" type="text/css" > Skip to main content

بەراوردێک لە نێوان موزسیانی دەربار لە مێژوودا، موزسیانە دەربارەکانی باشووری کوردستان لە ئەمرۆدا…

نوسینی: توانا حەمە

ئەگەر راگوزەرێکی خێرا بە نێو پەراوە مێژووییەکانی موزیکدا بکرێت، ناوی سەدان موزسیانی دەربار [خزمەتکار] دەبینێرێت کە لە کۆشکی پاشایەتی، میر و دیوەخانی خانەداناندا موزیکیان ژەندووە، دواجار ھەر ئەمانە بونەتە ھۆی پێشکەوتن و گەشەی موزیک لە تەواوی جیھان و مرۆڤایەتیدا. لە کۆندا ئەوانەی دەربار بوون، بەڕاستی دەبوو شایستەی ئەو پێگەیە بن و ئەو توانایەیان ھەبوایە کە پاشا، میر و خانەدانەکان لە خۆیان رازی بکەن، بە پێچەوانەوە زۆرجار ژیان و گیایان دەکەوتە بەر مەترسی. بۆ نموونە فیرعەونەکان بەوەوە نەدەوەستان، لەگەڵ مردنیان دەبوو موزسیانەکانیان بکوژرێن و لەگەڵ خۆیاندا بنێژرێن. زۆر جار کاتێ کە لە ووڵاتێکی دی، ناوبانگی کەسێکی موزسیانیان بزانیایە ھەوڵیان دەدا بانگێشتی بکەن، زۆر جاریش پاشاکان دەربارەکانیان دەبەخشی لە پای بەرژەوەندییەکی سیاسیدا یان ھەر مەرامێکدا، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە دەربارەکە چەند بە نرخ بووە بگاتە رادەی بەخشین وەکو شتێکی بەنرخ بۆ پاشایەکی دی. بۆ نموونە: گەر بە نێو پەراوە مێژووییەکانی یۆنانیە کۆنەکان، دەبینرێت موزیک چ بایەخێکی زانستی، فەلسەفی و پەروەردەیی ھەبووە، لە ھەمان کاتدا موزیک وەک بەشێکی دانەبڕاوی نێو شارستانیەتی مرۆڤایەتی بەردەوام لە گەشەدا بووە. پاشان لە چاخەکانی ناوەڕاست، گەرچی سیستەمی فیودالی بووە، بەڵام کۆشکە بچوکەکانیش موزیک بەشێکی سەرگەرمی شەوان بوو میرەبچوکەکان و پاشاکان بوو، دواتر سەردەمی ڕێنەیسانس، باروک، کلاسیک
موزیک گەرچی لە نێو کڵێسێکاندا بوو، بەڵام کڵێساکان ئەو دەربارانە مەراسیمە ئاینیەکانیان بەڕێوە دەبرد، کە توانای موزیکیان لە رادە بەدەر بوو، پێویست بوو ھەموو ڕۆژێ شاکاری نوێ بۆ خودا بخوڵقێنن، چونکە پێیان وا بوو، کە کارێک پێشکەشی خودا بکرێت پێویستە لە ترۆپکی جوانی و ناوازەیدا بێت.
بۆ نموونە: دانەری فەرەنسی (لولی) لەکاتی پێشکەش کردنی شاکارێکی بۆ پاشا، لە ھەیەجان و نوقم بوون بە خەیاڵی خودای و مەسیحدا (کوتەک) [جاران لە جیاتی (باتەن- داری دەستی مایسترۆ) بەکار ئەھات] دەکێشێ بە قاچی خۆیدا بەوھۆیەوە توشی گانگری دەبێت و بەو ھۆیەوە لە ساڵی (١٦٨٧)دا دەمرێ.
جگە شاکارەکانی: یۆھان سباستیان باخ، ھاندڵ، ڤیڤاڵدی، ھایدن، مۆتسارت..ھتد. ئەمانە لە یەک کاتدا دەرباری کۆشک و کڵێسا ناودارەکان بوون. بەشێکی دیکەی نێو موزسیانانی ئەم سەردەمانە سەرقاڵی وانە وتنەوە بە چینی ئەرستۆکراتی بوون، وەک فەرمانبەر کاریان دەکرد و شەوە ئاھەنگی موزیکیان بۆ بەڕێوە دەبردن، خانەدانەکان وەکو سەروەت باشی و ناوازەیی موزسیانەکانیان دەبینی.
لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا نموونەی وەک (نەکیسا و باربود) لە ئێرانی کۆندا، ئەفسانەن تا ئێستا بە شانازیی نەتەوەیی سەیر دەکرێن، ئیسحاق موسڵی و (زەریاب) ئەفسانەی کۆشکی ھارونە رەشید، پاشان زەریاب ھەڵدێ لە دەست (ئیسحاق) و دەچێتە ئەندەلوس و دەبێتە دەرباری (خەلیفە عبدئەلرحمانی دووەم) و دواتر دەبێتە ئەفسانەی رۆژھەڵات و رۆژئاوا.
ئەمەی کە باسکرا، راگوزرەێکی ھەزار ساڵی بوو، بەڵام بە بروای من ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە پێشخستنی موزیک لە جیھاندا پشکی شێر بەر دەربارە موزیکیەکان دەکەوێت.

لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ: دەربارەکانی ئێرە کێن! ئایا بەراستی دەربارن؟ ئایا ئەوانە شایستەی دەرباری بوون! توانای ھونەریان چەندە؟ ئایا زۆرینەیان لە جێی ئامێرەکانیان (شەھوەتبازی و بازرگانی بە سینەی ئافرەت) ئامێری دەستیان نەبوو؟ جگە لە خۆ بە مەزە کردن روتبونەوەی سەر شاشەی میدیای میرەکانیان چیان بەرھەم ھێنا؟ ئایا دەربارەکانی خاوەنی چ کەسایەتیەکی ڕۆشنبیری بوون؟ دەربارەکانی ئێمە توانای ژەندن، موزیکدانان، تێڕامان و تێگەیشتنیان چۆن بوو بۆ موزیک؟ تا نەیانتوانی میرەکانیان تێ بگەیەنن، کە پێویستە چۆن لە ھونەر و موزیکی نەتەوەکەیان بڕوانن!؟ ئەو دەربارانەی بە حساب ئەکادیمی بوون و دەسەڵات کردنی بە پێشەنگی ھونەر، ھەندێکیان بڕوانامەی بۆکڕین، چ جۆرە دەربارێکی ئەکادیمی بوون؟
بە بڕوای من لە ساڵانی رابردوو ھێندەی کەرتی نەوت دزی و گەندەڵی لە کاری بە ناوھونەریدا ئەو دەربارانە کردیان! پرسیار ئەوەیە لە پای ئەوە چیان بەرھەم ھێنا؟ جگە لەفەوزایەکی پڕ بێ مۆڕاڵی بەناوی ھونەر و رۆشنبیرییەوە!
بۆیە بە بروای کاتێتی بەر لە ھەر شتێک دادگای دەربارەکانی ھونەر بکرێت، چونکە لە ووڵاتدا ھونەر و رۆشنبیری وەک پاکترین شوێنگەی ھەستە ناوەکیەکانی گوزارشتی مرۆڤایەتی و ھۆکاری گەشە و پێشکەوتنی نەتەوەیەک گەندەڵ بوو! ئیدی تۆ دەتەوێ چ جێیەک بمێنێ بە پاکی!؟

دەربار ئەم مانا گشتیانەش ئەدات نەرێنییانەش دەدات: خزمەتکاری موزیکی، کاسەلێس، پیاوی دەسەڵات… ھتد

توانا حەمە

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک