" type="text/css" > Skip to main content

 نووسینی: سوهەیب فاروق

پەیوەندیی نێوان شیعر و کارەسات، گەڕانە بەدوای زمانێکدا کە لەوبەری بێدەنگییەوە لەدایک دەبێت. کاتێک کارەسات دەقەومێت، سیستمی ئاسایی گوتار دەڕووخێت و دالە باوەکان توانای هەڵگرتنی قورسایی مەدلوولە ئازاراوییەکان لەدەست دەدەن. شیعر وەک بەرگرییەکی وجوودی دەردەکەوێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وێرانی، چونکە دەتوانێت لە ڕێگەی نیشانەناسیی وێنەی ئیستاتیکییەوە، مانا بۆ کایە بێماناکان بگێڕێتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە شیعری ‘لاوکی هەڵەبجە’ لە وێستگەیەکی جیاوازی مێژوویی و ئیستاتیکیدا دەوەستێت، چونکە نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و فۆڕمە ڕاگەیاندنییەکانی کارەساتەوە. ئەم دەقە لە جیاتیی گریانێکی سۆزداریی کاتی، هەوڵ دەدات جەوهەری ئازار بکاتە زمانێکی هەمیشەیی کە لە هەموو سەردەمێکدا مانا بەرهەم بهێنێتەوە. جیاوازیی لاوکی هەڵەبجە لەگەڵ زۆرێک لە دەقە هاوسەردەم و هاوتێماکانی تریدا، کە بۆ کارەساتی هەڵەبجە گوتراون، لەوەدایە کە ڕەفیق سابیر نەیویستووە مێژوویەکی ڕووت بنووسێتەوە، بگرە ویستوویەتی ڕووداوەکە لە دیاردەیەکی کاتییەوە بگۆڕێت بۆ تاقیکردنەوەیەکی وجوودی و گەردوونی کە شکۆی مرۆڤبوون لەناو وێرانییەکاندا بپارێزێت.

بە تەنیا جێی مەهێڵن،

ئەمشەو زریان دەیچێنێت!

تەم و مژ دایدەپۆشێت،

مانگەشەو دەیڕفێنێت

گواستنەوەی کارەساتەکە لە ڕووداوێکی مێژوویی جێگیرەوە بۆ فەزای دەقی کراوە، گەورەترین دەستکەوتی ئیستاتیکیی ڕەفیق سابیرە، کە تێیدا مەرگ لە چوارچێوەی ئامار و هەواڵ دەردەهێنێت و دەیکاتە کایەیەکی سیمانتیكی بۆ بەرهەمهێنانی مانای بەردەوام. شیعرەکە نەک هەر باس لە مەرگی مرۆڤەکان دەکات، بگرە دەبێتە کایەیەک بۆ بەرهەمهێنانی مانای نوێ لە هەموو سەردەمێکدا. شاعیر نیشانە نەتەوەیی و لۆکاڵییەکان دەگۆڕێت بۆ هێماگەلێکی گەردوونی ‘ئەو تەمومژەی دایدەپۆشێت، ئەو مانگەشەوەی دەیڕفێنێت’، بەمەش خوێنەر لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، دەبێتە هاوبەشی بەرهەمهێنانی مانا لەناو دەقەکەدا. کارەساتەکە لێرەدا بۆ قوربانییەکانی ڕابردوو کورت نابێتەوە، بگرە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی بنەڕەتی بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی لە هەموو سەردەمێکدا، چونکە نیشانەناسیی دەقەکە ڕێگە بە خوێنەر دەدات، لە ڕێگەی مێتافۆری سروشتەوە برینەکە وەک بەشێک لە ئازاری گشتیی زەوی بخوێنێتەوە.

دەقەکە بە ڕەهەندێکی لیریکیی ‘ناسکخەیاڵانە’ی باڵا داڕێژراوە، کە لە پێکهاتەیدا ئازار و سۆز بە شێوەیەکی ناوەکی ئاوێتەی یەکتر بوون. شاعیر پەنا بۆ وشەی ڕەق و هاواری وشک نابات، هێندەی سەرقاڵی ئەوەیە لە ڕێگەی مۆسیقایەکی هێمن و وێنەی ناسکەوە، خوێنەر دەباتە ناو جیهانێکی پڕ لە خەیاڵ. ئەم لیریکایەتییە وا دەکات کارەساتەکە نەبێتە هۆی دڵڕەقی، بگرە دەبێتە هۆی بەزەیی و تێڕامانێکی قووڵ لە ژیان. کە خەیاڵ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە گۆڕینی برینەکان بۆ سروودێکی ڕۆحی، کە مرۆڤ بە ئازارەکانی خۆی ئاشنا دەکاتەوە. زمانە لیریکییە دەبێتە مایەی ئەوەی دەقەکە لەناو دڵ و مێشکدا بمێنێتەوە و دەرباز ببێت لەوەی، ببێتە کاردانەوەیەکی کاتی بۆ ڕووداوێکی تێپەڕ.

لە کاتی داڕووخان و هەڵوەشانەوەی سیستمی ئاسایی ژیاندا، زمانی مێژوو و سیاسەت تووشی ئیفلیجی دەبن و لە گەیاندنی جەوهەری کارەساتەکەدا پەکیان دەکەوێت، لەم ئانوساتەدا شیعر وەک ئەرشیفێکی ڕۆحی دێتە ئاراوە تا بێدەنگیی قوربانییەکان بکاتە گوتار. ڕەفیق سابیر لەبری گێڕانەوەی ڕووداوەکە، پەنا بۆ فینۆمینۆلۆژیای بێدەنگی دەبات ‘بە گۆرانی دایپۆشن، یان بە سەوزی دارستان’ تاوەکو برینەکە لە فەوتان بپارێزێت و شکۆ بۆ مرۆڤە پەراوێزخراوەکان بگێڕێتەوە. زمانەکە لە نووسینەوەی مێژوویەکی ڕووت لا دەدات و هەوڵ دەدات ئەوەی لە دەستی مێژوو دەچێت، کە هەست و شکۆی وجوودی قوربانییەکەیە لەناو مێتافۆرەکانیدا جێگیر بکات؛ بەمەش دەقەکە دەبێتە پەناگەیەکی بێهاوتا بۆ پاراستنی حەقیقەتی کارەساتەکە لە سڕینەوە و فەرامۆشی.

شیعر توانای گوتن و نیشاندانی کارەساتی هەیە، کەچی ئەم گوتنە لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕووتەوە ناوترێت، شیعر لە جیاتیی گواستنەوەی ڕووداوەکە، هەوڵ دەدات جەوهەری ئازار و ڕەهەندە فینۆمینۆلۆژییەکانی مەرگ بەرجەستە بکات.

گەرووی بە گزنگ تەڕ کەن،

زامەکانی بە شیلان،

بە گۆرانی دایپۆشن،

یان بە سەوزی دارستان

لەم شیعرەدا ڕەفیق سابیر لە ڕێگەی لادانی زمانییەوە، ئەرکی فیزیکیی توخمەکان دەگۆڕێت؛ ‘تەڕکردنی گەروو بە گزنگ’ مێتافۆرێکی داهێنەرانەیە کە تێیدا ڕووناکی دەبێتە ماددەیەکی شل و ژیانبەخش، ئەمەش گۆڕینی ئازارە بۆ ئیستاتیکایەکی باڵا. تێهەڵکێشکردنی کارەسات لەگەڵ توخمە ئیستاتیکییەکاندا، واقیع بۆ زمان دەگۆڕێت و سەقامگیرییەکی دەروونی دابین دەکات. خواست بۆ تەڕکردنی گەروویەک کە لەبەر ئازار وشک بووە، نیشانەیە بۆ تێپەڕاندنی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ بەرەو لووتکەی داهێنان، کە تێیدا ئازار دەبێتە بەشێک لە جوانیی گەردوونی، بۆیە زمانەکەش دەبێتە پەناگەی پاراستنی شکۆی ئەو مرۆڤانەی، کە لەناو هەناوی کارەساتەکەدا هەموو شتێکیان لێ زەوت کراوە.

ستراتیژیی ئیستاتیکای پارادۆکس لە دەقەکەدا لەو شوێنەدا بەرجەستە دەبێت، کە شاعیر مەرگی تراجیدی و زەماوەندی ئیستاتیکی لێک گرێ دەدات ‘زەماوەندی خوێن دەگرێت، ئەمشەو پاشای ئەوینە’. گرێدانەکە نەک هەر فێڵێکی هونەرییە بۆ تێپەڕاندنی بێئومێدی، بگرە هەوڵێکە بۆ ‘ئیستاتیککردنی مەرگ’ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی قوربانییەکان بۆ ئاستی قارەمانی ئەفسانەیی. شاعیر لەبری نیشاندانی قوربانییەکە وەک بێدەسەڵاتێک، لە وێنەی شۆڕەسوارێکدا وێنای دەکات، کە لە جەرگەی مەرگدا خەریکی ‘زینکردنی ئەسپی هەتاو’ە. ئەو دژایەتییە فیکرییەی لەنێوان کارەسات و ئەوین-دا هەیە، دەقەکە لە ئاستی گریانێکی کاتییەوە دەرباز دەکات و دەبێتە سروودێکی هەمیشەیی بۆ پاراستنی جوانی و ژیان لە هەناوی وێرانییەکی ڕەهادا.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم شیعرە، غیابی دروشمی سیاسی و هوتافسازی و کڕووزانەوەیە، کە زۆرجار شیعر بەرەو ئاستێکی نزم و کاتی دەبەن. ڕەفیق سابیر لەبری ئەوەی پەنا بۆ هێرشی زمانی و جنێودان بە بکوژ ببات، تیشک دەخاتە سەر شکۆ و بێتاوانیی قوربانییەکە، ئەم شێوازەش دەبێتە مایەی ئەوەی، شیعرەکە لە فەزایەکی سیاسیی تەسکەوە بچێتە ناو فەزایەکی ئەخلاقیی باڵا، کە تێیدا مرۆڤایەتی دادوەری دەکات. هوتافسازی، گوتاری شیعری دادەماڵێت لە قووڵایی، بەڵام ئەم دەقە بە هێمنی و بە زمانێکی هێماگەرایانە دەدوێت، ئەمەش هێزێکی بەردەوام بە مانا دەبەخشێت. شاعیر توانیویەتی کارەسات لە چوارچێوەی هەواڵ و هوتاف دەرباز بکات و بیکاتە هونەرێکی باڵا، کە پێویستی بە قیژە و هاواری دەرەکی نییە.

لە ڕەهەندە ئەخلاقییەکاندا، شیعر بەرپرسیارێتییەکی گەورە هەڵدەگرێت، کە بریتییە لە بەرجەستەکردنی ئامادەیی قوربانییەکان لەناو دەقدا. داڕشتنی شیعری دەبێت بە شێوەیەک بێت کە وێنەکان نەبنە کەرەستەیەک بۆ ڕازاندنەوەی برینەکان، بەڵام دەبێت قووڵایی درزەکان نیشان بدەن.

منداڵێکی لاسارە،

شار بەردە باران دەکات،

مانگ دەکات بە کۆلارە

دژایەتیی فیکریی نێوان ‘بەردەباران’ و ‘کۆلارە’، ستراتیژییەکی پارادۆکسییە بۆ پەکخستنی لۆژیکی کوشتار و دووبارە داهێنانەوەی مانا. وێناکردنی منداڵێک، کە لەگەڵ کارەساتدا یاری دەکات، مانا بە بێتاوانی دەبەخشێتەوە لەناو جەنگێکی نایەکساندا. ئەم شیعرە هەرچەندە لەسەر تێمایەکی نەتەوەیی و ناوخۆیی نووسراوە، بەڵام ئاستێکی گەردوونیی هەیە و هەر مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی جیهان بیخوێنێتەوە، هەست بە ئازارەکە دەکات. بەکارهێنانی توخمە گەردوونییەکانی وەک ‘مانگەشەو، ئەسپی هەتاو، برووسکە و با’ وا دەکات کارەساتی هەڵەبجە وەک بەشێک لە ئازاری گشتیی زەوی نیشان بدرێت. گەردوونیبوون وا دەکات شیعرەکە بۆ ساتێکی دیاریکراو نەمێنێتەوە، بگرە ببێتە گەواهییەک لەسەر مەزڵوومێتیی مرۆڤ لە هەموو سەردەمەکاندا.

داهێنانی شیعری لە سەروەختی کارەساتدا نابێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی قەبارەی کارەساتەکە، بەڵام دەبێت ڕەهەندە شاراوەکانی فۆڕمی مرۆڤبوون بدۆزێتەوە. هەر وێنەیەکی شیعری کە لەسەر وێرانەیەک دروست دەبێت، یاخیبوونە دژی فەنابوون.

سوارە، چ شۆڕەسوارێک!

ئەسپی هەتاو زین دەکات؛

بە گۆرانی و تیشک و ماچ،

سەر زەمین بەرین دەکات

هەڵەبجە لای ڕەفیق سابیر لە وێنەی ‘شۆڕەسوار’ێکدا بەرجەستە دەبێت، کە ‘ئەسپی هەتاو زین دەکات’؛ شاعیر لە ئاستێکی سیمانتیکیی بەرزدا خەریکی گوتنە شیعرییەکانیەتی، بە جۆرێک کە خۆر ‘هەتاو’ لە دیاردەیەکی سروشتییەوە دەگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی جووڵێنەر، ئەم لادانە مێتافۆرییە هێزی ژیان بەسەر مەرگدا دەسەپێنێت. بێدەنگیی دوای کارەسات دەشێت وەک لووتکەی ئاخاوتن سەیر بکەین، وشەکان زەروورەتێکی فیکرین بۆ ئەوەی مانا لەناو نەچێت.

زمان لە ‘لاوکی هەڵەبجە’دا لە لووتکەی داهێنان و لادانی مێتافۆریدایە و پەنا بۆ زمانە باوەکەی ناو ئاخاوتن نابات. بەکارهێنانی گوزارەگەلی وەک ‘گەرووی بە گزنگ تەڕ کەن’ و ‘مانگ دەکات بە کۆلارە’، دەرخەری ئەوەیە کە شاعیر دەیەوێت لە ڕێگەی داهێنانی زمانییەوە، واقیعێکی نوێ دروست بکات. زمانی باڵای دەقەکە وا لە وێنەکان دەکات هێزێکی جادووییان هەبێت و خوێنەر لە ئاستی وشەکانەوە بەرەو ئاستی مانا قووڵەکان ببات. زمان لێرەدا دەرباز بووە لەوەی تەنیا ئامرازی گەیاندن بێت، بگرە خۆی جەوهەری ڕووداوەکەیە و بە شێوەیەک داڕێژراوە، کە هیچ وشەیەکی زیادە نییە. ئەم وردکارییە لە هەڵبژاردنی وشە و دروستکردنی وێنەدا، بووەتە مایەی ئەوەی، شیعرەکە وەک تابلۆیەکی ئیستاتیکی بمێنێتەوە و هەمیشە تیشک بداتەوە.

لە غیابی گوتاری شیعریدا، کارەسات دەبێتە ڕووداوێکی بێدەنگ و بێمانا، کە لەناو ئامارە وشکەکاندا دەمێنێتەوە. بێ شیعر، مرۆڤایەتی ئەو کەرەستە ڕۆحییەی لەدەست دەدات، کە دەتوانێت قەبارەی ڕاستەقینەی ئازار بگەیەنێت، چونکە زمانی مێژوو و سیاسەت باس لە ڕووداوەکە دەکەن، نەک واتای ئازار. لەم دۆخەدا، کارەسات وەک دیاردەیەکی فیزیکی دەبینرێت و جەوهەرە مرۆیییەکەی لێ زەوت کراوە، ئەمەش وا دەکات بیرەوەرییەکان بە خێرایی تووشی فەرامۆشی ببن.

مرۆڤی کارەساتبار لە غیابی شیعردا، دەبێتە بوونەوەرێکی نامۆ،کە هیچ زمانێکی نییە بۆ گوتن  لە وێرانییەکانی ناوەوەی. سروشتی کارەساتبار بێ ئامادەیی شیعر، دەبێتە جیهانێکی خامۆش کە بێمانایە و ناتوانێت هیچ پەیامێکی ئەخلاقی بۆ ئەوانی تر بنێرێت. شیعر ئەو هەناسەیە بە مرۆڤ و ژینگەی وێرانبوو دەبەخشێتەوە، کە وایان لێ دەکات لەناو بێئومێدیدا مانا بۆ مێژوو دروست بکەنەوە و ڕێگە نەدەن مەرگ وشەی کۆتایی بێت.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.