" type="text/css" > Skip to main content

چراكانی نیشتمان

سەید ئەحمەد ڕواندزی: شاسواری هونەری موزیك

نووسینی: خەلیل عەبدوڵا

سەید ئەحمەد ڕواندزی، هونەرمەندێكی موزیسیانی ناوداری كوردستانەو لەڕێی هونەری موزیكەوە خزمەتێكی زۆری بەكاروانی هونەری كوردی كردووە.
ڕواندزی لە ساڵی 1963 لەشاری ڕواندزی مەڵبەندی هونەر‌و ئەدەب‌و دیرۆك لە دایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی تەواو كرد، بەهۆی ئەوەی هەر لەمێرمنداڵییەوە خولیای هونەری موزیك بوو، لە ساڵی 1977‌و لە سەرەتای دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی ڕواندز دەستی بەكاری هونەری كرد، بە ئامێری ئۆكۆردیۆن بەشداری چالاكییە هونەرییەكانی كرد، بۆ ئەوەی هونەری موزیك بەشێوەیەكی زانستی بخوێنێ‌، ساڵی 1980 چووە بەشی موزیكی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی موسڵا، بە پلەی نایاب بڕوانامەی دبلۆمی لەسەر ئامێری كەمانچە بەدەستهێنا.
ئیدی هونەری موزیك بووە خولیای هەمیشەیی ئەو‌و لەو بوارەدا خزمەتی زۆری كرد‌و شوێن پەنجەی ڕەنگینی دیارە.
سەید ئەحمەد، چەندین ئەلبومی گۆرانی بۆ هونەرمەندانی كوردستان بەرهەمهێناوە لەوانە ( نەجمەدینی غولامی، كاڵێ‌، هاوتا ئەسعەد، وەلید دۆسكی، سلێمان دەرگەڵەیی، زیاد ئەسعەد)‌و چەندانی تر.
خاوەنی چەندین پارچە موزیكی تایبەت بەخۆیەتی، لەوانە: (هاوار، ناسكە جوانی، خەرەند، كاروانە، پاییز پاییز، گوڵی بێگەرد، لێمۆ، لای لایە، چەند جارم وت) ‌و هی دیكە.
سەید ئەحمەد ڕواندزی هونەرمەند، لەچەند بوارێكی كارگێڕی‌و هونەریدا خزمەتی كردووە، لەوانە: (بەڕێوەبەری هونەرەكانی موزیك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری‌و هونەری هەولێر، مایسترۆ لە ئۆركسترای كوردستان، ئەندامی كارای تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی ڕواندز، دامەزرێنەر‌و سەرپەرشتیاری گروپی موزیكی زەكەریا، سەرۆكی گروپی موزیكی چەمبەر).


ڕواندزی هونەرمەند، موزیكی بۆ چەندین درامای كوردی داناوە، لەوانە (گوندی نەسرین، مەمی ئالان، خەج‌و سیامەند،خەونەكان).
سەید ئەحمەد، هاوكاری هونەرمەندانی كوردستان بووە بۆ سازدانی كۆنسێرتەكانیان، لەوانە ( ناسری ڕەزازی، نەجمەدینی غولامی، زەكەریا عەبدوڵڵا، لەیلای فەریقی، عەزیزی شاروخی، شڤانپەروەر، چۆپی فەتاح، شەهین تاڵەبانی، تەنیا عارەب عوسمان)‌و چەندانی دیكە.
مامۆستا سەید ئەحمەد ڕواندزی بەردەوامە لە سەر خزمەتی هونەری موزیكی كوردی، هیوای بەردەوامی‌و بەخشش‌و بەرهەمی پتری بۆ دەخوازم.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک