" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی توانا حەمە

نمونەیەکی دی،  لە ھونەرمەندانی قوربانی گۆڕانکاری سیاسییەکان، سەید جەواد زەبیحییە، لە دوای کودەتای ئیسلامی ١٩٧٩ی ئێران، سەید زەبیحی نمونەیەکی پڕتراژیدییە،  چونکە نەک ھەر سیاسی نەبوو، بەڵکو کەسێکی ئاینی شیعە مەزھەب بوو، ئەو تەنھا قورئان دەخوێند و، ستایشی ئاینی بەسەر ئیمامی عەلی و ئاینی ئیسلامدا دەچڕی.

لە دوای کودەتا ئیسلامییەکە یەکێک لەو کەسانەی کە لە کونجی زیندانەکانی شۆڕش و نەیارانی شۆڕشی ئیسلامی خزێنرا زەبیحی بوو، تاکە ھۆکاریش ئەوە بوو، کە #زەبیحی لە رادیۆی تاران و لەسەردەمی شادا، ستایش و قورئانی خوێندووە. 

ئەوەی کە بووە پاساو و دۆخەکەی لەسەر زەبیحی توند کرد، ئەوە بوو کە زەبیحی، زۆرجار ئامێری میوزیکی لە ساتی چڕینی موناجاتی ئاینییەکانی ھاوشانی کردووە.  (ئاشکرایە ئەمە لە ئاینی ئیسلامدا رێگە پێدراو و نیە و حەرامە).

ئەمە دەبێتە پاساوێک، نەک تەنھا شۆڕشی ئیسلامی رێی بە خۆیدا زیندانی بکات، بەڵکو دوای ئازاکردنی بە ماوەیەکی کورت، لە پاشنیوەڕۆیەکی ١٥ی تەموزی ١٩٨١ لەلایەن گروپێکی راسپێردراوی (کودەتا چییەکانەوە، دەکوژرێت و بەوەشەوە ناوەستن بەڵکو (لاشەکەیان پارچە پارچە)کرد، پاشان وێنەی پارچە پارچەکراوی لە رۆژنامەی کەیھاندا بڵاو کرایەوە. 

بە بڕوای من زەبیحی یەکێکە لە باشترین دەنگبێژانی ئێرانی و کارامەی لە چڕینی مقامدا ھاوئاستی  (شەجەریان) و زۆرێکی دی لە گۆرانیبێژە دیارەکانی موزیکی سونەتی ئێرانە. قوربانییەکە  لە نێو مێژووی موزیک و یادەوەری ئێرانییەکاندا  بیرناچێتەوە.

پڕۆفایل:

– سید جواد زەبیحی

– لەدایکبووی: ١٩٣١ تاران

– بانگخوێن، قورئان خوێن، ستایشی ئاینی و مقامبێژ.

– شارەزایەکی باڵای لە ئاواز و دەزگا ئێرانییەکاندا ھەبووە، بە خاوەن دەنگێکی رەسەنی ئێرانی ناودەبرێت.

– ئەو کەسانەی موزیکیان بۆ ژەندووە، بریتی بوون لە: (جەلیل شەھناز، حسین کەسایی، ئەسەدوڵا پەیمان و چەندانی تر… کە لە رادیۆی تاران وەک موزیکژەن کاریان کردوە.

– ھۆکاری مەرگ:

– ستایشکردنی ئاینی بە ھاوشانی موزیکەوە.

دەنگی زەبیحی

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان