" type="text/css" > Skip to main content

موزیک لای یارسانەکان
ئایینی یارسان

ئامادەکردنی: جەمال نەجاری

ئایینێکی عیرفانییە و پەیرەوانی ئەو ئایینە لە هەر دوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەن، بە تایبەت لە کرماشان و گەرمیان. (کاکەیی دانیشتووی کەرکوک(و لێواری زێی نێوان هەولێر-مووسڵ (سارەلوو) و شەبەک ئەمانە هەموو بە بنەچەکی هۆز و زمان و بیروباوەڕ دەگەنەوە یەکتر. شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی ئەهلی هەق (یارسان) لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە هەندێک گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە. بەڵام ئەوەی کە هەمووان لە سەری پیداگری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی هەورامان و شارەزوور (و لوڕستان (بڵاوبۆتەوە و گەشەی کردووە، جا دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران کە بریتین لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەتیش شارەکانی: قەسری شیرین، سەرپێڵ، کرند، کەنگاوەر، زەهاو، دەوروبەری بێوەنیج، ماهیدەشت، هەلیلان، ناوچەکانی دڵفان، پشتکۆ و خێڵاتی سەگوەندی لورستان، هەوشاری ئازربایجان، گەرووس، شیشەوان، ئێلخچی، ئاقاری ماکۆ، (میاندواو، هەمەدان، تاران، دامێنی کێوەی ئەلبورز، پاتاق، شەهریار، لوڕستان.
ڕوون نییە مێژووی ئەو ئایینە بۆ چ سەردمێک دەگەڕێتەوە بەڵام باوەڕمەندانی ئەو ئایینە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئایینەکەیان یەکەمین و دوایین ئایینە لە جیهاندا، ئایینی یارسان بە درێژایی مێژوو قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە تا سەدەی دووهەمی کۆچی و مێژووی هەندێ لە شوێنە پیرۆزەکانیان بۆ پێش ئیسلام دەگەرێتەوە، بەڵام پێکهاتەی ئێستای ئەو ئایینە لە سەدەی حەوتەمی کۆچی و لە لایەن سوڵتان سەهاک سەر لە نوێ داڕێژرایەوە کە لە بیروباوەڕی پەیرەوانی ئایینی یارسان دا بەرزترین پێگەی هەیە.
لە کتێبی مێێژووی موزیکی کوردیدا بەمجۆرە باس لە وشەی یارسان کراوە: (یارسان) لە دوو وشە پێکهاتووە، وشەی یار و سان. یار بە جیا بە مانای دۆست و ئاشنا، دڵدار، دڵبەر و هاورێ هاتووە و سان-یش لە فەرهەنگی گۆران و پارسی کۆندا، بە مانای شا و سوڵتان دێ کە بە گوێرەی نامەی (سەرەنجام)، مەبەست لە شا و سوڵتانیش، ڕووی ڕاستیی و ئاوێنەی خوایە. کە بە هەر دوو وشەی لێکدراوی یارسان، مانای: دۆستایەتی ڕاستی و دڵدارانی هەق و یارانی خواناس و ڕاستی پەرەست دەگرێتەوە.
بە بۆچوونی هەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی یارسوڵتانە و مەبەست سوڵتان سەهاکە، بە فارسی سلطان اسحاق (1276-1395ز)، کە ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. هەروەها لە جێی یارسان، (یارستان)یش بەکار دەهێندرێ کە بە واتای شوێنی یار یا موریدانی ئەهلی هەق دێت. شاعیر ناودار بابا تاهیری هەمەدانی (937 – 1010ز)، لە ڕیزی ناودارانی ئایینی یارسان دێ کە زۆربەی شیعرەکانی لای یارسانەکان پیرۆزن و هەندێک لە دێڕە دێرە شیعرەکانی ئاخێنراونە تە نێو کتێبی (سەرەنجام) کە بە کتێبی هەرە پیرۆزی پەیرەوانی ئایینی یارسان ناسراوە.

گۆڕی سوڵتان ئیسحاق (سوهاک)لە گوندی شێخان نزیک نەوسوود

دەفتەرەکانی ئەهلی هەق کە ئاماژەن بۆ ناوی پیر و ڕابەرانیان، لە ناویاندا (سوڵتان ئیسحاق) ناوێکە لە زۆریان دیارترە. بنەچەی ئەم پیرە بیرورای جیا جیای لەسەرە، هەندێک پێیان وایە کوڕی(شێخ عیسای بەرزنجە)ی لای شارەزوورە و ساڵی 612 ی کۆچی 1215ز، واتە لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی ئێلخانەکاندا هاتۆتە دنیا. هەندێکی ترش دەڵێن لە سەدەی هەشتەمی هیجریدا ژیاوە. بەڵام بە گوێرەی ڕۆژمێری ساڵی 744ی ئەهلی هەق، کە لە لایەن نەو و ڕابەرانی (ئەهلی هەق)ەوە ساڵی 1372ی هەتاوی (1993ز) دا چاپکراوە، ساڵی لەدایکبوونی سوڵتان ئیسحاق ڕێکەوتی 628ی کۆچی 1229ز دەکات. ئەم ڕابەرەش (سوڵتان ئیسحاق) ناوچەکانی هەورامان و جوانرۆ و گۆران و کێوەکانی داڵاهۆی کردۆتە شوێنی کار و بڵاوکردنەوەی ئایینی ئەهلی هەق.
عەلی ئەکبەر مورادی تەنبوورژەنی بەناوبانگ بەم چەشنە باس لە ئایینی یارسان دەکا: ئایینی یارسان هەرچەند بە ڕواڵەت دەگوترێ مێژوویەکی زۆری نییە و دەیگەڕێننەوە بۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام لە ڕاستیدا مێژووی ئەو ئاینە زیاتر لەوەیە کە باس دەکرێت و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئایینی میترایی و خۆرپەرستی. بە تێپەڕبوونی زەمەن و بەهۆی پێکدادان لەگەڵ ئاینەکانی تر، هەندێک تایبەتمەندی لە ئاینەکانی تر وەرگرتووە، هەندێک کەسایەتیش هەر لە ئەنجامی ئەو بەریەک کەوتنانە هاتوونەتە ناو ئایینی یارسانەوە، بۆ نموونە لەسەر بنەمای گۆڕینی ڕۆح کەسایەتییە ئایینییەکان و پاڵەوانی خوێنمژ. بۆ نموونە لە ئایینی یارساندا دەڵێن عیسای پێغەمبەر پیر بنیامینە یان ڕۆستەمی زاڵ داهووە.
جگە لە ناوی یارسان هەندێ ناوی دیکەش بۆ ئەو ئایینە بەکار دەهێندرێ کە ئەهلی هەق، ئایینی یاری، دینی هەقیقەت، تایفەی سان، کاکەیی لە خۆ دەگرێت.
جگە لە سوڵتان سەهاک ڕێبەر و دامەزرێنەری ئایینی یارسان هەندێ کەسایەتی ناوداری دیکەش هەن کە بریتین لە شائیبراهیم کوڕی محەمەد گەورە سوار. باوەیادگار؛ لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە مەزاری لە بناری چیای داڵاهۆیە لە نزیک گوندی بان زەردەی سەر بە کرند لە ڕۆژئاوای کرماشان.

گۆڕی باوە یادگار لە گوندی (بان زەردە)، نزیک قەڵای یەزدگرد، پارێزگای کرماشان

پیرشالیار؛ کە مەزارەکەی لە هەورامانی تەختە.
خامۆشی و قەلەندەری و میر ئەحمەد ناسراوا بە میر سوری، باوەیسی، مستەفایی و شاخۆشین لە لۆرستان.
زمان و ئەدەبیات لای یارسانەکان
پەیرەوانی ئایینی یارسان بە شێوەزاری گۆران کە زمانی دانیشتووانی چەندین دەڤەرە لە کرماشان، ئەردەڵان، باکووری لوڕستان و هەمەدان. بۆ ماوەیەکی زۆر، زمانی ڕەسمی حوکمڕانانی کوردستان و تەنانەت زمانی شیعر و شاعیران بووە. گێڕانەوەی بەیت و ستایشی یارسان بە ئاوازەوە وشەی (گۆرانی)ی بە واتای ستران لە زمانی کوردیدا پەیداکردووە
نموونەی بەیتی یارسان (شیعری شاخوشین) لوڕستانی :
یارسان وەڕا
ڕای هەق ڕاسییەن بڕانان وەرا
پاکی و ڕاستی و نیستی وەڕا
قەدەم وەقەدەم تاوە مەنزڵگا
لە ئایینی یاری دا بە دەیان وتەی ڕێبەر و پیرەکانیان لە کتێبە پیرۆزەکانی ئەو ئایینەدا بەرچاو دەکەوێ کە هانی خەڵک دەدەن ئەو ئەرکە بە ئاوازەوە هاوڕێ لە گەڵ تەموورەدا بخوێنن. ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی دەروێش زوڵفەقاری گۆران ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕاستییە:
خاوەندکارم تەنبوورش ئاوەرد
پەری یارانش هەر سەوگەندش وەرد
واتش هەر کەسێ تەنبوور نەژەنۆ
مەبۆ جە دینش دڵش بکەنۆ
دەسا ئەی یاران، ئەر شاد، زگارن
تەنبوور بژەنن ئەگەر وەکارن
واتە: خاوەنکار تەموورەکەی هێنا و سوێندی بۆ یارانی خوارد کە هەر کەسێ تەنبوور نەژەنێ دەبێ دەست لەو دینە هەڵبگرێ، بۆیە یاران! ئەگەر شادن و ئەگەر خەمبارن، تا توانا و هونەرتان تێ دایە تەموورە بژەنن.
ئاکار و هەڵسوکەوتی پەیڕەوانی ئەهلی هەق بەگوێرەی بەرنامەکە، کە لە سروود گەلی ئایینیەکەیاندا (سروودی یارسان)دا دیاریکراوە، ئەهلی هەق بەم بەرنامە نوسراوە دەڵێن دەفتەر یان کەلام. کە بەناوبانگترینیان (سەرئەنجام)ە، یان کەڵامی سەرئەنجام یان کەڵامی خەزانە. (سەرئەنجام)یش شەش بەشە.کە ناویان بەم جۆرەیە، (دەورەی حەوتانە، بارگە بارگە، گڵێم و گوڵ، دەورەی چل تەن، دەورەی عابدین، وردە سەرئەنجام).
جگە لەم چەند دەفتەرە چەند دەفتەرێکی تریشیان هەیە کە لە سەدەکانی چوارەم تا حەوتەمی هیجری نوسراونەتەوە، وەک: دەورەی بەهلول، دەورەی بابا سەرهەنگ، دەورەی شا خۆشین، دەورەی بابا ناوس.
هەروەها دەفتەری تریشیان بەو ناوانە هەیە:دەفتەری پردیوەر، دەفتەری ساوا، دەورەی دامیار، دەورەی بابا جەلیل، دەورەی دێوانە گەورە، دەورەی حەیدەری، کەڵامی ئەڵماس خان، کەڵامی تەیموور، کەڵامی ئێڵ بەگی جاف، کەڵامی نەورۆز. شیعرگەلی ئەم دەفتەرانە کە بەهەموویان سەرئەنجام، یان سروودی یارسانییان پێدەڵێن، سەرلەبەریان بە کێشی دە برگەیین کە تێکڕای شیعر و داستان و مەنزومەی شێوەی گۆران بە گشتی و شیعری شاعیرانی ناسراوی ئەم شێوە زمانەش، هەموویان لە درێژەی ئەم هەزار ساڵەی ڕابردوودا، هەر بەم کێشە بووە.
(ماشەڵا سوری) کە خۆی (ئەهلی هەق)ە و نامیلکەیەکی لە بارەی سەرئەنجام (سروودی یارسان)و ئەم دەفتەرانەوە نوسیووە. سەبارەت بە سەرئەنجام دەڵێ: یارسان زنجیرەیەک سروودی ئاینییە، کە بە کەڵام ناسراوە. (کەڵام)یش، شیعرگەلێکن کێشی تایبەتی خۆیان هەیە. ئەم سروودانە لە جەمخانەدا بە تەموور و لەسەر ئاوازی تایبەتی دەوترێن.
لەسەردەمی سوڵتان ئیسحاقدا، ئایینی ئەهلی حەق ئاسۆیەکی بەرینتر و باڵاتری بەخۆیەوە گرت و هەر ئەمیش بنچینەکان و بەرنامە و یاسای ئەهلی حەقی بە شێوەی شعری 10 بڕگەیی دەربڕی کە ناوینا (سەرئەنجام)و یەکێکیش لە بنچینەکانی سەرئەنجام، پەسەند کردن و هەڵبژاردنی (تەموور)بوو. لە نێوان سەرجەمی ئامێرگەلی موزیکییدا وەک تاقانە ئامێرێکی موزیکی ئایینی پەیرەوانی ئەهلی حەق دادەنرێ و هەمیشەش دوای ئامادەبوونێکی ڕۆح و پاکژکردنەوەی ڕۆح دەستی بۆ دەبرێت.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک