په‌یامێک بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵی (ئاوازی گەلان) له‌سلێمانی
نووسینی: پێشڕەو بابان
جێگه‌ی شه‌رمه‌زارییه که له‌بۆنه‌یه‌کی له‌و جۆره‌دا له‌شاری سلێمانیدا گروپێکی عێراقی بانگهێشتکراوه که کۆنه به‌عسییه‌ک ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات! که هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده کوردانه‌ی له‌به‌غداد له‌په‌یمانگاو ئه‌کادیمیای هونه‌ر خوێندیانه له‌هه‌شتاکاندا، باش ئه‌و کابرایه ده‌ناسن، جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه که له‌ناو ئه‌و هه‌موو گروپه فۆلکلۆری و نوێیانه‌ی عێراقدا ئه‌و گروپه بانگهێشتکراوه.
بۆ ده‌بێت ئێمه‌ی کورد ئاوا بێباکانه‌و به‌ئاسانی زامەکانی ئه‌و ساڵانه‌مان بیربچێته‌وه که به‌ده‌یان و سەدان گه‌نجی ئه‌و شاره بههونهرمهندانیشهوه شه‌هیدکران و په‌لکێشی زیندانکران و ئازارێکی زۆریان چه‌شت به‌ده ستی به‌عسییه‌کان و ڕژێمی له‌ناوچوی دیکتاتۆری عێراق که خۆم یه‌کێکم له‌و هونه‌رمه‌ندانه!
پێویسته ئه‌و ده‌زگا و که‌سایه‌تیانه‌ی ئه‌مجۆره بۆنه‌و فێستیڤاڵانه ڕێکده‌خه‌ن ڕێزیک بۆ مێژوی قوربانیان و زیندانیانی سیاسی ئه‌و شاره دانێن و ئه‌و که‌سایه‌تییه ناشرینانه‌ی سه‌رده‌می به‌عس نه‌خه‌نه سه‌ر شانۆ له‌شاری (ههڵمهتو قوربانی)!
ئه‌م هه‌موو پاره‌یه له‌موزیکی گه‌لان و ئاوازی میلله‌تانی تردا له‌ژێر ناوی جۆراو جۆردا سه‌رفده‌کرێت، له‌کاتێکدا هه‌ندێ له‌هونه‌رمه‌نده‌کانی خۆمان که هه‌وڵی بهئهکادیمیی کردن و به‌جیهانییکردنی موزیکی کوردی ده‌ده‌ن، ده‌بێت پشتگوێبخرێن!
ئه‌مه به‌دبه‌ختی میلله‌تی کورده که هیچ پلانێکی پێشوهخهو درێژخایه‌نی نییه نه‌بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها بۆ که‌لتورو هونه‌رو ئه‌ده‌ب!
ئێستاکه‌ش به‌چاوی خۆمان ده‌بینین و به‌گوێی خۆمان ده‌بیستین چی ڕوده‌دات له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و چه‌ته‌کانی به‌غداد که کورد هێنانیه‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات! جێگه‌ی داخه‌و ئازاره‌کان زۆرن. ناشکرێ ئێمه‌مانان هه‌ر بێده‌نگی هه‌ڵبژێرین، له‌کاتێکدا ئه‌م هه‌موو کارهبێبنهماو هه‌ڵانه ده‌بینین!