نوسینی توانا حەمە
ئاواز و تێکستی گۆرانییەکە زۆر تایبەت و ناوازەیە، بەداخەوە وەک ھەمیشە ئاوازەکە کوردی نییەو وەرگیراوە، مێژووکەی بۆ سەردەمی باروک دەگەڕێتەوە،: واتە کارەکە لە نێوان (١٧١٠- ١٧٣٦) نوسراوە و کاری دانەری ئیتاڵی: جیۆڤانی باتێستا پیرگۆلیس Giovanni Battista Pergolesi)ە، بەڵام کارەکە بە بیرێکی سەردەمی و ئەکادیمیانە دووبارە کاری موزیکی بۆ کراوە، کە جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چەند خاڵە دەخەمەروو.
– تەکنیکی (داڕشتنی موزیک)ی ئەم کارە ھەمان، تەکنیکی کارەکانی پێشووی موزیکدانەرە و ھیچ گۆڕانکارییەکی ئەو تۆی نەکردووە، بڕوانە: (ھەوری لار، ھەرکوردین و ھەر کورد ئەبووین). جگە لە بەکارھێنانی (ڤیۆلا د ئامۆر) کە زۆر بەجوانی ڕۆڵی وەک سۆڵۆ پێدراوە، جگە لەوە کارێکی ئەوتۆ و پێشکەوتنێک لە کاری موزیکدانەرەکە نابینرێ، کارەکە زیاتر (کەڤەر)ە نەک موزیکدانان.
– بەداخەوە دەنگی ھۆمەر دزەیی بەتەواوەتی شێوێندراوە لە ڕێگای (پرۆگرامی ئۆتۆ توین)، (فلتەرکردن)، لە بەرژەوەندی دابەشکاری موزیکدا، ناسنامەی دەنگی ھۆمەر دزەیی گۆڕاوە بۆ دەنگێکی بارگاوی کراوی بێ گیانی ئیلکترۆنی، لە ھەندێک شوێندا بە نموونە: گوێ لە رستەی: (بڕوا من سرووەی بەیان بوام….) کە گوێ دەگری، تۆنێکی دروسکتکراوی، دەستکاری کراو، بە ئامانجی چاکسازی (شاردنەوەی (نەشاز) ھێندەی دی ئەو بەشەی (ناساز) تر کردووە، بەتایبەت بۆ گوێی موزسیان و گوێگری باش مایەی سەر ئێشەیە.
– سەرەڕایی ئەوە ھۆمەر دزەیی بە سوڵتانی ئیرۆتیکا ناو دەبرێ، بەڵام موزیکی کوردی ئەگەر ئیرۆتیکا دەربھێنرێت ھیچی نامێنێ، (زیرەک، ماملێ، مەردان.. ھتد) ئەمانە ناوەخنی گۆرانییەکانیان پڕەن لە ئیرۆتیکا، بەڵام زمانی ووشە و تێکستی (دزەیی) جیاوازە و سەردەمییە بۆیە تاڕادەیەک ڕەوایەتی ھەیە گەر ئەم نازناوەی پێدەدرێ، بۆیە گەر گوێ لە تێکستی کارەکە بگری، ھەمان ئیرۆتیکای خۆزگە ئەو خەوەی ڕابردوی بەرھەمەکانی پێشوویەتی گۆڕانی ئەوتۆی لە ووشە و تێکستدا نەکردووە، بە ھەمان شێوە میلۆدی وەرگیراوی بەکارھێناوەتەوە.
بە ھیوای سەرکەوتن بۆ ستافی ئەم کارە، بە ھیوای کاری باشتر…. گەرچی دەزانم تێبینیەکان بە ھێند وەرناگیرێ، بەڵام ھەر کارێک لە ژێر ناوی ئەکادیمیا بکرێ، ڕێ بەخۆم ئەدەم وەک ئەکادمیستێک سەرەقەڵەمێک بنوسم.
جیۆڤانی: (١٧١٠-١٧٣٦) لە دایک بوی ئیتاڵیایە و بە یەکێک لە دانەرە دیارەکانی سەردەمی بارۆک دادەنرێت.