" type="text/css" > Skip to main content

بۆچی گۆرانی دەڵێین؟ – بەشی دووەم
شیکردنەوەیەکی فیکری تیۆری
نووسینی: نەجات حەمید ئەحمەد

دەتگەیێنینەحاڵەتی شڵەژانێکی ناخەکی.بۆچی؟
مرۆڤ لە دەربڕین لە خۆ کردنی جیاوازدا هەمیشە پێویستیی بە هاوبەشی کاران هەیە لە ڕووی تێگەیشتن وبیرکردنەوەو کاریگەر بوون وهاوسۆزی وهاونهێنی بوونەوە.مرۆڤ هەمیشە پێویستیی بەو حەسانەوە زەینیە هەیە کە دەشێ‌ لە تەنیاییدا بکەوێتە ژێر گومانەکانی خۆیەوە.بەوەی تەنیا بوون هەرچەندە بە چێژو سارێژ کەر بێت بەڵام لە ناخەوە ناگاتە ئەو باوەڕەی هەستێکی تەواو بەو چێژو حەزانەی خۆی بکات کە لە سنووری خودی خۆیدان.هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مرۆڤێک کە بە تەواوی بەدوای خولیاو هەستەکانی خۆیدال وێڵ بێت هێدی هێدی گۆشە گیریەکەی قووڵتر دەبێتەوە تاکو ئاستی دابڕانێکی یەکجارەکی لە گەڵ ئەوانی دیدا.چونکە ئەودەکەوێتە دنیایەکەوە کە دنیایەکی زۆر جیاوازە لەو دنیایەی تیایدا لە گەڵ ئەوانی دیدا دەیباتە سەر.ئەم گۆشەگیریە ڕیتمی سیستەمێکی سۆفیگەراییانەی بیرکردنەوەیە کە ناتوانرێ‌ وەکو ڕێسایەک یا تەریقەتێک پێی بگەی .سۆفیگەرەکان کاتیک دەکەونە گۆشەگیریەوە گرانیەکی زۆر لە دووبارە تێکەڵ بوونەوەو تێهەڵچوونەوەی خۆیان دەبینن لە گەڵ ئەوانی دیدا.ئەو گرفتە لە سەر ڕاستی ودروستیی جیاوازی ئەوان وتێڕوانینی ئەوان نیە لە نێو سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی باودا .بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەو مانایانەی کە مرۆڤێک لە خودی خۆیدا هەڵیان دەگرێت چیتر سەداو کاریگەریەکەیان ناگەنە ئەوانی دی.چونکە ئەوانی دی لە مانای جیاوازتردا دەژین .ئەم حاڵەتە لەلای ئەو گۆرانی بێژانەی کە دەیانەوێ‌ شتێکی زیاتر لە دەنگ وچەپڵەو گوتنەوە بە بیسەر ببەخشن دەبێتە گرفتێکی گەورە.زۆرینەی ئەو ڕێسا باوانەی کە گۆرانی بیێژان کاری لە سەر دەکەن تێر کردنی ئەو مانایانەیە کە بیسەرێکی ئاسایی لە گۆرانی بێژێک دەیەوێ‌ کە زۆرینەی حاڵەتەکان بە جۆش هاتنێکی ناڕووحی وناداهێنەرانەی گوتن وبیستنە.ئەو کەلەبەرە زەقەی کە دەکەوێتە نێو مانای گۆرانی وگوتنی گۆرانی وبیستنی گۆرانی.لێرەدا گۆشەگیریی یا هاومانای گۆشەگیریی سۆفیگەر لە گەڵ گۆشەگیریی گۆرانی بێژ وێنەی هاوبەشیان لە نێواندایەو وشێوەی مانای هاوبەشیان هەیە.گۆشەگیریی گۆرانی بێژ سپاردنی ئەو دەنگانەیە بە ئاوازوە مۆسیقا کە بەشێکن لە ساتە خەمباروجۆش سەندن ومەست بوونێکی ڕووحی وگواستنەوەیەکی کامڵی بیرکردنەوە لە شوێنێکی خودیەوە وەکو دەروون وبیرکردنەوە بۆ شوێنێکی دیکە ,هەموو ئەمانە لە دەنگدا شوێنەواریان جێ‌ دێڵن ووا دەکەن
دەنگەکان دەربڕین لەو حاڵەتەی گواستنەوە بکەن.نەک دەربڕین لە حاڵەتی لاسایی کردنەوەیەک.یا گوتنەوەیەک بکەن.هەربۆیە لێرەوەیە ئەو دەنگانەی شوێنی ئەو کاردانەوەو کاریگەربوونانەی هاوسۆزیە زەینی وهەستیاربوونە کانی گۆرانی بێژ دەکەنەوە .دەنگێکن لە ڕوحی بیسەری داهێنەرەوە نزیک دەبنەوە.هەروەها لە لای بیسەرێکی ئاساییشدا لە ئاستێکی دیکەی کاریگەربووندا کە تەنها لە خولگەی پرسیارو سەرسامیدا ئەو کاریگەریانە لە لایاندا دەمێننەوە.
مەبەست لەو گواستنەوە زەینیانە تێکەڵ بوونی دەنگە لە گەڵ ئەو هەستە خودیانەی مرۆڤ کە لە ژیانی ئاساییدا دەرکیان پێ‌ ناکات.کاتێک گۆرانی بێژ لە درێژ کردنەوەی هەندێک لە دەنگەکاندا ڕۆدەچێ‌ .ئەو نازانێ‌ دەنگەکەی بانگەوازێکی نهێنیی ناخی خۆی بەرز دەکاتەوە.ئەو نازانێ‌ دەگەکانی ئەو بەشێکن لەو دەنگانەی سروشت وبوون کە نووزەیەکی ناخەکی.سەدایەکی ڕووحی بەرەو ئەوانی دی دەنێرێ.چونکە ئاواز خۆی لە خۆیدا کاتێک دەنگ دەگرێتە خۆی ئەوا ووشەکان بە مۆرکێکی دیکەی جیاوازلە مانا نیشان دەدا.,بەوەی ئەو دەنگەی ئاوازێک دەگرێتە خۆی وووشە گەلێک دەردەکاتە دەرەوە.بە کردارێکی سەرەوەیی ماناو تێگەیشتن هەڵدەستێ‌ وهەموو دەنگێکی هەستیار لە گوتن.خەمبار لە گوتن.کامەران لە گوتن.کاتێک دەبێتە ئاوێنەی مەیلە نەزانراوەکانی مرۆڤ وخولیاو بیرکردنەوەکانی بەوەی چۆنی دەڵێت ئاوا دەچێتە ڕووبەرێکی شاراوەی ناخەوە,دەبێتە بارستەیەک لە بانگەوازی نهێنی کە بەرەو ڕووی نەزوانراوێکی دەکاتەوە بۆچی؟؟
لە ژیانی مرۆڤی بیرکەرەوەو کێشەداردا .مرۆڤێک کە کۆمەڵێک پرسیارو لێکدانەوەی شاراوە لە ناخیدا پەنگ دەخواتەوەو دەروونی دەشێوێنێ‌ ,مرۆڤێک کە بە دوای نهێنیە شاراوەکانی بووندا وێڵە,یا گرفتارەو شوێنی بیرکردنەوەیە لە لای .ئەو مرۆڤە دەتوانێ‌ لە گۆرانیدا .لە شێوەی گوتنەوەی ئاوازەکاندا بەشێک لەو کاریگەریە دەروونیەی خۆی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەرکاتە دەرەوە.زۆر کەس هەن بە بێ‌ ئەوەی لە مانای ووشەکانی گۆرانیەک بگەن.زۆر بە ئاوازو چۆنێتی گوتنی گۆرانیەک کاریگەر دەبن یا دەکەونە جۆشەوە بۆچی؟؟
هەموو مرۆڤێک لە بیرکردنەوەی خۆیدا بەهاو تێڕوانین وبۆچوونێکی دیاری کراوی هەیە بۆ بوون,کۆمەڵگە سیاسەت.مێژوو.مرۆڤ.خودا ..هتد کاتێک مرۆڤ گوێ‌ لە گۆرانیەک دەگرێ‌ ,ئەو وەکو لاپەڕەیەکی سپی وەری ناگرێ‌ ,بەڵکو وەکو مرۆڤێک کە لە ناخیدا سنوورێکی بیرکردنەوە هەیە کە دواجار هەر بە پێی ئەو هەڵبژاردنانە چێژوگونجاندنی دەنگ ومانای دەرەوە لە گەڵ هی خۆیدا بەرامبەر یەک دەکاتەوە.
کاتێک مرۆڤی گوێگر لە گۆرانیدا گوێ‌ لە گۆرانیەک دەگرێ‌,ئەو بەو بوونە ژیاری وفیکریەی خۆیەوە گوێ‌ لەو گۆرانیە دەگرێ‌.ئەوە هەر ئەو بیرکردنەوە خاسیەت دارو سنووردارەی خۆیەتی کە دەبێتە ئاراستە کارێکی حەزو خولیاکانی ئەو .لەمەشدا جۆرێک بەرامبەر یەک بوون هەیە جۆرێک لە گونجاندن.هەڵبژاردنی گۆرانیەکانی گۆرانی بێژێک لە لایەن کەسێکەوە بە دیاریت کراوی بە جیا لە کۆمەڵێک گۆرانی بێژی دیکە بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە,هەربۆیە بۆ نموونە زۆرینەیەک حەز لە گۆرانیەکانی حەسەن زیرەک دەکەن.ئەم حەزە بە تەواوەتی گونجانی ئەو ووشەو ئاوازو جۆرە دەنگەیە کە زۆرینەیەک لە گوێ‌ گرانی ئاسایی دەتوانن هاوبەشیی ئەو دەنگە بکەن لە ناخی خۆیاندا,بەوەی گونجاندنی ماناو سەداو ئاواز لە لایاندا دێتە کایەوە.نەوەیەکی نوێ‌ زۆر بە زێدەڕۆییەوە گوێ‌ لەو گۆرانیانە ناگرن وزۆر جار ئەم گوێ‌ نەگرتنە پاساوی ڕۆژانەی خۆی دەدرێتە پاڵ.نەوەی نوێ‌ ناتوانێ‌ چێژ لەو گۆرانیانە وەر بگرێ‌ .چونکە ووشەو دەنگ وئاوازەکان ومۆسیقاکانی ئەو کەرەستانە نین کە پێک گەیشتنەوەیەک لە نێوان بیرو چێژی ئەوو تێگەیشتنی ئەو بێننە کایەوە لە گەڵ ئەو گۆرانیانەدا.بە پێچەوانەوەش نەوەی پێشوو ناتوانێ‌ بۆ نموونە چێژ لە گۆرانیی ڕۆکن ڕۆل وپۆپ وەرگرێ‌ .ئەم دابەش بوونە لە هەموو دنیادا هەیە .ئەمڕۆکە بۆ نموونە لە ئەمریکا گۆرانیی کاوبۆی ئەو سیحرو چێژەی نەماوە وەکو سەوردەمەکانی پێشوو.گۆرانیەکانی ناسراو بە ((شارقلار)) ی تورکی نەوەکانی پێشوو زۆر چێژیان لێ‌ دەبینن.ئەم دابەش بوونە لە چێژو هەڵبژاردنە بۆ گۆرانکاریەکانی ژیانی تاک وبیرکردنەوەی دەگەڕێتەوە.چونکە گۆرانی جگە لەم یەک گرتنەوەیە لە چیژ,هەڵبژاردن هەروەها نهێنیی گەورەتری هەیە لە بیستندا کە ڕوون کردنەوەی زیاتری پێ‌ دەبەخشین کە گرنگترینیان گۆرنی وئیحا بەخشینە.
ئیحا بەخشین هاوشێوەی ئەو حاڵەتە دەروونی وزەینیەیە کە یادەوەریەکانی مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە .یادەوەریە نهێنی وشاراوەکانی بوونی تایبەتی خۆی.کەسایەتیەکی نێو ڕۆمانی گەڕان بە دوای زەمەنی لە دەست چووی مارسیل بروست.کاتێک کێکێک ((گاتۆ)) بۆن دەکاو دەبینێ‌.ئەو زەمەنێکی دیکە لە یادەوەیەکانی خۆی زیندوو دەکاتەوە.گۆرانی هەروەک بۆن وتێگەیشتن ودەرک پێکردنێکی شاراوەو نهێنی بۆی هەیە جۆرێک لە ئیحای بە هێز لەلای مرۆڤدا زیندوو بکاتەوە.مرۆڤێک کە عاشقە بە گۆرانی گوتن چاوەکانی تەڕ دەبن.دەروونی دەشڵەژێ‌ .ئەم کاریگەر بوونە هێنانە زەینەوەی وێنەی خۆشەویستیە.وێنەی ئەو خۆشەویستەی کە ئەو لەو ساتەدا لێی دوورە.ساتەکانی پێکەوە بوون.ساتەکانی لێکتر دابڕان ئاستەنگەکانی ئەو خۆشەویستیە.ئەمەهەروەک وێنەی ئەو ئافرەتانەیە کە کەسانی خۆشەویستیان ونزیکیان لە دەست چووە ,کاتێک دەچنە ماتەمینیەکەوە ئەوان دڵیان ئەوەندە ناسک دەبێتەوە یەکسەر دەست بە گریان دەکەن.هەرچەندە ئەوەی مردووە لەویش دوورە.ئەم ئیحایانە .ئاماژەی نهێنیی مرۆڤن.کە لە ژیانی ئاسایی خۆیدا دەگمەن بەرهەمیان دێنی .
کەواتە هێڵێکی هاوبەش هەیە لە نێوان گۆرانی وهەستەکانی مرۆڤدا.ئەم هەستە لە سەرەوەی هۆشی مرۆڤ ودەرک پێکردنە ڕۆژانەییەکانیەوەیەتی,هەروەها لە سەرەوەی پەیوەستە کۆمەڵایەتیەکانیەوەیەتی.بەڵکو ئەو هێڵە نهێنیەکە لە نهێنیەکانی بوونی مرۆڤ کە لە ناخیدا هەڵیان دەگرێ‌ وبەشێک نین لەو مانایانەی لە ژیان وتێکەڵ بوونیدا بە کاریان دێنێ‌, گۆرانی بێژ کاتێک دەگاتە تێکەڵیەکی ڕووحی لە گەڵ ووشەوو مۆسیقادا ئەو دەنگەکانی خۆی بەرەو ئەوو هەڵچوون ودواندنە ناخەکیە دەبات کە لە ژیاندا ئامادە نیەو شاراوەیە,ئەو دەیەوێ‌ ناخی مرۆڤ ونهێنیەکانی بروژێنێ‌.گفتوگۆیەک لە گەڵ ناوەوەی خۆی وناوەوەی هەمان ئەوو کەسانەدا دادەمەزرێنێ‌ کە هاوبەشن لە هاوسۆزداری بوون لە نێو کۆمەڵێک لە مانای دیاری کراودا.لە گەڵ کۆمەڵێک لە کاریگەریی ناخەکیدا.زۆرن ئەوانەی بەرگەی بیستنی گۆرانیەک ناگرن لە ساتێک لە ساتەکاندا کە فرمێسک بە چاویاندا نەیەتە خوارێ‌.زۆرن ئەوانەی دەروونیان دەپەشۆکێ‌ وبیرو زمانیان دەشڵەژێ‌ کاتێک گوێ‌ لە هەندێک گۆرانیی دیاری کراو دەگرن.ئەوان پراکتیکی ساتێکی ئیحایی گواستنەوە دەکەن.کە تیایدا هۆکارێکی ناهۆشداری کە گۆرانیە ,دەبێتە هۆکاری گواستنەوەی مرۆڤ لە ژیانی ئاسایی خۆیەوە بەرەو ژیانێکی دیکە وزەمەنێکی دیکە.ئیحا لە کاریگەرییدا بە سەر شوێن وزەمەندا تێپەڕ دەبێت ,هەروەها بە سەر ماناکانی سەردەمێکدا .تاکو شوێن بۆ ئەو هەستانە خۆش بکات کە لە ناخیەوە دەکەونە بەر کاریگەری ووڕوژاندن.
هونەرمەندی کورد ڕەهبەر جەلال پێش کۆچی دواییی بە چەند ساتێک داوای گۆرانیی کراس زەردێی لە هاوڕێکانی کرد لە نێو گۆرانی گوتندا ژیانی جێ‌ هێشت.ئەم ساتانەی کە تاکو ئاستی ژیان و مردن.بە نێو ماناکانی بوونماندا دەچن لە دووتوێی گۆرانیدا ,ئەو ساتانەن کە تیایدا مرۆڤ بە سەر هەموو ماناکانی ژیانی خۆیەوە تێپەڕ دەبێ‌ تاکو لەو شوێنەدا جێگیر بێت کە نۆسالژیاو سۆزو غوربەتێکی گەورەی ئەو زیندوو دەکەنەوە.
ئەوە لە ساتی مردنیدایە هونەرمەند دەرک بە شوێنی خۆی دەکات وبە دووی ئەو فریاد ڕەسەدا دەگەڕێ‌ کە تراژیدیاکانی ئەو ساڕێژ دەکەن,کە خۆشەویستی ونۆستالژیاکانی تێر دەکەن.ئەوە گۆرانیە کە هێرش دێنێ‌ و ناخی مرۆڤ دەکاتەوە بە ڕووی هەموو زەمەنەکاندا.بە جارێک بەرەو ئەودیوی بوونی دەبات.ئەم ساتانە ساتی میتافیزیکیی مرۆڤن.کە بەهایەکی خودێتیی ڕاستەقینە بە مرۆڤ دەبەخشن.ساتێک تیایدا مرۆڤ هەست بە خۆی دەکات وەکو بەوونەوەرێکی ڕاستەقینە.
لە گەوهەری سۆفیگەراییدا گوتنەوەی ستایشە ئاینیەکان .هەروەها لە لای ئەو دەروێشانەی کە هۆنراوەی ئاینی جیاواز دەڵێنەوە.حاڵەتیکی نهێنی بوونی ئەو کاریگەریانە بە مرۆڤەوە پەیوەست دەبێت.گۆرانی لە ئامانج وپەیامە کۆمەڵایەتی وتەنانەت خودیەکانیشی دەکەوێت .بەوەیگۆرانی دەبێتە خوڵقاندنی ئیحاکانی بارێکی بیرکردنەوەی بەردەوام وپەیوەندیی بەردەوام لە گەڵ شاراوەیی بووندا.ئەو دەروێش وسۆفیەی بەرەو حاڵ گرتن دەچن.ئەمیان بە گوتنەوەی ووشەی ئاوازدارو ئەوی دیشیان بە شیعری ئاوازدار.بەرجەستەی تێپەڕ بوون وگواستنەوەیەکی بوونایەتی دەکەن لە مرۆڤدا.کە یەکێکیان  خۆ سڕینەوەیە لە هەموو ئەو حەزو خولیاو چێژو کامەرانی وخەمباریانەی کە مرۆڤ لە پەیوەستە ژیانیەکانیدا ولە شوێنێکی دیاری کراودا هەڵیان دەگرێت.جۆرێک لە باری پاشەکشێ‌ پێکردنی دەروونی وزەینی وهەستیاری دەست پێدەکات کە لە گەڵ جۆش سەندندا ئەو بارە زەینیە بەرەو سەروو دەچێت ومرۆڤی حاڵ گرتوو تاکو ئاستی بێ‌ هۆش بوون وبێ‌ زەینی بوونی ژیانی دەڕوات.ئەو لەوێدا تەنها پەیوەستێک لە ناخیدا کە هەبێ‌ ,تاکە مانایەک لە هاوارو ووشەو دەنگەکانیدا کە هەبێ‌ .بەرز بوونەوەیە بەرەو نەزانراو ,بەرەو دروست کردنی پەیوەندیەکی سەرەوەیی.بەرەو, حاڵەتێک لە لە دەست دانی هۆش ودەرک پێکردن ,تاکو ئەو ئاستەی مرۆڤ بوونی خۆی لە نێو بووندا بزر دەکات.ئەو چیتر بەشێک نابێت لە ماناو میراتی بوونێکی نە کۆمەڵایەتی ونە مێژوویی ونە ئێستایی.ئەو دەبێتە بەشێک لەو مانایانەی کە بە هۆیانەوە ئەو هیوایە دەخوازێت لە ناخیدا ئاماژەی نهێنی بۆ بێت ولەو ئاماژانەدا بوونی خۆی بدۆزێتەوە.ئەو بارە بوونایەتیەی کە ئەو خواستی ئەوەیە پێی بگات بە بێ‌ هیچ مانایەکی دیکەوە .مرۆڤی حاڵ گرتوو ,مرۆڤێکی کۆچەرە لە نێو بوونێکی شاراوەی دیەکەدا.بوونێک کە تەنها ئەو بەرەو نەزانراو دەبات,ئەمەش کردارێکی خودیانەی نهێنی بوونی مرۆڤە کە لە نێو گۆرانیدا دێتە دی .ووشەکانی سۆفیگەرو دەروێش ووشەی دووبارە کراوەی ڕووحین .دەربڕین لەو گواستنەوە ناڕاستەوخۆیەی ئەو دەکەن بەرەو جیهانێکی دیکە.بۆچی؟
پرسیار کردن ولێکدانەوەی بوونمان هەمیشە شوێنی نیگەرانی ودڵەڕاوکێکانی ژیانمانە .لە بەر ئەوەی ئێمەی مرۆڤ لە گەردوونێکی بەرفراوانی نهێنی ئامێزدا دەژین.ئێمە نازانین دەورمان لەم بوونەدا چیە.ئاخۆ تەنها بۆ ئەوەیە فەرمانێکی خودایی جێ‌ بە جێ‌ بکەین ؟یاخود ئێمە بۆ شتێکی دیکە هاتووینەتە بوونەوەو هێشتا ئەو شتەمان نەدۆزیوەتەوە؟,ئەمە پەیوەندیی بە نا ڕووحانی بوون وزانستی بوونەوە نیە,بەڵکو ئەمە پەیوەندیی بە بیرکردنەوەی سەدان ملیۆن مرۆڤی سەر ئەم زەمینەوە هەیە.کە لە لایەکەوە ئێمە بە بەراوورد بە شوێن و زەمان هیچ جیاوازیمان نیە لە گەڵ شاراوەترین ڤایرۆسی ئەم بوونە .لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە گەورەترین سەروەریی ئەم بوونەین.بەڵام هەموو ئەو پەیوەستانە لە بیرو دەسەڵاتی مرۆڤ دەرکراونەتە دەرەوەو وابەستەی نهێنیەکانی بوون وخودا کراون.زانستیش بە هەموو زانینەکانیەوە .بە بەراوورد لە گەڵ بووندا هێشتا بەرلووتی خۆی نابینێ‌ ووەکو کوێرێکی بزری ئەم گەردوونە لە شوێنی خۆی دەسووڕێتەوە.لە ڕوویەکی دیکەوە کاتێک مرۆڤ لە خۆی وورد دەبێتەوە هۆکاری خراپەو چاکەو خۆشی وکامەرانی ونائوەمێد بوون وژیان ومردن.زۆر ن بۆ بوونی ئەو ,ئەوێک کە هیچ گوناهو دەستێکی لە پێش بوون وهاتنە دنیاوە نیە,ئەوێک ناتوانێ‌ باوەڕ بەوە بێنێ‌ کە هەموو ئەوەی بە سەری دێت ودەیگوزەرێنێ‌ لە ناخیدا هەروەها لە بیرکردنەوەیدا هیچ بەهایەکی ڕاستەقینەی هەبێت.مرۆڤ کاتێک باوەڕ دێنێ‌ ئەو لە هەموو ئەم پرسیارانەی خۆی دەکەوێت.ئەو دەبێ‌ بە گوشادی وبە دڵنیاییەکی بێ‌ دڵەڕاوکێ‌ وگومانەوە سەیری خۆی وژیان ومردنی خۆی بکات.ئەو باوەڕەی کە هەر باوەڕە ئاینی وڕووحیەکان ڕەتی دەکەنەوە ,کاتێک بۆ نموونە سۆفیگەر لە دەسەڵاتی دەقی چەسپاو دەردەچێتە دەرەوەو بەوە ناوەستێ‌ دەق کۆنترۆلێکی گیانیی بە سەریدا هەبێت بەڵکو ئەو دەیەوێ‌ لەو کۆنترۆلە ناگیانیانەی دەق دەرچێتە دەرەوە تاکو هاوبەش بێت لە پرسیارە نهێنیەکانی بوون ووەڵام دانەوەیەکی دڵنیا کار کە ئەگەر ئەو هێزە گیانیەی بوونی نەبوایە لەو باوەڕەدا نیم سۆفیگەرایی هیچ جیاوازیەکی لە گەڵ هیچ ئایدۆلۆژیایەکی دیکەدا هەبوایە.
کاتێک مرۆڤی هونەرمەندو داهێنەر بیر لەم پرسیارانە دەکاتەوە ئەو لە هەمان کاتدا لەوپەڕی نائومێدیەکانیدا دەرگایەکی نهێنی لە ناخیدا دەکرێتەوە ,بەوەی لەو پۆلێن کردنە ئایدۆلۆژیەی بوون ڕزگاری دەبێت .کە لە لایەکیاندا تاکو ئەو پەڕی ئیمان بەرەو کوشتنی بیرکردنەوەی خۆی دەچێت ودەست بەرداری پرسیارەکانی دەبێت.لە لایەکی دیکەشەوە تاکو ئەوپەڕی ڕەت کردنەوەی ئیمان بەرەو توند ڕۆیی ناباوەڕداری دەچێت.لێرەدا مرۆڤی بیرکەرەوە لە بوون دەبێت مرۆڤێکی میتافیزیکیی هەڵگری پرسیارە گەوهەریەکانی بوونی خۆی بێت.هەر ئەم نالایەن داریە بنیات نەرەش وای لێ‌ دەکات بەرەو گیانێکی سۆفیگەرایی پڕ لە لێکدانەوەو ووردبوونەوە بچێت ولە ناخی هەرە قووڵیدا ئەو چاوەڕوانیە بوونگەرایە دەکاتەوە بە ڕووی ژیانیدا کە نزیک بوونەوەی ئەو لە ڕاستیەکان مەحاڵ نیە.ئەم ئومێدە ئەگەر تەنانەت وەکو وەهمێکی بوونگەراییش وابێت پاساوێک بە بیرکردنەوەمان دەدات ودەمانگوازێتەوە شوێنی دیکە چونکە ئەو شوێنە شوێنی سۆزو خۆشەویستیە لە گەڵ نەزانراوو نهێنیی بووندا بە بێ‌ گرتنە بەری هیچ ئایدیالێکی داسەپاوو ناداسەپاو.,ئاخۆ ئەمە چۆن لە گۆرانیدا ڕەنگ دەداتەوە ?
گۆرانی پێش ئەوەی ووشەو مۆسیقاو ئاواز بێت .ئیحاو گواستنەوەیە لە ڕووی بیرو خەیاڵ ووەهم وتەنانەت بوونیشدا.ئێمە کاتێک لە ناخەوە کاریگەر دەبین بە گۆرانیەکی دیاری کراو یا گۆرانی بێژێکی دیاری کراو.ئێمە لە هەمان کاتدا بە گۆڕینی سروشت وڕەفتارو بیرکردنەوەی خۆمان هەڵدەستین.لە هەمان کاتدا بە تاقی کردنەوەی هێزو توانای سۆزداریی خۆمان هەڵدەستین.لە هەمان کاتدا بە خوڵقاندنی خەیاڵ و وەهمی خۆمان هەلدەستین,ئێمە لەو گۆرانیانەدا پراکتیکی ئازاد بوونی خەیاڵ وفانتازیای بوونی ڕاستەقینەی خۆمان وهەموو هەڵبژاردنە سۆزداری وبوونگەراییەکانی خۆمان دەکەین بە بێ‌ ئەوەی هیچ بانگەشەیەک بۆ هیچ باوەڕێکی زاڵ وکۆتایی پێ‌ هاتووو یەک لا کەرەوە بکەین.بۆیە ئێمە لە گەڵ گۆرانیدا گۆرانیی ناخی خۆمان دەڵیێنەوە.بەلایەنی گۆرانی بێژیش ئەویش هەروەەها گۆرانیەکی دیکە لە ناخی خۆیدا دەڵێتەوەو ەیەوێ‌ ئەو گونجاندنە تەبا کارو گونجێنەرە بێنێتە کایەوە کە پەیوەستێکی بزرو نهێنی لە گەڵ گوێگرانیدا بێنێتە کایەوە ,هەر بۆیە هەردوک بە جیاوازیی بیرکردنەوەو ژیان ودنیا بینیی خۆمانەوە هاوبەش دەبین لە هەموو ئەو ساتانەی بیرکردنەوە کە بوونی خۆمان دەخەینە بەر تیشک وڕووناکاییەکانی ئەم بوونە وتاقیان دەکەینەوەو دەگەینە ئەو چێژە نهێنی ئامێزەی چاوەڕوانیەکی داهێنەرانە وسارێژکەرانە لە ناخمان بکاتەوە کە ئەویش ئەوەیە ئێمە تعەنها نین لەم بوونەو ئەم بوونەش لە گەڵ مردندا تەواو نابێت بەڵکو ئەگەر بە وەهم وفانتازیاش بێت چاو لە هەڵهاتنی پەرجوویەک دەکەین لە ناخی خۆمان وبوونی دەرەوەماندا .ئەمەشە گیرۆدە بوونێکی میتافیزیکیی مرۆڤە بە خۆشەویستیەکی نهێنیەوە.گەیاندنەوەی عەشق بە چێژەکانی سێکس هەڵەیەکی گەورەی هەندێک لە ئاین و ئایدۆلۆژیاو زانستەکانە چونکە سێکس ساڕێژ کردن و وەڵام دانەوەیەکی خولیاکانە نەک گەوهەرەکانی بوون.لەو کاتەی عەشق وخۆشەویستی گەیشتنە بەو دیوی هەموو بوونەکانەوەو ڕەت کردنەوەی بوونێکە کە تەنها وەهم وفانتازیای بە وەهم بوون دەخوڵقێنێ.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک