو پەنجا ساڵ تەمەنی ئەم تیپە موزیکیە بکات.
ئاشکرایە تیپی مۆسیقای سلێمانی لە سەر دەستی مامۆستایان ئەنوەر قەرەداغی، ولییەم یوحەنا،فەرەیدون دارتاش، فەرید عیسا و محەمەد دەمین حسین دامەزراوە. هەر لە سەرەتای دەسپێکی کارەکانی ئەم تیپە، بە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی لاوی خوێن گەرم و لە سەرەتای دونیای موزیکدا بوون، زۆرترین چالاکی موزیکی و گۆرانیان بۆ سەرجەم ئاستەکانی تەمەن هەر لە باخچەی ساوایان تا ئاستی تەمەنی ئەو گۆرانیبێژانەی، کە لە شارەکەدا ناسرابوون سازداوە و بەردەوامیش لە هەوڵی دۆزینەوەی دەنگی نوێدا بوون. لە ماوەی سەرەتای بۆ ناوەراستی تەمەنی تیپەکدا، لە چەندین فێستڤاڵی کلتوری گەلان و موزیکی بەشدار دەبن و، لە سەرجەمیشیاندا جێ سەرنج دەبن و دەتوانن وەک یەکێک لە دیارترین گروپە موزیکییەکان لە باشووری کوردستان و تەنانەت (عیراق)یشدا خۆیان بناسێنن.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەم تیپە موزیکیە توانای ئەندامانی لە ڕووی ئاستی ژەنین و زۆر بواری زانستی دیکەی موزیکییەوە سنوردار بووە، بەڵام لە ڕووی تەکنیکی ژەندن و شێوازی دابەشکردنی موزیک بە شێوازیکی تایبەت و ئاست بەرز و سەردەمییانە کاردەکەن. لە گەڵ ئەوەشدا دەنگی مێینە و بونی کۆرس فراوان و بە ژمارەی بەشدارانی سەر تەختی شانۆکانیان وەرچەرخانێکی نوێ و سەرنجبەری موزیکی کوردی سەردەمەکەیان بووە. بۆیە تیپەکە توانیویەتی دەیان ئەستێرەی گۆرانی موزیکی بخوڵقێنیت و هەر کەسێک کاری لەگەڵ ئەم گروپەدا کردبێت، توانیویانە ئەو بڕوایە لای خەڵک دروستکەن، ئەو کەسە دەنگێکی ڕەسەنی کوردییە و ئەستێرەیەکی گەشی نێو موزیکی کوردییە.
بۆیە دەبینرێت زۆرینەی بەرهەمەکانیان وەک دیارترین و ناوازەترین گۆرانی کوردی لە یادگەی کۆمەڵگای کوردیدا چەسپاندووە.
ئەم تیپە لەبەر شەپۆلیکی پڕ ململانیدا کاری کردووە، بۆیە بە هۆی ململانێ کەسییەکانی نێو ئەندامانی تیپەکە کە دەرهاویشتەی کلتوری کوردییە، زۆرجار گۆرانیبێژ و موزسیان لە تیپەکە دورکەوتوونەتەوە، کە ئەمە دیاترین ڕەخنەیە هەمیشە ئاڕاستەیان دەکرێت، بەڵام ئەوان وەڵامدا ووتوویانە: بە هۆی ئەوەی کە کارمان بۆ ئاوازێکی، کە بەرامەی ئاوازی نارەسەن و بێگانەی لێدێت نەکردووە، بۆیە لێمان زوویر بووە و دواجار بۆیە تیپەکەی بەجێ هێشتووە. نموونەی ئەم گۆرانی بێژانە: قادر کابان، ئیبراهیم خەیات.. هتد. ئەگەر لەم لایەنەی ململانێکان بڕوانرێت، دەبینرێت تیپەکە دروشمی پارێزەری موزیکی ڕەسەنی کوردی بەرزکردۆتەوە و خۆی بەمیراتگری زانییوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ململانییانە دوو رەهەندی دیکەی هەیە.
– یەکەم رەهەندی نەرێنی : زۆر جار بە هۆی رەتکردنەوەی گۆرانییەکان دەشێت، دەیان ئاوازی جوانی کوردی لە بەین چوبێت، ئەشێت بروای کەسێک بۆ کەسێکی دیکە جیاواز بێت و ئەو گۆرانیانە ببونایەتە باشترین گۆرانی سەردەمی خۆیان. زۆر جار گەیشتۆتە ئەوەی هونەرمەندەکە بەتەواوەتی لە کاری هونەر دورکەوێتەوە. هەندێکێشیان لەگەل گروپەکەدا ماوەتەوە و بەردەوامیان بە ململانێکانیان داوە.
– دووەم رەهەندی ئەرێنی: زۆرێک لە ئەو موزسیان و گۆرانیبیژانەی کە زویر بوون، کۆڵیان نەداوە و هەوڵیان داوە لەگەڵ تیپی کەرکوک، هەولێر یان تیپی دیکە کار بکەن، یاخود خۆیان گروپی نوێ موزیکی دروست بکەن، جۆرێکی دی لە موزیکی کوردی بخوڵقینن، بۆ نموونە: (تیپی موزیکی کۆمەڵی هونەرەجوانەکان)، کە لەلایەن دوو ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی و هەندێک لە ژەنیارە نوێیانەی کە وەک: هاوکارێک کاریان لەگەڵ تیپی سلێمانی کردووە، پاش زیزبوونی هەندێک لە ئەندامان و هاوکارەکان، (تیپی موزیکی کۆمەڵ) سەرلەنوێ زیندوکردۆتەوە، لە کار وچالاکی بەردەوام دەبن، لە دیارترینیان (عەدنان کەریم، غەمگین فەرەج، هاورێکانیان)ە، کە دوو نموونەی دیاری زیندوون و رەنگێکی دیکەی بە ئەو گۆرانی و موزیکی شاری سلێمانی داوە.
ئاشکرایە بە هۆی توانای ژەنینی سەرۆکی تیپەکە (م. ئەنوەر قەرەداغی) چەلەنگی و لێهاتووییەوە دەتوانێت ئامێری (ڤایۆلین) بکاتە یەکێک لە خۆشەوسترین ئامێری موزیکی لە شارەکەدا، بۆیە دەبینین شاری سلیمانی خاوەنی زۆرترین ژەنیاری ئەم ئامێرەیە. جگە لەوە زۆرینەی ئەندامە دێرینەکانی ئەم تیپە خاوەن شکۆیەکی تایبەتن و زۆرینەی موزسیانان بە مامۆستا گەورەکانی موزیکی کوردی سەدەی رابردوو ناوزەندیان دەکەن، ڕۆڵی ئەوان لە دانانی موزیک و کارە هونەرەییەکانی ئەم تیپە نکۆڵی لێناکرێت، لە وانە: ئەنوەرقەرەداغی ولیەم یوحەنا، سەڵاح رەئوف، خالید سەرکار، فرەنسیس داود.. هتد. هەروەها زۆرێک لە گۆرانیێژانی کە کاریان لە گەل ئەم تیپە کردووە لە وانە: کەریم کابان، قادر کابان، عوسمان عەلی، ئیبراهیم خەیات، حەسەن گەرمیانی، حەمە جەزا، ئەسعەد قەراغی، عەباس محەمەد هتد، بە هۆی توانای خۆیان و ئەو کارانەی تیپی سلێمانی، کە خاوەن تایبەت مەندی و ناسنامەیەکی تایبەت بەخۆیەتی، بۆیە بەرهەمەکانیان وەک دیارترین و جوانترین موزیکی کوردین پێگەیان ‌هێشتا لە موزیکی کوردیدا بە شکۆوە لە یادەوەری خەڵکیدا ماوەتەوە.
جگە لەمانە تیپی مۆسیقای سلێمانی لە سالی ١٩٧٤ لە شۆرشی ئەیلولدا تیپی مۆسیقای شۆرش دادەمزرێنن و کە لە رۆژگاری خۆیدا کاریگەری لە سەر رەوتی شۆرش و شۆرشگیری لە باشوردا هەبوو. جگە لەمانە بە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لەو خولە موزیکیانەی کە لەسلێمانیدا لەلایەن ئەندامانی ئەم تیپە کراوەتەوە، چەندین گروپی موزیکی منداڵان دروست بوون و دواتر ئەوانیش درێژە پێدەر بوون و بە فۆرمی جیا لە گۆرەپانەکەدا کاریان کردووە. هەروەها زۆرێک لە ئەندامانی ئەم تیپە بوونەتە هۆی دامەزراندنی پەیمانگای هونەرەجوانەکان سلێمانی و ڕەوتی هونەر بە جۆرێکی تر لە شارەکەدا گەشەی سەندووە و پەیمانگاکە بۆتە دایکی سەرجەم پەیمانگاکانی کوردستان و بەشێوەیەکی زانستی کاریگەریان لە سەر فەرهەنگی موزیکی تەواوی کوردستان بەجێهێشتووە.

لێرەدا ئەگەر کنە و پشکنینێکی بابەتیانە و بێ لایەنگیری بکرێت دەبینرێت، دەستکەوتەکانی ئەم تیپە زۆرترن لە لایەنە نەرێنەکانی، بۆیە دەکرێت لە دووتوێی کتێبیکدا هەڵوەستە لەسەر کارو چالاکیەیکانیان بکرێت. دەشێت لێرەدا ئەم خوێندنەوە ڕاگوزەرە مافی تەواو بە کار و بەرهەمەکانی تیپەکە، بە شێوەی دیدێکی بابەتی و رەخنەگرانە نەدات. بۆیە لێرەدا و لە کۆتایدا ئەم خویندنەوەیەدا پێویستە ئەوەی زۆرگرنگە بووترێت، لە دوای دامەزرینەران چەندین کەسی دیکە کاریان لە تیپەکەدا کردووە و رەنگێکی تریان بەکارەکان داوە و دریژە پێدەری رەوتی ئەوان بوون، لە وانە: زانا مەحمود هەژار، عادل حەمەکەریم… هتد. بۆیە دەبینرێت هێشتا تیپی موزیکی سلێمانی لە بزاوت و کار و چالاکییەکانی بەردەوامە و تەمەنی نیو سەدەیە، کە وەک یەکێک لە دێرینترین تیپە موزیکییەکان شایستەی ستایش و ڕیزە. بەڵام لەگەل ئەو هەموو دەسکەوتە مێژووییەدا زۆرێک لە بەرهەمە نوێکانیان تارادەیەک نەیتوانیووە، بەتەواوەتی وەڵامی داواکارییە هەنوکەییەکانی ئەمڕۆژی دنیا بینی موزیکی کوردی بدەنەوە، گەرچی ئەوان لە هەوڵ و تیکۆشاندان و دەیانەوێت بە فۆرم و شێوازی دیکە کاری نوی ئەنجام بدەن، بەڵام هێشتان نەیان توانیووە، لە شێوازە کلاسیکیەکەی جاران خۆیان بپارێزن و بەرهەمە نوێکانیان وەک بەرهەمەکانی سەردەمی زێرینیان کاریگەرییان لە یادەوەری خەڵکیدا نییە و نامێنێتەوە.
دواجار لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تیپەکە توانیویەتی وەک: یەکێک لە سمبوڵە جوان و دیارەکانی شارەکە لە یادگەی خەڵکیدابمینیتەوەو، بۆیە نکۆڵی لە مێژووی پڕ دەسکەوت و بەردەوامی رەوتەکەیان ناکرێت، بۆیە پێویستە هەوڵەکانیان بە بایەخەوە لە مێژووی بزاوتی موزیکی کوردیدا خوێندنەوە و کاری تویژینەوەی زانستی لەسەر بکرێت.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک