" type="text/css" > Skip to main content

موزیک لای یارسانەکان
ئایینی یارسان

ئامادەکردنی: جەمال نەجاری

هەر سوڵتان ئیسحاقیش فەرمانی نوسینەوەی هەر (72)ئاوازەکەی ئەهلی هەقی دەرکرد، تا لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئایینی و جێگەی ڕازونیاز و نەزر و شوێنی سازدانی کۆڕی زیکری موزیکیدا بژەنرێت و ببیسترێن.
هونەری گۆرانی لە کوردستان:
مێژووی تەمەنی هونەری گۆرانی لە هونەری موزیک کۆنترە. ئەگەر بمانەوێ تەمەنی گۆرانی کوردی دەست نیشان بکەین، دەبێ لەو کاتەوە دەست پێ بکەین کە کورد بوونی هەیە.
حەمەی حەمە باقی لە کتێبی مێژووی موزیکی کوردیدا دەڵێ: دەست نیشان کردنی ساڵێکی دیاری کراو یان سەردەمێکی دیاری کراو بۆ مێژووی سەرهەڵدان و لە دایک بوونی گۆرانی کوردی کارێکی یەکجار ئەستەم و سەختە.
سەرەتای نەش و نما کردن و سەر هەڵدانی گۆرانیی کوردی دەگەڕێتەوە سەردەمی زەردەشت و سروودەکانی ئەو ئایینە پیرۆزە. دەکرێ سروودی گاتا (گاسا) و (یەشت)ە کان کە لە کتێبی پیرۆزی ئاڤێستادا هاتووە، بە سەرەتای گۆرانی کوردی ئەو سەردەمە دەست نیشان بکەین. ئەو سروودانە کە جۆرە گۆرانی یەکی ئەو چاخە بوون، لە بەر ئەوەی لە باری ئایینی یەوە دەرەتانیان پێ درابوو، زۆر زوو توانیویانە گەشە بکەن و پێش کەون.وەک فتوای ئایینی لە لایەن موغەکان واتە ڕێبەرە ئایینی یەکانی زەردەشتەوە، بە پەیڕەوانی ئەو ئایینە ڕاگەیەندراوە کە هەر کەسێ سروودەکانی ئاڤێستا بە ئاوازەوە بخوێنێ، کاریگەرتر و باشتر ئامانجەکانی دەپێکێ.
وشەی گاتا، گاسا، گاسە یان گازە بە مانای بانگ و هاوار و داد و سکاڵا لێک دراوەتەوە. واتە سکاڵا و ڕاز و نیاز بە ئاواز و موزیکوە لە گەڵ خودا. سروود لە پلەی هونەری دا لە گۆرانی بەرزترە و بۆ بۆنەکانی نیشتمانی و ئایینی بە کار دەبرێ. سروود دەکرێ زۆر جار پلەی هەقیقی (پیرۆز)ی پێ بدرێ و گۆرانی مەجازی (دڵداری و…). سروود لە ئاتەشکەدەکانی زەردەشتی و کەڵام (یارسان) لە جەمخانەکانی ئایینی یاری (ئەهلی هەق) و ئیزەدی دا لە گەڵ تەموورە (تەنبوور، تەمویرە یان تەمیر) کە یەکێکە لە ئامێرە هەرە پیرۆزەکانی کورد، پێشکەش کراوە و دەکرێ.
دوکتور محەمەد موکری دەڵێ: وشەی (گۆرانی) دراوەتە پاڵ گۆران کە خێڵێکی گەورەی نێوان سنە و کرماشانە و ئەم خێڵە پەیرەوی ئایینی ئەهلی هەق و خاوەن بیر و باوەڕ و ئاداب و ئەدەبیاتی تایبەت بە خۆیانن، کە هەموو شیعری کتێبەگەلی مەزهەبەکەیان دە بڕگەیین.
حەمەی حەمەباقی دەڵێ: پەیرەوانی ئەهلی هەق وشەی گۆرانی بەکار ناهێنن و لە جیاتی ئەم وشەیە (سروود) بەکار دینن.
مێژووی سەرهەڵدانی سروود لای یارسانەکان، لە کۆتای ساڵانی سەدەی چوارەمی هیجری(1100ز).لەکاتی دەسەڵات دارێتی (سەلجوقیەکان) دەست پێدەکات. لەو ساڵانەدا مەبارەک شای ناسراو بە شا(خۆشین) لە لورستان هەڵکەوت و ئایینی(هەقیقەت)ی لە بەشێک لە لورستان برەو پێدا. پەیرەوانی موبارەک شا، ڕوخساری ئەم ڕابەرە (موبارەک شا)بە ڕوخساری خوا، بە (مضهراللە)ی دەزانن و دەڵێن لە داکێکی پاکیژە (عذراء-باکرە) هاتۆتە دونیاوە کە ناوی(مامەد جەلال)بووە. موبارەک شا پیاوێکی ساڵح و ناسک بووە و لە ماوەیەکی کەمدا پەیرەوانێکی زۆری لە دەور کۆبۆتەوە. (شا خوشین) لە لورستانەوە چۆتە هەمەدان و دیدەنی (بابا تایەری شاعیر)ی ناسراوی کردووە.
وە دواتر ڕێی کرماشانی گرتۆتە بەربەڵام مردن مەودای نەداوە و لە دەوروبەریهەرسین ی لای خۆرائاوای کرماشان، لە ڕووباری (گاماسی) دا خنکاوە. وەک لە دووتوێی سروودەکانی یارساندا باس کراوە موبارەک شا کە هەرخۆی درەوشانەوەی پرشنگی ڕوخساری پەروەردگار بووە. لە کۆبوونەوەیەکی بەربڵاوی پێرەوانی ئەهلی هەقدا، کە لەبارەگا مەزنەکەی خۆیدا کۆبوونەتەوە، یاران و مریدانی خۆی بەش بەش و دەستە دەستە کردووە و هەر دەستەیەکیش لەمانە (900)کەس بوون و دواتر بە (900، 900)ناسران، داوای لەمانە کردووە کۆڕێکی زیکری موزیکی ئەنجام بدەن، کە دەبێ هەر یەکە لە ئەندامانی ئەم دەستانە بە جۆرە ئامێرێکی جیاواز بەشداری ئەم کۆری موزیک و زیکریە بکات. لەو زنجیرە باسانەدا کەلەم بارەیەوە ماونەتەوە ناوی ئامێر گەلێکی زۆر هێنراوە کە بەداخەوە لەو ئامێرانە تەنیا هەر(تەموورە)ماوەتەوە. هۆکەشی ئەوەیە کە ڕابەری ئەم(900)دەستیە لەو مریدە پایە باڵایانە بووە کە (تەموورە)ی ژەندووە. ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ئێستا پەیرەوانی ئەهلی هەق ئامێری (تەموورە)یان وەک ئامێرێکی تایبەتی (موبارەک شا-شا خۆشین) ناو بردووە و خودی موبارەک شاش لەنێوان دەیان ئامێری تری بەشداربووی ئەو کۆرەدا، تەنیا هەر(تەموورە)ی بۆخۆی هەڵبژاردووە و هەر تەموورەشی ژەندووە. بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی لە دووتوێی کتێبەکانی ئەهلی هەق و گێرانەوەی دەماو دەمیشدا هاتووە، موبارەک شا فەرمانی بەسەر موزیکژەنانی ئامادەبووی ئەو کۆرە مەزنە کردووە(کە هەزاران کەس بوون)، تا لە بۆنەو جەژنێکی مەزهەبییدا(گوایە جەژنی قوربان بوبێت)، لە جێگەیەکی کەناری ڕووباری (گاماسیاو)دا، کۆببنەوە بۆ بەشداری لە کۆری زیکری موزیکییدا، ئامێرەکانی خۆیان، هاو دەنگ کۆک بکەن.. لەو ڕۆژە پیرۆزەدا، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆرەکان، زیکرێکی موزیکی وا ساز دراوە، کە ڕەنگە ڕۆژێکی تری وا لە مێژوودا نەبووبێت. هەندێک لە ئاوازانی موزیک ژەنانی ئەم کۆرە هێژایە، کە لەلایەن موزیکژەنە مەزنەکانی ئەو کۆرەوە سازدراوە، تا ئێستاش بە شێوەی سنگا و سنگ ماونەتەوە و لەلایەن پیران و مامۆستایانی ئەهلی هەقەوە، بۆ مریدان و قوتابیان دەژەندرێتەوە. ئیتر لەسەردەمی (موبارەک شا) بەدواوە پەیرەوانی ئەهلی هەق لە کۆری زیکری موزیکی خۆیاندا، هەمەجۆر ئامێری موزیکی وەک: تەموورە، بەربەت، قانوون، ڕووباب، نەی، دەف، دەهۆڵیان بەکار هێناوە.

تەموورە

سێ ئایینی (زەردەشت، یارسان و ئیزەدی) کە لە کوردستان دا سەریان هەڵداوە، بوون بە هۆی پێشکەوتنی هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی. چوونکە هەر سێکیان هانی خەڵکیان داوە ڕاز و نیازەکانیان لە گەڵ پیر و خاوەنکاری خۆیان دا بە ئاوازەوە بخوێنن (بۆ زانیاری: ناوەندی ئایینی زەردەشتی لە ورمێ، یارسان لە هەورامان و داڵەهۆ و لوڕستان، ئیزەدی لە موسڵ و سەنجار و دیاربەکر هەڵکەوتووە کە هەموویان لە کوردستانن). کەچی ئایینی ئیسلام بە پێچەوانەی زەردەشت و یارسان و یەزیدی، هەموو کات دژی هونەر و مووزیک بووە و لە باتی گۆرانی و موزیک دەبێژێ: بگرین تا دەروون تان لە گوناح پاک بێتەوە. واتە ئایینی ئیسلام بە پێچەوانەی ئایینی زەردەشت و یاری و ئیزەدی لە باتی شادی، خەم و شین و شەپۆڕ بۆ چارەی دەردەکان پێشنیار دەکا. لە ئایینی زەردەشتدا وتراوە : ئەگەر دووعا و سکاڵاکان تان بە ئاوازەوە لە گەڵ تەموورەدا بخوێنن، زووتر دەگاتە جێی خۆی.
تەمبوور لای یارسانەکان
تەمبوور یان تەنبوور یان تەموور یان تەمیرە یان تەموورە، ناوی ئامێرێکی موزیکیە، ئەم سازە لە کاسەیەکی گەورەی باڵ درێژ پێکهاتووە کە چوار تاڵ ژێی بە سەردا تێدەپەڕێ و بە قامک دەژەنرێت. تەمبوور سازێکی تایبەتی ئایینی یارسانە کە زۆرتر لە ناوچەکانی کرماشان لە خۆرهەڵاتی کوردستان باوە، شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان وەک سازێکی پیرۆز لە بۆنە ئایینی و و عیرفانییەکانیاندا کەڵکی لێ وەردەگرن و دوعا و پاڕانەوە و زیکرەکانیان بە ئاواز و تێکەڵ بە موزیکی تەمبوور پێشکەش دەکەن.
لە زمانی کوردی و لە ناو کوردان دا تەمبوور بە چەن ئامێری جیاواز دەبێژرێت.
· لە باکووری کوردستان بە دیوان دەڵین تەمبوور.
· لە باشووری کوردستان لە ناو یارسان دا ئامێرێک هەیە بە ناوی تەمبوور.
· لە ناو کوردەکانی خوراسان دا بە دوو تار دەڵێن تەمبوور.
سەید خەلیل عالی نژاد، کاکە ئەڵا موراد حەمیدی، سەید وەلی حسەینی، خەسرەو نەزەری لە گۆران، چەنگیز فەرمانی، دەرویش ئەمیر حەیاتی وەک ژەنیارانی بەناوبانگی تەمبوور ناویان هاتووە.
لە باسی مەقامەکانی تەمبوور، شێخ ئەمیری، سەحەری، عابدینی، باباکاوسی، سارۆخانی، چەپی، قەتار، شاخوشین، جڵەوشاهی، فەتاح پاشایی، هەڵپەڕکێ، تەرز، مەقامە بەناوبانگەکانی تەمبوورن و ژەنیارە بەناوبانگەکانی ئایینی یارسان دەبێ شارەزایی باشیان لە ناسینی و گوتنی ئەو مەقامانەدا هەبێ.
بەرهەمەکانی سەید خەلیل عالی نژاد کە کەمتر بەر گوێی خەڵک کەوتووە، بە بەشیکی گرنگ لە ئاسەوارەکانی زنجیرەی عیرفانی- هونەری کوردستان لە قەڵەم دەدرێن کە تێیدا دابی کۆن و داهێنانی نوێ بە شێوەیەکی سیحراوی تێکەڵ بوون.

عەلی ئەکبەر مورادی

هەروەها عەلی ئەکبەر مورادی کە بە باوکی تەنبووری جیهان دەناسرێت، لە ڕیزی 50 ژەنیارە گەورەکانی موزیکی جیهاندا ناوی تۆمار کراوە، ئەو بەمجۆرە باس لە ڕۆڵی ئایینی یارسان لە پاراستنی موزیکی کوردی و پێگەی موزیکی کورد لەسەر ئاستی جیهاندا دەکات و دەڵێت: موزیکی کوردی نەک تەنیا لە ناوچەکە، بەڵکو لە ئاستی جیهاندا موزیکێکی دەوڵەمەند و بەرفراوانە. ئێمە نەتەوەیەکی نزیک بە 45 ملیۆن کەسین، ئەگەر ڕێژەی کورد لەبەرچاو بگرین، هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد موزیکی جۆراوجۆری نییە.
لەبارەی موزیک، هەر لە سەرەتاوە موزیک بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ئایینی یارسان. تەنبوور وەک ئامێری یارسان سێ جۆرە مەقامی هەیە، یەک لەوانە پێی دەگوترێ مەقامە باڵاکان کە لە مەقامە کۆنەکانی ئەدواری موزیکی ئێرانە، لەناو ئەو مەقامە باڵایانە مەقامێک هەیە بۆ خۆر بەگشتی سەرجەم گفتوگۆ و حاڵەت و بۆنە عیرفانییەکانی ئەو ئاینە لەسەر بنەمای موزیک بنیات نراوە.
کاتێک شاخۆشین دەمرێت وەسیەت دەکات، دەڵێ ئەو تەنبوورەم ببەن لە هەموو کوردستاندا بیگەڕێنن، لە هەر شوێنێک تەنبوورەکە کۆک بوو من لەوێ بەخاک بسپێرن، ئەو سەردەم سنوورەکانی کوردستان ئەوەی ئێستە نەبووە و خەڵک بە ئاسانی توانیویانە لە ئیلامەوە بەرەو دیاربەکر کۆچ بکەن، کاتێک تەنبوورەکەی شاخۆشین دەگێڕن بە کوردستاندا تەنبوورەکە لە ناوچەی هەورامان کۆک دەبێت و لەوێ دەینێژن. بە گشتی موزیک لە ئایینی یارساندا پیرۆزە و ڕێزی لێ دەگیرێت. تەنبوور لەناو یارسانەکاندا لە هەمووان پیرۆزترە و ماچ دەکرێت و موزیک چووەتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی یارسانەوە.
تەنبوور نزیکەی 80 مەقامی هەیە و لە کۆنەوە لێی بەجێ ماوە، ئەو مەقامانە مەقامە باڵاکان، مەقامە مەجلیسی، مەقامە مەجازییەکان و ئەو مەقامانە کە لایەنی کەم مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر، هەر لە ڕێگەی ئەو خەڵکەوە تا ئێستە پارێزراون، ئەگەر سەیر بکەی لەناو هەندێک ئایندا دەڵێن، موزیک حەرامە و نابێ گوێی لێ بگیرێت، لەناو کورد ئایینی ئەهلی هەق و سونە و شیعە و کۆمەڵێک ئایینی تر هەیە، بەڵام پێم وا نییە لەناو ئەو ئاینانەدا هیچیان هێندەی یارسان ڕێز و حورمەتیان بۆ موزیک دانابێت، ئەوان هەزاران ساڵە موزیکی کوردیان سنگ بە سنگ هێناوە و پاراستوویانە. موزیکی تەنبووریش گەنجینەیەکە. ئێمە لەناو موزیکی کوردیدا چەندین شتی دیرۆکیمان هەیە کە بریتین لە تەنبوور، هۆرە، سیاچەمانە، مور، لاوک و حەیران. لە ڕاستیدا تەنبوور و هۆرە تایبەت بە یارسانە.
ئەو لە سەبارەت بە مەقامەکانی یارسان دەڵێت: تەنبوور سێ جۆر مەقامی هەیە، یەکەمیان مەقاماتی باڵایە کە حاڵەتی زکری هەیە، بەڵام زکری جۆراوجۆر، بۆ نموونە زکرێک هەیە حاڵەتی وێناکردنی هەیە کە کەسایەتییە ئاینییەکان و خۆر و شوێنە ئاینییەکان وێنا دەکات. دووەمیان مەقامە مەجلیسییەکان یان مەقامە کۆنەکانە، ئەو مەقامە بە شێوەی دەنگە و پێی دەڵێین دەنگبێژ نەک گۆرانی ئەو مەقامە دەتوانرێ لە دەرەوەی یارسانیش بەکار ببرێت، وەک قەتار و هیجرانی و پامووری و تەنانەت هەندێک لەو مەقامانە دەکرێ بڵێین مەقاماتی هۆرەیە، وەک ساروخانی. بۆ کۆکردنەوەی ئەو مەقامانە من سەردانی چەندین مامۆستام کرد و دەنگیانم تۆمار کرد و شاگردیم کردن، دواتر هاتم ئەو مەقامانەم لەگەڵ یەک بەراورد کرد، بۆ نموونە ئەگەر 10 لەو مامۆستایانە یەک مەقامیان ژەندبێت، ئەگەر 5 لەوانە گۆشەیەکیان وەک یەک ژەندبێت، ئەوەم کردووە بە بنەما و کۆم کردنەوە و تەواوم کرد، واتا هەوڵم دا لەرووی موزیکەوە ئەو ڕەوتە ڕاست بکەمەوە. ئەو کارەیش زۆری کێشا و دوای نزیک بە 15 ساڵ تەواوم کرد، سەرەتا لە ئێران مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان پێ نەدام، کاتێک لە خانەی کولتوورەکانی جیهان لە فەڕەنسا تۆمارم کرد، پێنج ساڵ دواتر ڕێگەیان دا لە ئێران بڵاوی بکەمەوە و لە ئێرانیش بەناوی موزیکی کوردستان بڵاوم کردەوە. بۆ ئەوە هەندێک لە یارسانەکان گلەییان کرد کە بۆ نەمنووسیوە موزیکی یارسان یان کرماشان، بەڵام پێم گوتن کە لە کرماشان مەگەر نەتەوەیەکی تر جگە لە کورد هەیە؟ ئەگەر هەیە ئەوە کۆچبەرە و کرماشانی نییە.
عەلی ئەکبەر مورادی ساڵی 1993 دەستی کرد بە کۆکردنەوەی مەقامەکانی تەنبوور و هەر 72 مەقامەکەی لە ماڵی کولتوورەکانی جیهان لە وڵاتی فەڕەنسا بە فەرمی تۆمار کرد، سەبارەت بە ناسنامەی مەقامەکانی یارسان کە ئاخۆ ئێرانین یان کوردی، ئەو لەمبارەوە دەڵێت: بێگومان بە ناسنامەی کوردی ئەو مەقامانەم تۆمار کردووە، من پێم وایە بەر لە پێنج سەدە لەمەوبەر، بەشێکی هەرە گەورەی ئێران هی کورد بووە، نەک ئەوەی کە بڵێین کورد ئێرانییە، بەشێکی گەورەی خاکی ئێرانی گەورە نەک ئەوەی ئێستە هەیە، , ئاشکرایە ئەو موزیکە کوردییە، سەرجەم شیعرەکان کوردین، میلۆدییەکانی کوردییە، سازەکەی کوردییە، ئەو کەسەی گۆرانییەکە دەڵێ و ئەوەی موزیکەکە دەژەنێ کوردە. کوردستان بووە

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک