" type="text/css" > Skip to main content

ئەم بەرهەمە، بریتییە لە شەش گۆرانیی حەسەن زیرەک (1921 – 1972)، کە بە دەنگی تۆمارکراوی خۆی، لەگەڵ ئۆرکێسترای ژێدار ئامادە کراوە. لەلایەن هونەرمەند و کۆمپۆزەر د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمەوە موزیکێکی بۆ دانراوە و بە شێوەیەکی ستاندارد دەنگی حەسەن زیرەکیان لەسەر دانراوە.

ئەم بەرهەمانە بە هاوکاریی تۆڕی میدیایی رووداو تۆمار کراون. کارەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمیی  و بە ئاستێکی ستاندارد ئەڕێنج و تۆمار کراون، هەوڵدراوە بە روونی مۆرکی کوردی و حەسەن زیرەکی تێدا بەرجەستە بن.

د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لەبارەی ئەو شەش بەرهەمەوە دەڵێت، “زیرەک بەر لە کۆچی دوایی، کۆمەڵێک گۆرانیی بەبێ موزیک تۆمار کردوون و، لێهاتوویی و سەلیقەیەکی بێ وێنەی تێدا پێشانداون. نزیکەی زیاتر لە 60 ساڵە ئەم دەنگە تۆمارکراوانە بەبێ ناز کەوتوون و پشتگوێخراون. بۆیە سەرلەنوێ ژیانەوەیان، کارێکی زۆر پێوست بوو.”

هونەرمەند و کۆمپۆزەر د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە سەبارەت بە شێوەی کارکردنی لەسەر ئەو شەش گۆرانییەی حەسەن زیرەک ئاماژەی بەوە کرد، “لەبەر ئەوەی تۆمارکراوەکان لەکاتی خۆیدا کە بە دەزگا و کەرەستەی سەرەتایی تۆمار کرابوون، پێویستیان بە خاوێنکردنەوە و چاککردنی کێشەی دەنگەکانیان بوو. پاشان بەپێی موزیکە نوێیەکانیان، پێویستیان بە چاککردنی چینی دەنگەکان و دواتریش ریتمەکانیان بوو. لە کۆتاییدا پێویستیان بە جۆرە موزیکێک بوو کە لەلایەکەوە لەگەڵ دەنگی زیرەک و مۆرکی کوردی دا گونجاو بێت، لە لایەکی دیکەشەوە ئاستێکی ئەمڕۆیی و ئەکایمیی بەرزی هەبێت.”

شەش گۆرانییەکەی حەسه‌ن زیره‌ک بریتین لە:

كوێستانان
به‌ ته‌ورات
خانزاده‌ خانم
نووری رووخسارت
هه‌وری لار
كاروانه‌

د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لە ستۆدیۆی تایبەتی خۆیدا زۆر بە دڵگەرمییەوە کاری لەسەر ئەو میراتە هونەرییەی کورد کردووە و دەڵێت، “بەرهەمهێنانی کارەکان نزیکەی ساڵێک کاتی پێویست بوو، تاوەکو گەیشتە ئەم ئەنجامە. ئێستا گۆرانییەکان بە جۆرێکن کە دەشێت گشت خۆشەویستانی گۆرانی و موزیکی کوردی چێژی لێ ببینن، گشت خوێندکارانی موزیک لە پەیمانگە و زانکۆکانی موزیک لە کوردستان و دەرەوە سوود لە سکۆر و نۆتەکانیان ببینن، بەتایبەتی خوێندکارانی میوزیک دانان کە زۆر پێویستیان بە نموونەی گۆرانی کوردی ئاستبەرز و زانستییە.”

لەم لینکەی خوارەوە بەرهەمەکان بە شێوەی “پی دی ئێف” بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا سکۆر، نۆتە و دەقی گۆرانییەکان و موزیکەکە بەردەست دەبن بۆ خوێندکاران و بایەخمەندانی موزیکی کوردستان.
ئەنتۆلۆژیای گۆرانییەکانی زیرەک- بەرگی یەکەم بۆ ڤۆکاڵ و چەمبەر ئۆرکسترا
ئەنتۆلۆژیای گۆرانییەکانی زیرەک- بەرگی دووەم بۆ ئۆرکسترای ژێدار، پیانۆ و ڤۆکاڵ


بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک