" type="text/css" > Skip to main content

بیری نەتەوەیی لە موزیکی سەدەی نۆزدەی ئەوروپادا:

نووسینی: ئاسۆ مامزادە

لە سەدەی نۆزدەدا ئەوروپیەکان بەوپەڕی باوەڕەوە بڕوایان بەوە هێنا کە وڵات شایانی ئەوەیە‌ قوربانیی بۆ بده‌یت و خۆشتبوێت. دروستبوونی ئەم هەستە هاوکات بوو لەگەڵ ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانە سیاسییەکانی پاش شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا و شەڕەکانی ناپلیۆن بۆناپارت کە زۆربەی ئەوروپای گرتەوە. چەمکەکانی زمان، کولتوور و مێژووی هاوبەشی نەتەوەیی زیاتر لە جاران مانایان بە یەکتر بەخشی و یەکیانگرت، بەرگریی لە خاک و نیشتمان بەرامبەر هێرشی سەرسەختانەی هێزەکانی ناپلیۆن لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا هەستی نەتەوەیی بەرز کردەوە، چونکە ئەو سەربازانەی بەرەنگاری ناپلیۆن دەبوونەوە، وەک شەڕکەرەکانی پێشوو بەکرێگیراو نەبوون و هەر ڕۆڵەی وڵاتەکەی خۆیان بوون. لە تەنیشت ئەوانەشدا ئەو هەستە نەتەوەییە بە بۆنەی بزووتنەوەی ڕۆمانتیکەوە کە خۆشەویستیی بۆ میراتی نەتەوەیی ستایش دەکرد، زیاتر و زیاتر گەشەی سەند . ناسیۆنالیزم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی شۆڕشگێڕانە، بووە هۆی یەکگرتنەوەی وڵاتانێک کە پێشتر بەسەر چەندین میرنشینی زۆر بچوکدا دابەش ببوون وەک (ئاڵمانیا و ئیتالیا)، هەروەها لە وڵاتانی داگیرکراوی وەک پۆڵۆنیا و بۆهێم شۆڕشی گەورەی بەرپا کرد.

ناسیۆنالیزم بەتایبەتی لە پانتایی زماندا بزووتنەوەیەکی فەرهەنگیی بەهێز و کاریگەر بوو. کەڵکوەرگرتن لە زمانی نەتەوەیی لە بڵاڤۆک و نووسینەکانی خەڵک و ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەتی لە وڵاتانی ژێر چەپۆکەی داگیرکەراندا گەیشتبووە ئەوپەڕی خۆی. بۆ نموونە لە (بۆهێم) زمانی چیکی کە پێش ساڵی 1800 لە بەرامبەر زمانی ئاڵمانیدا کە زمانی داگیرکەرانی نەمسایی بوو خۆی دۆڕاندبوو، دیسان خۆی گرتەوە و گەشەی سەند. لە سی و چلەکانی سەدەی نۆزدەیەم، کتێبە گرینگەکانی ئەستێرەناسی و کیمیا بە زمانی چیکی دەنووسران، مێژووی دێرینی هەر نەتەوەیەک بایەخی تایبەتی پێدەدرا و دەبووە کەرەستەیەکی جیددی بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی. خۆشەویستی و هۆگرییەکی بێ وێنە بۆ گۆرانی و سەما و چیرۆک و ئەفسانە میللیەکان سەری هەڵدا. ناسیۆنالیزم لەو کاتەوە کاریگەریی خۆی لەسەر موزیکی ڕۆمانتیک بەجێهێشت کە ئاوازدانەرە گەورەکان بە مەبەست، ڕۆحی نەتەوەییان بەسەر بەرهەمەکانیاندا ڕەنگپرژێن کرد.

ئاوازدانەرانی ڕۆمانتیک سەما و ئاوازە فۆلکلۆرەکانیان دەکردە هەوێنی مێلۆدی و ئاوازی نوێ و داهێنەرانە و ئاوازدانەرانی ناسیۆنالیست، کۆمەڵێک ئۆپێرا و بەرهەمی موزیکیان ئافراند کە مێژوو و ئەفسانە و دیمەنی سروشتی نیشتمانەکەیان سەرچاوەی ئیلهامیان بوو، وەک (جێژنی پاکی ڕووسی – ریمسکی کۆرساکۆف)، ( فینلاندیا – سیبێلیوس) و (سەماکانی سلاڤ – دێڤۆرژاک.) بەرهەمە موزیکیەکان لەو سەردەمە پڕ لە هەرا و هۆسەیەدا، ببوونە سیمبولێک بۆ نەتەوەخوازی و جاری وا هەبوو خەڵکیان هان دەدا بۆ خۆپیشاندان لە دژی داگیرکەران. بۆ نموونە (ڤێردی) ئەو بەرهەمانەی پێشکەش دەکرد کە (ڕقی پیرۆز) وەبیر خەڵک بێنێتەوە لە دژی داگیرکەرانی نەمسایی.

ناسیۆنالیزم یەکجار لەو وڵاتانە پەرەی سەند کە میراتی موزیکی فۆلکلۆر و میللییان لە ژێر هەژموونی موزیکی ئیتالیا، فەڕانسە، ئاڵمان یان نەمسادا بوو. لە پێشەنگەکانی موزیکی ناسیۆنالیستی: گرووپی پێنج کەسیی ڕووس؛ میلی بالاکیرێف، سێزار کوی، ئەلێکساندێر بورودین، نیکۆلای ڕیمسکی کۆرساکۆف و مودێست موسۆرگسکی لە ڕووسیا، سمێتانا و دێڤۆرژاک لە بۆهێمیا، گریگ لە نۆروێژ، سیبێلیوس لە فینلاندا بوون کە سروودی نەتەوەیی فینلاندیشی داناوە و تا ئێستاش سروودی فەرمیی ئەو وڵاتەیە. پاشان چایکۆڤسکی، بڕامس، ڤێردی، پوچینی، واگنێر و گۆستاڤ مۆلێر.
چایکۆفسکی دەیگوت: لە دارستانە دوورەکان گەورە بووم و هەر لە منداڵییەوە ناخم پڕ دەکرد لە جوانیی بێ وێنە و تایبەتیی موزیکی فۆلکلۆری ڕووسیا، شێتانە عاشقی رۆحی رووسیم بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک