" type="text/css" > Skip to main content

بەیادی (13) ساڵەی ماڵاوایی( حەمەجەزا)
کانیاوی شاخ … سومبولی شار

نووسینی: ئامانج غازی

کە دەنگی پڕ میھری خۆشەویستی ئازیزان دەدا بەبنا گوێی شاخ و زایەڵەو زرنگ دەداتەوە، دەبێ ئەوکات بپرسین کێن ئەوانەی بە (عەشق و ئازادی)یەوە دەچنە نێو باوەشی مێژوویەکی نەمرەوە؟ دەبێ بپرسین بۆ لە نێو منداڵدانی ھونەری ئەم میللەتە ستەمدیدەیە تەنھا ئازار لە دایک دەبێ ؟

(حەمە جەزا)ی ھونەرمەند و پێشمەرگە ، ئازار و خەندە، ھەمیشە بە دوای ئاوازی سەربەستیدا وێڵ بوو، وەک دەروێشێکێ حاڵگرتوو بە دەفێکی گریاناوی،( سەرین لە بەرد و دۆشەک لە خاک و لێفە لە ھەور) ، خەونی بە ئازادی و گۆرانییەوە دەدیت.

ئەو لە خەیاڵی پڕ واقیعی خۆیدا دەیویست موڵکی بستە خاکێک نەبێ، بۆیە ھەر زوو زوو بارگەی نۆتە و دەنگە ئەفسوناویەکەی خستە کۆڵ و بەرەو خاکە پڕ ئەڤینەکەی ھەولێر ھات تا بتوانێ کەف و کۆڵی نێو سینەی بدا بە خەمی ئەوێ رۆژگارێ کە ھونەر لە نێو تەپ و تۆز و دەنگی نووساوی ڕژێم بلێسەی دابوو .

( حەمە جەزا ) لە ھونەرەکەیدا ویستویەتی تایبەتمەندی بداتە ھەموو بوارەکانی داھێنان لە گڕ و عەشقی ئازادیدا بووکی خوێناوی دروست کردووە، لە گەمەی خۆشەویستیدا حەز و مەرام و ئاواتەکانی چاوی
نەترسی پێشمەرگەی بیرنەچۆتەوە، لە نێو ئازادی و سەربەستی دوای ڕاپەرینیشدا ویستوویەتی ھەمان ئەو باوەشە بێ، کە بتوانێ گوڵی داھێنان لە بەرۆکی بەرینی داھێنانبدا.

ئەگەر بە مانا ھونەریەکانی شیکردنەوەی بەستەو مەقامەکانی بخەینە بەر رۆشنایی موزیکەوە ، ئەوا ( حەمە جەزا ) وەکو دەنگێکی ( تینۆر ) ئامێز لە بواری بەخشینی ھەناسەی پڕ سۆز و خۆشەویستی مەقامەکان و ئاوێتەی سۆزی گۆرانییە ڕیتم ئامێزەکانی کە بە موزیکێکی سەردەمیانە کراوە بە کۆتەلێکی ئازار ھەڵگرتووی میلەتێک ھەمیشە پێویستی بەو دەنگ و ھەڵبرینانە ھەیە.

( حەمە جەزا ) بۆ بینایی ئایندەی میللەتەکەی پردی پەڕینەوەی ئازار و خۆشیەکانی نەوەی دوێنێ و ئەورۆیە ، بۆیە زۆر گرینگە ئەو ھونەرەی کە دوای ئەوەی لەگەل لولەی تفەنگ و خوێنی ئاڵی پێشمەرگەو ھەناسەی سواری کیمیاباران و بەرائەتی ئەنفالەکاندا ئاوێتە ببوو ، ھەمان ئەم رۆحیەتە ئەمرۆ وەکو رۆژانی سەختی خەبات بەرگری لێ بکرێ و بە خوێن بپارێزرێ ، چونکە نەوەکانی دواڕۆژ بەم شیرە حەڵاڵە فرسکیان دەکەوێ و بەم ھەناسەیەش پێناسەی ڕەسەنایەتی ھەڵدەگرن!!!

بەشی بکە لە:
محەمەد عەطا

تیمی دانان و پێداچونەوەی بابەتەکانی موزیکناس، موزسیان و بەرهەمهێنەری موزیک