هونەرمەند و هونەربەند
نووسینی: کوردۆ سەردار
کاتێک ناوی هونەرمەند دێت لە بواری موزیک و گۆرانی راستەوخۆ کەسێکمان دێتە بەر چاو کە ئامێرێکی موزیکی یاخود مایکێکی پێیە، خۆی بە دیوێکدا ئەمە راستیەکی خۆی هەیە چونکە دواجار هونەر و هونەرمەندی دەخرێتە پاڵ کەسێک کە بەهرەیەکی هونەری هەیەو لەوانی تردا ئەم بەهرە نیە یاخود تارادەیەک کەمترە، کاتێک تۆ لە نێو هاوڕێکانت لە هەموان باشتر دەتوانی گۆرانی بڵێت ئەوە بەو واتایە دێت کە تۆ خاوەنی بەهرەیەکی هونەری و هاوڕێکانت ئەم بەهرەیەیان نیە، بە دڵنیاییەوە هەریەکەو لە بوارێک شارەزایەو لە بوارێک بەهرەمەندە کە دەشێت بەهرەکان لەیەکتریەوە نزیک نەبن وەک نزیکی هاوڕێیەتیەکان.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر بەشێوەیەکی گشتی لایەنی هونەری و فەرهەنگی ئەو توانا هونەریانەیە بەتایبەت لە ناو ( موزیک ژەن و دەنگ بێژان) ..
هونەر بۆ مرۆڤ پێویستیەکی ژیانە، هەروەک کۆی پێداویستیە مادی و ڕوحیەکانی تر بەویستی خۆمان بێت یاخود ناویست بێت رۆژانە دەیان و بگرە زیاتریش بەرکەوتنمان لەگەڵ کۆی کایەکانی هونەر هەیە، هەر لە زەنگی مۆبایلەکانمان کە موزیکێکە تا هەموو ئەو دەنگ و جوڵە و رەنگ و نواندن و دیمەنانەی رۆژانە بەرماندەکەوێت.
بۆیە کاتێک هونەر بە ویست و ناویست بەشێکی ژیانی هەرتاکێکی کۆمەڵگایە، ئەوە دەکەوێتەوە سەر ئەو تاکە کە کام هونەر هەڵدەبژێرێت کە چێژی لێوەربگرێت.
دواجار هەمووان چێژ وەردەگرن لە هونەر بەڵام کام جۆر لە هونەر کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر لایەنی رۆشنبیری و فەرهەنگی تاک دروست دەکات و کامەش لایەنی نەرێنی!؟
مرۆڤ کاتێک برسی دەبێت ئەوەخۆیەتی بڕیار دەدات لە شوێنێکی پاک و تەندروست نان بخوات، یاخود شوێنک کە هیچ پابەند بونێکی تەندروستی تێدا نیە!
لەراستیدا لە هەردوو جێگاکە دەتوانێت تێر بێت، بەڵام ئایا لەکامیان تەندروستی پارێزراو ترە؟
بۆیە ناکرێت بڵێن ئەوەی ئەمڕۆ هەرکەسێک کارێکی هونەری دەکات هونەر نیە، بەڵام دەکرێت بڵێن پۆلێن کاریەکی درووست نیە تا جۆر و ئاست و مەبەستی کارەکان لە یەکتری جیا بکرێنەوە، تا کاتێک ناونیشانێکی هونەری دەدرێتە پاڵ ناوی کەسێک یەکسەر بەو ناونیشانە بزانین لە چ ئاستێکی هونەریدایە نەک هەموو ئاست و تواناکان و هەموو جۆرەکانی کاری هونەری موزیکی لە ژێر یەک ناونیشان کۆبکرێنەوە.
تا کۆتایی سەدەی رابردووش تەنیا بەو کەسانە دەوترا گۆرانی بێژ کە میلۆدیەکی تازە یاخود فۆلکلۆریان دەوت لەگەڵ گروپێکی موزیکی یاخود ژەنیارێک یان چەند ژەنیارێک بەشێوەی تۆمار کراو یا پێشکەش کردن لە ئاهەنگ و بۆنەکان و پرۆگرامەکانی ڕادیۆ و تەلەفزێۆنەکان، بەڵام وشەی گۆرانی بێژ نەدەخرا پاڵ ئەو بەهرەمەندانەی کە ئاهەنگەکانی زەماوەند و بۆنە هاو شێوەکانیان بەڕێوە دەبرد لە (ماڵ و گەرەک و دەشت و ناوچە گەشتیاریەکان …هتد) لەڕێگەی وتنی بەند و گۆرانیە ریتمەیەکان کەزۆرجار ئامێری دەنگیشیان بەکار نەهێناوە و لە ناوەڕاستی رەشبەڵەک و هەڵپەڕکێکان بەندەکانیان وتووە و پێیان وتراوە ( چاوەش یاخود شایەر) کە زۆربەی جار بریتی بوون لە دوو دەنگ بێژ کە بەندەکانیان لەیەکتری وەرگرتۆتەوە ( واتا بەند بێژی دووەم لە کۆتا دێڕی بەند بێژی یەکەمەوە دەستی پێکردووە و بەم شێوەیە بەردەوام بوون) کە زۆربەی جار دوو ژەنیاری ئامێری میللی کە(تەپڵ و باڵەبان) یاخود ( دەهۆڵ و زوڕنا ) بوون هاوشانیان کردوون و لە نێوان بەندەکاندا میلۆدی سەرەکی بەندەکان یا هەر میلۆدیەکی گونجاویان لەگەڵ ژەنیوون.
بۆیە کاتێک قسە لەسەر مێژووی موزیکی کوردی دەکرێت ئەم فۆرمە لە ناو هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی پانتایەکی فراوانی مێژووی پێکدەهێنێت وە بەشێکی گرینگ و گەورەیە، کە تا ئەمڕۆش ئەم شێوازە لە هونەری گۆرانی بەردەوامە بەڵام بەهۆکاری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان جێگای ئامێرە میللیەکانیان گرتۆتەوەو سیستەمی دەنگی پێشکەوتوو بەکاردەهێنرێت و ئاهەنگەکان زۆربەی جار لە هۆڵێ تایبەت بەم بۆنانە بەڕێوەدەچن.
ئەم پۆلێن کردن و جیاکردنەوە وا دەکات کاتێک قسە لەلایەنێک لە لایەنەکانی هونەری موزیکی دەکەین سنوری لایەنەکانی تر نەبەزێنین و هەریەکە وەک خۆی حەقی پێبدەین، بەم ئاراستە کار کردنە دەتوانین کاری باش و باڵا لە کاری ناباش و بێ ئاست و کاری ئەکادیمی و نا ئەکادیمی و … هتد لەیەکتری جیا بکرێتەوە.
زۆر بە ڕوونی دەبێت لەوە تێبگەین کە هونەری باڵا هونەرێکە کە هەموو کەس ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، هونەر بەر لەوەی هونەربێت دیاردەیەکی کەلتوری و فەرهەنگی باڵای ژیانی مرۆڤایەتیە کە کاریگەری لەسەر کۆی کایەکانی تری ژیان هەیە، کاتێک دەوترێت( سەدان شازادە هەن و دەبن، بەڵام یەک بتهۆڤن هەیە)
بەو واتایە نیە کە لەو سەردەمەی کە بتهۆڤن تێدا ژیاوە هیچ کەسی تر نەبووە کە کاری هونەری بکات بەڵکو واتای ئەوەیە کێ هونەرێکی بەرز و باڵای هێناوەتە کایەوە ناوی ئەو و کارەکانی ئەون کە لەگەڵ رەوتی ژیان دێن و بەردەوام دەمێنەوە، بێ گومان ئەمە بۆ هونەرەکانی تریش راستە ..
بۆیە شتێکی ئاساییە کە ئەمڕۆ هەموو ئەوانەی کە خەریکن گۆرانی دەڵێن یا موزیک دەژەنن وەک هونەرمەند ناویان بهێنرێت بەڵام کام جۆری هونەرمەند !؟
ئەوەی نا ئاساییە کە ئێمە کارە هونەریە باشەکان پەراوێز بخەین و گرینگیان پێنەدەین و نەوەیەک رابێنین کە گوێ لە هەموو شتێک بگرێت و کاری باش و کاری ناباش لەیەکتری جیا نەکاتەوە، گەنجی ئێمە ئامادەیە بە چەند کاتژمێر گوێ لە دەنگێ بگرێت کە لە دانیشتنێکدا هەموو وشەیەک تێکەڵ بە گۆرانیەکانی دەکات، بەڵام ئامادەیی تێدا نیە بۆ چەند خولەکێک گوێبیستی گۆرانیەک یا موزیکێک بێت کە باگراوەندێکی فەرهەنگی گەورەی رۆشنبیری لە پشتەوەیە.
گەنجانی ئەمڕۆ هەواداری جۆرە هونەرێکن کە پێدەوترێت ( دانیشتن) کە تێدا کۆمەڵێکی زۆر لە دەوری دەنگ بێژێک کۆدەبنەوە و بەبێ هیچ بۆنەیەکی گشتی گوێبیستی چەندین گۆرانی دەبن کەزۆر جار تێکستەکانیان هیچ گوزارشتێک لەخۆی ناگرێت و ئەو وشانەی بەکار دەهێنرێتن بە هیچ شێوەیەک بەها کۆمەڵایەتیەکانی تێدا رچاو ناکرێت، کە بە بڕوای من یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان کە گەنجی ئێمەی ئاڵودەی ئەم جۆرە گۆرانیانە کردووە، پاشەکشەی هونەری ئەکادیمیە و نەبوونی کاری نوێی باشە، کاتێک کاری باش پاشەکشێ دەکات بێ گومان کاری نا باش شوێنی دەگرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەوەندەی (هونەر بەند)مان بەرهەم هێناوە بەم پاشەکشێیە نەمانتوانیوە (هونەر مەند) بەرهەم بهێنین..