" type="text/css" > Skip to main content

بۆچی گۆرانیە کانی ئێستا زوو بەسەر دەچن !؟

نووسینی: کوردۆ سەردار

دیاردەی بوون بە گۆرانی بێژ لە سەردەمێکدا کە تێدا ژیان کردن ریتمێکی خێرای وەرگرتووە و هەندێک جار بیرمان دەچێت کە رۆژێک پێشووتر چیمان کردوە، رۆژ دوای رۆژ گەشە دەکات و بە ئەندازەیەک کە نزیکە لەوەی کە هەر گەرەک و کۆڵانێک گۆرانی بێژێکی تێدابێت.

ئەگەر سەرنج بدەین لە سەدەی رابردوو و تا سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک گۆرانی بێژان لە سنوری جوگرافیایی هونەری بەشێوەیەک تاک و تەنیا بوون کە لە لایەن بەشێکی زۆری کۆمەڵگا ناسراو بوون و گۆرانی بێژان زۆر جار ناوی دووەمیان لە ناوی باوکیانەوە گۆڕیووە بۆ ناوی ناوچەکانیان و زۆر جار ناوی خێڵەکانیان، بۆ نمونە ناوی شارێک یا ناوچەیەک یاخود ناوی خێڵەکەیان لکاندووە بە ناوەکانیانەوە، ئەمەش وەک نوێنەرایەتیەکی هونەری ناوچەیی دەکرا سەیر بکرێت، کە وای دەکرد کە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بێ ئەوەی هۆکارێکی دیاریکراو هەبێت دەبوونە هەواداری ئەم گۆرانی بێژانە ئەمەش هەندێ جار باگڕاوەندێکی ناوچەگەری زاڵ بوو نەک هۆگر بوون بە دەنگ و ئەدای ئەم گۆرانی بێژانە. جگە لەمانە بەشێک لە گۆرانی بێژان ناسناوێکی گشتگیریان هەبوو لە پاڵ ناوەکانیان تا وەک گۆرانی بێژێکی هەموو ناوچەکان دەنگ و گۆرانیەکانیان بۆ گوێگرانیان نمایشت بکەن و دەنگیان لە سنورێکی دیاریکراو قەتیس نەبێت.

بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی زۆری ئەوانەی دەستیان بە گۆرانی ووتن کردوە ئەم بازنەیە بچوکتر بۆتەوە تەنانەت ئێستا ئەوانەی گۆرانی دەڵێن زۆر جار ناوی گەرەکەکانیشیان بەکاردەهێنن وەک پاشگر بۆ ناوەکانیان ، هۆکاری بچووک بوونەوەی ئەم بازنەیەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆر بوونی ئەو کەسانەی گۆرانی دەڵێن و بە ( گۆرانی بێژ ) ناسراون لەناو کۆمەڵگادا..
لێرەدا دەکرێت بپرسین بۆچی ئەم ڕێژە زۆرە گۆرانی دەڵێن و بۆچی دەیانەوێت ببن بە گۆرانی بێژ؟
بۆچی پێشتر ژمارەی ئەو کەسانەی خەریکی کاری گۆرانی ووتن بوون زۆر کەمتر بوو لەم ڕێژەیەیی کە ئەمڕۆ فریا ناکەوین ناوەکانیشیان لەبەر بکەین.
لێرەدا ئەوەی دەمانگەیەنێت بە هۆکاراکانی، دەرخستنی ئامانجەکانی پشت گۆرانی ووتنە لە ئێستا و رابردوودا ..

زۆر جار هونەرمەندان رووبەرووی پرسیارگەلێک دەبنەوە کە بۆچی بەرهەمە کۆنەکان تام و چێژ لە دەست نادەن و تا ئێستاش لە لایەن پیر و گەنج گوێیان لێدەگیرێت، بەڵام ئەم بەرهەمانەی ئێستا زۆر تەمەن بن هەفتەیەک زیاتر ناژین لەناو گوێگرانیاندا، ئەمەش ئەو خاڵە جەوهەریەیە کە دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، لە کاتێکدا ئێستا توانای ژەنین و ئەرێنج و تۆمار کردن لە ئاستێکی زۆر باڵا دایە بە بەراوورد بە ڕابردوو کە بەرهەمەکان بە ئامێر و لە ستۆدێۆیەکی زۆر سادە تۆمار کراون.
یەکێک لە جیاوازیەکان لە نێوان ئەم دوو قۆناغەی گۆرانی دەکرێت ئەوە بێت کە لە رابردوو گروپێکی موزیک بە توانایەکی بەرزی ژەنین و ئەرێنج و کۆمپۆزەیشنێکی پڕ سەلیقە بە دوای گۆرانی بێژێکدا گەڕاون تا لە ئاستی دانراوە موزیکەکانی ئەواندا بێت، بۆیە باشترینەکانیان دۆزیوەتەوە و کاریان بۆ کردوون، بەڵام لەم قۆناغەدا پێچەوانە بۆتەوە و کەسێک کە پێی وایە دەنگی باشە بەدوای موزیک ژەن و گروپێکی موزیکیدا دەگڕێت کە کارێکی بۆ بکەن، ئیتر موزیک ژەنان وەک سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانیان کە (مافێکی رەوای خۆیانە) مەمەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و بە ناچاری کار لەگەڵ هەموو جۆرە دەنگێک دەکەن و زۆر بۆیان گرینگ نیە ئاست و توانا و شێواز و مەودا و ئەدا و رەنگی دەنگ و سۆزی دەنگی ئەو کەسە چۆنە و چۆنیە! ئایە پۆینتێک زیاد دەکات بۆ ناو هونەری موزیک؟ یاخود نا .

ئەگەر بمانەوێت لەوە تێبگەین ئەوانەی ئێستا دەیانەوێت وەک گۆرانی بێژ بناسرێت ئامانجیان چیە؟ دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەو پاڵنەرانە بکەین کە هۆکارن تا کەسێک بیر لەوە بکاتەوە ببێت بە گۆرانی بێژ بێ ئەوەی هیچ بەهرەیەکی جیاواز و سەر سوڕهێنەر لە دەنگیدا بەدی بکرێت و بوونی هەبێت، هەرچەندە بابەتێکی لەم شێوەیە پێویستی بە شرۆڤەیەکی ووردی زانستی و ئەکادیمی هەیە کە لە هەموو لایەنە دەروونی ،کۆمەڵایەتی، هونەری، مادی و چەندانی تر لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی بکۆڵێتەوە و هۆکار و ئامانجەکانی بخاتە روو، بەڵام ئەگەر زۆر بە سادەیی لەم بابەتە وورد ببینەوە و سەیری کار و بەرهەم و بەشدار بوونیان لە پڕۆگرامە تەلەفزێۆنیەکان ببین، دەگەین بەو راستیەی کە ئامانجی سەرەکی و ئەو هەوڵ و ماندوو بوون و تێچووەی لەم بەرهەمانە سەرف دەکرێت، مەبەست لەوە نیە کە پۆینتێک زیاد بکرێت بۆ سەر هونەری موزیک و خەمی گەورە ئەوە بێت گۆرانی و موزیک لەئاستێکی باڵا دا بێت و کارێک بکرێت کە پێشتر بوونی نەبێت، بەڵکو سەرنج لەسەر ئەوەیە چۆن کارێک بکەن کە لە هەفتەی یەکەمدا رێژەی بینینی ریکۆرد بشکێنێت لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و پێش هاو پیشە ڕکابەرەکانیان بکەونەوە لە ژمارەی ڤیوو ، چۆن هەوادارێکی زۆر لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە کە بە لایک و کۆمێنت نوسین زۆرترین پشگیریان بۆ بێت، لە شوێنان زۆر ترین وێنەیان لەگەڵ بگیرێت، ئیتر هیچ بۆیان گرینگ نیە تا چەند ئەم بەرهەمەی پێشکەشی دەکەن لە ناو گوێگر دەمێنێتەوە و چ هەنگاوێک زیاد دەکات بۆ سەر هونەر بەگشتی و موزیک بە تایبەتی، ئەگەر بیرمان بێت لەم چەند ساڵە دیاردەی هێنانی میلۆدی گەلانی ناوچەکە و بە کوردی کردنی لە ڕێگەی وتنی بە تێکستێکی سادەی کوردیەوە لە حاڵەتەوە بوو بە دیاردەو بەشێکی پانتایی گۆرانی داگیر کردوو گۆرانیبێژان لەبری ئەوەی بیر لە دروست کردنی میلۆدی تازە بکەنەوە، دەستیان کرد بە گەڕان بەناو گۆرانی گەلانەی ناوچەکە ئەو میلۆدیانەیان هێنا کە زوو دەچوونە ناو گوێ و میلۆدیەکانیان ئاسان بوون بۆ لەبەر کردن، لە ماوەیەکی کەمدا خێرا بوون لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە لە مۆدیلی هونەر کردن لە ناو موزیک و گۆرانی، لە پێناو درووست کردنی هەست و کەشێکی کاتی، هەرچەند ئەمە دیاردەیەکی نامۆ نیە و لەناو موزیک و گۆرانی گەلانی دوونیا بوونی هەیە، بەڵام میللەتان دەست بەرداری دانانی میلۆدی نوێ نەبوون و بەکار هێنانی میلۆدی میللەتانی تر نەبووە بە بەدیلی کاری نوێ و ئاوازی نوێ، کە لای ئێمە ئەم سنورەی تێپەڕاند و کاری میلۆدی دانان تا ئاستێکی زۆر دابەزی بەهۆی بوونی ئاوازی ئامادەکراوی هاوردەکراو ..

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک