بالیەی پاراد – بۆمبە گەورەکەی ناو هونەری هاوچەرخ و کۆبوونەوەی چەند کارەکتەرێکی هونەری، لەیەک کاتدا و ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوی موزیک و نووسین و شێوازەکانی نێو بزووتنەوەکان.
نووسینی : ژەنیار ئارام
بالیەی پاراد ،لە ئەنجامی کۆمەڵێک هونەرمەندی ناو فەڕەنسا هاتە ئاراوە، کە لە 1916 بۆ 1917 کاریان تێدا کردوو و نمایشیان کرد ;
کە ئەم کارە، کۆمەڵێک پەیام و هێمای هاوچەرخی لە پشتەوە بوو، کە تەواو پێچەوانەی ئەو شێواز و ڕێچکە کۆنانەی سەدەی پێش خۆی بوو، لێرەدا لە ئەنجامی ئەو هۆکارە ئەم کارە نووسرایەوە، کە دانیشتوانی ئەو سەدەیە، پێیان نابووە ناو سەردەمێکی گێژاو و نوێوە، کە لەم کارەدا هەندێک چیرۆک و ڕووداوی ڕاستی لە پشتی ئەم کارەوەیە، هەر بۆیە بەشێک لە نووسەر و ڕەخنەگران، بە یەکێک بە باشترین بالیە و نمایشی سەدەی بیستەمی دادەنێن.
سەرەتا بیرۆکەی کارەکە، لە لایەن “ژان کۆکتو” ی نووسەرەوە بوو، کە کاتێک لە کۆنسێرتێکی “ئیریک ساتیی” ئامادە دەبێت و گوێبیستی چەند پارچەیەک دەبێت بەناوی (3 پارچە لە شێوەی هەرمێ)، لەم 3 پارچەیەوە ئەو خەیاڵەی بۆ دروست دەبێت کە بالییەک دروست بکات و پاشان بە ساتیی دەڵێت، ساتییش پێشوازی لە داواکەی دەکات، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو کارانەی کە پێشتر نووسیبوویەوە. ئەم کارە دەنووسێتەوە و پاشان ئەمە ئەزمونێکی نوێ بوو بۆ ساتیی، کە کارێکی ئۆرکێسترای ئەوها لەگەڵ بالیەدا بنووسێتەوە، پاش ئەنجامدانی ئەم کارە، کارەکە دەسپێردرێت بە بالیەی ڕوسی سێرگی دیاگلیێڤ، کە خاوەنی بالیەی جیهانی و گەورەی لێنرابوو ;
لەم کارەدا، کۆمەڵێک هونەرمەند بانگهێشت کران بۆ ئەنجامدانی کارەکە : ئیریک ساتیی بۆ موزیک – ژان کۆکتو بۆ نووسینی دەقی سیناریۆی کارەکە (ئاکتی یەکەم)، لیۆنید ماسین بۆ کاری کۆریۆگرافی – پابڵۆ پیکاسۆ وەکو دیکۆری بالیەکە – هەروەها سێرگی دیاگلیێڤ سەرپەرشتی هۆڵی بالیەی ڕووس.
بیرۆکەی موزیکی ساتیی بۆ کارەکە، لە ئەنجامی داڕشتنی تێمایەک دوای جووڵەی یەکەم (کۆڕاڵ – Chorale) بۆ جووڵەی دووەم (Prelude) دادەنێت ، کە سەرەتا تاکو کۆتای، بە هەمان تێما بەردەوام دەبێت، ساتیی لەم جووڵەیەدا سیستەمی (فیوگ)ی زۆر بە وردی جێبەجێ کردووە.
کارەکە لە ڕۆژی هەینی، لە 18ی مانگی 5ی 1917 لە پاریس لە (Thetre du chatelet Paris) پێشکەش کرا، کە هەمانکات لە نیوەی جەن’گی یەکەمی جیهانی بوو، هەروەها (بیرتای گەورە)، بڕیاری هێرشکردنی بۆ پایەتەخت دابوو;
سەرەتا کارەکە پێشوازیەکی گەرمی لەلایەن خەڵکی پاریسەوە لێکرا، بەڵام لەلایەن هەندێک ڕەخنەگرەوە، ڕەخنەی توندی لێگیرا، کە گوایە هونەر و بنچینە و ئاڕاستەی هونەریان بە لاڕێدا بردووە و تێکدراوە، یەکێک لە ڕەخنەگرەکان بەناوی (ژان پۆوی – Jean Poueigh) ڕەخنەی توندی لەو کارە گرت. بەتایبەت لە موزیکەکەی، کە دەیگوت : “بێمانا، ئابڕووبەر، بێ هێزی” هیچی دیکەم نەبینی….
ساتییش لەسەر ئەم ڕستەیە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت :
“تۆ گوێدرێژیت!، بەڵام گوێدرێژێکی بێ هەست و بێ موزیک)…..
بەم جۆرە کارەکە، هەتا ئەم ساتانەش، کاریگەری هەیە بەسەر هونەر و موزیکی ئەم سەردەمە، لێرەدا ساتیی داهێنانێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی و هونەر بە گشتی کرد، بە هەندێک کەلوپەلی و ئامێری نا موزیکی وەک : (سایرێن یان ژاوە ژاو، چەرخی خوولانەوە، کیبۆردی نووسین، بنە پێڵاو، لەگەڵ هەندێک بتڵی شووشە کە لەسەر چەند دەنگێک گۆگرابۆوە، هەروەها دەما’نچەی پیستۆڵ)، لێرەدا پەیامی ساتیی، ئەوەبوو، کە بەدەر لە هەر ئامێرێکی موزیکی، دەکرێت، ئامێرەکانی کاری ڕۆژانەش هەموویان ئامێری موزیکی بن، هەموو ماددە و دەنگێک سروشت بریتییە لە موزیک و ئامێرێکی موزیکی.
ئەوەی ساتیی مەبەستی بوو،. بەشێکی بە جوانی پێکا، ئەوەی دیکەیان مەرگ ڕێگەی نەدا هەڵسێت بە ئەنجامدانی، تا لە دوایدا موزیکدانەری ئەمریکی (جۆن کەیج) ڕێبازەکەی ساتیی دەگرێت و تەواوی دەکات، هەروەها ساتیی پێش ئەوەش، خەریکی کاری ئەوها سروشتی و ماددەیی بوو وەک، کاغەزی پارە و دراوی ئاسن و… هتد، لە نێوان ژێی پیانۆکەی دادەنا، تاکو ڕەنگی دەنگی ئامێرەکە بگۆڕدرێت.
ساتیی هەر بەمەوە نەوەستا، هەڵسا تێکردنی سەمای (ڕاگ تایم) لە یەکێک لە جووڵەکانی کارەکەدا، یاخود (سەمای چینی) لە بەشێک لە جووڵەکانی کارەکەدا.
ئەم بالیەیە بە پێی لێکۆڵەرەوان، بە کارێکی سوریاڵیزم و نیو – کڵاسیزم هەژمار دەکرێت، بەڵام لێرەدا منیش ئەوە دەخەمە ڕوو، کە بەدەر لەو 2 بزووتنەوەیە، لە چەند بەشێکدا، بوونی دادایزم لە ماددە و ماتریاڵی کارەکە و موزیکەکە و لارەکتەرەکان دەبینرێت و هەروەها دەستپێکی موزیکەکە بە سادەی و پاشان کۆتای کارەکە بە هەمان تێما سادەکەی پێشووتر کە ئەمەش ڕەسمی سادەگەری (مینیماڵیزم) دەپۆشێت، یان لە دیکۆر و پۆشینی جلوبەرگی کارەکتەرەکاندا کە پیکاسۆ کردوویەتی، لێرەدا بەدەر لە سووڕیالیزم. کیوبیزمیش رۆڵی خۆی هەیە، چونکە پیکاسۆ بەوە ناوزەند بوو کە کاری لەسەر زۆربەی بزووتنەوە هاوچەرخەکان دەکرد، وەک : (کیوبیزم ، سەرەتا و کۆتای کیوبیزم، پریڤیکتمیزم ، سووڕیالیزم ، ئیکسپریشینیزم… هتد.
جووڵەکانی کارەکە
1- Chorale
2- Prelude of the Red Curtain
3- Chinese Conjurer
4- Young American Girl
5- Ragtime of the Passenger Steamer
6- Acrobats
7- Final
8- Suite of Returning Prelude