نووسینی: کوردۆ سەردار
ڕۆڵی موزیک لەسەر خەباتی نەتەوەیی بەقەد خودی بزووتنەوە شۆرشگێریەکان گرینگی خۆی بینیوە و بە درێژایی مێژوو موزیک هێزێکی بەهێز بووە لە داڕشتن و فراوانکردنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان. هەر لە وتنەوەی دروشەمەکان لەسەر ڕیتم و میلۆدیە سادەکان کە بوونەتە هۆکاری فراوان بوونی گردبوونەوە و ناڕەزایەتیەکان، تا دەگاتە مێلۆدییە و گۆرانیە شۆرشگێریەکان کە دواجار بوونەتە ناسنامەی کولتووری میللەتان، موزیک ڕۆڵێکی فرەلایەنە دەگێڕێت لە یەکخستنەوە و بەهێزکردنی تاکەکانی کۆمەڵگاکان کە هەوڵدەدەن بۆ گۆڕانکاری لە نێو گەل و نیشتیمانەکەیاندا.
زۆرجار شۆڕشەکان بە کۆکردنەوەی هەموو لایەن و تاکە دژەکانی ناو کۆمەڵگا گەشە دەکەن، بۆیە موزیک وەک زمانێکی گشتگیر کاردەکات کە ببێتە پردێک بۆ کۆکردنەوەی ئەو دابەشبوونە کۆمەڵایەتی و کولتووریانەی کە لە ژێر چەتری شۆڕش و خەباتە مەدەنی و سەربازیەکان بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشن. گۆرانی و سروودەکان کاریگەریەکی هاوبەشیان هەیە، کە دەبنە هۆی گەشەسەندنی هەستی بەرگری و سەربەخۆیی و ئازادی و نیشتمانپەروەری وخۆڕاگری و…..هتد، لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا. بۆ نموونە لە سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکادا، گۆرانییەکانی وەک ئێمە سەردەکەوین (We Shall Overcome) بووە هێمای هیوا و خۆڕاگری یەکخستنی گرووپە جۆراوجۆرەکان لە هەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتن بە دادپەروەری، کە لە چەندین ناڕەزایەتی و ڕێپێوان و گردبوونەوەدا گۆرانی دەگوترا و تێیدا پەیامی یەکگرتوویی و کۆڵنەدان و سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر نادادپەروەریدا بە قووڵی دەنگی دایەوە.
هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە موزیک هەڵگری پەیامێکە کە بە قووڵی کاریگەری بەسەر مرۆڤەکانەوە هەیە، زۆرجار ناوەڕۆکێکی ووروژێنەری موزیک و گۆرانیەک یان سروودێکی شۆرشگێری، دەتوانێت بەها و ئامانج و بێزارییەکانی بزووتنەوەیەک بە شێوەیەک بخاتەڕوو کە وتار و پەیامەکان یان مانشێتی ڕاگەیاندنەکان هەندێک جار ناتوانن.
بۆ نموونە گۆرانی (The Times They Are A-Changin)ی بۆب دیلان (Bob Dylan)، کاریگەری هەبوو لەسەر ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکوانان لە ساڵانی شەستەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا.گۆرانییەکە لە قۆناغێکی هەستیاری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرچاو لە ئەمریکا، بوو بە سروودێکی بەهێزی سیاسی و لە نێو گەنجاندا دەنگی دایەوە.
لە زۆرێک لە شۆڕشەکاندا، موزیک وەک پارێزەری شوناسی کولتووری ڕۆڵدەبینێت، پارێزگاری لەو نەریتە کولتووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیانە دەکات کە ڕژێمە ستەمکارەکان هەوڵی سڕینەوەیان دەدەن. لە خەباتی نەتەوەیی گەلی کورددا، مێلۆدی و تێکستی نیشتیمانی بۆ پاراستنی هەستی شوناس و خۆڕاگری ڕۆڵی کاریگەریان بینیووە، ئەم گۆرانی و موزیکانە لە بەرامبەر سەرکوتکردنی گەلی کورددا، بەکارهێنراون. هەندێ جار ئەم سروود و گۆرانیانە بە ناڕاستەوخۆ هەڵگری پەیامی شۆڕشگێرانەبوون و ڕێنمایی و ڕێنیشاندەر بوونە بۆ بزووتنەوە و خەباتی نەتەوایەتی، ئەمە لەکاتێکدا لەژێر ناو و ناونیشان و تێکستێک پەخش و بڵاوکراونەتەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک گۆرانی شۆرشگێری نەناسراون.
بەدرێژایی شۆرشە یەک لەدوا یەکەکانی کورد هەمیشە موزیک و گۆرانی ئامادەیی هەبووە و ڕۆڵی بەرچاوی بینیووە لە ڕاپەرین و خۆپیشاندانەکان و هاندانی جەماوەر، هاوشان لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆرشەکان تیپی موزیک و سروود و گۆرانی نیشتمانییش سەرهەڵدەدەن، هەوەک درووست بوونی تیپی موزیکی شۆرش لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم تیپە بە نمایشی چالاکیە موزیکیەکانیان لە یاد و بۆنەکان هەروەها تۆمارکردنی سروود و گۆرانی نیشتیمانی کە لە ڕادیۆکان پەخش کراون، هاندەرێکی باش و کاریگەر بوونە لە سەر بەرزکردنەوەی ڕوحی نەتەوەیی لەلای تاکی کورد و هیزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە ڕاپەڕینەکانی گەلی کورد تا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ کە سەرئەنجام درووست بوونی کیانێکی کوردی لە باشوری کوردستانی لێکەوتەوە، گۆرانی و موزیک و سروودە نیشتیمانیەکان بەشێک بوون لە تەواوکاری ئەو پلان و نەخشە سیاسییەی کە بۆ ڕاپەڕین و ئازادبوونی ناوچەکانی کوردستان داڕیژرابوو، هەر بۆیە هەمیشە لەکاتی ئازادکردنی ناوچەیەک لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی پێشوو، ئەو موزیک و گۆرانیانە پەخش دەکران لە کاتی سەرکەوتنەکان کە دەبوونە هۆی هەستی جۆشدان، لەکاتێکدا بۆ کۆست و شەهیدبوونی سەرکردەکان ئەو موزیکە خەمناکانە پەخش دەکران کە هەستی سۆزداری تاکی کوردی دەوروژاند و ڕووحی تۆڵەسەندنیەوەی لە ناخیاندا دەچەسپاند، هەندێ جار ناوی ئەو موزیکانە بەناوی خۆیانەوە نەدەناسران بەڵکو بەپێی بەکارهێنانیان بۆ ئەو مەبەست و بابەتەی پەخش دەکران ناودەبران وەک موزیکی (کاروانی نەمران – یان کاروانی شەهیدان).
لە ساڵی ٢٠٠٣ لەسەروەختی ڕووخانی دەسەڵاتی پیشوو لە تەواوی عێراق کە بەشیک لە و ناوچە کوردیانەش ئازادبوون کە هێشتا لەژێر ئەو دەسەڵاتەدابوون، موزیک ژەن و گۆرانیبێژان لەو کاتەدا بە چەندین گۆرانی و موزیکی نیشتیمانی ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بینی کە سەرئەنجام بووە هۆی هێنانە کایەی دەیان بەرهەمی موزیکی ناوازە کە بەشێکیان تا ئەمڕۆش ڕۆڵ و کاریگەریان هەر وەک خۆی ماوە و بگرە لە تەواوی پارچەکانی کوردستان لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەیەکاندا و خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکاندا هاوشانی سروودی نیشتیمانی (ئەی رەقیب)، پەخشدەکرێن وەک گۆرانی (کوردستان)ی هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵا و سروودی نیشتیمانی (هەر کوردین و هەر کورد ئەبین).