" type="text/css" > Skip to main content

ساوندشۆپ چییە؟

نووسینی: کوردۆ سەردار

تەکنەلۆجیا زۆر بە خێرایی هاتە ناو هەموو کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی کە لە زۆر رووەوە سودبەخش بوو جموجۆڵەکانی ژیانی رۆژانەی خێراتر کرد، پێشکەوتنی زیاتری تەکنەلۆجیا وای کرد هیچ بوارێک نەمێنێتەوە کە ئەم بەشداری تێدا نەکات و کاری مرۆڤەکانی زیاتر ئاسان کرد، ئەم ئاسانکاریە زۆر جار دیوێکی جوان و راقی پێشانداین کە لە راستیەوە دوربێت و بەکارهێنەر ئەوەی حەزی پێدەکات ئاوا سوودی لێدەبینێت، وەک دەسکاری کردنی فۆتۆکان و فلتەر و گۆڕینی باکگراوەند و هەر گۆڕانکاریەکی تر کە دڵخوازی بەکار هێنەرەکەیە یاخود داواکارەکە.
موزیک و گۆرانیش بێبەش نەبوو لەم شەپۆلی گۆرانکاریانەی کە تەکنەلۆجیا بەسەر کارەهونەریەکانیدا هێنا، ئەگەر پێشووتر بۆ تۆمارکردنی گۆرانیەک یا موزیکێک ژمارەیەکی زۆر لە ژەنیار بەشدار بوونە و هەمووی لە یەک کاتدا لە ستۆدێۆ ئامادەبوون و کارەکەیان ژەندووە، ئەوا ئەمڕۆ ئەم کارە لە ناو ستۆدێۆکان بە چەند ژەنیارێکی کەم ئەنجام دەدرێت و بواری ئەوەش دەدات لەکاتی جیاوازدا تراکەکانی کارەکە تۆمار بکرێن و پاشان میکس و ماسترینگ بکرێت، بە بەکار هێنانی ئەو پڕۆگرامانەی کە ئەمڕۆ لە ستۆدێۆکان هەن کاری تۆمار کردنی تاڕادەیەک ئاسان کردووە و مەودا دەدات بە بەرهەم هێنەر و دانەر و ژەنیار و گۆرانی بێژ کە سود لە کات و ماوەیەکی درێژ ببینن بۆ تۆمار کردنی بەرهەمەکانیان، ئەمەش کاریگەریەکی باشی هەیە کە گرینگی بە کواڵێتی بەرهەمەکان بدەن و پشوو درێژ بن تا ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن. بەم شێوازە کار کردنە بە سوود وەرگرتن لە پڕۆگرامەکانی ستۆدێۆ کارە تەکنیکیەکانی تا رادەیەک ئاسان کردووە و زۆر جار هەر بە بەکار هێنانی تەکنەلۆجیا سود لە ستۆدیۆ باشەکان وەردەگیرێت لە وڵاتانی تر بۆ باشتر کردنی بەرهەمە هونەریەکان.
بەڵام هەروەک هەموو بوارەکانی تر لەناو ستۆدێۆکانی دەنگیش ئەم پێشکەوتنەی تەکنەلۆجیا سودی لێ بینراوە بۆ هەندێ چاکسازی و گۆڕانکاری و خستنە بەر گوێی بەرهەمێک کە سروشتی دەنگ و کارەکە هێندە دەسکاری دەکرێت کە دەنگ و هەستێکمان گوێ لێدەبێت کە لە راستیدا بوونی نیە.
بەم جۆرە لە کار کردنە لە ستۆدێۆکان دەکرێت هاوشێوەی فۆتۆشۆپ بە ساوەندشۆپ ناوبنێن، چونکە وەک ئەو لەڕێگەی پڕۆگرامەکان دەتوانرێت هەموو دەنگە ناشاز و لادان لە تۆن و ڕیتم چارەسەر بکرێت، دواجار ئەوەی ناڕاستی لەگەڵ دەکرێت خودی گوێگرە، لە گوێ و هزری گوێگر رەنگ و دەنگ و هەستێک بەناوی گۆرانی بێژێکەوە دەچەسپێت کە لەراستیدا بوونی نیە و دەسکردی ئەندازیارەکانی دەنگە لە ناو ستۆدێۆکان، بۆیە هیچ شۆکهێنەر نیە کاتێک گۆرانی بێژێک ببینین و راستەوخۆ گوێبیستی دەنگی ببین گوێمان لە هەست و رەنگ و دەنگێکی تر بین کە زۆر جیاواز بێت لە بەرهەمە تۆمارکراوەکانی.
ئەم گۆڕانکاری و چاکسازیانەی لەدەنگدا ئەنجام دەدرێت لە ناو ستۆدێۆکان زۆرکەسی هاندا کە بۆ بەناوبانگ بوون ببن بەگۆرانیبێژ.
جگە لەوە جارێکی تر ناڕاستی لەگەڵ گوێگران دەکرێت کاتێک لە کۆنسێرت و پرۆگرامەکانی تیڤی و بەشداربوون لە چالاکیە هونەریەکان بەرهەمەکانیان بە شێوەی پلەی باک پێشکەش دەکەن، کە هیچ پێویست نیە و گوێگر گەر مەبەستی بێت دەتوانێت لەهەر شوێنێک بێت گوێبیستی بەرهەمێکی تۆمار کراو بێت، چێژی کۆنسێرتەکان لەو گۆرانکاری و تەکنیک و ئەدا جیاوازانەوە سەرچاوە دەگرێت کە راستەوخۆ و جیاواز لە بەرهەمە تۆمارکراوەکە پێشکەشی گوێگر دەکرێت نەک تەنیا بینیی گۆرانیبێژ لەسەر ستەیج و شاشەی تیڤیەکان و بەرهەمێکی تۆمارکراو و کە پێشووتر چەندین جار گوێبیستی بووین.
بۆیە ئەگەر تەکنەلۆجیا نەبوایە بەشێک لە گۆرانی بێژانی ئەمڕۆ نەیاندەتوانی وەک هونەرمەندێکی ئەم بوارە دەرکەون و تەنیا ئەوانە لە گۆڕەپانەکە دەبوون کە هونەرمەندێکی بەهرەمەند و دەنگ خۆشی سروشتی و پڕ هەستن…

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک