" type="text/css" > Skip to main content

بۆچی گۆرانی دەڵێین؟ – بەشی یەکەم
شیکردنەوەیەکی فیکری تیۆری

نووسینی: نەجات حەمید ئەحمەد

گۆرانی ونهێنیەکانی بوون
لە گۆرانی وسروودو ستایشە ئاینیەکاندا مرۆڤ چیتر ئاخاوتنەکانی بەرەو ڕووی ئەوانی دی ناکاتەوە ,ئەو لە سەر ئەو بناغەیە ئەو ستایشانە لە شێوەی دەنگی ئاوازدار دەڵێتەوە تاکو ئاخاوتنێک بۆ سەرەوەی خۆی بەرز کاتەوە.هەر پێش وەختە ئەو ووشەکانی بۆ ئەوە نەکراون بە ئاواز تاکو ئاخاوتن لە گەڵ ئەوانی دیدا بکات ,بەڵکو زمانی گوتن وچۆنێتیی گوتنەکەی بۆ ئەوەیە کەشێکی زۆر خودیی

 

زمانەکەی بەرەو ئەو دیوی بوون وسەرەوەی بوون بەرێت وگفتو گۆکانی ئاراستەی خودا بکات.گۆرانی وستایش وسروود بێژ لەم بە دەنگ کردنە ئاوازدارەی ووشەوە مرۆڤێکی تەنیایە دەربڕین لەو تەنیاییە قووڵەی خۆی دەکات کە کەسانی دی ناتوانن پێی بگەن ,واتە ئەو پراکتیکی کەشێکی سۆفیگەرانە دەکات کە زۆر جار ئامێری مۆسیقیی وەکو دەف وفلووت و دەوڵی جۆراو جۆر بە کار دەهێنرێن,ئەوەی بە لامانەوە گرنگە باسی جۆرەکانی ئەو ستایشانەو لایەنە هونەریەکەی نیە بەڵ;و وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارەیە کە بۆچی مرۆڤ دەگاتە ئەو باوەڕەی ووشەکانی بخاتە نێو ئاوازەوەو بە دەنگێکی ئاوازدارو بە هاوەڵیی مۆسیقاوە دەیانڵێتەوە لەو کاتەی کە ئەو ئاخاوتنێک دروست دەکات کە بە پیرۆزترین ئاخاوتنەکانی خۆی دادەنێ‌ لە پراکتیک کردنی ئاین وباوەڕبوونی قووڵ و گەوهەریانەی خۆی بە کەش وبەڵگەکانی ئاینەکەی بەرەو ڕووی ئەو بوونەی دەکاتەوە کە بە دروست کەری هەموو بوونی دادەنێت,لە پاشاندا ئەم جۆرە گۆرانیانە چ پەیوەندیەکیان بە و گۆرانیانەوە هەیە کە دەربڕین لەو تەنیا بوونەی مرۆڤ دەکەن لە باوەڕو ئەو هەستانەی کە لە خۆشەویستی وحاڵەتی عاشق بووندا هەیەتی؟ ئنجا ئاخۆ گۆرانی دەتوانێ‌ پەیامێک لە خۆ بگریێت کە کۆدو ئاماژەیەکی نهێنیی تێدا بێت کە بەرەو رووی ئەو دیوی بوونی بکاتەوە , بەرەو نەزانراوی بکاتەوە ,بەو پێیەی گۆرانی وستایشی ئاینی ئاخاوتنی خۆی بەرەو ڕووی بوونێکی بە نهێنی کراو دەکاتەوە کە توانای دروست کردنی هەموو بوونێکی هەیە؟

گواستنەوەو گەوهەری سۆفیگەرانەی گۆرانی لە عەشقدا
کاتێک گۆرانی بێژ تاسەو نۆستاڵژیا دەیگرێ‌ وگۆرانی دەڵێ‌ ئەو چیتر گۆرانی بۆ ئەوانی دی ناڵێ‌ تاکو چێژی لێ‌ وەرگرن یاخود ئەوانی دی هیچ بەهایەکی ڕەوشتی وکۆمەڵایەتی ناسەپێننە سەر ئەو کە گۆرانیان بۆ بڵێت,بەڵکو ئەو بە هۆی بەهایەکی نادیاری ڕەوشتی وویژدانی وگیانیەوە وا لەوانی دی دەکات کە ناچاربن گوێی لێ‌ بگرن ,بەمەش گۆرانی ئەگەر توانای ئەوەی تێدا نەبێت وەکو گوتارێک ئاراستەی هەر بوونێک بکرێ ئەوا تەنها دەبێتە گوتنەوەو بەس,,بەڵام لە گەوهەری خۆیدا ,گۆرانی لە گوتن وچۆنێتیەکانی گوتن وهۆکار لە گوتندا گوتارێکی نهێنی ئامێزی خودیانەی زۆر بێگەرد لە خۆیدا هەڵدەگرێت.ئەو هێزە نادیارە چیە دەمان هێنێتە گۆرانی گوتن ؟بۆچی گۆرانی گوتن وەکو دەربڕین کردنێکی نهێنیی ناوەوەمان دەکەوێتە ڕوو؟ وەڵامی پرسیاری لەم جۆرە زۆر قورسەو بە دەر نیە لە لێکدانەوەی فیکری وفەلسەفی ,پێویستیی بە زانینی ئەو بارە زەینی ودەروونی وکۆمەڵایەتیە هەیە کە گۆرانی بێژی تێدا دەژێت,
گۆرانی وەکو دەرخستنی هەستەکانی مرۆڤ ئەو بۆشاییە فراوانەی تیادایە کە دەربڕین لە پەنگ خواردنەوەو هێزی دەربڕین لە خۆ کردن بنوێنێ‌.بەوەی گۆرانی جۆرێک لە مەستیی دەروونی وزەینی وجۆرێک لە غوربەت وخەمۆکی بوونی ناخەکیانەی تێدایە ,هەروەها کامەرانیی مرۆڤیشی لە خۆ گرتووە.
ئەمە لە ڕووە گشتیەکەوەی شتێکی سروشتیە,بەڵام ئەوەی سروشتی نیە هەستەکانی گۆرانی بێژە لە ساتی گۆرانی گوتن وهەستەکانی گوێگرە لە بیستنی گۆرانیدا,ئەو هەستانەی گۆرانی بێژ هەیەتی دەربڕین لە کەسایەتیی کۆمەڵایەتی وژیاریی ئەو ناکەن ,نە دەربڕین لە کەسایەتیی ڕەوشتی ومانەویی ئەو دەکەن,چونکە ئەو کەسایەتیە ناسراوە لە کۆمەڵگەو شوێنێکی مانەوی وڕەوشتی وکۆمەڵایەتیی دیاری هەیە وهەر بەو خەسڵەتانەوە دەناسرێتەوە,کاتێک گۆرانی بێژ گۆرانی دەڵێت بە تەواوەتی پەیامێکی ئیحایی ناڕاستەوخۆو نهێنی دەگەیێنێ‌ ونامۆیە لە کەسایەتیی خۆی,بەوەی ژیان زۆرتر لە مانا گوتراوو زانراوەکان هەڵدەگرێ‌,بەوەی ئەو گەیشتۆتە ساتێکی مەست بوونی ناخەکی بەو هەستانەی کە ناچاری دەکەن دواجار بێتە دەنگ.ئەو هەستانە دەرەنجامی هەر هۆکارێکی دەروونیش بن,بەڵام لە گەوهەردا دەرەنجامی هەست کردنە بە بارێکی ناسروشتی ونەزانراوی بیرکردنەوەکانیەوە,ئەو خەم وبیرکردنەوەیەی لە گەڵ بیستنی گۆرانیەکدا بەرەو ڕوویان دەبینەوە,ئەو هەستە گەشاوەو کامەرانیانەی لە بیستندا پراکتیکیان دەکەین,لە ووشەو ئاوازەکاندا نین نەلە دەنگ ومۆسیقادان.بەڵکو دەرەنجامی گەیشتنی هەموو ئەو ڕەگەزانە بە ئێمەبە شوێنێکی نەزانراو لە ئێمە.,ئێمە هەستەکانی خۆمان وبیرکردنەوەمان تیایاندا تاقی دەکەینەوە,کاتێک گۆرانیەکی دیاری کراو بەرەو هەستێکی نادیارمان دەبات ئەو کاتە دەرک بەوە دەکەین,کە ئێمە گواستراوینەتەوە بەرەو گەردوون وفەزایەکی نادیار ,لەوێدا ئێمەو گۆرانی بێژ یەک دەگرینەوە,بەوەی چووینەتە شوێنێکەوە کە ئاسایی نیە لە بوونماندا.ئەو شوێنەی دەنگ وماناکان ,هەمان ئەو شوێن ودەنگانەن کە بانگهێشتێکی نهێنیان تێدایە بۆ نەزانراو,بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم بۆچوونانە پێویستیمان بە شیکردنەوەی بیری گواستنەوە هەیە لە گۆرانیدا.کاتێک گوێ‌ لە گۆرانیەک دەگرین ئەوەندەی گۆرانی وەکو زیندوو کەرەوەیەکی یادەوەری وهەستیاری دەکەوێتە بەر گوێمان وخەیاڵ وبیرکردنەوەو یادەوەریمان دەجووڵێنێ‌ ,ئەوەندە پەیامێکی ووشەیی ومۆسیقی ناگەیێنێ‌ ,
لەو ساتانەی ئێمە گوێ‌ لە مۆسیقاو گۆرانیەک دەگرین ,دەروازەی ئەندێشەکانمان دەکرێنەوە .یادەوەریمان دەنگەکان تاقی دەکاتەوەو کاردانەوەی خۆیان دەخەنە جووڵەوە,بۆیە سەیر نیە بۆ نموونە گوێ‌ لە گۆرانیەکی دیاری کراو بگرین وبیرمان لە کەناری دەریایەک,یا چیایەک یا گەشتێک بێت لە گەردووندا,کەواتە شتێک هەیە لەو دیوی گۆرانیەوە کە بەرەو سات وشوێنی نەزانراومان دەبات ,شوێنێک کە نە ووشەکانی گۆرانی بێژو نەهێماکانی هەڵیان نەگرتووە,بەڵام ئەوە خودی گۆرانی بێژە دەمانگوازێتەوە ئەو سات وئەو شوێنانە,لە سۆفیگەراییدا چەمکی گواستنەوە بە تەواوەتی دەرچوونە لە کۆی بوونایەتیەک کە لە سەر بناغەی پەیوەندیەکانی تاک دامەزراوە بەوانی دیەوە,دەرچوونە لەو سنوورانەی کە شوێن وسات وزەمەنمان بۆ دیاری دەکەن,دەرچوونە لە هەموو نۆرم ودابەکانی کۆمەڵگە,لە پێناوی هێنانە کایەوەی ئەو گواستنەوەیەی کە لە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتیی پڕ لە هەست وغەریزەوە بمانگەیێنێتە مرۆڤێکی دابڕاو لە هەموو دەوروبەرو بۆ گەیشتن بەو تەنیا بوونەی کە وێنەی خۆمان وبوونی خودا بەرجەستە دەکەن ودەگوازریێنەوە مەڵبەندێکی هەستیاری ودەرک پێکردنی سەرەوەیی هەموو بوونەکانی دیکەوە.گۆرانی کاتێک دەچێتە ئەم مەودایەوە,لەوێدا خەسڵەتێکی سۆفیگەرانەی ڕەت نەکراوەی یەک ئاراستەیی لە بوونماندا داگیر دەکات.ئەوە عاشقانن کاتێک گوێ‌ لە گۆرانیە ڕۆمانسی وخەمباریەکان دەگرن,ناخیان تاریک دەبێت,ناخیان خەم وپەژارەیی دای دەگرێت,وێنەی خۆشەویستەکانیان,ووشەو جووڵەو قسە کردن وکاردانەوەکانیان دێنێتەوە بەرچاو,هیوایەکی دوور ناخیان داگیر دەکات .ئەوان لە ساتی مرۆڤێکی ئاسایی کۆمەڵگەیی دەردەچنە دەرەوە, ئەوان تەنها لە گۆرانیدا پراکتیکی ئەم هەستانەی خۆیان دەکەن و دەکەونە بەر کاریگەریەکانی گواستنەوە,ئەمە هەمان سیفەتی ئەو سۆفیگەرانەیە کە تەنها لەحاڵەتدا دەگواسترێنەوە .بەمەش گواستنەوە لە گۆرانیدا هەمیشە دوو ڕووی جیاوازی هەیە ,ڕووی ڕاستەوخۆی گواستنەوەو ڕووی شاراوەی گواستنەوە کە شیکردنەوە بۆ هەریەکێکیان بە جودا دەکەین:

گواستنەوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی گۆرانی
لە هونەری مۆسیقاو گۆرانیدا هەوڵی جیاواز هەن بە مەبەستی گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ بارودۆخ وشوێنێکی جیاواز لە خۆی,بۆ نموونە لە مۆسیقای کلاسیکیدا گێڕانەوەی داستانەکان لە ڕێگەی ئۆپێرا جیاوازەکانی مێژوەوە ڕەنگاو ڕەنگن کە مۆسیقار لە مۆسیقادا ویستوویەتی داستانەکانی مێژوو بگێڕێتەوە.چایکۆفسکی لە دەریاچەی مراویدا لە ڕێگەی مۆسیقاوە کەش وهەوای دەریاچەو باڵندەکانی دێنێتەوە یادەوەریی گوێگری مۆسیقاوە لە ئۆپێراکاندا زۆر جار هەقایەت وداستان وتەنانەت ڕۆمانەکانیش بۆ گوێگر دەگواسترێنەوە .

,ئەم هەوڵانەو دەیان هەوڵی دیکەی مۆسیقاو گۆرانی تەنها بەرجەستە کاری یەک ڕووی هونەری دەکەن,کە ئەویش لاسایی کردنەوەی سروشت ومێژووڕووداوەکانیەتی بەوەی هەمیشە گۆرانی دەچێتەبوارێکی ڕاستەوخۆیی ڕووکەش وزانراوەوە,کە تیایدا گۆرانی بێژ پابەندی هەڵوێست وقسە پێش وەخت وزانراوەکان دەبێ‌.گۆرانی لەم حاڵەتانەدا دەوری نواندن وبەرجەستە کردنی دەورەکانی مێژوویەکی دیاری کراوی ئاشکرای دیکە دەبینێ‌ وناتوانێ‌ خودێتی خۆی بچەسپێنێ‌ بەوەی ئەو دەورانە لە ناخی کاریگەرو خودێتی خۆیەوە دەرکاتە دەرەوە,,لاسایی کردنەوە ناتوانێ‌ ئەو گواستنەوە ناخەکی وویژدانی وگیانیەی مرۆڤ بەدی بێنێت,لە بەر ئەوەی گوێگر پێش وەختە ئەو زانیاری وڕاستیانە دەزانێت ولە ژیانیدا پراکتیکیانی کردووە,مەرجیش نیە خستنە ڕووی یادەوەریەکانی گوێگرو کاردانەوەی هەمان ئامانجی گۆرانی ومۆسیقا بە دەست بێنێ‌ ,بە هێزترین مۆسیقاو گۆرانیی لاسایی کردنەوە.بە هێزترین گوتنەوەی دەنگەکان و کاریگەرترین گێڕانەوە.ناتوانن ئەو گواستنەوە سۆفیگەرانەیە بێننە دی کە مرۆڤ تیایدا بچێتە نێو ئەو هێزە شاراوەیەی کە گۆرانیمان پێ‌ دەڵێ‌.چونکە هۆکاری گوتنی گۆرانی لەو نێوەدا بزر دەبێت.بەمەش دەرگەیەک بە ڕووی هێزە سۆفیگەراکانی مرۆڤ دادەخرێ‌ کە گۆرانی تیایدا گواستنەوەیەک بێت بۆ ئەو ساتە چێژ بەخشانەی مرۆڤ لە حاڵەتێکی زەینی ودەروونیەوە دەگوازنەوە بۆ حاڵەتێکی دیکەی بوونگەرایی,.لێرەدا هەڵبژاردنی ووشەکانی گۆرانی کاریگەریی خۆیان هەیە.ئەو گۆرانی بێژەی هاوبەشیەکی زەینی وهوشیاری وهەستیاریی لە گەڵ ووشەی گۆرانیدا هەیە ,کاریگەری وهۆیەکەی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە ووشەکان کاریگەرن ومرۆڤ بەرەو جۆرێک لە تێڕامان دەبەن.بەڵکو هێزی گۆرانی گوتن لەوێدایە کە کار لە سەر شتێکی دیکە دەکات نەک گەیاندنی ماناکانی ووشەگەلێک .بەوەی ئەو ئەو هێزە شاراوەیە لە دەنگدا بەو ووشانە دەبەخشێ‌ کە لە خوێندنەوەی ئاساییدا گوێ‌ بیستیان نابین وهەستیان پێ‌ ناکەین.هەردوو لایەن پێویستیان بە ڕوون کردنەوە هەیە .
هێزی گەڕاندنەوەی بەها ڕاستەوخۆکانی ووشەکان لە گۆرانیدا.دەکەوێتە سەر دەنگی گۆرانی بێژو چۆنێتی گوتنەوەیان.گۆرانیی زۆر لە هونەری کوردیدا هەن کە چەندین کەس گوتوویانە .بەڵام لە بناغەوە یەکێک لەو گۆرانی بێژانە کاریگەریی درێژخایەنی خۆیان لەو گۆرانیەو لە لای گوێگرانی جێ‌ دەهێڵن.هۆیەکەی دەنگ خۆشی وناخۆشیی گۆرانی بێژەکان نیە,هەروەها بە تەنهاش مۆسیقا نیە.بەڵکو هۆیەکەی چۆنێتیی گوتنەوەیە.گۆرانی بێژێک کە گۆرانیەکی گوتراو دووبارە دەڵێتەوە ,ئەو توانایەکی زۆری دەوێت تاکو هیچ نەبێت بگاتە ئاستی یەکەمین جارەی بیستنی گۆرانیەکە لە لایەن گۆرانی بێژی یەکەم یا دووەمەوە.کە دەگمەنە یا کەمە ئەو حاڵەتانەی گۆرانی بێژی دووەم بگاتە ئاستی یەکەم.لەوانەش گۆرانیەکانی زەکی مۆران .کەلسووم .تایەرتۆفیق.عەلی مەردان.حەمیرا.فەیرووز.هۆکار لەم گوتنەوانەو نوشوستی هێنانیان .دوو لایەنە ,هۆکارە ڕووکەشەکان کە پەیوەندیان بەوەوە هەیە کە بیستنی یەکەمی ووشەو ئاوازێک بۆ جاری یەکەم لە لایەن گۆرانی بێژێکی دیکەوە وەرگیراوە زۆر لە تواناو سیحرەکانی خۆی لە بیستندا وون دەکات.وەکو خواردنی میوەیەکە بۆ یەکەمین جار کە پاش چەندین جار تام لە دەست دەچێت.ئەمە پەیوەندیی بە لایەنه شاراوەکەی دیکەی کاریگەریی مۆسیقاوە نیە.بەڵکو پەیوەندیی بەو ڕوحە بزرەی نێو دەنگ وگواتنەوەوە هەیە کە لایەنی دووەمە .گۆرانی لە ووشەو مۆسیقادا .بەشێکی زۆر لە خولیاو هەست وبیرکردنەوەو تێڕوانین و تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆیدا هەڵدەگرێت.ئەوانەی گۆرانی بۆ ئەوانی دی دەڵێن ودەیانەوێ‌ دەوری گوێ‌ گریی ڕاستەوخۆیی وکاتی بە بیسەر ببەخشن.ئەوان دەورو ئەرکی گۆرانی گوتن دەبینن بە تەجرید کراوی لەو گیانە سۆفیگەرا بزرەی کە گۆرانی گوتن بۆی هەیە هەڵی گرێ‌.سروودە ئاینیەکانی دەروێشەکان لە گەڵ دەفدا.سروودە ئاینیە مەسیحیەکان.دەتخەنە دیوێکی دیکەی گۆرانیەوە کە لەلای زۆرینەی بیسەراندا بزرە.ئەو دەورەی لە ناخی مرۆڤدا بەرهەمی ماناو چێژی بزر دێنێتە هۆشەوە .کە دەتوانین بە گواستنەوەی شاراوە ناوی بەرین.هەروەها ئەو گۆرانیانەی کە لە گوتندا دەتخەنە حاڵەتی نۆستالژیاوە ,هەروەک بۆ نموونە گۆرانیی قوربانی تۆزێ‌ ڕێگەتم کە عەدنان کەریمی گۆرانی بێژ دەیڵێتەوە یاخود هەندێک لە گۆرانیەکانی ئەلبوومی وەفایی.لەوێدا گۆرانی بێژ لە گەڵ ئەوەشدا ووشەی زانراو دەڵێتەوە بەڵام لە مۆسیقاو دەنگ وئاوازەکاندا ئەو هەستەت لە لادا دروست دەکات کە تۆ لە گۆرانیەوە بگوازترێیتەوە بۆ مەودایەکی زەینی ودەروونیی جیاواز کە تۆ لە حاڵەتی ئاسایی ژیانتا دەرکیان پێ‌ ناکەی لێرەوەیە .گواستنەوەی شاراوە ئەو هێزەی تێگەیشتن وبیستن لە گۆرانیدا دێنێتە بوونەوە.کە دەتبەنە شوێنی دیکەو بیرکردنەوەی دیکە.دەتبەنە سەیر کردنێکی دیکەی شتەکانی دەورو بەرت.دەتگەیێنێننە حاڵەتی شکست وئومێدو گەشانەوەو تاریکیی بیرکردنەوە.دەوتگەیێننە تەنیایی وتەنیا بوون.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک