" type="text/css" > Skip to main content

“یان دەبێت بڵێین هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە گۆرانیبێژ یاخود ئەمانە بەگۆرانیبێژ نابێت ناوزەند بکرێن”
هونەر چییە؟

نووسینی: لاس لوقمان
هونەر ژمارەیەک کاری جۆراوجۆرە کە مرۆڤ دەیکات بە مەبەستی دەربڕینی ھەست و بیری یا پیشاندانی شارەزایی و توانای خۆی. چالاکییە ھونەرییەکان دەتوانن ھونەری سۆمایی، دەنگی و نمایشی بن کە ھەموویان ڕێگەیەکن بۆ ئەوەی بەرھەمھێنەری کارەکە ئەندێشەکانی خۆی دەرببڕێت و بیرۆکەکانی خۆی ڕوون بکاتەوە، زۆربەی کات، کارە ھونەرییەکان بە نیازی پێزانین بەو جوانی و ھەستە سۆزییە بەھێزانەی کە دەیبەخشن دروست دەکرێن.
هونەر لە فراوانترین واتادا چالاکییەکى مرۆڤە کە بەرهەمێک دەهێنێتە بوون ئەم چالاکییە هونەرییە بە کوردى ناو دەنرێت “وەستایەتى”. ئێمە هەروەها دەتوانین لە نووسینەکانى ئەفڵاتون و ئەرستۆدا دیدى یۆنانیەکان بۆ هونەر بخوێنینەوە.
لە سەردەمی شارستانییەتی یۆنان ھەموو کارێکی ناوازە و دەگمەن بە ھونەر دانراوە، بەمەرجێک ئەو کارە یان سوودبەخش بێت یاخود چێژبەخش، لەوە سەردەمەدا جیاوازییان لە نێوان ھونەر و پیشەدا نەکردووە، لەسەردەمی یۆنانییەکانەوە تا ناوەڕاستی سەدەی ھەژدەیەم ھونەر وەک بەشێک لە فەلسەفە بووە و جیا نەکراوەتەوە.
فەیلەسووفی یۆنانی ئەفلاتون دەڵێت: ھونەر لاساییکردنەوەی سروشتە, سروشتیش لاساییکردنەوەی بەھا و نموونەی باڵایە بەو واتایەی ھونەر لاساییکردنەوەی لاساییکردنەوەیە و بەھا و نمونەی باڵا ناگۆڕێت, بەڵام سروشت لە گۆڕاندایە، لەبەر ئەوە دەبێت ھونەر بێ زیاد و کەم لاسایی سروشت بکاتەوە, ئەگەر لادانی تیا بوو لە سروشت، شتی نامەعقول و وەھم دروست دەبێت, لە خێر و حەق دوور دەکەوێتەوە, کە لە خزمەتی مرۆڤدا نابێت. بۆیە ئەفلاتون شاعیرانی لە (کۆمار)ەکەی کردە دەرەوە چونکە شتی نامەعقولیان دەوت. لای ئەفلاتون ھونەر لە ڕێگای نوسین, ڕەسم, یاخود دەنگەوە دەردەبڕێت و یەکێک لە مەرجەکانی ڕۆشنبیربوون لەلای ئەفڵاتوون ئەوەبوو کە دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێت، بە بڕوای ئەو تەمەن کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر ئاستی ئەزموون و پێگەشتنی مرۆڤ.
فەیلەسووفی یۆنانی ئەرستۆش دەڵێت: ڕاستە ھونەر لاساییکردنەوەی سروشت و ژیانە, بەڵام نەک گواستنەوەیەکی دەقاودەق, بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی ناتەواوییەکانی سروشت و ژیان دێتەبوون، ھونەر ئەوەیە کە پێویستە ببێت نەک ئەوەی کە ھەیە، کە باسی شیعریش دەکات دەڵێت نابێت شیعر باسی ڕووداوی کۆن بکات بەڵکو دەبێت باسی ئەو ڕووداوانە بکات کە لەوانەیە ڕووبدەن.
ئەگەر بەراوردێکی سادە بکەین لەنێوان گۆرانیبێژانی سەدەی پێشوو بەوانەی ئەمڕۆ بۆمان دەردەکەوێت کەم تا زۆر جیاوازیی هەیە لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی کۆمەڵایەتییان بۆ ڕووداو و وردەکارییەکان و کۆمەڵگە و ڕەگەز و ئاین و کلتور و داب و نەریت.
نمونەیەکی سادەی بەراوردکاری وەربگرین لە نێوان گۆرانیی “ببم بە قوربان” کاتێک عوسمان عەلی لە گۆرانییەکەیدا دەڵێت:
لەبـەر خــاتـری ئـەو جـوتە چـــاوە
بووم بە نەمامـێ لە جـادەی کـاوە
بەڵکـو جـار جـارێ وەکـو رێبـوارێ
زەردەخــەنەیـەک لـە ڕوت ببــارێ
یاخود عەباسی کەمەندی کاتێک لە گۆرانی “نەتۆرێی” دەڵێت:
“ئەم ماڵە بەهۆی تۆوە بەرپایە ئەزیزم
لانەیەکی فەقیرانەیە بۆمی نەڕمێنی نەتۆرێی
وەڵا نیەسم تاقەتی دووریت”
یاخود عەلی مەردان لە گۆرانی “کۆڵان بە کۆڵان”
“ئەگریجە لەسەر کوڵمەکەت لادە
جێی هەزار ڕازو خوازو مڕادە
مەم کوژە بەناز
پەچەکەت لادە پەچەت لادە
مەم کوژە بەناز
پەچەکەت لادە پەچەت لادە
بە دووتا وێڵم سەڵت و سەوادە
بە دووتا وێڵم سەڵت و سەوادە
کۆڵان بە کۆڵان جادە بە جادە”
ئامانە هونەری پیاهەڵدانبوون بە جوانی و پاکی ژندا هاوچەشن لەگەڵ سەدان گۆرانی دیکەی قۆناغەکە لە خۆشەویستی نیشتیمان و خەبات و جوانی سروشت و چەندین بەشی دیکە، زۆرێک لە گۆرانییەکانی ئەو سەردەمە چیرۆکێکی تێر و پڕ و پڕ هەستت پێ دەبەخشن، وێنەیەکەی شعری وایان تێدایە وەک وایە بەدیار فیلمێکی سینەماییەوە دانیشتبیت، دەچیتە ناو گۆرانییەکە و دەبیتە یەکێک لەوان.
هونەرمەند بە شەرمەوە هەندیک وشەی دەربڕیوە و هەوڵیداوە بەردەوام ڕێزی تەواوی چین و توێژوو پێکهاتە و ڕەگەزەکانی کۆمەڵگەکەی بگرێت، نەوەک وەک بەشێک لەم بەناو هونەرمەنانەی بەتەواوی پێمان دەڵێن: “من بۆتۆ گۆرانی ناڵێم” و منەتم پێت نییە گوێ دەگریت یاخود نا، ئەی بۆ کێ دەیڵێن؟ هیچ پێوەرێکی هونەرییان تێدا نییە بەشێکیان تەنانەت لە ستۆدیۆکە بیانهێنیتە دەرەوە ناتوانن یەک گۆرانی بەشێوەی زیندوو بڵێنەوە، کەواتە نە لایریک و نە دەنگ بەکەڵک نەیەت و ئاوازەکانیش زۆربەی تورکی و بیانین دەی: یان دەبێت بڵێین هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە گۆرانیبێژ یاخود ئەمانە بەگۆرانیبێژ نابێت ناوزەند بکرێن”
هەندێک لە بەناو هونەرەکانی ئەمڕۆ، یەکێک لە گۆرانییەکانی ئاریاس جاڤان و توانا سەعید:

” خۆت دەزانی ئەڵێی جێنیفەری، دوکەڵ ئەکەی وەک بۆلوبێری، لەپشتەوە ئەڵێی دوونەفەری شیر و نوتێلا ئەخۆی یان سەروپێ خۆری؟

یاخود یەکێک لە گۆرانییەکانی نەڤید: “زنجیر و بەنەخوێنی ئاوەڵەیە،

هەموو تالێنتەکەی تاوڵەیە،

شەهادەی باشترین فشە کەر،

لەگەڵ هەرچی موهیمە هاوڕێیە، بایدە”

جێگەی سەرنجە بڵێم، چەندین هونەرمەندی بەتوانا هەن لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا ناوەڕۆکی گۆڕاننیەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر جوانن، و شایەنی گوێ لێگرتنن، هەر بۆ نمونە ئەو گۆرانییەی نەڤید کە وەک نمونە باسمکرد ، نەڤید گۆرانی باشیشی هەیە وەک: “بەهانە”.
ئەمەوێت ئەوە زیادبکەم، هونەر شۆڕش بەرپا دەکات هونەر هێزی ژیانە، هونەر هۆکارێکە بۆ مانەوە و ئومێد، لە زۆرێک لە شۆڕشکەنای دنیادا گۆرانی و شعر و ڕۆمان و چەندین بەشی دیکەی هونەر ڕۆڵی گرنگییان بینییوە، هونەرمەند کاریگەری هەیە لەسەر کۆمەڵگا، هونەرمەندێک سەدان ئەوەندەی سیاسییەک دەنگی دەچێتە گوێی خەڵکەوە، سەدان ئەوەندەی سیاسییەکان گوێیان لێ دەگیرێت و ڕێزیان لێ دەگیرێت، پێویستە ڕۆڵی گرنگی خۆیان ببینن و هەست بەوە بکەن لە چ پێگەیەکدان، گۆرانی هەیە بووەتە هۆی گۆڕینی سیستەمی پەروەردە وەک Another Brick In The Wall، یاخود گۆرانییەکەی مایکڵ جاکسن کەبوو بە دروشمی رەشپێستەکان لەجیهاندا All I Want to say that they don’t really care about، جگە لەمەش گۆرانی هەیە بووەتە بەخشەری هیوا و وزە بە خەڵکی وەک گۆرانی Believer و چەندین نمونەی تر، بە بڕوای من گرنگە مرۆڤ بزانێت گوێ لە کێ دەگرێت و کێ بەهونەرمەند دادەنێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ تێکستەکان دەکات.
خالید رەشید لە چاوپێکەوتنێکدا رەخنە لەو ھونەرمەندە کوردانە دەگرێت کە تەنها بەدوای پارەوەن و دەڵێت “ئەو کارانەی کە هەندێک ھونەرمەندی کورد دەیکەن ھەموو ھونەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوانە نەک ھونەرمەند نین بەڵکو ھەمان دەستوری زەمانی زوو خەریکی بژێوی ژیانن، کەس نەی گوتوە نەیکەن، بەڵام با ناوی هونەرمەند نەنێن بە خۆیانەوە”
بەسوود وەرگرتن لە کۆمەڵێک سەرچاوەی جیاواز

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک