موزیک و ئەدەبیات: غەڵبەغەڵبی زەمەن` ی جولیان بارناس، ڕۆمانێک لەمەڕ هونەرمەندە حیزبیەکان!
ئیسماعیل حەمەئەمین
لینین پێیوابوو؛ موزیک خەمۆکی دێنێت
ستالین وای مەزندە دەکرد لە موزیک تێدەگات و بەهای دەزانی
خرۆشۆف ڕقی لە موزیک بوو
کامە لەمانە خراپترینن بۆ کۆمپۆسەر؟*
جولیان بارانس یەکێکە لە ڕۆماننوسە هاوچەرخەکانی ئەدەبی ئینگلیزی، من خۆم لە ڕێگەی ڕۆمانی توتییەکەی فلۆبێر ئەم ڕۆماننوسەم ناسی. ڕۆمانێک دەربارەی ژیانی ڕۆماننوسی فەڕەنسی سەردەمی ڕۆمانتیک – سەدەی نۆزدە – گۆستاف فلۆبێر بوو. لە ڕۆمانی توتیەکەی فلۆبێر دا هاتووە؛ فلۆبێر پیاوێکی تەمەڵ بوو، بە خۆی دەگووت؛ من ورچی تەمەڵی نێو بەفرم… فلۆبێر توتیەکی ئیشکراوەی بۆ دێت، پێدەچێت کاتی خۆی لە ئەستنبول بەدەستی هێنابێت. ئەم توتیە پابەندە بە سەرکێشیەکی سێکسوالی فلۆبێر لەگەڵ ژنێکی تورکدا، هەربۆیە هەمیشە لە ژوورەکەیدا بوو. پەیوەندی فلۆبێر لەگەڵ ئەم توتیەدا ، لەگەڵ ژنەکانی دۆستی، پیاسەکانی، تەمەڵیەکانی، قەرزەکانی..هتد. وەک کۆمەڵێک وێنەی پارچە پارچەن، بارناس وەک کارتی پۆکەر فڕێدەداتە بەردەم خوێنەر. ئیدی خوێنەر لەشێوەی چەندەها چیرۆکی جیاواز کۆیان دەکاتەوە و یەک وێنەی ڕۆمانی بیۆگرافی لێ پێکدێنێت.
بە هەمان شێوە ڕۆمانی غەڵبەغەڵبی زەمەن – The noise of Time باسی ژیانی کۆمپۆسەری سەمفۆنێی ڕووسی دیمیتری شۆستاکۆڤیچ ١٩٢٥ – ١٩٧٥ دەکات کە لە ژێر تیرۆری و سانسۆری حکومەتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتدا، لە ژێر فشاری ئەوەدا بووە؛ کە موزیکی ئەو لەگەڵ پێوەرەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و کۆمیتەی مەرکەزی حزبی شیوعی سۆڤیتیدا ناگونجێت. دیمیتری شۆستاکۆڤیچ بەردەوام لەلایەن کۆمیتەی هونەرمەندان و موزیکارەکانی حیزبەوە گدانۆڤ و نابۆکۆف لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە… ئەمەو زۆریتر کە تیرۆری سیاسەت نیشاندەدات لەسەر ئەدەب و هونەر لەژێر دەسەڵاتی حیزبدا.
ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە، ئەم ڕۆمانە لە پەرەگرافی پچڕ پچڕ پێکهاتووە، زۆرجار تەنها دێڕ و نیوێک ڕووداوێکە و پاشان پەرەگرافی داهاتوو گێڕانەوەیەکی ترە، بە جۆرێک خوێنەر وندەبیت لەو وردەکارییانەدا کە لەپشتیەوە چەندەها بۆنە و ڕووبەڕووبونەوە و ترسی شۆستاکۆڤیچ دەرخستووە. هەموو ئەم فشارانە کاتێک تیژدەبێتەوە کە سەمفۆنیای ( خانمی ماکبێس لە میتسینک` Lady Macbeth of Mtsensk پێشکەش دەکات و بە دڵی جۆزیف ستالین نابێت لەم سەمفۆنیایەوە وەک نیو کلاسیک دەکەوێتە بەر هێرشی ڕۆشنبیرانی و هونەرمەندانی پیاهەڵدەرانی حیزب و دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا و موزیشنە بێ بەهرەکانی.
بە دیوێکی تردا، ئەم ڕۆمانە نە پڕە لە ڕازاندنەوەی وشە و نە پڕە لە کۆتر و فریشتەی فڕیو و نە پڕە لە خوتبەی دوورو درێژ. ڕۆماننوس جاری وەهایە لە دووڕستەدا کۆی ڕووداوێک دەگێڕێتەوە.
ڕووداو چەقی ڕۆمانەکەیە، ڕووداوێک تایبەت بە سۆڤیەت و مۆرکی ژیانی ڕووسی تێدا بەرجەستەیە و ناوی پاڵەوانەکان خەیاڵی نین بەڵکو لەسەر زەوی ڕیاڵ بوونیان هەبووە. شانبەشانی ئەمەش لێرە و لەوێ سەرنجی گێڕەوەی یەکەم، بارانس خۆی، بە کورتی و بێ درێژدادڕی عیرفانی و پەخشانئامێزانە، لێرە و لەوێ ئامادەیە. ئەوەی لە جولیان بارناس دا بەدڵمە ئەوەیە، کە یەکێکە لەو ڕۆماننوسانەی کە سووچێکی تر، ڕەنگەکی تری کەسایەتیەک نیشاندەدات، بێئەوەی یەک وشەی زیادی تێدا بێت.
پەراوێزەکان
**فەرموون لەگەڵ ( خانمی ماکبێس لە میتسینک` Lady Macbeth of Mtsensk)