وەک نموونە حسێن حاج (مەمۆ سێدا)
بۆ کوردی : ئامانج غازی
بەشی یەکەم و دووەم
لـە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا، کۆمەڵێک سەرچاوەم کە باسیان لە موزیکی عوسمانی دەکرد لە ماوەی سەدەکانی شازدە وحەڤدەدا خوێندەوە. زۆربەی ئەم سەرچاوانە گەیشتبوونە ئەو دەرەنجامەی کە سەدەی حەڤدە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە کەشی ڕۆشنبیریدا بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لە بواری هونەر وتەلارسازیدا (ئایانگیل، ٢٠٠٢)، گۆڕانکارییەک کە نیشانەکانی لە سەدەی پێشتردا لەگەڵ فراوانبوونی جوگرافیای عوسمانیدا دەرکەوتبوون، هەروەها ئەم لێکۆڵینەوانە جەختیان لەوە دەکردەوە کە موزیک لەو سەردەمەدا دەستی بە وەرگرتنی ناسنامەی تایبەتی عوسمانیی خۆی کردبوو لە ڕێگەی پەرەسەندنی زاراوە بۆتە وشێوازەکانەوە، سەرەڕای تەکنیکەکانی پێشکەشکردن (فێڵدمان، ١٩٩٦)
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو دەرەنجامەی کە لێکۆڵەران لەبارەی موزیکی عوسمانییەوە پێی گەیشتوون، لەم بابەتەماندا بە وردی تیشک دەخەینە سەر دەقی کوردی لە کۆنتێکستی عوسمانیدا، تا بزانین تا چەند لەگەڵ ئەم دەرەنجامەدا یەکدەگرێتەوە. مەبەستم لێرەدا لە “دەق” تەنیا دەقی نووسراوی زمانەوانی نییە، بەڵکو “کردەی ڕۆشنبیری”یش دەگرێتەوە، کە دەکرێت وەک چۆن دەق دەخوێندرێتەوە، بخوێندرێتەوە و لێکبدرێتەوە، بەپێی لێکدانەوەی ڕۆشنبیریی کلیفۆرد گێرتز (تایتۆن، ٢٠٠٨؛ ستۆن، ٢٠٠٨). سەبارەت بە “کردەی ڕۆشنبیری”، دەتوانین بڵێین کە دەقی کوردی لەو سەردەمەدا گەشەسەندن و بەرهەمی بەرچاوی هەبوو (بێلێگی، ٢٠٢١؛ پرۆینسن، ٢٠٢٤). دەتوانین ئەم گەشەسەندنە بە سێ دەقی سەرەکی لە مێژووی ئەدەبی نووسراوی کوردیدا ببەستینەوە، کە ئەمانەن: میرنشینی بەدلیس و “شەرەفنامە” (١٥٩٧)ی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٤٣-١٦٠٣)، “دیوان”ی مەلای جزیری (١٥٧٠-١٦٤٠)، و “مەم و زین” (١٦٩٢)ی ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧).
ئەگەر شیکارییەکی (فرۆید) ییانە بۆ شوناس وەربگرین، کە “خود” لە ڕێگەی پەیوەندییەوە بە “ئەوی تر” پێناسە دەکات، دەتوانین بڵێین “دەقە” کوردییەکان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە شوناسی نوێی عوسمانی دەرکەوتن، لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناسی کوردی لە کۆنتێکستی گۆڕانکارییە گەورەکاندا. بەپێی چەمک وتێگەیشتنی ستوارت هۆڵ، شوناس پێگەیەکی جێگیری نییە، بەڵکو بەپێی کۆنتێکست و بارودۆخ و پێشهاتەکان دەگۆڕێت و دووبارە دادەڕێژرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، دەبینین کە شوناسی کوردی بە گۆڕانی کۆنتێکستی عوسمانی کاریگەر بووە و هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی خۆیداوە..
لەسەروبەندی ئەمەشەوە، تیمۆسی ڕایس سەرچاوەی شوناس لە دوو پێگەدا دیاری دەکات: “جەوهەریی” و “بونیادی”. پێگەی بونیادی پێی وایە کە شوناسەکان لە سەرچاوە ڕۆشنبیرییە بەردەستەکانەوە بنیاد دەنرێن، لە کاتێکدا پێگەی جەوهەریی دەربڕی سیاسەتەکانی شوناسی نەتەوەیی چین و توێژ و کەمینەکانە کە سەر بە دەسەڵاتی باڵادەستن لە دژایەتییکردن یان جیاکردنەوەی خۆیان لەو دەسەڵاتە یان لە ژێر حوکمی ئەودان،. پێگەی”جەوهەریی” پشت بە “تایبەتمەندی و خەسڵەتە هەمیشەییەکانی گرووپ” دەبەستێت، کە بوونی خۆی بە زەمانێکی دوور و ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵەوە دەبەستێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانرێت بوترێت کە هاوکاتیی نێوان دوو شوناسەکە: “دەق”ی کوردی و “کۆنتێکستی”ی عوسمانی لە هەردوو شوێنی “بنیادنان” و “جەوهەر”ەوە سەرچاوە دەگرێت. بە واتایەکی تر، شوناسی کوردی، وەک لە دەقەکانی شەرەفخان و جزیری و خانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئاوێتیەک لە بونیاد و جەوهەر بووە. لە کاتێکدا کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خەریکی بنیادنانی کۆڵەگە و ئاکارەکانی شوناسی ڕۆشنبیریی خۆی بوو لە “سەرچاوە بەردەستەکان”،
شەرەفخان هەوڵی دەدا مێژووی کورد وەک نەتەوەیەکی دێرین تۆمار بکات، بۆ جەختکردنەوە لە بوونیان “لە دەمێکەوە”. بە هەمان شێوە، جزیری چامەشیعرییە سۆفیگەرییەکانی، تەنانەت ئەگەر نیازێکی ڕاشکاوی نەبووبێت بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی زمان بە کوردی نووسی ، لە کاتێکدا ئەحمەدی خانی بە ئاگایی و مەبەستەوە کاری لەسەر تۆمارکردنی داستانی زارەکی “مەم و زین” کرد تا ببێتە بەشێک لە ئەدەبی نووسراو و بەمەش بیرو تێڕوانینی تایبەتی خۆی دەربارەی شوناسی نەتەوەیی کوردی چەسپاند.
بەڵام لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە هەر ماوەتەوە: ئەی موزیک لە “دەقە” کوردییەکاندا لە کوێی ئەم “کۆنتێکستە” گشتییە عوسمانییەدایە؟ بە بەراورد لەگەڵ ئەو گەشەسەندنە موزیکیی ەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەدا بەخۆیەوە بینی، پێگەی موزیکی کوردی چییە؟ بە واتایەکی تر، ئایا موزیکێکی هونەریی کوردی هەبوو کە لەگەڵ کۆنتێکستەکەدا گونجاو بێت، هەروەک چۆن دەقە ئەدەبییەکان وابوون؟
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی “بنیادی” شوناسی موزیکیی خۆی لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی ئاوازی جۆراوجۆری وەرگیراو لە گەلە جیاوازەکانی ناو سنوورەکانی خۆیدا، لەوانە ئاوازی فارسی، عەرەبی، ئەرمەنی، بەڵقانی و بیزەنتی بەرجەستەدەکرد، سەرەڕای سوودوەرگرتن لە موزیک و ئامێری موزیکیی کە بنەچەکەی بۆ دابونەریتی گەلانی تورک لە ئاسیای ناوەڕاست دەگەڕایەوە، بەپێی بۆچوونی هەندێک لە لێکۆڵەران. شایەنی باسە کە جوگرافیای عوسمانی لەو سەردەمەدا بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی سێ کیشوەردا درێژ دەبووەوە، ئەمەش وای کرد کە ئەم فرەچەشنییە ڕۆشنبیرییە موزیکییە کەشێکی موزیکیی هەمەچەشن و دەوڵەمەند دروست بکات. لە سۆنگەی ئەم چوارچێوە موزیکیی ە فرەلایەنەوە، دەکرێت پرسیار بکرێت کە ئایا موزیکی کوردی ڕێگەی خۆی کردووەتەوە و پێگەوشوێنێکی دیاریکراوی لەم فەزا موزیکیی ە هاوبەشەدا بۆ خۆی دۆزیوەتەوە؟.
ئاشکرایە کە کۆمەڵگاکانی کوردیی خاوەنی دابونەریتی موزیکیی زارەکیی بەهێز بوون، کە پشتیان بە گۆرانیی میللی و ئاوازی نەریتی دەبەست. لەگەڵ ئەوەشدا، موزیکی کوردی بە هەمان شێوەی موزیکی عوسمانی نەنوسراوەتەوە و تۆمار نەکراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕەنگە قورس بێت بڵێین کە شوناسێکی موزیکیی “جەوهەریی” کوردیی تەواو لەو سەردەمەدا تۆمار کراوە، وەک ئەوەی بۆ ئەدەبی کوردی کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە ئاوازەکانی کوردیی بەشێک بووبن لەو تابلۆ موزیکیی ەتێکچڕژاوەی کە ڕۆشنبیریی موزیکیی هەمەچەشنی عوسمانی پێکدەهێنا و ڕەنگە ڕۆڵی خۆیان لەو فەزا فراوانەدا کە ئاوازی گەلە جیاوازەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆکردبووەوە گێڕابێت.
لەسەر بنەمای هەموو ئەوەی باسکرا، ئەگەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی شوناسی موزیکیی خۆی لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئاوازە جۆراوجۆرەکانی ئەو گەلانەی لە سنوورەکانیدا دەژیان “بنیاد” نابێت، ئایا موزیکێک هەبوو کە ناسنامەی “جەوهەری” کوردی هەبێت؟ ئایا ئاوازی کوردیش لەناو ئەو کۆنسێرتە نوێیە عوسمانییەدا ژەنراوە، کە لە ئاوازی گەلە جیاوازەکان پێکهاتبوو کە لە سنوورەکانیدا دەیانژەند ؟
موزیکی کوردی لە کۆشکی عوسمانیدا
لە ژێر سێبەری “کۆنتێکستی” عوسمانیدا، شوناسێکی نوێی موزیکیی “بنیادنرا” کە لە ئاوێتەی چەندین کلتووری جیاواز پێکهاتبوو و پشتی بە “سەرچاوە بەردەستە”کانی جۆراوجۆر بەستبوو. ئەم شوناسە، توخمە موزیکییە تورکییە نەریتییەکانی لەخۆگرتبوو، کە سەر بەو گەل و هۆزە تورکانە بوون کە لە پێش و لە کاتی و دوای سەرهەڵدانی ئالی عوسمان لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی سوڵتانییەتدا بوون ، سەرەڕای موزیکی ئەرمەنی، بیزەنتی، جوولەکە (کە پێشتر لەم جوگرافیایەدا بوون)، و دواتریش موزیکی بەڵقانی و ئەوروپای ڕۆژهەڵات.
لێرەدا شایەنی ئاماژەیە کە یەکەم کەس، نۆتەی وەک لە نووسینەوەی موزیکی ئەوروپیدا ناسراوە، بۆ نووسینەوەی موزیکی عوسمانی لە سەدەی حەڤدەدا بەکارهێنا و لە ناو خودی “باپی عالی”دا، پۆڵەندییەکی بە ڕەچەڵەک بوو بە ناوی ئالبێرت بۆبۆڤسکی، کە بە “عەلی ئوفقی بەگ” (١٦١٠-١٦٧٥) ناسراوە، و دوای ئەویش ڕۆمانییەک بە ناوی دیمیتری کانتەمیر (١٦٧٣-١٧٢٣) هات، کە کتێبێکی لە تیۆرەکانی موزیکیدا نووسی کە تا ئەمڕۆش لە زانکۆکانی تورکیادا دەخوێندرێت.
سەرباری ئەوەش، موزیککارە عەرەب و فارسەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، کە سوڵتان سەلیمی یەکەم (١٤٧٠-١٥٢٠) لە سوریا و میسر و تەبرێزەوە بانگهێشتی کردبوون، لە کاتێکدا سولەیمان قانوونی (١٤٩٤-١٥٦٦) لە ساڵی ١٥٣٤دا لە بەغداوە موزیککارەکانی بانگهێشت کردبوون (بەهار، ٢٠٠٦، ل ٣٩٣). هەروەها هەندێک موزیککار لە سەرەتای سەدەی شازدە لە باکووری ئەفریقا و ئەندەلوسەوە لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەمەوییەکان لە ئەندەلوسەوە هاتبوون.
لێکۆڵەر دییتەر کریستنسن لە وتارەکەیدا بە ناوی “پەیوەندیی مەقامی کورد بە کوردەوە چییە؟”، بەراوردکارییەک دەکات لەنێوان وشەی “عەجەم” وەک مەقام و ناوی گەلێک و “کورد”یش وەک مەقام و ناوی گەلێک. وا دیارە ئەم بەراوردکارییە وەک وەڵامێک هاتبێت بۆ هەندێک گریمانە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان وشەی “کورد”(بە تورکی کوردی) وەک مەقام، لەگەڵ گەلی کورددا نییە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێشتر باسمان کرد دەربارەی پرسی شوناس وەک بەرهەمی پەیوەندیی نێوان “خود” و “ئەوی دی”، کریستنسن ئاماژە بەوە دەکات کە ناونانی مەقامەکە لەلایەن “ئەوی دی”یەوە بووە، نەک لەلایەن خودی کوردەکانەوە. ئەو پێی وایە ناونانی “مەقامی کوردی” لە کۆشکی عوسمانیدا لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەدا سەریهەڵداوە وبەڵگەی لێکۆڵینەوەیەکی لێکۆڵەر واڵتەر فێڵدمان دەهێنێتەوە کە ئاماژە بە بوونی موزیککاری کورد لە دیاربەکر و ئورفا و بەدلیس و ماردینەوە لە کۆشکی عوسمانیدا دەکات..
کریستنسن پێی وایە کە لەوانەیە ئاوازە تایبەتەکەی موزیکی ئەو موزیککارە کوردانە لە کۆشکی عوسمانیدا هۆکاری ناونانی “مەقامی کورد” بووبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، سەبارەت بە مەقامی کورد/کوردی، بەپێی زانیارییەکانی من، وا دیارە کە لانیکەم پێش ئەو سەدەیەی کریستنسن ئاماژەی پێدەکات باو بووە. موزیککار ولێکۆڵەری تورک، ڕەئووف یەکتا بەگ، لە کتێبەکەیدا “موزیکی تورکی” پارچە موزیکێک لە بۆتەی “پێشرەو”دا بە ناوی “پێشرەڤی کوردی” تۆمار دەکات کە لەلایەن ئەمیر کورکوت، کوڕی سوڵتان بایەزیدی دووەمەوە دانراوە ولە ساڵی ١٥١٣دا بە دەستی برا بچووکەکەی سوڵتان سەلیمی یەکەم کوژرا. یەکتا لە پەراوێزدا لەسەر مەقامی کورد دەڵێت: “ئەم مەقامە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەقامی حوسەینیدا نییە، بەڵام لەبەرئەوەی کورد زۆر بەکاریدەهێنن، شێوازی تایبەتی ئەوان (ستایلی تایبەت بە کورد) لاسایی کراوەتەوە وناویان ناوە کوردی.
ئەوەی لە کریستنسن و فێڵدمان و یەکتاوە تێیدەگەین ئەوەیە کە ئاواز و “دەقی” کوردی شانبەشانی ئاوازەکانی دیکە کە پێشتر ئاماژەمان پێکردن لە کۆشکی عوسمانیدا ئامادەییان هەبووە. ئەگەر بەڵگەیەکی دیکەش زیاد بکەین بۆ پشتگیریکردنی ئەم دەرەنجامە، گەڕیدەی عوسمانی ئەولیا چەلەبی (١٦١١-١٦٨٢) لە کتێبەکەیدا “سیاحەتنامە”جەخت لە ئامادەبوونی موزیککارە کوردەکان لە ئەستەنبوڵ دەکاتەوە. چەلەبی ئاماژە بە ئامێرێکی موزیکیی دەکات بە ناوی “سۆندەر”، کە لەلایەن موزیسیان یان گۆرانیبێژە کوردەکانەوە لە ئەستەنبوڵ دەژەنرا و باس لەوە دەکات کە ئەم ئامێرە تایبەت بووە بە کورد و بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ “کوردستانی سۆران”.
لەسەر بنەمای هەموو ئەوانەی باسکرا، ڕەنگە بە مکوڕی وردییەوە نەبێت ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکەین کە موزیک و موزیککارە کوردەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و بەرچاو بە هەمان ئاستی بەشداریی فارس و ئەرمەن و ڕۆم و ئەوانی تر بەشدارییان لە داڕشتنی ناسنامەی موزیکی عوسمانیدا کردبێت ، تەنانەت ئەگەر ئامادەییشیان لە موزیکی هونەریی ناوەندی دەسەڵاتدا هەبووبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لێکۆڵەرانی موزیکی عوسمانی، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، جەخت لە بوونی پەیوەندییەکی کاریگەری و کارلێکی دوولایەنە دەکەنەوە لەنێوان موزیکی میللیی ویلایەتە دوورەکان و موزیکی هونەریی کۆشکدا (ئایانگیل، ٢٠٠٢). بۆیە، دەتوانین وا دابنێین کە موزیکی کوردیش، هەرچەندە بەشێوەیەکی کەمیش بێت، لەم پەیوەندییە کارلێکییەی نێوان ناوەند و پەراوێزەکاندا بەشدار بووە. ئەگەرنا، پارچە موزیکێک لەناو کۆشکدا لەسەر مەقامێک کە بە ناوی کوردەوە کرابێت دانەدەنرا، ئەگەر بنەمایەک بۆ بوونی پەیوەندییەکی لەو شێوەیە نەبووایە.
لە هەمان کاتدا، تەنانەت ئەگەر موزیسیانی بە ڕەچەڵەک کوردیش لە کۆشکی عوسمانیدا هەبووبن، قسەکردن لە “کوردیەتی”یان بە واتای نوێنەرایەتیکردنی موزیکی کوردی ڕەنگە ورد نەبێت. ئەمەش لە گومانکردن لە شوناسی نەتەوەییان یان گریمانەکردنی توانەوەی تەواویان لە نێو شوناسی گشتیی عوسمانیدا سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی نابێت حوکم لەسەر کۆنتێکستێکی مێژوویی دیاریکراو بدرێت بە پێوەرەکانی سەردەمی ئێستا، کە تێیدا تێگەیشتنەکان لە شوناس و سەر بە بوون(الانتماء) زۆر جیاوازن. بە واتایەکی تر، ڕەنگە شوناسی ئەتنیک (الاثنية) هەمیشە نوێنەرایەتیی ناسنامەی موزیکیی نەکات وبە پێچەوانەشەوە. دەتوانین نموونەی حاڵەتی هونەریی گۆرانیبێژی کۆچکردوو ئارام تیگران بهێنینەوە کە بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی وبە موزیک کورد بوو.
دەمەوێت ئەم بابەتە لە دوو خاڵدا کورت بکەمەوە: یەکەم، وەک پێشتر باسمان کرد، شوناس وسەر بە بوون جێگیر نین، بەڵکو “دەقەکانیان” بەپێی “کۆنتێکست” دەگۆڕێن. سەبارەت بە خاڵی دووەمیش، لەو ڕاستییەدایە کە پیاوانی زانست وئەدەب و بیر و هونەر هەن کە لە “دەقە” ئەتنیک و نەتەوەییەکانیان تێدەپەڕن. بە واتایەکی تر، ئەگەر قسەی زیگرید هونکە وتۆماس بوا و مێهرداد ئیزادی و ئەوانی تر قبوڵ بکەین کە موزیککارزریاب (٧٨٩-٨٥٧) بە ڕەچەڵەک کوردە و بیبەستینەوە بەم بازنە تەسکەوە، ئەوا ئەمە حوکمدانە لەسەر ڕابردوو بە پێوەرەکانی ئێستا. زریاب نوێنەرایەتیی هەموو ڕۆژهەڵات وجیهانی ئیسلامی و تەنانەت موزیکی جیهانیش دەکات. ئەو “کۆنتێکستە” بە تەنیا کە هیچ “دەقێکی” ئەتنیکی یان نەتەوەیی ناتوانێت بەشدارییەکەی لەخۆبگرێت. لەسەر ئەمەش، دەرکەوتنی بەڵگەنامەی وردتر دەربارەی بەشداریی کورد لە موزیکی عوسمانیدا لە داهاتوودا ڕەنگە وێنەیەکی وردترمان پێ ببەخشێت.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا، تیشک دەخەینە سەر گەڕان بەدوای موزیکدا لە “دەقە” کوردییە بەردەستەکاندا و پەیوەندیی ئەو دەقانە بە “کۆنتێکستی”ی موزیکیی گشتیی عوسمانییەوە، بەپێی ڕیزبەندییەکی کاتی کە لە کۆنترین ڕووداوەوە (١٥١٤ تا مێژووی کۆچی دوایی خانی (١٧٠٧) دەست پێدەکات ، کە ڕەنگدانەوەی ژیانی ڕۆشنبیرییە لە میرنشینە کوردییەکاندا کە نیمچە سەربەخۆییەکی تەواویان هەبوو.
دەقی میرنشینی بەدلیس
لەم دەقەدا، پشت بە دوو کتێبی دیار وەک سەرچاوە دەبەستین: “شەرەفنامە”ی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٩٧) و “سیاحەتنامە”ی ئەولیا چەلەبی (١٦٥٥)، هەروەها بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕوونی و وردبینیی مێژوویی. لە هەندێک شوێندا ئاماژە بە چەند سەرچاوەیەکی دیکە دەکەین، کە خزمەت بە لێکۆڵینەوەکەمان دەکەن.
(أ)- ئیدریسی بەدلیسی (١٤٥٢ -١٥٢٠)
گرنگیی لێکۆڵینەوە لە ئیدریسی بەدلیسی لە دوو ڕەهەندی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە: ڕەهەندی سیاسی – دیپلۆماسی وڕەهەندی ڕۆشنبیری. هەرچەندە لێکۆڵینەوەکەمان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە لایەنە سیاسییەکانەوە نییە وپەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان گەلان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەمیشە لە دۆخێکی جێگیردا نین، بەڵام پێویستە ئاماژە بەو ڕۆڵە دیپلۆماسی وسیاسییە بەرچاوە بکرێت کە ئیدریسی بەدلیسی لە نزیککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان میرنشینە کوردییەکان ودەوڵەتی عوسمانیدا لە سەرەتای سەدەی شازدەهەمدا گێڕاویەتی. کاتێک شەڕی چاڵدێران (١٥١٤) لەنێوان سەفەوییەکان وعوسمانییەکاندا نزیک بووەوە، ئیدریسی بەدلیسی، بە فەرمانی سوڵتان سەلیمی یەکەم، میرنشینە کوردییەکانی یەکخست ودڵنیاییدا کە سوپاکانیان بچنە پاڵ سوپای عوسمانی. دوای سەرکەوتنییان، سەلیمی یەکەم بەڵێنەکەی بردە سەر وداوای باجی لە میرنشینە کوردییەکان نەکرد کە لە توانایان زیاتر بێت وڕێگەی پێدان سوپای تایبەتی خۆیان بهێڵنەوە. ئیتر لەو مێژووەوە، میرنشینە کوردییەکان بوون بە دەوڵەتی نیمچە سەربەخۆ لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا.
لئەم هاوپەیمانییە یارمەتیی عوسمانییەکانیدا لە پاراستنی سنوورەکانیان لەگەڵ سەفەوییەکاندا وبەشداریی لە سەقامگیری ژیاندا بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە میرنشینە کوردییەکاندا کرد، ئەم حاڵەتە ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لەسەر ژیانی ڕۆشنبیری ئەوسات کە تەوەری لێکۆڵینەوەکەمانە هەبوو. بۆیە، کاتێک باسی کورد لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەکەین، دەبێت بە ڕۆڵی ئیدریسی بەدلیسی دەست پێبکەین. (دۆست، ٢٠١٦؛ چەلەبی، ٢٠١٠؛ بەدلیسی، ٢٠٠٦؛ زەکی،٢٠٠٥ )).
مەلا ئیدریس وشێخ ئیدریسی بەدلیسی وکوتلو مودەڕیس ومەولانا ئیدریسی بەدلیسی وقوتبولعارفین، هەموویان نازناوی ناسراوی ئیدریسی بەدلیسین. سەرەڕای ئەوەی کە دیپلۆمات وگەورە ڕاوێژکاری سەلیمی یەکەم بوو، زانای ئایینی، زمانزان، ڕەخنەگر، مێژوونووس، وەرگێڕ، شاعیر ونووسەریش بوو. هەروەها یەکێک بوو لە یەکەمین ئەوکەسانەی، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ببێتە خەلافەتێکی ئیسلامی. کتێبی “هەشت بەهەشت”ی ئیدریسی بەدلیسی، کە باسی هەشت سوڵتانی یەکەمی ئالی عوسمان دەکات، یەکێکە لە گرنگترین کتێبە سەرەتاییەکان کە باسی مێژووی دەوڵەتی عوسمانی کردووە. سەرەڕای لێهاتوویی لە زمانەکاندا، دەنگێکی خۆشی لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا هەبوو وبە یەکێک لەو یەکەمین کەسانە دادەنرێت کە شیعری بە زمانی تورکی لە کۆشکی عوسمانیدا نووسیوە (بەدلیسی، ٢٠٠٦). بەدلیسی چەندین بەرهەمی دیکەی هەیە، بەڵام ئەو کتێبەی “ڕیسالە فی ئیباحە ئەلئەغانی” سەرنجی ڕاکێشام کە بەشێکە لە کتێبێکی بەدلیسی بە ناوی “قانوون نامەی سوڵتانی یان قانوونی شەهەنشاهی.
ب- شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٤٣ -١٦٠٣)
شەرەفەدین بەدلیسی لە ئێران لەناو ئیمپراتۆریەتی سەفەویدا لەدایکبووە ولە کۆشکی سەفەویدا لەگەڵ کوڕەکانی شا تەهماسبی یەکەم (١٥١٤-١٥٧٦) وخزمە خانەدانەکانیدا گەورە بووە. ئەمەش دەرفەتی ئەوەی پێدا، کە پەروەردەیەکی باڵا لە هونەر وزانستەکاندا وەربگرێت. لە تەمەنی سی وپێنج ساڵیدا، سوڵتان مورادی سێیەم (١٥٤٦-١٥٩٥) وەک فەرمانڕەوای بەدلیس بە نازناوی خان (١٥٧٨-١٦٠٠) دایناوئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی، کە هاوپەیمانییەکی بەهێز لەگەڵ سوڵتان مورادی سێیەمدا بنیاد بنێ وشانبەشانی یەکتر بۆ ماوەی دە ساڵ دژی سەفەوییەکان بجەنگن. سەرەڕای کەسایەتییە سیاسییەکەی، شەرەفخان نموونەی ڕۆشنبیرو ڕووناکبیری سەردەمی خۆی بوو، ئەمەشیان بەهۆی”شەرەفنامە” کتێبە بەناوبانگەکەی، کە لە ساڵی ١٥٩٧ بە فارسی نووسیویەتی وپێشکەشی سوڵتان محەمەدی سێیەمی کردووە (١٥٦٦-١٦٠٣)، لێرەدا دەتوانین زانیاری وردمان دەربارەی مێژوو وڕەچەڵەکی عەشیرەت وفەرمانڕەواکانی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا دەست بکەوێت. ئەولیا چەلەبی لە گەشتەکەیدا بۆ بەدلیس باسی کتێبی “شەرەفنامە” و دەستکەوتە گەورەکانی شەرەفخان دەکات (چەلەبی، ٢٠١٠). سەرەڕای ئەوەی کە سەرکردەیەکی سیاسی ومێژوونووس بوو، شەرەفخان فرەزان بوو وشارەزایی لە زۆربەی بوارەکانی هونەر وزانستدا هەبوو. دەتوانرێت لە هەندێک لایەنەوە بە لێکۆڵەرێکی ئینسایکلۆپیدی دابنرێت. کاتێک باسی کەسایەتیی عەبدال خان دەکەین، یەکێک لە میرەکانی دواتری بەدلیس، وەک چۆن ئەولیا چەلەبی لە ماوەی ئەو چواردە ڕۆژەی لەگەڵیدا لە بەدلیس بەسەری بردووە وەسفی کردووە، کاریگەرییە گەورەکەی (شەرەفخان)ی باپیرە لەسەر (عەبدال خان) ی نەوەکەی دەبینین.
سەرەڕای ئەوەی ناتوانین باسی هەموو ئەو بوارانە بکەین کە شەرەفخان تیایاندا لێهاتوو بووە وبە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا تیشک دەخەینە سەر لایەنی ڕۆشنبیری، بەتایبەتی لە بواری هونەردا، دەتوانین لایەنێک، لەو لایەنانە وەربگرین کە ڕەنگە لە باس وخواسی لایەنەکانی دیکە بێ نیازمان بکات. دیارترین لێهاتووییەکانی شەرەفخان لەو وێنە بچووکانەدایە کە لەناو کتێبەکەیدا “شەرەفنامە”دا هەن. کتێبەکە ٢٠ تابلۆی بچووکی لە ٢٥ لاپەڕەدا لەخۆگرتووە (یوسف، ١٩٩١). بۆنەکانی ناو ئەم وێنانە جۆراوجۆرن، لەنێوان ڕووداوی سیاسی وسەربازی ومێژوویی ووەسفی چیرۆکی خۆشەویستی، ڕاوکردن، کۆبوونەوەی ئاهەنگئامێز، مەجلیسی خانەدانەکان، سەما وموزیک. تەنانەت لە یەکێک لەم تابلۆیانەدا چارەسەری بۆ کێشەیەکی تەلارسازی کێشاوە ولە یەکێکی دیکەدا ڕێگەیەکی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان داناوە.
بە کورتی، دەتوانین بڵێین ئەم وێنە بچووکانە کەسایەتیی فرەزانی شەرەفخانی بەدلیسی کورت دەکەنەوە. لە خوارەوە، شەش لەم وێنانە (١، ٢، ٣، ٦، ٩، و١٦) لە “شەرەفنامە”وە هەڵدەبژێرین، کە تێیاندا دەتوانین دەرکەوتنی موزیک وەک بەشێکی گرنگ لە ژیانیدا ببینین، سەرەڕای بۆنەکانی ژەنین وئامێرە موزیکییەکان ووێنە بچووکەکانی پەیوەست پێیەوە، شەرەفخان لە زیاتر لە شوێنێک وکۆنتێکستەکانی کتێبەکەیدا باسی موزیک دەکات. بۆ نموونە لە لاپەڕە (٣٨٣)، کاتێک، (میر شەرەف) ی باپیرەی، خوانێکی شاهانەی بۆ شا ئیسماعیل ساز کردووە. لەم خوانەدا، “گۆرانیبێژ وموزیسیانەکان بە ئاوازی کاریگەر وناسک گۆرانیان دەچڕی وموزیسیانە لێهاتووەکان ئاوازی (مەقامی عوشاقیان) لە دەنگەکانی (زیر وبەم) لەسەر دیوانی (قەراروجەواب) بەشێوەزارەکیی موزیکیی شیرینەوە لەسەر عود و تەنبوور دەژەند” (بەدلیسی، ٢٠٠٦).
نموونەیەکی دیکە لە چەندین بۆنەی جیاوازدا لە سەرانسەری کتێبەکەدا باس وخواسی غەزەلە، هەندێک جار لە کاتی باسکردنی شیعردا وهەندێک جاری دیکە وەک شێوازێکی موزیکیی دەربڕینی ئیمپرۆڤایزی گۆرانی وەک شێوازی دەنگبێژ یان حەیران یان لاوک یان مەوال.
ئەوانەی کە غەزەلیان بە زمانی عەرەبی دەچڕی وەک ئاسک بوون وشیرینییان دەبەخشییەوە وهەندێک کچانی جوان وسەرنجڕاکێشیش، کە وەک پەیکەری گوڵبوون،، بە ئاوازە ناسکەکانیانەوە غەزەلی تورکییان دەچڕی ودڵی ئامادەبووانیان دەڕفاند، (شەرەفخان، ١٩٧١، ل ٤٧٢). لەم نموونەیەدا، بە پێچەوانەی سەردەمی ئێستاوە، غەزەل (بە تێگەیشتنی موزیکی تورکی) لە موزیکی کلاسیکی عوسمانیدا شێوازێکی ئیمپرۆڤایزی ریتم ئازاد وزیاتر پەیوەندیی بە جۆری شیعرەوە هەبووە، واتە شیعری غەزەل ودەتوانرا بە زمانی عەرەبی وەک بە تورکی بچردرێت. بەم شێوەیە، ئەو نمایشە موزیکییانەی کە شەرەفخان لە شوێنە جیاوازەکانی کتێبەکەیدا باسیان دەکات، بەتایبەتی کاتێک فەرمانڕەواکان کۆدەبوونەوە، زمان وکلتووری گەلە جیاوازەکانی ناوچەکەی لەخۆدەگرت. ڕەنگە یەک مەجلیس،، لەگەڵ فرەچەشنی لە شێواز وڕێگا ورەگەزە موزیکییەکاندا موزیکی فارسی وعەرەبی وتورکی وکوردی تێدا بوبێت.
نموونەیەکی تر: “هونەرمەندە لێهاتووەکان بە دەنگە خۆش وتێکستە وردەکانیانەوە وژەنیارەکان بە دەنگی ئامێرە موزیکییە تایبەتەکانیانەوە، دەستیان بە ژەنینی مەقام وئاوازە خەمناکەکان بەپێی یاسا وڕێساکانی کوردیی (یوسون) ویاساکانی عەرەبیی وشێوازی فارسی وعەجەمی دەکرد. دەنگی بە جۆش وخرۆش وپێزانین وسەرسامی لە ئامادەبووانەوە، بۆ ئاسمان بەرزبوودەبوونەوە. (هەمان سەرچاوە، ل ٤٦٦). بەڵام کاتێک لە هەمان سەرچاوەدا دەخوێنینەوە و بەبێ گوێدانە ئەوەی شەرەفخان مەبەستی لە داب و نەریت یان شێوازەکانی کوردیی، ئامێریی یان دەنگیی، گۆرانیی بێت یان موزیکیی چیبووە، دەبینین کە شەرەفخان جۆرێک لە گۆرانیبێژی کورد وێنا دەکات، کە لە گۆرانیبێژەکانی دیکە جیا دەکرێنەوە، بەوەی کە سەلیقە و هەناسەیەکی درێژ و بەهێزیان لە گێڕانەوەی گۆرانیی قارەمانێتی و داستانەکاندا هەیە و ئەوان بێگومان دەنگبێژن و جۆرە گۆرانیبێژێکن کە تا ئێستاش بە نوێنەری یادەوەری و گەنجینەی زیندووی کوردی لە لایەنی مێژوویی و هونەریدا هەژماردەکرێن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم کتێبە/ دەقە باسی کۆنتێکستی سەدەی شازدەهەم وپێشتر دەکات، دەتوانین بەوەوە دەرئەنجامی بکەین کە کۆنتێکستێکی ڕۆشنبیریی فرەزمان هەبووە. کلتوورێکی ئاوێتە کە لە تێکەڵبوونی کلتوورەکانی دێرینی جۆراوجۆرەوە لەدایک بووە، بە جیاوازیی ڕەنگ وزمان وشێوازە موزیکییە هەمەچەشنەکانییەوە، کە ڕێگەی بۆ دەرکەوتنی کۆنتێکستێکی ناوازە خۆشکرد لە موزیکی گەلە جیاوازەکانەوە لە سەدەکانی دواتردا سەریهەڵدا، کە ئەویش کلتووری موزیکیی عوسمانییە. لە هەمان کاتدا، تێبینیی بوونی دوو جۆر موزیک وگۆرانی لای کورد دەکەین. جۆری یەکەم دەتوانرێت بە (موزیکی گشتییى ناوزەد بکرێت، یان ڕەنگە وردتر بێت ئەگەر ناوی بنێین “موزیکی هاوبەش”، وەک ئەوەی نوێنەرایەتیی “زمانی موزیکیی هاوبەش”ی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی بکات). ئەم جۆرە لە کۆشک ودیوەخان ومەجلیسەکاندا پێشکەش دەکرێت وزیاتر پەیوەندیی بە ژیانی شارستانییەوە هەیە. جۆری دووەمیش، گۆرانییەکە کە کورد لە گەلانی دیکە پێی جیادەکرێتەوە، وەک “دەنگبێژی”، کە دەتوانرێت زیاتر بە ژیان وکلتووری لادێییەوە ببەسترێتەوە.