نوسین: مازن بن مبروک
بۆ کوردی : ئامانج غازی
موزیک زمانێکی جیهانییە، گوتاری ڕۆحیشە لە هەمانکاتدا. بێگومان ڕستەی لەم شێوەیەت زۆر بەرگوێ کەوتووە، کە زۆربەی جار لەلایەن ئەوانەوە گوێبیستی دەبیت، کە دەیانەوێت خولیای خۆیان، یان ڕەنگە سەلیقەی بەرزوڕۆشنبیرییە باڵاکەیان پێ پێشان بدەن. بەڵام ئاگاداربوون لە هەوڵەکانی موزیکۆلۆژستەکان وناکۆکییە زۆرەکانیان لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی ئەم زانستەدا (موزیکۆلۆژیا) بەسە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕستانە بۆ گوێچکەکانمان ناخۆش بن وبریندارییان بکەن.
موزیک تەنیا هەر موزیک نەبووە، ئەمەش وای لە تیمۆسی ڕایس موزیکۆلۆژستی ئەمریکی کرد، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا کتێبەکەی بە ناونیشانی (ئیتنۆموزیکۆلۆژیا: پێشەکییەکی زۆر کورت) بنووسێت، کە تێیدا پێناسەی ئەم زانستە دەکات وەک لێکۆڵینەوەی موزیک لە ناو کولتووردا یان وەک خودی کولتوور.
Rice, Timothy. 2014
دەرکەوتنی ئیتنۆموزیکۆلۆژیا قەرزاری کۆمەڵێک کەڵەکەبوونی مەعریفی پێش خۆی بوو، کە هەوڵیان دەدا لە موزیکی (ئەوانی تر) لە ناو سیستەمی شیکاریی ئەورووپیدا تێبگەن. ئەگەر بمانەوێت خاڵێک بۆ دەستپێکردن هەڵبژێرین، ئەوا هەوڵەکانی فەیلەسوف وموزیکۆلۆژستی ئەڵمانی (کاڕل شتامپف) وقوتابخانەی بەرلین شایەنی باسکردنن؛ چونکە ئەم هەوڵانە سوودیان لە پەرەسەندنی تەکنیکی وداهێنانی فۆنۆگراف وەرگرت بۆ کۆکردنەوەی کتێبخانەیەکی دەنگی، کە یارمەتیدەر بوو بۆ هاوێشتنی هەنگاوی زەبەلاح لە بواری موزیکۆلۆژیای بەراوردکاریدا. بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەین خۆمان بخەینە شوێنی کۆمەڵێک موزیکۆلۆژستی ئەڵمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا وشێوازەکانی شیکردنەوە ونووسینەوەی نۆتە ئەو سەردەمە بهێنینەوە بەرچاومان، دەتوانین دیمەنێک لە موزیکی ڕۆژئاوایی وبنەما تیۆری وجوانکارییەکانی وەک پێوەرێک بۆ تێگەیشتن لە موزیکی گەلانی تری تێیدا وێنا بکەین، کە بەکار هاتووە. ئەمەش جۆرە قاڵبڕێژییەکی زۆرەملێی دروست کرد کە هاوشێوەی کارەکانی پرۆکرۆستێسی ڕێگرو چەتە لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا: ئەو کاتەی تەختەخەوە ئاسنینەکەی هەڵدەگرت وهەوڵی دەدا باڵای قوربانییەکانی لەگەڵ قەبارەی تەختەخەوەکەدا بگونجێنێت، جا چ بە بڕینی پەلەکانیان یان بە درێژکردنەوەیان بێت.
توێژەران بێرنارد لۆرتار جاکۆب ومیریام ئۆڵسن لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری (لا هۆم) بڵاو کراوەتەوە، هەردووکییان پێیان وایە کە ئەم قوتابخانەیە لە تێگەیشتن لە موزیکی گەلانی تر، تەنیا گرنگیی بە لێکۆڵینەوە لە موزیک لە ناو فۆرم ونۆتەکاندا دەدا وجۆرە بابەتیبوونێکی فۆرمالیستییان پەیڕەو دەکرد کە ڕێگر بوو لەوەی ئاستەکان وداتا دەرەکییەکانی دەرەوەی کۆنتێکستە چەمکییە موزیکییەکانی شیکەرەوەکان ببینن. بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی دان بەوەدا بنێن کە ئەم هەوڵە سەرەڕای هەموو شتێک، هەوڵێکی ئیتنۆموزیکۆلۆژیی پێشوەختە بووە.
Lortat-Jacob, Bernard & Rovsing Olsen, Miriam. 2004
کەواتە لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش، کەی پرۆسەی بەستنەوەی نێوان موزیک وکولتوور دەرکەوت؟ئالان مێریام لەساڵی (١٩٦٠) یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو کەسانەی کە زاراوەی ئیتنۆموزیکۆلۆژیای وەک ناونیشانێک بۆ خوێندنی موزیک لە ناو کولتووردا پێشنیار کرد ولە هەمان چوارچێوەدا دانی بەوەدا نا کە ئەوەی لەو قۆناغەدا ڕێبەرایەتیی ئیتنۆموزیکۆلۆژیای دەکرد، ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووری بوو.
Merriam, Alan (Sep., 1960)pp107-114
دەرکەوتنی ئیتنۆموزیکۆلۆژیا وەک زانست، ساتەوەختێکی جۆری بوو کە تێیدا موزیکۆلۆژیای بەراوردکاری بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی بۆ موزیک لە پەیوەندیدا گۆڕا سەرەڕای ئەوەی کە، ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا بابەتێکی کولتوورییە. ئەمەش وایکرد کە ئەم بابەتەی موزیکۆلۆژستی لە خۆشگوزەرانیی بابەتیبوونی فۆرمالیستی دەربهێنێ وبەرەو پرسیارە گەوهەرییەکانی ببا کە تەنیا پەیوەندییان بە بۆتە وفۆرمەوە نییە.
بۆیە یەکێک لەم پرسیارانە ئەوەبوو: ئایا ئیتنۆموزیکۆلۆژست دەتوانێت لە موزیکی گەلێکی تر تێبگات بەبێ تێگەیشتن لەو کۆمەڵە سیستەمە کولتووری وکۆمەڵایەتییانەی کە دەوری سەرەتا وگەشەکردنیان داوە؟ ئایا پێشوەختەکانی توێژەری ڕۆژئاوایی دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە پەیوەندییان بە پێکهاتەی ناوەوەی تێکستێکی موزیکیی نائەورووپییەوە هەیە؟
بێگومان وەڵامەکە نەرێنی بوو. یەکێک لە دیارترین بەڵگەکان بۆ ئەمەش، دەرکەوتنی ئامراز ومێتۆدی نوێی شیکاری بووجا (سەرچاوەکەی هەرچییەک بێت) کە مامەڵەی لەگەڵ تێکستی موزیکیدا دەکرد لەسەر بنەمای پێوەرگەلێکی گشتگیرتر لەو ئامرازە شیکارییانەی کە پشت بە لۆژیکی موزیکی ڕۆژئاوایی دەبەستن. ڕەنگە هەر ئەم ئامانجەش بووبێت کە بووە هۆکاری دەرکەوتنی (سیمیۆلۆژیای موزیک) ومێتۆدەکانی تر.
ئیتنۆموزیکۆلۆژیاش، هاوشێوەی شیکاریی موزیکی، وەڵامەکەی بۆ هەمان پرسیار نەرێنی بوو. هەر بۆیەش، بەبێ نکوڵیکردن سوور بوو لەسەر ڕوونکردنەوەی جیاوازیی نێوان خۆی وموزیکۆلۆژیای بەراوردکاری لەو پەیوەندییەکەی کە لە لە سەرەتا لەگەڵیدا هەیبوو. بەم شێوەیە ڕێڕەوێکی ئیپیستمۆلۆژیی (زانینناسی) دیکەی گرتە بەر ولەو نەریتە ئەورووپییە لایدا کە کولتووری (ئەوانی تر) وەک بابەتێکی دەرەکی ودوورەدەست بۆ لێکۆڵینەوە دادەنێت.
با ئەم بیرۆکەی کۆتایییە وەربگرین وکەوانەیەکی بچووک بکەینەوە: ئەنیباڵ کیخانۆلە وتارەکەیدا بە ناونیشانی: (کۆلۆنیالیزم ومۆدێرنیتە/عەقڵانییەت) کە لە ساڵی ١٩٩١ بڵاوکراوەتەوە پرسیاری بەرهەمهێنانی مەعریفە وحوکمڕانییەکەی لە نەریتی ئەورووپیدا تاوتوێ دەکات.
Quijano, Aníbal 2007.pp168-178
وادیارە دەتوانرێت پەیوەندیی نێوان تاکگەرایی- دووانەیی وململانێیە کۆمەڵایەتی وکولتوورییە ئەورووپییەکان بسەلمێنرێت لەو کاتەی کە پارادایمی عەقڵانییەتی ئەورووپی چەسپابوو. بەڵام لە ناو ئەم تاکگەرایی/دووانەییەدا ڕەگەزێکی تر هەیە کە لێکدانەوەکەی لە سنووری کۆنتێکستی ناوخۆیی ئەورووپا تێدەپەڕێت: لێرەداچەمکی (ئەوانی تر) بە تەواوی ونە، یان ئەگەر هەبێت وبدۆزرێتەوە، بە شێوەیەکی بابەتگەرایانە ئامادەیە (Objectified) دیدگای کیخانۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەرهەمهێنانی مەعریفی ئەورووپی وەک ئەنجامی مۆدێرنیتەی ئەورووپی دەبینێت، هەمان ئەو مۆدێرنیتەیەی کە واڵتەر مینیۆلۆ پێی وایە کۆلۆنیالیزم تاریکترین لایەنییەتی.
see. Mignolo, Walter.D. 2011
هەروەها ئەو پێی وابوو کە توێژەری ئەورووپی (وەک بەرهەمهێنەری مەعریفە) توانای ئەوەی نییە تێڕوانینی خۆی جیا بکاتەوە، چونکە بڕوای بە گشتگیربوونی کولتوورەکەی خۆی هەیە ووەک تاقە پێوەر بۆ بەراوردکردن لەگەڵ (ئەوی تر) ێکی دواکەوتوو یان سەرەتایی یان ناشارستانی دایدەنێت. ئەمەش کێشەیەکی ئیپیستمۆلۆژیی گەورە دەورووژێنێت کە کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی زانستەکان لە بوارە جیاواەکاندا هەیە.
لەسەر زاری نوێنەرەکانی خۆی قوتابخانەی دژە کۆلۆنیالیزم و
بەبێ سڵەمینەوە ودەستپارێزی ئەم بابەتەی خوارەوەیان وروژاند وخستە ڕوو. دەبێت (دووبارە بونیادنانەوەیەکی ئیپیستمۆلۆژی) بۆ ئەو عەقڵە بکرێت کە زانست بەرهەم دەهێنێت. پێویستە توانای خوڵقاندن، ڕەخنەگرتن، گۆڕین وئاڵوگۆڕکردنی کولتوور ڕزگار بکەین؛ دەبێت باسی تەداخولی کولتووری بکەین نەک فرەکولتووری کە حکومەتە نیۆلیبرالەکان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ تێکەڵکردنی کولتوورە جیاوازەکان لە ناو کۆنتێکستێکی سەرمایەداریدا پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن. چونکە ئەمەی دووەمیان تەنیا یەکێکە لە نیشانە کۆلۆنیالییەکانی باوەڕبوون بە باڵادەستیی کولتووری.
see. Mignolo.Walter D & Walsh Catherine E. 2018. p57
ئەم تێڕوانینە – سەرەڕای ئەو ڕوونییە سیاسییەی کە هەیەتی – لە قووڵاییدا تێڕوانینێکی ئەپيستیمۆلۆژییە (زانستناسانەیە)؛ باس لە بنەماکانی شێوازی دروستبوونی زانست لە سەدەکانی ڕابردوودا دەکات ولە پەرستگای پیرۆزی “بابەتیبوونی زانستی” دەری دەهێنێت، تاوەکو پرسیار لەسەر بنەماکانی دروست بکات وگومان بخاتە سەر دەرەنجامەکانی..
بەڵام پەیوەندیی ئەم ئەپيستیمۆلۆژیا دیکۆلۆنیالییە وەک ئەوەی داکۆکیکارانی دەیخەنە ڕوو – بە زانستی ئیتنۆمۆزیکۆلۆژیاوە چییە؟ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییانە، با بە کورتی ئاماژە بە دوو نموونەی ئەو بابەتە بدەین وبەراوردیان بکەین. نموونەی یەکەم پەرتووکەکەی “ڕۆز براندڵ”ە بە ناونیشانی: موزیک لە ناوەڕاستی ئەفریقا: توێژینەوەیەکی ئیتنۆمۆزیکۆلۆژی کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکراوەتەوە.
- Brandel, Rose. The Music of Central Africa: An Ethnomusicological Study. The Hague, Netherlands: Martinus Nijhoff, 1961.
نموونەی دووەمیش وتارێکی گۆڤاری (ئیتنۆمۆزیکۆلۆژییە) بە ناونیشانی: سیاسەت، ناسنامە ونۆستالژیا لە مۆسیقای نێجێریادا لە نووسینی “بۆدی ئۆمۆجۆلا” کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاوکراوەتەوە.
- Omojola, Bode. “Politics, Identity, and Nostalgia in Nigerian Music: A Study of Victor Olaiya’s Highlife”. Ethnomusicology, Vol. 53, No. 2 (Spring/Summer 2009), pp. 249-276.
لە نموونەی یەکەمدا، نووسەر توانیویەتی توێژینەوەیەکی ورد لەسەر موزیکی ئەفریقای خوارووی بیابان ئەنجام بدات – بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، کۆنگۆ، چاد وگابۆن دەگرێتەوە – ئەمەش لە ڕێگەی کێشانی نەخشەیەکی ئیتنۆگرافی بۆ ئەو هۆز وگەلانەی لەوێ نیشتەجێن. لە بەشی یەکەمدا، ئاماژەی بە زانیاریی تایبەت بە کولتوور وپێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دانیشتووانەکە کردووە. کەواتە لە سەرەتاوە دیار بوو کە موزیکەکە لە دیدگایەکی “ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووری”یەوە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت. نووسەر هەر لە سەرەتاوە ڕوونی کردووەتەوە کە کارەکەی ناچێتە ن چوارچێوەی “موزیکی بەراوردکاری بەڵکولەچوارچێوەی “ئیتنۆمۆزیکۆلۆژیا”دایە. پەرتووکەکە شیکردنەوەی ئاواز وڕیتمەکان لەسەر بنەمای نەخشەی دابەشبوونی هۆزەکان لەخۆ دەگرێت، واتە هەر گرووپێکی بە جیا شیکردۆتەوە. هەروەها لە بەشی دووەمدا، نۆتەی نموونە موزیکییەکانی تێدایە کە لە ڕێگەی سیستەمی نووسینی موزیکی ڕۆژئاواییەوە (واتە پێنج هێڵەکە) تۆمار کراون. جگە لەوەش شیکردنەوە بۆ ئامێرە موزیکییەکان وسیستەمی کۆکردنیان کراوە لە ڕێگەی پێوانەکردنی لەرەلەرەکان بە یەکەی سێنت.
بەڵام ئەوەی لە سەرەتاوە بەرەوڕوومان دەبێتەوە، ئەو مشتومڕەیە کە نووسەر لەگەڵ خۆیدا دەیکات بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو زاراوە ووشانەی بەکاریان دەهێنێت. ئەو ناچار بووە پاساو بۆ بەکارهێنانی هەندێک “جووتە -دژ” بهێنێتەوە لە وەسفکردنەکانیدا، وەک بەکارهێنانی وشەی «سەرەتایی وەک دژە وشەی «شارستانی»، ووشەی «سادە»ش وەک بەرامبەر بۆ «ئاڵۆز یان لێکدراو».
هەروەها لە کاتی گەڕان بەدوای تایبەتمەندییە ئاوازی وڕیتمییەکانی موزیکەکەدا، لەو ئامرازانە دەرنەچووە کە لە “موزیکی بەراوردکاری”دا بەکاردێن. ئەمەش کارێکی پاساوپێدراو وتێگەیشتووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم پەرتووکە پێش ئەوەی توێژەران میتۆدی نوێی شیکردنەوە لەو سەردەمەدا پەرەپێبدەن، بڵاوکراوەتەوە.
- Brandel, Rose. Same reference, p. 8.
ئەم کارە سەرەڕای ئەو هەوڵ ووردەکارییەی تێیدایە، هەڵگری ئەو کێشە ئەپیستیمۆلۆژییەیە، کە کیخانۆ خستوویەتیە ڕوو. نووسەر خەریکی خوێندنەوەی موزیکی گەلێکی ترە، کە لێرەدا ئەو گەلە دەبێتە “ئەوی تر” لە بەرامبەر “من”ی ئەورووپا-چەقدا، ئەمەش بە ڕوونی لە ئامرازەکانی شیکردنەوە و لەو زاراوانەی بەکارهاتوون دیارە، سەرەڕای ئەو پاساوانەی لەو بارەیەوە هێنراونەتەوە.
.
با ئێستا بچینە سەر “بۆدی ئۆمۆجۆلا” ووتارەکەی لەسەر موزیکی نێجێری، سیاسەت ونۆستالژیا لە توێژینەوەکەیدا بۆ کارەکانی “ویکتۆر و وموزیکی هایلایڤ لە ڕۆژئاوای ئەفریقا(ئۆلایا) نووسەری وتارەکە هەر لە سەرەتاوە مەبەستی خۆی لە زاراوەی “نۆستالژیا” ڕوون کردووەتەوە وجیاوازیی نێوان واتاکانی ئەم زاراوەیەی لە کولتووری ئەورووپاییدا (کە بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی مۆدێرنیتە ووەرچەرخانە کۆمەڵایەتییەکانی ئەورووپا) ونۆستالژیای ئەفریقی نیشان داوە، کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ کولتووری باپیران و بۆ قۆناغی پێش ئەو نامۆبوونەی کە داگیرکاریی (کۆلۆنیالیزم) ئەورووپی بە پلەی یەکەم دروستی کردووە. لە کاتی شیکردنەوەی موزیک وهەندێک لە گۆرانییەکانی ویکتۆر ئۆلایا وتایبەتمەندییە شێوازییەکانی، توێژەر پێی وایە ئەوەی موزیکی هایلایفی نێجێری بێوێنە دەکات، پەیوەندییە ئاوازی وڕیتمییەکەیەتی بە کایەی کولتووری نێجێریا بە گشتی وبەو زمانانەی لەوێ بەکاردێن بە تایبەتی. چونکە خانە ڕیتمییەکانی ئەو موزیکە بەستراوە بە ڕیتمی خودی ئەو زمانەی بەکاردێت. وتارەکە بەرهەمە هونەرییەکەی لەو وەرچەرخانە سیاسییە گەورانە دانەبڕیوە کە نێجێریا لە سەردەمی ڕزگاریی نیشتمانی ودوای ئەویشدا بەخۆییەوە بینیوە. هەروەها دیاردەی گەڕانەوە وحەسرەت (نۆستالژیا) بۆ مۆسیقای هایلایفی لە سەرەتای هەزارەی دووەمدا بەستووەتەوە بە ڕووداوی دووبارە بونیادنانەوەی سیاسی کە نێجێریا دوای دیکتاتۆرییەتی سەربازی بەخۆییەوە بینی.
نووسەر لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ویکتۆر ئۆلایا وموزیکەکەی لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە سیمبولییانەدا بوون ودەرەنجامێکی کولتووریی قۆناغی داگیرکاری وپاش-داگیرکاری بوون.جیاوازیی نێوان ئەم دوو توێژینەوەیە بە دیاریکراوی لە “ئامانجی توێژینەوەکە”دا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا ئامانجی پەرتووکەکەی ڕۆز براندڵ کێشانی نەخشەیەک بوو بۆ نموونە موزیکییە جیاوازەکان لە مەیدانی توێژینەوەکەدا، ئامانجی ئۆمۆجۆلا تێگەیشتن بوو لە موزیکی نێجێریا لە ناوەوەی ئەو داینامیکییەتە کولتوورییە داگیرکاری وپاش – داگیرکارییەی کە حوکمی ئەو فەزایەی دەکرد. لە کاتێکدا یەکەمیان هەوڵی دەدا وێنەیەکی ورد لە موزیکەکە بە “گوێچکەیەکی ئەورووپی” بۆ خوێنەرێکی ڕۆژئاوایی بگوازێتەوە، دووەمیان خوێنەری خستە ناو هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتە ویاسا ناوخۆییەکانی موزیکەکە وشێوازی کارکردن وهەروەها پاڵنەرەکانی گەشەکردنی.
ئەگەر مێژووی دەرچوونی ئەم دوو بەرهەمە لەبەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێین توێژینەوەی ئیتنۆمۆزیکۆلۆژی لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا ئامانجی نوێ ومیتۆدی نوێی شیکردنەوەی موزیکی بۆ خۆی داناوە، هەروەها لە پرۆسەی «دووبارە بونیادنانەوەی ئەپيستیمۆلۆژی» دایە لە هەوڵەکانیدا بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە موزیک لە ناوەوەی کولتوور یان وەک خودی کولتوور.�هەموو ئەمانەی پێشوو ئەو مافەمان پێ دەدەن کە ئەم پرسیارەی خوارەوە بورووژێنین: ئایا دەتوانین ئەمڕۆ باس لە بوونی ئیتنۆمۆزیکۆلۆژیایەکی دیکۆلۆنیالی بکەین؟
سەرچاوە وپەراوێزەکان
- Rice, Timothy. Ethnomusicology: A very short introduction. New York. Oxford university press. 20144.
- Lortat-Jacob, Bernard & Rovsing Olsen, Miriam. Musique, anthropologie: la conjonction nécessaire. L’HOMME, « Musique et anthropologie»171-172 / 2004, pp. 7 à 26.
- Merriam, Alan Parkhurst. Ethnomusicology: Discussion and Definition of the Field. Ethnomusicology, Vol. 4, No. 3 (Sep., 1960), pp. 107-114
- Quijano, Aníbal. Coloniality And Modernity/Rationality. Cultural Studies, 21:2-3/ 2007, 168-178
- see. Mignolo, Walter.D. The Darker Side of Western Modernity Global Futures, Decolonial Options. Durham & London. Duke University Press. 2011
- see. Mignolo.Walter D & Walsh Catherine E. On Decoloniality: Concepts
, Analytics, Praxis.Durham & London. Duke University Press. 2018. p57
- Brandel, rose. The Music of Central Africa: An Ethnomusicological Study. The Hague, Netherland .MARTINUS NIJHOFF 1961
- Omojola, Bode. Politics, Identity, and Nostalgia in Nigerian Music: A Study of Victor Olaiya’s Highlife. Ethnomusicology, Vol. 53, No. 2 (SPRING/SUMMER 2009), pp. 249-276
- Brandel, rose. same reference. p8



