" type="text/css" > Skip to main content

ڕەخنە لە کوێی موزیکی کوردیدایە؟
نوسینی: توانا حەمە

گەرچی ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆگرتن، بە بناغەی تەواوی کایە فەرهەنگییەکانی وەک: (هونەرەجوانەکان، ئەدەب، کلتور، رامیاری ..ھتد) دادەنرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم:
ئەم چەمک و گوتارە لە نێو کایەی موزیکی باشووری کوردستاندا، لە ئاستی نەبوون یاخود سەرەتاییدایە.
هەرچی ئەو کەسانەی کە هەندێک جار لەم بوارەدا ووتار دەنوسن، بە هۆکاری نەخوێندەواری کایەی هونەری موزیک و تێنەگەیشتن لە گرنگی ئەم چەمکە، نوسەرەکە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە کۆمەڵێک گرفتدا گوزەر دەکات، کە نەک بابەتەکەی گفتوگۆیەکی لۆژیکی و ئەکادیمی دروستی لێناکەوێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆکاری ناکۆکی تەنانەت پچڕانی پەیوەندییە هاوڕێیەتی و کۆمەڵایەتییەکان، لە نێوان رەخنەگر و رەخنە لێگیراوەکەدا.
هەر ئەم هۆکارەیە کە ئاستی نوسین و گفتوگۆی ئەکادیمی لەم بوارەدا نە هاتۆتە کایەوە و رۆڵی خۆی نەگڕاوە. گەرچی چەمکی ئەکادیمی کە بواری موزیکدا زۆر دەبیسترێت، کە بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی بواری ئەکادیمی، رەخنەگرتن و گفتوگۆی ئەکادیمیە، کەچی تەنانەت لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا نەک کاری بۆ ناکرێ بەڵکو خوێندکارانی رەخنەگر سەرکوت دەکرێن، کە لە راستیدا زانکۆکان جگە لەوەی دەبێت سەرچاوەکی گرنگی دروست بوونی مەعریفە، دیبەیتی ئەکادیمی، هەلسەنگاندن و گوتاری رەخنەیی بن. لە باسکردنی بابەتی رەخنەدا هەلسەنگاندنی ئەم بوارە بەر لە هەر کەس و جێییەک پێویستە روو بکەیتە ناوەندە ئەکادیمییەکان چونکە زانکۆکان لە سەر ئەم چەمکە بنیاتنراوە.
بۆ هەلسەنگاندنی ئاستی گوتار و چەمکی رەخنە، ئەم نموونە گچکەیە دەخەینەڕوو:
کاتێک لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا باسی دانەرە موزیکیە جیهانییەکان دەکرێت، هەمیشە ژیانی لاوەکی و نا هونەری دەبنە جێی سەرنج و گفتوگۆی دەربارە دەکرێت.
بەنموونە: گەر بە هەر موزسیانێکی دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکان، کە هەڵگری نازناوی ئەکادیمی و زانستین، ناوی (بتهۆڤن) بهێنە دەزانن چۆن ژیانی کردووە، لە قۆناغێکی تەمەنیدا (نابیستە بووە، هاوسەرگیری نەکردووە)، بەڵام بڵێی ئەو رەخنانەی لە سەردەمی خۆی و دوای کە لێیی گێراون چی بوون؟
بێگومان یان بێدەنگ یان وەڵامێکی کرچ و کاڵت دەست دەکەوێ. یاخود گەر بڵیی (ڤاگنەر) وەک دیارترین موزیکدانەرانی کۆتایی سەردەمی رۆمانتیک، کە ژیان و بەشێک لە کارەکانی بە زۆرینەی کەسانی ئەم ناوەندانە ئاشنایانە، بەڵام رەخنەکان دەربارەی ڤاگنەریزم و کێشەکانی لەگەل فەیلەسوف و موزسیانێکی وەک (نیچە) چییە؟ ئایا ئەو چوار پەرتوکە رەخنەییە توندە چین، کە نیچە دەربارەی ڤاگنەر نوسیوێتی؟ بە دەگمەن کەسانێکی موزسیان زانیاریان دەربارەی هەیە. جگە لەوە کە کاتێک پەرتوکەکانی نیچە بە ناوی:
(کەیسی ڤاگنەر – The Case of Wagner) لە ساڵی ١٨٨٨دا نیچە نوسیویەتی دەگەیتە کۆتا خاڵی ژێر سفر و بێ ئومێدی، کە بتەوێ تازەکی دەربارەی چەمکی رەخنە لە هونەری موزیکی کوردیدا بدوێی. بە نموونە:
(نیتچە) لەم کتێبەیدا دەربارەی گەورە موزسیانی ئەڵمانی (ڤاگنەر) دەڵێت:
«ڤاگنەر هونەرمه ندى ئاستنزم (#کیچ)، ئەمه ئەوە گوزارشتە تەواوەکەیە. لێرەوە ئیدی گاڵتە و گەپەكان كوتاييان دێت؟ نەخێر . بەڵێ من ناتوانم ھەر وەک شایەتێکی بێلایەن لێرەدا بوەستم، لە کاتێکدا دەبينم ئەم ئاستنزمه دێت، كار بۆ وێرانکردنی ته ندروستيمان دەکات، لە سەرووى ئەمەشەوە ، كار بۆ وێرانکردنی موزيك ده كات! ئەرێ بەراستی ڤاگنەر لە بنەچەدا مرۆڤە؟
ناکرێت ھەر خۆی جۆرێک لە نەخۆشی بێت؟ چونکە کارێکی وا دەکات دەست بۆ ھەر شتێک ببات، نەخۆشی دەخات! ڤاگنەر موزیکی دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە کردووە»(1)

لێرەدا ئەم زمانە توندەی نیچە لە ساڵی ١٨٨٨دا، بکەینە یەکێک لە نموونەکانی شێوازی رەخنەگرتنی هونەر چی رودەدا؟ بە دڵنیایەوە زۆر خراپ دەکەوێتەوە.
لێرەدا گەیتە دەرئەنجامی ئەوەی ئاستی مەعریفی و خوێندەواری پێوەری سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە گرنگی ووتاری رەخنەیی، گەر سەرەتا ئاستی زانستی و رۆشنبیری موزسیانی کورد بەرز نەکرێتەوە، ئەم گوتارە لە دوو قۆناغدا دەمێنێتەوە.

یەکەم: پێدا هەڵدان و موجامەلەی بەرژەوەندی خوازانەی نێوان ئەو کەسانەی کە بە کاری موزیککردنەوە سەرقاڵن.

دووەم: رەخنەگرتن و بە هەر شێوازێکی (نەرم، توند) لەلایەن رەخنە لێگیراوەوە و نەک گفتوگۆ دروست ناکات، بەڵکو کێشەی کۆمەڵایەتی و پچرانی پەیوەندییەکانی لێدەکەوێتەوە.
دەرەنجام دەگەینە ئەو خاڵەی کە هێشتا چەمکی رەخنە و گرنگی بواری رەخنەی بۆ بەرەپێشبردنی کایەی موزیکی لە نێوان بون و سەرەتایدایە، هەر بۆیە ئاستی هونەری و پێگەی هونەری موزیکی کوردی لە ئێستادا لە ئاستی خۆدووبارەکردنەوە و هونەری کۆپی کردنی نەتەوەکانی دراوسێدایە، بە رادەیەک بە دەگمەن کارێک دەبیستی کە لە نێو پێوەرە هونەرییەکاندا جێیی خۆی بکاتەوە.

 

١- کەیسی ڤاگنەر، نیچە، و. لە عەرەبییەوە: رێبین رەسول، ھەولێر، ٢٠١٨.

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک