هونەری فلامێنکۆ
“هونەرێک، هەم پڕ لە خۆشەویستی و هەڵوێست و خۆبوون، هەم دژ بە چەوسانەوە و کاری نا مرۆڤانە.”
نووسین و ئامادەکردنی: سامان کەریم
کاتێک باس لە میوزیکی فلامێنکۆ دەکەین، پێویستە باس لە مێژووی قەرەج بکەین. قەرەجەکان، لە سەدەی “پێنج،”دا لە وڵاتی هیندستانەوە کۆچیان بەرەو ناوچەی ئاناتۆڵیا کردووە. لە سەدەی، “یانزە،”دا بە چەندین ناوچەی جیاوازی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە. ئەو قەرەجانەی لە باکووری ئەفریقاوە کۆچیان بۆ ئیسپانیا کردووە، ڕووبەڕووی دەرکردن، ئەشکەنجەی جۆراو جۆر، دوورخستنەوە و مردن بوونەتەوە. لە ساڵی 1449 _1783 زیاتر لە 11 یاسای قەدەغەکردن دژ بە قەرەجەکان لە ئیسپانیا دەرچووە. ئەم یاسایانە، سزای مردن و سزای جۆراوجۆری تێدایە بووە تا قەرەجەکان لە شێوازی ژیان و کلتوور و زمان و جلوبەرگی خۆیان داببڕێنن. لەبەرئەوەی ئیسپانییەکان کاسۆلیک و کریستیان بوون، دوژمنانە لە قەرەجەکانیان ڕوانیوە، هەم وەک بێ دین لێیان ڕوانیوون، هەمیش وەک مرۆڤ تەماشایان نەکردوون.
دواتر بە تەواوەتی قەرەجەکان لە ناوەڕاستی سەدەی، “پانزە،” لە ئیسپانیا دەستیان بە ژیان کردووە. هەڵبەتە ئەو قەرەجانەی لە باکوری ئەفریقا و میسر و هەنگاریاوە کۆچیان بۆ ئیسپانیا کردەوو، پێیان دەوترێت: خیتانۆس_ هەنگارۆس.
ئەم ناوانە، دووبەشی گەورەی قەرەجەکانن لە ئیسپانیا، بەڵام ئەو قەرەجانەی کۆچیان بەرەو وڵاتانی، عێراق و سوریا کردووە، پێان دەوترێت، “دۆم،” ئەو قەرەجانەی لە تورکیا دەژین، پێیان دەوترێت، “چینگەنە،” ئەو قەرەجانەی لە ناوچەی باڵکان دەژین، پێیان دەوترێت، “ڕۆمەن”.
مۆزایکی کولتوور
کاتێک باس لە ئەندەلوس دەکەین، پێویستە خاڵێکی گرنگ لە یاد نەکەین، ئەویش کولتووری عەرەبەکانە، کە زیاتر لە 700 ساڵ لە ناوچەی ئەندەلوس دەسەڵاتدار بوون. لەبەر ئەوە، هەم کولتوور و میوزیکی عەرەب، هەم میوزیکی موسەوییەکان و کولتوور و میوزیکی قەرەجەکان کاریگەرییان لەسەر هونەری فلامێنکۆ هەیە. لەبەرئەوەی قەرەجەکان کۆچبەر بوون، هەمیشە بەشێک لە کولتووری ئەو ناوچەیان هەڵگرتووە، کۆچیان بۆ کردووە و توانا و بەهرەیەکی زۆریان لە بواری هونەری میوزیکدا هەبووە، بونەتە هۆی ئەوەی، ئەو مۆزایکە کولتوورییە پێکبهێنن، ئەمڕۆ بە هونەری فلامێنکۆ ناوی دەبەین. هەڵبەتە وشەی فلامێنکۆ مێژووەیەکی دیاریکراوی نییە تا بزانین وشەکە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، وشەی فلامێنکۆ لە بڕگەی، “فلاح منکم”ەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە بە واتای، “جوتیارێک لە ئێوە،” دێت.
دەتوانین بڵێن، ستایلی فلامێنکۆ دوو بنچینەی سەرەکی هەیە:
1. میوزیکی فۆلکلۆر و ئەندەلوسیا
2. قەرەجەکان
کولتووری ئەندەلوس
ئەو کولتوور و مۆزایکە جیاوازانەی لە ئەندەلوسدا بووە و لە سەدەی “8” تا سەدەی “15” فلامێنکۆیان پێک هێناوە، لەگەڵ ئەو جۆرە میوزیکانەی لە ئەندەلوس گوێیان لێ گیراوە، ئەمانەبوون:
1. میوزیکی دینیی بیزەنت، کە تا سەدەی هەشت “8” لە کڵێسای مۆزارابیک لە کۆردۆبا پارێزراوە.
2. شاعیری بەغدادیی، “زریاب” و میوزیکی سوریی.
3. میوزیک و گۆرانیی ئیسلامیی.
4. ئاوازی ئیلاهی و سیستمی میوزیکی موسەوی.
5. میوزیک و گۆرانیی عەرەب.
ئەم کۆمەڵە کولتوورە جیاوازە و کولتووری ئەندەلوس، لە سەرو گشتیانەوە، کولتووری قەرەجەکان، ئەو فلامێنکۆیەی ئێستایان پێکهێناوە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگی لە جیهاندا داوەتەوە. هەر لەو سەردەمەی قەرەجەکان لە کووچە و کۆڵان و ئاهەنگ و بۆنەکاندا گۆرانییان دەوت و سەمایان دەکرد تا بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە، هەڵوێستیان بەرامبەر زۆرداری و نەهامەتی وەردەگرت، هەستی ناخ و عەشق و ڕق و هاواری مرۆڤایەتیان دەردەبڕی، تاکو سەردەمی، “کافێ کانتانتێ،” (ئەو کافێیانەی، گیتار و گۆرانی و سەما تێیاندا ئاوێتەی یەکتری ببوون،) بنچینەیەکی پتەویان بە هونەری فلامێنکۆ، لە ساڵی 1840 تا ساڵی 1910 بەخشی. بە تایبەتی لە شاری سەڤییا، بنچینەی پرۆفشناڵبوونیان لە ستایلی فلامێنکۆدا پتەوتر کرد. لەبەر ئەوە، ئەو سەردەمەی هونەری فلامێنکۆ، پێی دەوترێت، “سەردەمی ئاڵتوونی،”ی.
دوای سەردەمی، “Caffe Cantente” هونەری فلامێنکۆ لە هۆڵە گەورەکاندا نمایش دەکرا و هەواداران سەردانی هۆڵەکانیان دەکرد تا چێر لە نمایشەکان ببینن، دواتر هونەری فلامێنکۆ بە گشت جیهاندا بڵاوبووەوە. هەڵبەتە هونەری فلامێنکۆ لە جیهاندا خۆشەویستە، چونکە هونەرێکە، ڕاستەوخۆ کار لە هەست و ناخی مرۆڤ دەکات.
چەندین گیتارژەن و گۆرانیبێژ و سەماکاری بلیمەت لە بواری فلامێنکۆدا دروست بوون و ئەم هونەرەیان دەوڵەمەندتر کردووە.
فلامێنکۆ و جیهان
ئەمڕۆ هونەری فلامێنکۆ، سنووری ئیسپانیای تێپەڕاندووە و لە گشت جیهاندا گرنگی پێ دەدرێت. ئەم هونەرە بووە بە، “میراتی کولتووری جیهان” و بە شێوازێکی ئەکادیمی لە فێرگە تایبەت و زانکۆکانی جیهاندا دەخوێندرێت.