لەم رۆژانە بۆ یەکەمجار وێنەیەکی هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان محەمەدی ماملێ بەشێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە، لە وێنەکە هونەرمەند محەمەدی ماملی چەکی بەدەستەوەیە،
وریا ماملێ کوڕی هونەرمەند محەمەدی ماملێ چیرۆکی وێنەکەی گێڕایەوە:
“ئەم وێنەیە لە هۆڵی (خانەی جەوانان) واتا ماڵی لاوان لەشاری مەهاباد گیراوە، ئەو مەراسیمە بەبۆنەی رۆژی 10ی خاکە لێوە یادی لەسێدارەدانی قازی محەمەد بەڕێوەچووە، لە مەراسیمەکە مامۆستا هێمن شیعری خوێندوەتەوە و هەریەکە لە هونەرمەندان ماملێ و جەمال موفتی گۆرانیان وتوە”.
بەگوێرەی قسەی وریا ماملێ، لەو مەراسیمە هونەرمەند ماملێ دوو گۆرانی وتووە بەناوەکانی (ئەختەر کچی کوردی چاو مەست ئەی پێشمەرگەی تفەنگ بەدەست) و (بەهاری زەرد).
بۆچی هونەرمەند ماملێ چەکی بەدەستەوە بووە؟
وریا ماملێ دەلێت: لەکاتی وتنی گۆرانیەکە پێشمەرگەیەک هەڵدەستێتە سەر ستەیج وەک رێزێک بۆ ئەو رۆحە کوردانەیەی ماملێ لەو یادە تفەنگەکەی خۆی دەداتە دەستی ماملێ، ئەویش وەک رێز و وەفایەک بە چەکەوە گۆرانی دەڵێت.
کێ وێنەکەی گرتووە؟ وەک زانراوە لەو بۆنەیە تەنیا دوو کەس کامێرای لابووە، یەکێکیان رەحمان حاجی ئەحمەدی بووە کە لەگەڵ خانمە رۆژنامەوانێکی ئەڵمانی بەناوی هێلا شلومبێرگەر (Hella Schlumberger) لەئەڵمانیاوە هاتبوون بۆ یادەکە، ئەوەی دیکەیان نوسەر کەریمی حیسامی بووە، ئەم وێنەیە بە کامێرای رەحمان حاجی ئەحمەدی گیراوە.
ماملێ دووجار سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە
وریا ماملێ دەڵێت، “رۆڵی خەباتگێڕی ماملێ لەماوەی نیو سەدەی رابردوو چەندین جار ئەویان بەرەو ژوورەکانی زیندان بردووە، لەساڵی 1968 بەتۆمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ حزبی دیموکرات و وتنی گۆرانی سیاسی لەسەردەمی پاشایەتی دەستگیرکراوە و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، دوای ئەوەی هەوڵی زۆر دراوە حوکمەکەیان بۆ کردووە بە زیندانی، لە ساڵی 1980 لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیسان بەهۆکاری یارمەتیدانی حزبی دیموکراتی کوردستان دەستگیرکراوەتەوە و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام دوای ماوەیەک لەلایەن حامید رەشید زەرزا کە دادوەری ئەو سەردەمەی مەهاباد بووە حوکمەکەی هەڵوەشاوەتەوە”.
کوڕێکی ماملێ لە سێدارە دراوە
کوڕێکی هونەرمەند محەمەدی ماملێ بەناوی نەجات لەتەمەنی 17 ساڵی لەگەڵ 45 گەنجی دیکەی مەهاباد دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە سێدارەدراوە، ئەمەش بەپێی زانیاری وریا ماملێ.
وێنەیەکی دیکەی هونەرمەند محەمەدی ماملێ لەهەمان بۆنە