" type="text/css" > Skip to main content

نێعمەت زەحمەتکێش، نووسەر و چالاکوانی یارسان، مێژووی “هۆرە” بۆ ئەو سەردەمە سەرەتاییانە دەگەڕێنێتەوە کەوا مرۆڤ لە ئەشکەوتەکاندا ژیاوە، بەڵام دواتر خراوەتە خزمەت حەماسە و ئایین.

هۆرە شێوازی گۆرانیی ناوچەکانی خوارووی رۆژهەڵاتی کوردستانە و زیاتر لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام باوی هەیە، بەڵام نیعمەت زەحمەتکێش دەڵێت: لە باشووری کوردستانیش هۆرە ئۆگری هەیە.

بەگوتەی نێعمەت زەحمەتکێش، 72 مەقامی هۆرە هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هۆرە خاوەنی نەبووە و ناوەندێک نەبووە کۆی بکاتەوە، رەنگە هەندێکی لەنێو چووبێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

پرسیار: هۆرە شێوازێکی گۆرانیی تایبەت بە یارسانەکانە، وایە؟ یان تایبەت بە ناوچەکانی خوارووی کوردستان بە گشتییە؟

نێعمەت زەحمەتکێش: هۆرە جوگرافیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ نموونە هەولێر هۆرەچڕی نییە یان رەنگە هۆگریشی نەبێت. بەڵام هەر لە کرماشان و لەو شوێنانەی کەوا ناوەندی هۆرەن تاوەکو ناوچەی سوورداشی نزیک سلێمانی هۆرەچڕی هەیە و پێشوازیش لە هۆرە دەکرێ. بۆ نموونە لە گەرمیان پێشوازی لە هۆرە دەکرێ.

پرسیار: پرسیارەکە ئەوە بوو، هۆرە تایبەت بە یارسانەکانە یان ناوچەکانی خوارووی کوردستان.

نێعمەت زەحمەتکێش: جارێ باسی جوگرافیای هۆرە بکەم. لە کامێران [شارێک لە نێوان کرماشان و سنە] بەرەو سەرەوە پێشوازیی لە هۆرە ناکرێ، بەڵام کامێران ناوەندێکی هۆرەیە. لە شاری پاوە کە نزیک کامێرانە، هۆرەچڕ نییە. هۆرە جوگرافیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوە راستە لەنێو یارسانەکان گرنگیی زۆر بە مۆسیقا و ئاوازی رەسەن دراوە، بە هەمان شێوە گرنگیی زۆریش بە هۆرە دراوە. چونکە سەردەمانێک هۆرە بۆ ستایشکردن و پیاهەڵگوتنی ئایین بووە.

پرسیار: مێژووی هۆرە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

نێعمەت زەحمەتکێش: تاوەکوو ئێستا کەس لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەمە نەکردووە و کۆنترین بەڵگە لەسەر هۆرە بخاتەڕوو. بۆ نموونە لەسەر ئامێری مۆسیقا دەڵێن بەپێی ئەو بەڵگەیە لە فڵان کاتەوە هەیە، یان لەسەر شتێک دەڵێن نەخشێک یا پەیکەرێکیان لێ دۆزیوەتەوە، بەڵام هۆرە چونکە دەنگ بووە، دەنگیش وەکو بەرهەمێک کەمتر دەمێنێتەوە، بۆیە کەس نازانێ. بەڵام لە دەقە کۆنە یارسانەکان، کە ریشەیان بۆ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئاماژەی پێکراوە و گرنگیی پێدراوە.

پرسیار: لە دەقی چەند ساڵ لەمەوبەر؟

نێعمەت زەحمەتکێش: لە دەقەکانی نزیک هەزار ساڵ لەمەوبەر نیشانەکانی هۆرە دەبینرێت. بەڵام هەندێک کەس پێیان وایە بۆ 7 هەزار، 8 هەزار و 10 هەزار ساڵیش دەگەڕێتەوە. بەڵام من پێم وایە بۆ سەردەمێک کەوا مرۆڤە سەرەتاییەکان کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون هەستە دەروونییەکانی خۆیان بە دەربڕینی ئەم دەنگەدەنگانە دەربڕیوە و وردەوردە چوارچێوەیەکی بۆ دروست بووە و کاتێک زمان کراوەتەوە و شیعر گوتراوە هۆرەش رێکدەخرێت و هۆرە دەکەوێتە خزمەت حەماسە و ئایین.

پرسیار: هۆرە سەرەتا عاشقانە بووە؟

نێعمەت زەحمەتکێش: هۆرە سەرەتا عیشقی مرۆڤ و سرووشت بووە، شتێک بووە لەنێوان مرۆڤ و سرووشت

پرسیار: بەڵام دواتر تێکەڵ بە رێوڕەسمە ئایینییەکانیش بووە؟

نێعمەت زەحمەتکێش: رێک وایە. ئەو کاتەی مرۆڤ لە سرووشت و ئەشکەوتدا ژیاوە، جوانییەکانی سرووشتی بە هۆرە گوتووەتەوە. دواتر کە ئایین و باوەڕ دروست بوو، هۆرە دەکەوێتە خزمەت ئایینەوە. هەر ئێستاش کاریگەریی هۆرە دەیبینیت، هۆرە هەم لەنێو پەیڕەوانی سوننە مەزهەب یان لەنێو یارسان یان لەنێو تەریقەتەکان بە هۆرە وەسفی پیرەکانیان دەکەن.

پرسیار: یاسا زەردەشتییەکان بە هۆرە دەخوێنرێت؟

نێعمەت زەحمەتکێش: نا. رەنگە لە سەردەمی کۆندا خوێندرابێت، بەڵام ئێستا لەنێو زەردەشتیدا نییە، ئێستا هۆرە موڵکی خەڵکی کوردە و تەنیا لەنێو کورددا هەیە.

پرسیار: چەند جۆر هۆرەمان هەیە؟

نێعمەت زەحمەتکێش: هۆرە بەسەر چەندین بەش دابەش بووە. ناتوانین بڵێین چەند جۆر هۆرە، دەتوانین بڵێین چەند “مەقام”ی هۆرە. ئەمە بۆ توانایی هۆرەچڕەکە دەگەڕێتەوە. هۆرەچڕی وا هەیە دەتوانێت چەندین مەقام بچڕێت و هۆرەچڕیش هەیە دەتوانێت یەک مەقام بچڕێت. بۆیە ناتوانین چەند مەقام دەستنیشان بکەین. بەڵام چەند شێوە هۆرە… هۆرە سەردەمانێک لە بواری ئاییندا بەکار هاتووە، ئێستا لە وەسفی سرووشت و حەماسە و… هەیە

پرسیار: هۆرە چۆن تێکەڵ بە ئایین بووە؟

نێعمەت زەحمەتکێش: ئەوانەی کە ستایشی خودایان کردووە و نزاکانیان لە رێگەی هۆرەوە دەربڕیوە.

پرسیار: هۆرە خزمەتی کردووە بە زیندوو مانەوەی ئایینی یارسان؟

نێعمەت زەحمەتکێش: هۆرە نەک تەنیا خزمەتی بە ئایینی یارسان کردووە، بەڵکو خزمەتی بە سێ زاراوەی سەرەکیی زمانی کوردی کردووە. بۆ نموونە هۆرەچڕمان هەیە کەڵک لە شیعری سۆرانی وەردەگرێت، یان هۆرەچڕمان هەیە کەڵک لە گۆرانی وەردەگرێت، یان هۆرەچڕمان هەیە کەڵک لە شیعری ناوچەکانی خوارووی کوردستان وەک کەڵهوڕی، ئیلامی و فەیلی و… وەردەگرێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی فۆلکلۆری کوردی بەتایبەت لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان، هۆرەیە. هۆرە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو هەمووە شیعرە کوردییە لەبەر بکرێ.

پرسیار: هیچ کام لە شێواز و مەقامەکانی هۆرە لەنێو نەچوون؟

نێعمەت زەحمەتکێش: باسم کرد، ئێمە بەڵگەیەک یان شتێکمان لەبەردەستدا نییە کە لە مێژووی کۆندا هۆرە چەند بەزمی هەبووە. بۆ نموونە ئێمە دەزانین لە رابردوودا 72 مەقامی فردیوەریی مۆسیقامان هەبووە. بەڵام هۆرە چونکە خاوەنی نەبووە و ناوەندێک نەبووە ئەم شتانە کۆ بکاتەوە، رەنگە هەندێکی لەنێو چووبێت. بەڵام دیسان ئەمە بۆ تواناییەکانی هۆرەچڕ دەگەڕێتەوە، هۆرەچڕ هەیە لە هۆرەچڕە کۆنەکان باشتر هۆرە دەچڕێت.

پرسیار: ئێستا هۆرە بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەی شین و سەرخۆشی یان دانیشتنە دۆستانەکان و… هۆرە دەچڕن

نێعمەت زەحمەتکێش: بەڵێ. هۆرە حەماسی هەیە، دڵداری هەیە، دەتوانێت لە وەسفی خودا و ئاییندا بچڕێت، دەتوانێت وەسفی مەعشووقدا بچڕێت، لە وەسفی هەموو شتدا دەتوانێت بچڕێت.

پرسیار: جیاوازیی نێوان هۆرە و سیاچەمانە چییە؟

نێعمەت زەحمەتکێش: جیاوازییان زۆرە. سیاچەمانە دەکرێ لەگەڵ مۆسیقا یان بەبێ مۆسیقا و بە چەپڵەش بگوترێت، بەڵام هیچ مۆسیقایەک لەگەڵ هۆرەدا ناگونجێت. ئاهەنگی هۆرە لەگەڵ خۆیدایە.

پرسیار: خۆت هۆرە دەچڕیت؟

نێعمەت زەحمەتکێش: دەنگم خۆش نییە، بەڵام هەر بۆخۆمان هۆرە دەکەین، هۆرەچڕین لای ئێمە نەریتە.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک