" type="text/css" > Skip to main content

چەمکی ڕەسەن و ناڕەسەن لە گۆرانی و موزیکی کوردیدا
نووسینی: توانا حەمە

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو تا دوای ڕاپەرین، گفتوگۆی نێوان هونەرمەندان و موزیسیانان ئەوە بووە ”کام گۆرانی  ڕەسەنە و کام  گۆرانی نا ڕەسەنە؟” لە ڕاستیدا تا ئێستا پێناسەیەکی تەواو بۆ ئەم وشەیە نەکراوە، بەڵام زیاتر مەبەست لە بەکارهێنانی وشەی ”ڕەسەن”، لە موزیکی کوردیدا ئەو گۆرانییە کلاسیک و کۆنانەیە کە لە لایەن گۆرانیبێژانی سەدەی ڕابردووە گوتراون، یان بە دیوێکی تردا ڕەسەن موزیکی  خۆماڵییە، کە هیچ خەوش و مۆرکێکی بێگانەی پێوە نییە. هەرچی گۆرانیی ناڕەسەنە، دەچێتە بازنەی  ئەوانی دییەوە. ئەم گفتوگۆیە لە موزیکی کوردیدا تا ئێستا بەردەوامە، لە ڕاستیدا زۆر جار ئەم وشەیە بە هەڵە بەکار دێت، چونکە مەرج نیە هەرچی کۆن بێت، ڕەسەن بێت. بۆ نموونە ئەگەر بڕوانرێتە بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی عەلی مەردان، بە هۆکاری ئەوەی کە موزیکەکانی ژەنیارانی عەرەب ژەندوویانە، مۆرکی موزیکی عەرەبییان پێوە دەبینرێت. هەروەها گۆرانیبێژی کورد مەزهەری خالقی، هەندێک لە کاری موزیکەکانی تەواو مۆرکی موزیکی فارسیان پێوە دیارە،  بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی لە ڕادیۆی تاران تۆمار کراون. دواجار بە هۆی سەرسامیی خالقی بە هونەرمەندی ئێرانی غوڵامموحسین بەنان، کاریگەریی توندی لە سەر دەنگ و موزیکی خالقی بەجێ هێشتووە. لێرەدا لای بەشێکی زۆر بەرهەمەکانی خالقی ڕەسەنترینن، ئەگەر بە و دوو دیدەی سەرەوە بێت ئەوا هەندێک لە کارەکانی ناچنە ناو خانەی ڕەسەنەوە. لێرەدا ئەم چەمکە دەکەوێتە دووڕیانێک، کە بە بڕوای من لە ئاییندەدا دەبێتە گرفت بۆ ئەو لێکۆڵینەوانەی کە دەربارەی ناسنامەی موزیکی کوردی دەکرێت، چونکە سەرئەنجامی ئەم ناڕوونیە لە بەکارهێنانی چەمکەکاندا، ئەو شوناسەی کە موزیکی کوردی دەیەوێت بۆ خۆی دروست بکات خۆی بزر دەکات. لە دوای ڕاپەرین و بە تایبەت لە ساڵی 1998 بەدواوە، ئیدی هەستی ناسیۆنالستی لە موزیکی کوردیدا گەرچی بەرپەرچی تەوژم و شەپۆلی موزیکی ئەوانی دی دەداتەوە، سەرئەنجام ناتوانرێت بەر بەو شەپۆلە بگرێت چەندین جۆر لە موزیک دێنە بوون. بۆ نموونە زەکەریا عەبدولڵا بە دامەزرێنەری ئەرەبێسکی کوردی دادەنرێت، گەرچی زۆر هەوڵ درا ئەم شەپۆلە موزیکە تورکییە نەبێتە دیاردە و بەری لێ بگیردرێت، کەچی دواجار بە هۆکاری کاریگەرییە سیاسی و بازگانی و ئابووریەکانی وڵاتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان، موزیکی تورکی بووە پێداویستییەکی باو سەردەمییانە بۆ موزیکی کوردی. لەمە بەدوا دەیان گۆرانیبێژی دی دروست بوون بە لاسایکردنەوەی موزیکی  ئەوانی دی هاتنە گۆڕەپانی موزیکی کوردی، دواجار توانیان هەوادار و گویگرێکی زۆر بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە. دواتر لە سەردەستی چەند کەسێک ویسترا هەمان ئەزموونی زەکەریا دووبارە بکەنەوە و موزیکی تەربی عەرەبی بێتە ناو موزیکی کوردی، بەڵام بە توندی لە لایەن تاکی کورد و هەستی ناسیۆنالیستییەوە بەرپەرچ درایەوە و نەیتوانی لە ناو موزیکی کوردیدا جێی خۆی بکاتەوە. کە ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو مێژووە پڕ تراژیدیایەی کە کورد لە گەڵ زمان و دەسەڵاتە سیاسییەکانی نەتەوەیی عەرەبیدا هەیبووە.

لە ئێستادا بە هۆی گەشەندنی ژیاری کۆمەڵاتیی کورد و بوونی کیانۆکەیەکی سیاسی، هەستە ناسیونالستییەکان کاڵ بوونەتەوە و دەیان فۆڕم و ژانری تر لە موزیکی ئەوانی دی لە ناو دونیای موزیکی کوردی، هەر لە موزیکی کلاسیکی ئەورووپی، تورکی، عەرەبی، تا موزیکی ڕاپ دەبینرێت و ئاوێتە بوون لەگەڵ کلتووری موزیکی کوردیدا. دواجار لە لایەن تاکی کوردەوە دوولایەنە سەیری ئەم بارە دەکرێت: هەندێک پێیان وایە پێویستە گۆرانیی کوردی ببێت بە بەشێک لە موزیکی جیهانی و هەندێکیش پێیان وایە پێویستە مۆرکی موزیکی کوردی پارێزگاریی لێ بکرێت و لەناو نەچێت. لێرەدا بە بڕوای من موزیکی کوردی ناتوانێت خۆی بپارێزێت لە شەپۆلی موزیکی ئەوانی دی، چونکە ئەمە کێشەی تەنیا گەلی کورد نییە، زۆرینەی نەتەوەکان لە ژێر هەڕەشەی بەجیهانگیریدابووندان و بەشێکی زۆر لە فەرهەنگی زمان و موزیک و ئەدەبیات و تا دوایی لەناو دەچن و کلتووری موزیک‌تەکنەلۆجی پانتاییەکی فراوان لە موزیکی نەتەوەکان داگیر دەکات. بە بڕوای من باشترین ڕێگە بۆ پاراستی فەرهەنگی موزیکی کوردی لە بز نەبوون لە ناو موزیکی ئەوانی دیدا، ئەرشیفکردن و پاراستنی ئەو فەرهەنگە موزیکییەیە کە لە ڕابردوودا هەبوون و وەک بەشێک لە میراتی ڕابردوو بپارێزرێن و بە دیجیتاڵ بکرێن. چونکە لە ئێستا دونیابینی بۆ موزیک زۆر گۆڕاوە و چەمکی ئەوانی دی و ئێمە تەواو ئاوێتە بوون، ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە، کە زۆرسەختە بتوانرێت ڕێگری لەم دیاردە جیهانییانە بگیردرێت.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک